منداڵیی پاكییه‌كی تێدایه، ره‌نگ كه‌م كه‌سمان ده‌ركی پێ
كردبێ. پاكییه‌ك ئه‌گه‌ر له هه‌ڕه‌تی گه‌نجی و ده‌سه‌ڵاتدا
هه‌ستی پێ بكه‌ین، هه‌رگیزاو هه‌رگیز ئاسمانیی نه‌ده‌بووین،
ئاسمانییه‌ك به‌و مانایه‌ی به‌ره‌و به‌رزییه‌كی ناو كلۆرو،
به‌ره‌و لوتكه‌یه‌كی بێ بن و به‌ره‌و لموز به‌رزییه‌كی لووت
شكاو نه‌ده‌چووین. خۆڵ خواردن و خۆ له‌خۆڵ وه‌ردان و ده‌ست له
قوڕ نان، هێزێكی كێش كردنی وایه هیچ چه‌مكێكی دونیا ناتوانێ
ته‌عبیری لێ بكا، هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ره‌و ئاسمانیش ده‌فڕن
هه‌ر ده‌بێ بگه‌ڕێنه‌وه ناو خاك، سه‌رنشینانی ناو فڕۆكه
چه‌نده دڵخۆشن كاتێك فڕۆكه‌كه ده‌نیشێته‌وه، كه‌س ناڵێ
دڵخۆشییه‌كه له هێزێكی په‌نهانی كێش كردنی مرۆڤه‌كانه بۆ
زه‌وی و چیتر نا!!!
ئه‌م په‌یوه‌ندییه رۆحییه‌ی مرۆڤ بۆ ناو خاك، له‌و كاته‌وه‌یش
زێتر پته‌و ده‌بێت، كاتێك مرۆڤ له مردنیشدا وه‌ها ئۆقره
ده‌گرێت كه به مردوویش زوو زوو ئه‌سپه‌رده‌ی خاك
بكرێته‌وه.. هه‌موومان له‌و قوڕه‌وه دروست كراوین، لێ زۆر
به كه‌می خۆمان بۆ خاك ده‌چه‌مێنینه‌وه، به جۆرێك ئه‌وه‌ی
بیری لێ نه‌كه‌ینه‌وه ئه‌و چه‌مانه‌وه‌یه، ئه‌گه‌رچی شه‌وێك
ناتوانین به بێ راكشان له‌سه‌ر زه‌وی بخه‌وین. جیاوازی نێوان
پشت و بنی پێ نییه، هه‌ردووكیان ئه‌ندامی لاشه‌ن، به‌ڵام پشت
له زه‌وی دان و ده‌م له قوڕ نان، زۆر له پێ نانه سه‌ر
زه‌وی گه‌وهه‌ردارتره، به‌رهه‌مه‌كه‌یشی جیاوازی هه‌یه. كێ
قیژه‌ی مناڵیی خۆی و رووت و ره‌جاڵییه‌كه‌ی ده‌خاته پێش چاوی
خۆی، له‌گه‌ڵ هه‌ڕو گیڤ و شان و شكۆی به هه‌واداچووی ئه‌مڕۆی
به‌راورد ده‌كا؟!! هه‌ن وا ده‌زانن به گه‌وره‌یی له‌دایك
بوون، به به‌رگ و پۆشاكه‌وه خولقاون، به نازناوی زانست و
زانیارییه‌وه سازاون، به پێشه‌وایه‌تیی خه‌ڵكه‌وه رسكاون،
دوژمنی تۆزن، ناحه‌زی قوڕن، قینیان له ره‌جاڵییه، به بچوكی
قه‌ڵسن، روویان هه‌ر له ئاسمانه‌و سه‌ر بۆ خاك نه‌وی ناكه‌ن،
بۆیه به‌رهه‌میان پووچه، ده‌غڵیان پڕ له زیوانه، داریان
هه‌ر قه‌پێلك و زڕن، هه‌ر رۆحێك تخونیان كه‌وێ، گڕ ده‌بێ،
وڕ ده‌بێ، سڕ ده‌بێ.
جا ئه‌م مرۆڤه قوڕ له‌بیركه‌ره، زۆر جاران بۆ نیشاندانی
خاكیی بوونی، كه خۆی له گه‌وهه‌ردا بڕوای پێ نییه، به زۆر
ده‌یه‌وێ خۆی به قوڕ سواق بدا، به‌ڵام چونكه نیازی ناو دڵی
نییه و ده‌یه‌وێ به‌و هۆیه‌وه رووی خۆی به پاكی و به
سواقی قوڕ نیشان بدا، په‌سن بكرێ، له ناو دڵان شیرین بێ،
ببێته بنێشته خۆشه‌ی سه‌ر زاران و گوڵاڵه سووره‌ی به‌هاران،
له ناوه‌ندی به‌هارێش لاقی ره‌ش و سپی به‌دیار ده‌كه‌ون، رووی
نه‌گریسی ده‌رده‌كه‌وێ. چونكه ئه‌م خاكه ناهیڵێ كه‌س فیڵی
لێ بكا، كه‌س به چه‌پاره‌ی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ره‌پێش
بكا، بۆیه ده‌بێ زۆر وریا بین كه خاكیی بین ده‌بێ خاكیی
ته‌واو بین، تا گوڵاڵه‌ی جوان بڕوێنین، وه‌ك مه‌ولانا
ده‌فه‌رموێ: به‌رد چی لێ ناڕوێت ئه‌گه‌ر هه‌زار به‌هاریشی
به‌سه‌ردا تێپه‌ڕێ، نه‌نگییه‌كه‌یش له به‌هار نییه، به‌ڵكو
له دڵی به به‌ردبووی به فیزو خۆ به‌زل زانینته،
له‌به‌رئه‌وه هه‌وڵ بده تێكۆشانت وه‌ك خۆڵ و خاك بێ فیز
بێت، جا ده‌بینیت له‌و خاكه‌دا چتۆ ره‌نگی جیاواز جیاواز گوڵان
ده‌بینی و به‌هاریش قه‌شه‌نگ ده‌كه‌ی، جا نه‌فس كردنه خاك،
پێوه‌ری جوانییه‌كانی داهاتوومانه و هه‌میشه مه‌حوی ئاسا به
خۆمان بڵێینه‌وه:
كه خاكی، خاكی دامه‌ن به، وه‌گه‌ر نا تۆزی به‌ربادی
كه ئاوی، ئاوی گه‌وهه‌ربه، وه‌گه‌رنا بڵقی سه‌رئاوی
---------------------
تیبینی/ له ئاینده‌سازی بڵاوبۆته‌وه.
|