شەوی ٥ شەمە ڕێکەوتی ٥-١٢-٢٠١٣ جارێکی تر دەستی ڕەشی تیرۆر و
تۆقاندن گەشتە گیانی ڕۆژنامەنوسێکی بوێری تری کوردستان، (کاوە
گەرمیانی) سەرنوسەری گۆڤاری (ڕایەڵ) و پەیامنێری ڕۆژنامە و
ماڵپەڕی ئاوێنە لە کردەوەیەکی دژی هەموو بەها ئینسانیەکان
لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە کەلار تیرۆر کرا .
دەستی تیرۆر لە کوردستان بەردەوام درێژ تر دەبێت و هەر ڕۆژێک و
کەسێک دەکەوێتە ناو داوی پیلانی تیرۆریستانەوە، ڕۆژنامەنوسان و
هەڵسوڕاوانی سیاسی و نەیارانی دەسەڵاتی سیاسی، بەردەوام پشکی
گەورەیان لەم تیرۆرە بەرکەوتووە و هەمیشە قوربانی و سوتەمەنی
نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بوون.
تیرۆر کردنی (کاوە گەرمیانی) نە یەکەم تیرۆرە و نە داوا
تیرۆریش دەبێت لە سایەی ئەم دۆخە ترسناکەی ئێستای هەرێمی
کوردستاندا، گەورەترین گرفت لە کوردستاندا لە کاتی ئەنجامدانی
ئەم کردەوە قیزەوەنانەدا بوونی دەستی دەزگا حیزبی و بە ناو
ئەمنیەکانە لە ڕوانگەی خەڵکەوە، یەکێتی نیشتمانی بەرپرسی
یەکەمە لەم تاوانە گەورەیەدا.
(کاوە گەرمیانی) لەبەر ئەوەی ڕۆژنامەنوسیکی خاوەن هەڵوێست و
بوێر بووە لە گەرمیان، بەردەوام هەڕەشەی بەرپرسانی حیزبی و
ئەمنی ناوچەکەی لەسەر بووە، لەمبارەوە دەیان دیکۆمێنت لەبەر
دەستایە بەدەنگ و بە نوسراوی لە ڕێگای سکاڵاوە.
لە درێژەی ئەو لێشاوە لە تیرۆر و تۆقاندنە کە (٢٢) ساڵە
لەکوردستان بەڕێوە دەچێت، بۆ یەک جاریش دەسەڵاتدارانی کوردستان
بێجگە هەڵوێستێکی فریودەرانە ،هەرگیز نەیانویستووە وەک حکومەت
و دەسەڵاتێکی بەرپرس لەگەڵ ئەم ڕەشەکوژیەدا هەڵسوکەوت بکەن،
ئەم دەسەڵاتە نەک بەدوای تاوانباراندا نەگەڕاوە بەڵکو
بەپێچەوانەوە قوربانیەکانی تاوانبار کردوە.
ئەزمونی چەندین ساڵەی دەسەڵاتدارانی کوردستان لە دۆسیەی
تیرۆردا ئەوەندە چاواشەکارانە و نائینسانی بووە، بۆ یەک جاریش
ئەم دەسەڵاتە نەیتوانیووە لەبەرژەوەندی ئازادی و خەڵک دۆسیەیەک
یەکلا بکاتەوە، تاکو ئێستاش لە کوردستان دەیان دۆسیەی تیرۆر و
کوشتن هەیە تەنها قوربانیەکان دیارن و تاوانباران کەس پێی
نەووتوون پشتی چاوتان برۆیە، سەرجەم دۆسیەکان یان لە دادگا
تۆزیان لێنیشتووە یان ئەوەتان لە بارەگاکانی (یەکێتی و پارتی)
و خراونەتە خانەی لەبیرچوونەوە.
تیرۆر کردنی (کاوە گەرمیانی) و تیرۆرەکانی ڕابوردوو،
ئازادیخوازان و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەخاتە بەردەم ئەو
تاقیکردنەوەی کە ئیتر ئومێد بە لیژنەی لێکۆڵینەوە نەبەستن،
لیژنەی لێکۆڵینەوە هیچ نیە بێجگە یاری کردن بە کات و چارەنوسی
خەڵك، بە پێی ئەزمونی تاڵی ڕابوردوو ئەم لیژنانە ئەوەندەی بۆ
دیزە بەدەرخونە کردنی تاوانەکان بووە، ئەوەندەی بۆ بەرگری کردن
بووە لە شاردنەوەی تاوانبارانی سەرەکی ئەم تیرۆرانە شتێکی تر
نەبووە و هیچ ئەنجامێکی نەداوە بەدەستەوە، دەبێت خەڵکی
کوردستان ئیتر مل بەم گاڵتەجاڕیە نەدات.
ئێمە لە کەمپینی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی
کوردستان_دانیمارک، سەرەڕای پرسە و سەرەخۆشی خۆمان لە سەرجەم
خێزان و کەسوکار و هاوڕێ و دۆستانی ڕۆژنامەنوس(کاوە گەرمیانی)،
بەتوندی ئیدانەی ئەم کردەوە ناشیرینە دەکەین و ڕایدەگەیەنین کە
تەنها ڕێگاچارە بۆ کۆتایهێنان بەتیرۆر و پاراستنی ژیان و
ئاسایشی ڕۆژنامەنوسان و سەرجەم هاوڵاتیان، لە گرەوەی هاتنە
مەیدانی خەڵک و ناڕەزایەتی دەربڕینە لەدژی دەسەڵاتداران و
دەزگا ئەمنیەکانیان، ئێمە بۆ بەڕێخستنی ئەو ناڕازایەتیە تەواوی
هەوڵەکانی خۆمان دەخەینە گەڕ.
کەمپینی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی
کوردستان_دانیمارک
٦-١٢-٢٠١٣
kampiniazadi@yahoo.com
|