کۆمه‌ڵگای بنه‌ماڵه‌، کۆمه‌ڵگای دیوه‌خان
 
هیوا سه‌عید





له‌ ماڵه‌که‌ی دیوه‌خانێکی داناوه‌ و وێنه‌یه‌کی باوکیشی له‌ سه‌ره‌وه‌ی دیوه‌خانه‌که‌ هه‌ڵواسیوه‌ و ناوی منداڵه‌که‌شی به‌ناوی باپیری کردۆته‌وه‌ و هه‌میشه‌ش کۆمه‌ڵێک له‌ برا و ئامۆزا و برازاکانی له‌ دیوه‌خانه‌که‌یدا میوانن. که‌چی ده‌م نا ده‌م ده‌ڵێ فڵان و فیسار حیزب ده‌بێ نه‌مێنن!
- ئێ باشه‌ له‌به‌رچی؟
- له‌به‌رئه‌وه‌ی حیزبی بنه‌ماڵه‌ن‌!

سیسته‌می بنه‌ماڵه‌یی‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی خوێن دامه‌زراوه‌ واتا په‌یوه‌ندی ئه‌ندامه‌کانی ناو ئه‌و سیسته‌مه‌ په‌یوه‌ندییه‌کی خوێنییه‌ و خوێن لێکیان ده‌به‌ستێته‌وه، بۆ نموونه‌ وه‌ک په‌یوه‌ندی نێوان باوک و کوڕ یان برا و برازا. هه‌روه‌ها ئینتیمای که‌سه‌کانی ناو ئه‌و سیسته‌مه‌ له‌بری ئینتیما بۆ نه‌ته‌وه‌ یان نیشتیمان به‌ڵکو ئینتیمایان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بنه‌ماڵه‌. فه‌رمانڕه‌وایی له‌ناو ئه‌و سیسته‌مه‌دا سه‌ره‌تا ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌ستی باوکه ئینجا ئه‌و باوکه‌ گه‌وره‌ی ماڵ، خێڵ یان حیزب بێ. له‌ دوای نه‌مانیشیدا به‌بێ هیچ هه‌ڵبژاردنێک و ویستی هیچ که‌سێکی تری ده‌ره‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌‌ به‌شێوه‌ی پشتاوپشتی ده‌گوازرێته‌وه بۆ وه‌لی عه‌هد.
جێی دانیشتن و کۆبوونه‌وه‌کانی بنه‌ماڵه‌ هه‌میشه‌ له‌ ماڵی گه‌وره‌یه‌ و به‌و شوێنه‌ش ده‌گوترێ دیوه‌خان. به‌ عاده‌تی دیوه‌خان گه‌وره‌ له‌سه‌ره‌وه‌ی مه‌جلیسه‌کان داده‌نیشێ و ئه‌وانیتریش واتا گچکه‌کان به‌شی خواره‌وه‌یان پێ پڕ ده‌کرێته‌وه‌. کاتێکیش گه‌وره‌ قسه‌ ده‌کات ئه‌وانیتر بۆیان نییه‌ قسه‌ی پێ ببڕن یان کاتێک بڕیارێک ده‌دا به‌ هه‌ڵه‌ یان ڕاست ئه‌وانیتر توانای ڕه‌تکردنه‌وه‌ یان ڕه‌خنه‌کردنی ئه‌و بڕیاره‌یان نییه‌. بۆیه‌ له‌و مۆدێله‌ ژیانه‌ی ناو دیوه‌خان هه‌میشه‌ مرۆڤی گوێڕایه‌ڵ و مل که‌چ به‌رهه‌م دێ. مرۆڤێک ڕاهاتوو له‌سه‌ر به‌ڵێ کردن بۆ هه‌موو شتێك چونکه‌ له‌ هه‌موو ژیانی ناو دیوه‌خانیدا نایه‌کی به‌ ڕووی گه‌وره‌دا نه‌کردووه‌‌.

بۆ مرۆڤی ئازاد زۆر ئه‌سته‌مه‌ قه‌بوڵکردنی ئه‌و جۆره‌ له‌ کۆیه‌له‌یه‌تییه‌ی سیسته‌می بنه‌ماڵه‌یی و ژیانی ناو دیوه‌خان.‌ بۆ موماره‌سه‌کردنی هه‌ر مافێک له‌ناو ئه‌و جۆره‌ سیسته‌مه‌دا مرۆڤ پێویستی به‌ ڕه‌زامه‌ندی گه‌وره‌ی ماڵ، خێڵ یان حیزب هه‌یه‌. به‌ کورتی ئه‌و مۆدێله‌ ژیانه‌ ڕێگره‌ له‌ به‌رده‌م موماره‌سه‌کردنی ئازادییه‌کانی مرۆڤ.
بۆیه‌ ئه‌گه‌ر تۆ دژی ئه‌و جۆره‌ سیسته‌مه‌ی و ده‌ته‌وێ له‌بری ئینتیما بۆ بنه‌ماڵه‌ ئینتیما بۆ وڵات و خه‌ون به‌ هاوڵاتیبوونێکی ئازاد و یه‌کسان له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا ده‌بینی، ئه‌وا بڕۆ دیوه‌خانه‌که‌ت بڕوخێنه‌‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ڕوخانی دیوه‌خانه‌که‌ وێنه‌که‌ی باوکیشت بکه‌وێته‌ خوار و پیرۆزییه‌که‌ی نه‌مێنێ. هه‌روه‌ها ناوی منداڵه‌که‌شت بگۆڕه‌ به‌ ناوێکی تر و میوانه‌کانیش ده‌ربکه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندی له‌سه‌ر بنچینه‌ی خوێنه‌‌ لێک هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌‌. ئه‌گه‌ر توانیت وابکه‌ی ئه‌وکاته‌ تۆ که‌سێکی ئازادی. ئه‌گه‌ریش نه‌تتوانی ئه‌وا تۆ یه‌کێکی له‌و کۆیلانه‌ی وه‌کو ستونێک سیسته‌می بنه‌ماڵه‌یی و دیوه‌خانت ڕاگرتووه‌.
 

           

 

20/12/2013

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca