مەرگە ساردەکانی پێشت مەرگی گەرماو گەرم
 
کەژال عەلی

 

دۆسیەی کاوە

تیرۆر یەک لە سیما تەلخەکانی ئەخلاقی سیاسییە، کە لە کردەوەیەکی توندوتیژو نادیاردا بێ لەبەر چاو گرتنی هیچ پێودانگەیەکی ئینسانیو ویژدانی، بەدەر لە هەر رێساو یاسایەکی دادگاییو قەزای...ی، هەلدەستێ بە سرینەوەو وێران کردنی گیانیو جەستەیی داواکراو لە پنتێکی نەخشە بۆ کێشراوو لە کاتو ساتێکی گونجاوو دیاریکراودا.
ئەوەی لە فەرهەنگی ئێمەدا تا هەنووکەش بەرچاوە یا جێگای لەسەروەستان بووە مەرگی یا کۆستی نێرینەیە لە ژێر هەر ناو و هەر ئاگۆمێنتێکی دیکەی سیاسی کۆمەلایەتی ئابووریییەوە بێ، ئیدی هەموو ئاماژەکان بە دەوری ئەو خولگەیەدا شێکار دەبنو خول دەخۆن،دەنا بەقەد مەرگی کاوەکانو بگرە زۆر نامرۆڤانەو قێزەونانە تریش دووعاکان بە زیدوویی ئەتکو کۆمەلکوژو فرسەتحیزکراون ،ئەمە لە دیاردەوە بووە بە کلتوور و بێجیاوازی ئێمەکان پێی گۆرەشار دەدرێین ،بەلام ئەوەی من لە مەرگی کاوە گەرمیانیدا دێنێتە قسە ،جیا لە هەلسەنگاندنو لاواندنەوەکانی دی کە بۆ کارەساتەکە کراوە ، بۆشایی ئەو خوێندنەوە دەروونییەیە کە پێ دەچێ تا ئێستاش بۆ ژنو دایکو پآشماوەی کاوەکانو مەرگە خوێناوییە گەرماوگەرمەکان نەکرابێ،،من هەر یەک لەو سیانەی لە کاوە بەجێمان بە جیا دەکەمە نیشانەو هەنگاوتنی چەند وشەیەکی سەرپێی، چونکە پێم وایە هەر یەک لەوانە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زانستیو ئەدەبیو ئەکادیمیو بایەخو چاودێری تایبەتو پسپۆریو دەروونیو کۆمەلایەتی هەیە، تا لە رەهەندی ئەم کارەساتەدا یا بە درێژایی ژیانیان هاوکارو هاوسۆزو رێنوێنییان بن.
یەکەم دایکی کاوە ئەو ژنە بەجەرگەی کە لە تراژیدیای شەهیدو ئەنفال ماوەتەوەو لەگەل هەموو ئەو ئاستەنگانەی دێنە رێی بەخێو کەرێکی بێوەژن وەک دەلێن، لە کۆمەلگایەکی بەرتەسکی وەک کۆمەلگای کوردیدا تا دەگاتە شۆکی ئەوەی ئەو تاکە هیوایەی ژنێتی و گەنجێتی خۆی پیوە گرێ دابوو ،بە چرکە ساتیك شەلالی مەرگ بێو لە باوەشی دەربێنن ،کە رەنگە تا ماوە جۆرەها گرێی دەروونیو کۆمەلایەتیو ویژدانی لا دروست بکەن و کۆمەلێک پرسیاری بێوەلامی تێدا بوروژێنن کە دامرکانەوەی ئەستەم بێ وەک ئەوەی ئایا بۆ دەرگای لە مردن کردەوە، بۆ دەستەوستان بوو لە ئاست پاراستنی تاقانەکەی، بۆ بە پەرجوویەکی دایکێتی نەیتوانی کورەکەی لەو مەرگە دەمامکدارە رزگار بکا،بۆ خوا بەو هەموو دەسەلاتەی مەرگی بۆ نەوەستا، بۆو..کۆمەلێک بۆی دی کە تا سەر ئێسقان ئازار بە ئێستاو داهاتووی دەگەیەنن خۆیان بۆ خستۆتە کەمینی ئایندەیەوە،بێچگە لەو سووکایەتیو هەرەشەو جنێوە ساردو سووکانە کە لەلایەن نێرەکانەوە وەک مەدالیای شەرەف بە ژنبوونو دایکێتی گوترا،بەمە ئەو بەهەشتەی کە دەلێن لە ژێر پیی دایکانە نەک بەهەشتێکی راستەقینەو زەمینی نیە بەلکو جەهەننەمێکی مەیدانیو حەتمیە و لە بۆسەی دایکانی پاشماوەی کاوەکان چۆنەتە سەنگەری دەستەویەخەوە.
دووەم ژنەکەی کاوە، کە ئەویش پاشماوەی ئەنفالەو لە کردەوەی پاکتاوی رەگەزی پەریوە وەک کاوە بە هەناسەساردیو هەتیوی لەلایەن پوورێکیەوە گەورە کراوە، دیارە ئەم جۆرە زەواجە سادەیی و هەلوێستی کەموێنەی کاوە دەردەخەن کە کچە ئەنفالێکی کردووە بە هاوسەرو هاودەمی ژیانی .
چی لەو تراژیدیایە ئازاربەخش ترە کە ژنێکی دووگیان لە مانگو رۆژی خۆیدا و لە بری ئەوەی لە مەیسەرکردنی شوێنو رێو پێداویستی مندالەکەی دابێ ،تا هێزی تێدایە هاوار دەکاو هاوسەرو خۆشەویستەکەی لەدەست داوەو لە شۆکێکی دەروونی وا خراپدایە بەرد دەکات بە ئاو، من دیمەنی ئەم ژنە لەم کرێزە ئەخلاقییەدا بە کەمتر لە دیمەنی عومەری خاوەرو مندالەکەی نابینم کە لە چرکەساتی کیمیا باران کردنی هەلەبجەدا پیاوە وێنەگرە ئێرانیەکە خەلاتی جیهانی پێوەرگرت.
ئەوەی دەمەوێ لێرە هەلوەستەی لەسەر بکەم،تارمایی ئەو مەرگە ساردە نادیارانەی پشت مەرگی کاوەو ئەودیو مەرگە شاردراوە نێرینەکانن کە هێشتا لە پانتایی ئەدەبیو کلتووری کوردیدا وەک هەر کایەیەکی تری فەرامۆشکراوو بۆشاییەکی دی تاهەنووکەش پڕ نەکراوەو نەخوێندراوە ئامادەیی بەردەوامیان هەیە ، کە بە گشتی لە چەند هەولێکی کەم زیاتر نین کە ژمارەیان لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ نابێ، لای لێ نەکراوەتەوە، دەنا بە گشتی ئەو تارماییو تەمژومژە دەروونییانەی ئەم مەرگە کتوپرانە لەسەر هەستو نەستی تاک دوای لەدەستدانی ئەندامە سەرکییەکانی خیزان دروستی دەکەن زۆر لە مەرگی پالەوانەکانیان هەستناکو تراژیدبارترە، بە داخەوە چاوی هەموو دەزگاو دامەزراوە ریکخراوەییو سڤیلیەکان تەنیا لەیەک لاوە ئەم کۆستانە دەخوێننەوەو بە تەنیا دیوی دەرەوەی دەبینن،ئەمە ئەوە دەردەخا کە مرۆڤایەتی لەسەرتاسەری دنیادا هێشتا نێرەو نێرانە بیردەکاتەوە.
سێیەم ئەو مندالەی کە چەند رۆژێکی دی لە ناو ئەو گولەمەرگییەی خانەوادە سەربەرزەکەی تێیدا دەژین دێتە دنیاوە،ئەمە گەر لە ناو نەچێو هیوادارم بە تەندرووستیەکی باشەوە لەدایک بێ، چۆن لە دایک دەبێو چۆن پەروەردە دەبێو چۆن گەورە دەبێ چۆنو چۆن ؟؟ئایا دووچاری کۆمەلێک گرێی و نەخۆشی جەستەیی و دەروونی ناکاتەوە؟، چ جای ئەوەی لە یەک لەسەرکییترین جوومگەکانی خێزانی کە باوکە بێبەشیان کرد،ئەو باوکەی تەنیا بەسەرمایەی ١٦ هەزار دینارەوە بەنیاز بوو پێشوازی لە ئەندامێکی تازەی خێزانەکەی کە بەشێک لە جگەرییەتی بکات ،لێرەدا من دەلێم ئەوانەی ئەم تیرۆرەیان ئەنجام دا دەبێ تۆزقالێک ویژدانیان نەبێو سەر بە هیچ توخمێکی بەزەیی نەبن چونکە بەو تیرۆرکردنە گەرماو گەرمەی کاوە سێکەسی دیکەشیان فرێدایە ناو ئاگری پرۆسەی تیرۆریکی دیکەی ساردەوە.
ماوەتەوە بلێم :بیرتان نەچێ لە پشت هەموو کاوەیەکرەوەیەک ژنو مندال جآویان لە زوومی هەستەکانە.
لەیادیان مەکەن
 

           

 

12/12/2013

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca