تنۆکێک لە ئومێد
 
بایز مستەفا

 


من ، بۆیە شیعر دەنوسم
تاکو مەملەکەتێک هەبێت
تۆ ، تێیدا ببیە ئەمیرە
ئگەرنا شیعر ،
چ کلیلێکی پێیە
بۆ کەلەپچەکانی دەستم ؟!
** ** **
من ، بۆیە شیعر دەنوسم
تاکو لەخۆم بزر نەبم !
ئەگەرنا شیعر ،
دەرگای چ کانییەک
بەسەر تینویەتی مندا دەکاتەوە ؟!
** ** **
من ، بۆیە شیعر دەنوسم
تاکو ئاسمانێک هەبێت
کۆلارەی پەشیمانییەکانمی تیادا هەڵبدەم
ئەگەرنا شیعر ،
چ گوڵە گەنمێکی پێیە
بۆ ئەم ساڵە نەهاتە ؟!
** ** **
من ، بۆیە شیعر دەنوسم
تاکو لە تۆ دانەبڕێم
ئەگەرنا ، جێژوانەکانمان
بۆ تاهەتایە
بە چۆڵی دەمێنێتەوە !!

( بایز مستەفا )

 

           

 

10/12/2013

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca