كاوه‌ گه‌ریمانی و دوا تیری یه‌كێتی
 
عه‌زیز ڕه‌ئووف



تیرۆركردنی ڕۆژنامه‌نوس كاوه‌ گه‌رمیانی له‌ زۆنی یه‌كێتیدا ڕویداوه‌ و زوومی كامێراكان ڕوو له‌ یه‌كێتیه‌. ئه‌مه‌ گومانه‌ و یه‌كێتی ده‌بێت ئه‌م گومانه‌ له‌سه‌ر خۆی لابدات به‌تایبه‌ت له‌ سه‌روبه‌ندێكدا ئه‌م هێزه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مساڵدا بوو به‌ هێزی سێیه‌م له‌ هه‌رێمی كوردستان. وه‌ك چۆن تا قیامه‌ت پارتی تۆمه‌تباره‌ به‌ تیرۆركردنی سه‌رده‌شت عوسمان چونكه‌ نه‌یتوانی قه‌ناعه‌تمان پێ بكات كه‌ كێ تیرۆری كردووه‌، ئه‌وا له‌ ئێستاوه‌ تا ده‌سگیركردنی تۆمه‌تباران، یه‌كێتی تۆمه‌تباره‌ چونكه‌ ئیداره‌ی گه‌رمیان و پۆلیس و ئاسایش و سه‌رجه‌م جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌و ده‌ڤه‌ره‌ به‌ده‌ستی یه‌كێتیه‌وه‌یه‌. لێره‌وه‌ ئه‌مه‌ دوا تیره‌ كه‌ یه‌كێتی پێویسته‌ بیهاوێژێت. هه‌لێكی زۆر باشه‌ بۆ یه‌كێتی ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌سێك هه‌ر به‌رپرسێك له‌ پشتی ئه‌م تاوانه‌وه‌یه‌ كه‌شفی بكات یان له‌ڕێزه‌كانی ده‌ری بكات ئه‌وا جۆرێك متمانه‌ به‌ده‌ست ده‌هێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر نا، ئه‌وا یه‌كێتی له‌ ئێستاداو له‌سه‌روبه‌ندی ئه‌م ڕووداوه‌دا وه‌زعی له‌ناو خه‌ڵكدا زۆر خراپتره‌ له‌ جاران و ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ی بیست و یه‌كی ئه‌یلوك ناهێنێته‌وه‌.
دوو به‌ره‌ی گرنگ له‌ یه‌كێتیدا بوونی هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌ڵوێسته‌یان له‌سه‌ر بكه‌ین و ئه‌م دوو به‌ره‌یه‌ نابێت بێده‌نگ بن له‌م خوێنه‌ی كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتیدا ئه‌ندام دراوه‌.
به‌ره‌ی یه‌كه‌م: گه‌نجه‌ خوێنده‌واره‌كانی یه‌كێتی. ئه‌م به‌ره‌یه‌ به‌ره‌یه‌كی په‌رش و بڵاوه‌ به‌ڵام به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان توڕه‌ و نیگه‌رانه‌ له‌ دۆخی ئێستای یه‌كێتی. ئه‌م به‌ره‌یه‌ كه‌ خۆی به‌ خوێنده‌واری ناو ئه‌م هێزه‌ ده‌زانێت ده‌بێت له‌م ڕووداوه‌ كه‌ په‌نجه‌ی زۆرێك له‌ خه‌ڵك بۆ یه‌كێتیه‌، بێده‌نگ نه‌بن و فشار بخه‌نه‌ سه‌ر یه‌كێتی بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌م كێشه‌یه‌. ئه‌م نه‌وه‌ خوێنده‌واره‌ ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت یه‌كێتی ببێته‌وه‌ هێزه‌كه‌ی جاران، نابێت ڕێگه‌ بده‌ن ئه‌م خوێنه‌ به‌سه‌ریاندا تێپه‌ڕێت، نابێت بهێڵن كۆمه‌ڵه‌ به‌رپرسێكی خراپ له‌سه‌ره‌وه‌ شكستی هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌گرنه‌ ئه‌ستۆ. من پێشنیار ده‌كه‌م ئه‌م گه‌نجانه‌ له‌ ئێستاوه‌ هه‌وڵی كۆنفرانسێك بده‌ن وه‌ك گه‌نجانی یه‌كگرتوو