پێشمه‌رگایه‌تی .. گوله‌ ئاربیجی
 
دڵشاد تاقانە

 
ڕه‌وڕه‌وه‌ی به‌سه‌رپێخستنی پێشمه‌رگایه‌تی بوو . ئه‌و ڕۆژه‌ی په‌یوه‌ندی ده‌کرا به‌هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ پێش هه‌موو شتێک گوله‌ئاربیجیه‌کیان به‌شانیه‌وه‌ ده‌کردی ، دوای چه‌ند ڕۆژێ ئاربیجیه‌که‌یان پێ هه‌ڵده‌گرتی وه‌ک ئه‌و گه‌نجانه‌ی قۆناغی دواناوه‌ندی ده‌بڕن و ده‌چنه‌ زانکۆ پێیان ده‌ڵێن: قاز یا قۆناغی قازی . پێشمه‌رگایه‌تیه‌که‌ش سوڕی خۆی هه‌بوو له‌گوله‌ ئاربیجیه‌وه‌ ده‌ستی پێده‌کرد لۆ ئاربیجیه‌که‌ ، ئه‌وجا ئه‌گه‌ر هه‌با نارنجۆک ئه‌ندازێک یانیش په‌ڕه‌شوته‌ک یا شڕه‌ بڕنه‌وێک ، دواتر ژێسێیه‌کی قۆنداغدار ، دوای چه‌ندین مانگ و زێده‌ش له‌ساڵ ئه‌وجا کلاشینکۆفه‌کی به‌قۆنداغی سینی یا شورته‌ و پێنج بزماریان ده‌دایه‌ی ، له‌ناو دووکه‌وانه‌ی ته‌وس " قاچاغچیه‌کانی چه‌ک ناوی سیخۆ و فاس ، یه‌ک لاق و مزه‌ڵی و نازانم چیان لۆ کلاشینکۆف په‌یداکردبوو نرخه‌کانیان گه‌مه‌ پێده‌کرد وه‌ک ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌یان ده‌کرد ده‌یانگۆ: ده‌مانچه‌کی چارده‌خۆری ، غێدانی ، ئه‌لقه‌داری ، جووت بۆیه‌ ... ئه‌وه‌ی ماوه‌ خۆتان ته‌واوی که‌ن وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌مانچه‌یه‌ جووته‌ک‌ پیاو ببڕێ" زرکه‌س ڕه‌قه‌دیناری زۆری ئه‌وسای له‌سه‌ر ده‌ژمارد! خۆ له‌وانه‌ش بوو پیاوێکی ئازابای زووتر قۆناغه‌کانت ببڕیبا بگه‌یشتبایه‌ کلاشینکۆفی مزه‌ڵی پێنج بزمار یان سیخۆ . هه‌نده‌ک جاریش به‌ئازایه‌تی نه‌بوو ئه‌گه‌ر ماستاوچیه‌کی نه‌قۆرابای زوو فه‌رمانده‌که‌ لۆی ده‌کردیه‌ مزه‌ڵی به‌مه‌خزه‌نی پلاسکۆ و حه‌فتاوپێنجیه‌ک که‌ هه‌موو که‌س بوێری ئه‌وه‌ی نه‌بوو له‌سه‌ر یه‌ک فیشه‌که‌کانی بته‌قێنی جێ ی خۆی ئاشکرا بکا ! ده‌تتوانی له‌شێنه‌یی باڵی پێ فش بکه‌یه‌وه‌ به‌س له‌لێقه‌ومان ئه‌هایه‌ک بوو لاقه‌ قونێ قورتارکه‌ ! ئه‌و گوله‌ ئاربیجیه‌ گرینگی خۆی هه‌بوو له‌شه‌ڕه‌کان لۆیه‌ له‌به‌ر زۆریه‌که‌ی هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌ک جگه‌ له‌تفه‌نگه‌که‌ی هه‌میشه‌ دانه‌یه‌کی پێ هه‌رده‌گیرا وه‌کو وێڵداش وابوو له‌زگه‌یی قه‌ت یه‌خه‌ت له‌یه‌خه‌ی نه‌ده‌بۆوه‌ ! ده‌تگوت سێبه‌رته‌ له‌گه‌ڵت بڕواناکه‌م پێشمه‌رگه‌ هه‌بووبێ ڕقی له‌و گوله‌ نه‌بووبێته‌وه‌ به‌سه‌رهات و نوکته‌ی له‌سه‌ری نه‌بێ ، ئینجا به‌تێب حه‌شوه‌که‌ی له‌ته‌نیشت ده‌به‌سترا به‌دۆخین داوێکیش له‌لاشانی چه‌پ ده‌کرا زۆر ناخۆش بوو ! ڕاسته‌ له‌کاتی شه‌ڕ به‌سود و وره‌ی به‌رز ده‌کرده‌وه‌ به‌ڵام له‌دووره‌ ڕێ و هه‌ورازه‌کان باره‌کی گرانی بێزارکه‌ربوو چ جای ناشیرنی دیمه‌نه‌که‌ی له‌کاتی تێپه‌ڕین به‌به‌رده‌م کیژانی ئاواییه‌کاندا‌. هه‌رگیز فه‌رمانده‌کان گوله‌ ئاربیجیان هه‌ڵنه‌ده‌گرت ته‌نیا له‌کاتی شه‌ڕ ده‌یان ته‌قاند ، قوڕه‌که‌ لۆ پێشمه‌رگه‌ی داماو گیرابۆوه‌ .


Dlshadtakana@yahoo.com





 

           

 

20/12/2013

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca