تیرۆریزمی ئاشکرا!
کاوەگەرمیانی بەبەرچاوی دایکیەوە تیرۆرکرا!
 
ابراهیم حسین

 



6.12.2013
ئەمە هەواڵێک بوو کە میدیای کوردی بەوپەڕی خوێن ساردیەوە ڕایگەیاند.وەک بڵێی ئەم هەواڵە هەرچەندە بێگومان هەزاران ئینسانی داغدارو ناڕەحەت کرد بەڵام پێناچێ هیچ کەسێکی توشی شۆک وسەرسوڕمان کردبێ وبۆ هیج کەس پێناچێ وا بێتەپێش چاوکە شتێکی چاوەڕوان نەکراو ڕویدابێ!
بەڵام بۆ نابێ وابێ ،بۆ دەبێ شۆک ببین بە بیستنی ئەم ڕوداوە،مەگەر پێشتر هەڕەشەی مەرگی لێ نەکرابوو،مەگەر لایەنی دەعوای کاوە کە هەڕەشەی مەرگیان لێی کردبوو کەسانێک نین کە لەدەسەڵاتدان وبۆ هەموو کەس ناسراون؟! ئیتر بۆ دەبێ شۆک بین؟
نەخێرنابێ شۆک بین،نابێ هەر لە بنەڕەتەوە توشی سەرسوڕمان بین، چونکە ڕاستی تاڵ ئەوەیە کە ئەمانە بەئاشکرا هەڕەشەی مەرگ وتیرۆر دەکەن وبەکردەوەش تیرۆروکوشتاردەکەن،بەئاشکرا ناڕازیان ورەخنەگرانی دەسەڵاتی تاڵان وگەندەڵیان دەفڕێنن وڕوبەڕوی دادگاو یاساکانی خۆیانیان دەکەنەوە.سریالی کوشتن وتیرۆری پێشوەخت راگەیانراو ی قوربانیان یەک ودوان نیە.لە تاهیر سالح شەریفەوە تا سۆرانی مامە حەمە،لە سەردەشت عوسمانەوە تا کاوە گەرمیانی گەواهیەکی بێ ئەملاوئەولایە لەبارەی ئەوەی کە مافیای دەسەڵاتداروبورژوای کورد بۆ ئەم کوشتاروتیرۆرەی ناڕازیان ورەخنەگرانی دەسەڵاتەگەندەڵەکەی باکی بە هیچ پاساوێکی ئەخلاقی وئینسانی نیە.نەخێر نابێ شۆک بین وتوشی سەرسوڕمان بین جونکە ئێمە لە مەملەکەتێک لە ژێر سایەی دەسەڵاتیکدا شانسی ژیانمان پێ بڕاوە کە تیایدا کەسانێک کە بە دزین ودەستبەسەراگرتنی ناشەرعی داهات وئیمکانی وڵات تاوانبارن،بە قۆڕخ کردنی موقدراتی ژیانی سیاسی وکۆمەڵایەتی خەڵک تاوانبارن کەچی ناڕازیان ورەخنەگران وڕۆلەکانی خەڵک ونوسەران وهەڵسوڕاوانی بەرگری لە مافەکانی خەڵک قۆڵبەست دەکرێن،هەمان ئەوکەسانەی کە جەسارەتی ئەوە دەکەن کە دەنگی نا لەبەرامبەر ئەم دزی وتاڵان ودەستبەسەراگرتنە ناشەرعیە هەڵبڕن ڕوبەڕوی دادگا ویاساکانی دەسەڵاتی ئەم مافیا دەسەڵاتدارو بورژوایە دەکرێنەوە و دواتر بەوپەڕی خوێن ساردیەوە تیرۆردەکرێن.بکوژان هەمان ئەوکەسانەن کە پێشترهەڕەشەی مەرگیان کردوە وقوربانیش هەمان ئەوکەسانەن کە ڕووبەڕوی هەڕەشەی مەرگ کراونەتەوە وڕاپێچی بەردەم دادگا کراون.
ڕاستی ئەوەیە کە داغداری بۆ تیرۆری ئەو مرۆڤە ئازیزانە دەردی کەس دەرمان ناکا.هەر کوشتن وتیرۆرێک پێمان دەڵێ کە ئەم مافیا دەسەڵاتدارو بورژوایەی کوردستان دەست لە کوشتن وتیرۆری ناڕازیان ورەخنەگرانی دەسەڵاتە گەندەڵەکەی ناپارێزێ ،هەرتێرۆرێک پێمان دەڵێ کە ئاسایشی کۆمەڵگاو ئازادیخوازان بە شێوەیەکی جیددی لەژێرهەڕەشەدایە وئەوەی کەلەبنەڕەتەوە ئاسایش بۆ کۆمەڵگا لەسایەی دەسەڵاتی میلیشیایی بورژوازی کورد دا لە خۆش خەیاڵی بەولاوە هیچی ترنیە.
کۆمەڵگا تەنیا کاتێک دەتوانێ بەرگری لەخۆی وئاسایشی ژیانی خۆی بکا کە لە بزوتنەوەیەکی سیاسی وڕاستەوخۆی ئیرادەی جەماوەریدا دا پێ بنێنتە مەیدانی بەرگری کردن لەخۆی وژێر پێی ئەو دەسەڵاتە میلیشیاییە بورژوازیە داغان بکا.یان ئەو بزوتنەوە سیاسیە سەرپێ دەکەوێ وئیددیعانامەی خۆی بۆگەڕاندنەوەی ئاسایشی ژیان وکەرامەتی خۆی وبۆ لەکارخستنی ئەودەسەڵاتە میلیشیاییە دێنێتە مەیدان یان ئەومافیا دەسەڵاتداروبورژوایە درێژەبەکوشتار وتیرۆر ونائەمن کردنی کەشوهەوای کۆمەڵگا دەدا. ئیدانەکردن وڕیسوا کردنی ئەم تیرۆرانە ئیتر دەردی کەس دەرمان ناکا وچاوەڕوانکردنی کاری لیژنە ودادگاسەروخەڵکی وگەندەڵەکانی خودی ئەو دەسەڵاتە کارێکی بێهودەوبێسەرەنجامە.
شەڕی ڕاگەیەنراوی ئەم دەسەڵاتە میلیشیاییە لە دژی ماف وئازیەکانی خەڵک، لەدژی ئاسایش وئارامی ومافی ڕەخنە ودەبڕین کەناوبەناو لە شێوەی تیرۆری ناڕازیان و رەخنەگرانی دەسەڵات بەئاشکرا بەڕێوە دەچێ، تەنیا بە بەڕێخستنی بزوتنەوەیەکی سیاسی ڕاستەخوی ئیرادەی جەماوەری کە لەگەرەک وکۆڵانەوە، لەکۆڕوکۆمەڵە خێزانیەکانەوە بیگرە تا دەگا بەقوتابخانە وکارگە وفەرمانگاکان بۆ بەرگری کردن لەخۆوگێڕانەوەی ئاسایش وزەمانەت کردنی ماف وئازایەکان و دەرهێنانی سەروەتی کۆمەلگا لە دەست درێژی مافیای دەسەڵاتدارو بورژوای کوردستان دەتوانێ وەڵامی شایستە وەربگرێتەوە.
 

           

 

10/12/2013

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca