باسێكی مه‌یدانی/ شیكاریی له‌سه‌ر كار و چالاكییه‌كانی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد
 
كارا فاتیح

 به‌رگرینامه‌ 1



یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد وه‌ك ڕێكخراوێك، زۆر جار له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌ی پێش زیاتر له‌ چل ساڵ به‌ردی بناغه‌یان داناوه‌ و ئه‌وانه‌یش، كه‌ دواتر ئه‌كته‌رێكی سه‌ر شانۆی چالاكییه‌كانی بوون، دامه‌زراندنی و بوونی فیزیكی و كرداریی ئه‌م ڕێكخراوه‌ و سه‌رجه‌م كار و چالاكییه‌كانی، به‌ به‌رخودان و هێمای به‌رگری و وه‌ستانه‌وه‌ دژ به‌ داگیركاران و پووچكردنه‌وه‌ی خه‌ونی دوژمنانی كورد، به‌ تایبه‌ت ڕژێمی به‌عس بۆ له‌ناوبردنی ئه‌ده‌ب و زمان و هونه‌ر و ته‌نانه‌ت بوونی كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك گوزارشتیان لێ ده‌كرا. له‌ لایه‌ن به‌شێكی زۆر له‌ نووسه‌رانی ئه‌م ڕێكخراوه‌وه‌، چالاكییه‌كانی ڕێكخراوه‌كه‌، وه‌ك هه‌ڵوێستێكی نه‌ته‌وه‌یی دژ به‌ پیلان و ئامانجه‌كانی دوژمنان و داگیركه‌رانی خاكی كوردستان دا ده‌نران و باس ده‌كران و ده‌گێڕرانه‌وه‌، لێره‌دا زۆر پێویستمان به‌ ڕوونكردنه‌وه‌ و به‌ڵگه‌ و نموونه‌هێنانه‌وه‌ نییه‌، چونكه‌ به‌ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی خێرای مێژووی ئه‌م ڕێكخراوه‌ بۆمان ده‌ر ده‌كه‌وێت، چه‌ندین ئه‌ندام له‌م ڕێگه‌یه‌ و به‌ هۆی ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵوێستانه‌وه‌ تووشی ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ و زیندان و دوورخستنه‌وه‌ و ئاواره‌بوون و ته‌نانه‌ت كوشتن و له‌سێداره‌دانیش بوونه‌ته‌وه‌. دیاره‌ ئه‌م ڕه‌نج و ماندووبوون و كردارانه‌ وه‌ك هه‌ڵوێست و ده‌نگبه‌رزكردنه‌وه‌ و وه‌ستانه‌وه‌ دژ به‌ داگیركاران و زوڵم و سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ی دوژمنانی كورد، جێگه‌ی ڕێز و ستاییشن و وه‌ك سه‌رجه‌م قوربانی و فیداكارییه‌كانی تری هه‌موو تاكێكی سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی تری كۆمه‌ڵگای كوردی، به‌ جوان وه‌سفكردنیان جۆرێكه‌ له‌ وه‌فاداری و ئه‌مه‌ك بۆیان، به‌ڵام ئاشكرایه‌ نووسین وه‌ك هه‌ڵوێست، جوودایه‌ له‌ نووسینێكی خاوه‌ن هزر و داهێنه‌رانه‌، هه‌روه‌ها ڕێكخراوێك كه‌ له‌ دۆخێكی په‌رچه‌كردارانه‌وه‌ دژ به‌ هێرش و زوڵم به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك دروست بووبێت، جوودایه‌ له‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای پاشخانێكی فیكریی به‌هێز، دوور له‌ خوڵقاندنێكی ته‌قلیدی و ڕه‌واجی كات و شوێَن، دروست بووبێت. ڕێكخراوێك پێویسته‌ خاوه‌ن ئامانج و په‌یام و میكانیزمی كاركردن و ستراتیژی خۆی بێت، نه‌ك له‌سه‌ر دۆخی په‌رچه‌كردار سه‌ر هه‌ڵ بدات و ئامانجی ته‌نها به‌رگری و دژوه‌ستانه‌وه‌ بێت. دروستبوونی ڕێكخراوی یه‌كێتیی نووسه‌ران وه‌ك دروستبوونی به‌شێكی زۆر له‌ پارت و ڕێكخراو و سه‌ندیكای تری كۆمه‌ڵگای كوردی له‌ دۆخێكی په‌رچه‌كردارانه‌دا هاتۆته‌ ئاراوه‌، واته‌ هاتنه‌ بوونێك له‌ژێر كاریگه‌ریی پاڵنه‌رێكی ده‌ره‌كی، له‌بری پاشخانێكی فیكری و قووڵ و به‌هێز، كه‌ خۆی له‌سه‌ر ڕا بگرێت و په‌یام و ئامانج و كار و ستراتیژی خۆی له‌سه‌ر دا بڕژێت، بۆیه‌ ده‌بینین كاتێك ئه‌م پاڵنه‌ره‌ به‌ره‌و كزی یان نه‌مان چووه‌، به‌ دوایدا جۆشوخرۆش و حه‌ماسیه‌تی كاركردنی ئه‌م ڕێكخراوه‌یش به‌ره‌و كزیی و ته‌نانه‌ت به‌ره‌و دیارنه‌مان ڕۆیشتووه‌. له‌ بیرمانه‌ به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991 دیسان وه‌ك په‌رچه‌كدار و هه‌ڵوێستێكی ئیعلامی و وه‌ستانه‌وه‌ دژ به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و چاوسووركردنه‌وه‌ و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی به‌عس له‌ گه‌لی ڕاپه‌ڕیوی كورد، یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد له‌ ناوه‌ڕاستی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 1991 دا كۆنگره‌یه‌كی به‌ست، ئه‌گه‌رچی ڕاگه‌یاندنی كورد ئه‌و كات له‌ بارێكی زۆر سه‌ره‌تاییدا بوو، كه‌چی گرینگییه‌كی زۆر به‌ ڕووماڵكردنی چالاكییه‌كانی ئه‌م كۆنگره‌یه‌ی یه‌كێتیی نووسه‌ران درا، به‌ڵام هه‌ر كه‌ ورده‌ورده‌ هه‌ڕه‌شه‌ و چاوسووركردنه‌وه‌ و نیازی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی به‌عس له‌ گه‌لی ڕاپه‌ڕیوی كورد به‌ره‌و خاوبوونه‌وه‌ و خامۆشبوون و نه‌مان ڕۆیشتن، ئیدی چالاكی و ته‌نانه‌ت بوونی كاراییی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كوردیش به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ره‌و خاوبوونه‌وه‌ و خامۆشبوون و نه‌مان ڕۆیشتن، گه‌ر تێبینیی مێژووی ته‌مه‌نی یه‌كێتیی نووسه‌ران به‌ تایبه‌ت لقی سلێمانی بكه‌ین، له‌و كۆنگره‌یه‌ی دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ تاوه‌كو كۆنفرانسی هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌یه‌كی نوێ بۆ لق له‌ 26/8/2010 واته‌ نزیكه‌ی بیست ساڵ، ده‌بینین ئه‌م ڕێكخراوه‌ له‌ شوێنێكی وه‌ك سلێمانی، كه‌ به‌ لای خۆیانه‌وه‌ به‌ مه‌ڵبه‌ندی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و پایته‌ختی ڕۆشنبیری ده‌ژمێردرێت، نه‌ك هه‌ر بوونێكی كارا و خاوه‌ن هزر و په‌یامی ڕاسته‌قینه‌ی نه‌بووه‌، ته‌نانه‌ت بوونێكی ته‌قلیدی و ڕۆتینییشی نه‌بووه‌ و كه‌س خه‌به‌رێكی له‌ شوێنی و كار و هه‌ڵسووڕاو و ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رانی نه‌بووه‌.
دروستبوونی ڕێكخراوێك وه‌ك په‌رچه‌كردار، جیاوازه‌ له‌ دروستبوونێك وه‌ك كردار... دروستبوون وه‌ك كردار، واته‌ هاتنه‌ بوونێك وه‌ك ڕووداو، به‌ڵام دروستبوونی په‌رچه‌كردارانه‌، واته‌ ژیان له‌ په‌راوێزی ڕووداوه‌كاندا. ڕووداو واته‌ گۆڕان و گه‌شه‌دان به‌و بواره‌ و دژ به‌ كۆن و سیمای به‌سه‌رچوو، به‌ڵام په‌راوێزی ڕووداوه‌كان واته‌ بێ سه‌نگی و ڕۆڵ نه‌بوون له‌ هه‌ر گه‌شه‌ و گۆڕانكارییه‌كدا، ته‌نانه‌ت له‌ بواره‌كه‌ی خۆیشیدا. بوون به‌ په‌رچه‌كردار، واته‌ جێگیربوون له‌ شوێنێكی به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراو و ئاراسته‌كراو و خاوه‌ن په‌یامی ده‌ره‌كی، له‌ كاتێكدا بوونێك وه‌ك كردار ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و به‌رنامه‌ و هزر و په‌یامانه‌ی هه‌ن، سروشتێكی چه‌سپاو و ڕاسته‌قینه‌ و به‌هێزیان هه‌یه‌. بێگومان كه‌ په‌رچه‌كرداربوون سروشتی ڕێكخراوی یه‌كێتیی نووسه‌ران بێت، ده‌بێت هه‌ر كاره‌كانیان هه‌میشه‌ له‌ په‌راوێزی ڕووداوه‌كان و خۆڵی مردوو دایانپۆشیبێت و سیمای كۆنه‌خوازی و بێ سه‌نگی و ڕۆڵ نه‌بوون له‌ داهێنان و گۆڕانگارییه‌كان له‌ چاره‌یان نووسراوبێت و خودی ئه‌وانه‌یش به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، بریتیبن له‌ كه‌سانی خاوه‌ن تێكستی بێَگیان و نووسینی بێ هزر و بێ ئامانج و خاڵی له‌ خه‌یاڵی داهێنان.
ببینن پاشان ئه‌و مێژووه‌ی باسمان كرد، واته‌ له‌ 26/8/2010 له‌ هه‌ڵبژاردنێكی ئاراسته‌كراودا، وه‌ك ئۆرگانه‌كانی خۆیان ده‌ڵێن، به‌ به‌شداریی 80 ئه‌ندام، هه‌ڵبژاردن بۆ ده‌سته‌ی نوێی ئه‌م لقه‌ كرا و حه‌وت نووسه‌ر بۆ ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردن هه‌ڵبژێردران (بڕوانه‌، گۆڤاره‌ نووسه‌ر، ژماره‌ -1- یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد لقی سلێمانی، ساڵی 2011، لاپه‌ڕه‌ 128)، كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر به‌و خه‌سڵه‌تانه‌وه‌ كه‌ باسمان كردن، به‌ دوایدا كار و چالاكییه‌كانی خۆیان ده‌ست پێ كرد، به‌ڵام چۆن و چ كارێك.
تێبینی: له‌به‌ر درێژیی ئه‌م بابه‌ته‌ و بۆئه‌وه‌ی خوێنه‌ر ماندوو نه‌كات، بابه‌ته‌كه‌ به‌ش به‌ش كراوه‌ و هه‌ر به‌شێك شێوه‌یه‌ك سه‌ربه‌خۆیی تێدایه‌ و به‌ دوای یه‌كدا بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌.

 

           

 

14/12/2013

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca