ئه‌م سه‌رما نامۆیه
ڕۆژانه ده‌مسمێت و
ده‌روات تا قوڵاییم.
ده‌ستم بگره
دڵم سه‌رمایه‌تی
ههڵدهرزم له‌به‌رده‌م بوونمدا
به‌رده‌بمه‌وه بۆ ناو كڕێوه.
گریانم ده‌یبه‌ستێت
هه‌ناسه‌م ده‌بێته ته‌م
په‌نجه‌م درز ده‌بات
سارده بۆ من ئه‌م دونیا تازه‌یه.
نوێنهكانم پێدا بده
هه‌وڵده‌ده‌م بنووم
ڕووم نایه‌ت بڵێم: بێخه‌وم
پیاوێك هه‌موو بێخه‌وی جیهانی بۆخۆی برد
پیاوه‌كه ناوی (ئه‌میل سیوران)بوو.
نوێنهكانم پێدا بده
مه‌به‌ستمه كه‌مێك
یان
ئه‌گه‌ر بلوێت
سه‌د ساڵ بنووم.
به‌فر له‌سه‌ر گیانم نیشتووه
پیاوێكی سه‌هۆڵین به‌رامبه‌رمه
تابلۆی شارێك له ناو به‌فر له ژوور سه‌ریه‌وه
وابزانم پیاوه‌كه باوكمه.
مرۆڤی ناو شاشه ساردن
شیعری ناو شاشه ساردن
عه‌شق له ناو شاشه‌دا سارده
هه‌ڵه‌بجه له شاشه‌دا سارده
ئه‌نفال له شاشه‌دا سارده
گوله‌باران و سێداره له شاشه‌دا ساردن
خاپوربوونی گوند و شكانی دڵ له شاشه‌دا ساردن
ساڵی 1974له شاشه‌دا سارده.
ڕاپه‌ڕینه‌كه له شاشه‌دا هه‌مووی قوڕه
ساڵی 2003له شاشه‌دا له ساڵی 2007ده‌چێت
نه‌ورۆز له شاشه‌دا یه‌كپارچه دووكه‌ڵه
گریان و ئازار له شاشه‌دا
خه‌م و برین له شاشه‌دا
برسێتی و ته‌نیایی له شاشه‌دا
سه‌ره‌مه‌رگ و مردن شاشه‌دا
هه‌ستیان پێناكرێت
من پێویستم به گه‌رمایی شته‌كان هه‌یه
وه‌ك گه‌رمایی دوو جه‌سته كاتێك به‌ریه‌كتر ده‌كه‌ون.
ده‌ستم بگره
سه‌رما هه‌لا هه‌لای كردووم
كه‌سێك ده‌ڕوات وێنه به‌ستووه‌كانی ناو سه‌ری
ده‌كه‌ونه سه‌ر زه‌وی و
ورد ده‌بن
ڕه‌نگه ئه‌و كه‌سه منبم.
ده‌ستم بگره
نه‌بادا بمبه‌ستێت
نه‌بادا بشكێم.
ده‌ستم بگره
هاكا به‌ستمی
هاكا شكام.
ده‌ستم بگره
ب ب بببسسسست ت ت تمی.
|