كه‌ كۆنفراسیان به‌ست چونكه‌ توڕه‌ بوون له‌ ئادای سیاسه‌تی حزبه‌كه‌یان، ئاواش به‌وپه‌ڕی جه‌رائه‌ته‌وه‌ ئه‌م خوێنده‌وارانه‌ی یه‌كێتی ده‌بێت كۆنفرانسێك ببه‌ستن به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ بده‌ن مه‌كته‌ب سیاسیه‌كان و سه‌ركردایه‌تیه‌كان ده‌ست وه‌رده‌نه‌ كاره‌كانیانه‌وه‌. تاكه‌ ڕێگه‌ی گه‌نج و خوێنده‌واره‌كانی یه‌كێتی ته‌نها ئه‌مه‌یه‌.
دووه‌م: باڵه‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح. له‌ناو یه‌كێتیدا ده‌نگۆی باڵێك هه‌یه‌ بۆ ڕیفۆرم له‌ یه‌كێتیدا كه‌ ئه‌ویش باڵی به‌رهه‌م ساڵح و چه‌ندین ئه‌ندام مه‌كته‌ب سیاسی و سه‌ركردایه‌تیه‌. ئه‌م باڵه‌ له‌ ئێستادا توڕیه‌ له‌ دۆخی ئێستای یه‌كێتی به‌ڵام باڵێكی بێده‌نگه‌ و جارجار توڕه‌بوونێكی بچوك ده‌رده‌بڕێت. ڕووی ده‌مم له‌ به‌رهه‌م ساڵحه‌. ئه‌مه‌ دواتیره‌ بۆ به‌رهه‌م ساڵح كه‌ ئاراسته‌ی بكات. له‌ 17ی شوبات كه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت بوو هه‌ڵه‌ی سیاسی گه‌وره‌ی كرد یان پێی كرا. له‌ ئێستادا به‌رهه‌م ساڵح و هاوڕێكانی هیچ ڕێگه‌ی تریان نیه‌ جگه‌ له‌ وه‌ستان له‌سه‌ر ئه‌م تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی ئه‌مه‌ش به‌وه‌ی جورئه‌ت بكه‌ن ده‌سته‌كه‌ بدۆزنه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ نه‌كرێت ئه‌وا ده‌بێت فاتیحا بۆ ئه‌م باڵه‌ ڕیفۆرمیسته‌ی ناو یه‌كێتی بخوێنین. له‌وه‌ش كاره‌ساتتر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و به‌رپرسانه‌ی ئیداره‌ی گه‌رمیان كه‌ په‌نجه‌ی تۆمه‌تیان بۆ ڕاده‌كێشرێت له‌ تاوانی تیرۆركردنی كاوه‌ گه‌رمیانی سه‌ر باڵی به‌رهه‌م ساڵحن. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی تر بێئومێدمان ده‌كات. ئه‌گه‌ر به‌رهه‌م ساڵح ڕاست ده‌كات یه‌كه‌م هه‌نگاو ئه‌وه‌یه‌ به‌ده‌نگی به‌رز له‌سه‌ر ئه‌م دۆخه‌ قسه‌ بكات، ڕاسته‌ ئه‌و ده‌ڵێت ئه‌مه‌ ده‌ستێكی مافیائاسایه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مافیاكه‌ نه‌دۆزرێته‌وه‌ دوور و نزیك یه‌كێتی به‌ بنه‌ماڵه‌ و ڕیفۆمیسته‌كانیه‌وه‌ به‌ به‌رهه‌م ساڵح و باڵه‌كه‌یه‌وه‌، به‌ ڕۆشنبیر و گه‌نده‌ڵه‌كانیه‌وه‌ به‌رپرسه‌ له‌ ڕژانی ئه‌م خوێنه‌.
دوا كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و پێكه‌نینی ئه‌ندامانی مه‌كته‌ب سیاسی و دواتر تۆمه‌تباركردنی كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن كه‌ په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ یه‌كێتی ڕاده‌كێشن ته‌واو بێئومێدی كردین كه‌ یه‌كێتی هه‌نگاوی جیدی بنێت بۆ ئه‌م كه‌یسه‌.


 

           

 

12/12/2013

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca