کام چه‌قۆ‌و کام فیشه‌ک، کام یاساو کام شه‌ریعه‌ت
 
مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی

 


وا کاوه‌ گه‌رمیانیش تیرۆر کرا.! گریمان کاوه‌ نییه‌و من یان تۆ یاخود هه‌موومانین، ئه‌وکات چی ده‌بوو.؟؟ دوای هه‌موومان چی‌و دوای ئێمه‌ کێ.!! له‌ ڕاستیدا تیرۆرکردنی کاوه‌کان، ئه‌گه‌رچی ناسۆرێکی نه‌بڕاوه‌شه‌، به‌ڵام ته‌نها وه‌ک له‌ده‌ستدانی جه‌سته‌یه‌کی بایۆلۆژی ناکه‌وێته‌وه‌ به‌ڵکو تیرۆرکردنی فکره‌، ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌یه‌، ناکۆکیه‌، ململانێیه‌، بونیاتنانی ئازادیه‌کانه‌‌، تیرۆرکردنی ژیانی مه‌ده‌نیه‌، دیموکراتیه‌، تیرۆرکردنی قۆناغێکه‌ له‌و قۆناغانه‌ی که‌ بناغه‌ی شارستانیه‌ت‌و به‌نیشتمانبوونی تێدا گه‌شه‌ ده‌کات.! ئه‌مه‌یه‌ وامان لێده‌کات هه‌رکات گوێبیستی ئه‌م جۆره‌ تیرۆرانه‌ ببین، به‌دوای ئه‌وه‌ ته‌واوی ئه‌و کرده‌ تیرۆرستیانه‌و ئه‌و ڕۆژه‌ سوورو خوێناویانه‌مان بهێنینه‌وه‌ یاد که‌ له‌قۆناغه‌کانی مێژووماندا بیستوومانن‌و خوێندومانه‌ته‌وه‌، ئیتر وا هه‌ست ده‌که‌ین خۆمان یان نزیکترین که‌سێک به‌خۆمان تیرۆر کراوه‌.

هه‌ر تیرۆرێک له‌ جیهاندا ڕوویدابێت، ئیتر له‌هه‌ر زه‌مان‌و مه‌کانێکدا بێت، به‌و مه‌رجه‌ی هه‌مان ئه‌و بیرو تێزانه‌ی هه‌ڵگرتبێت که‌ کاوه‌کان هه‌ڵیانگرتووه‌، به‌لای منه‌وه‌ وا ده‌گه‌یه‌نێت که‌ زیندووبونه‌وه‌و دووباره‌بوونه‌وه‌ی تیرۆرکردنی سه‌رده‌شت عوسمان‌و سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌‌و عه‌بدولستار تاهیر‌و فه‌رهاد فه‌ره‌ج‌و عه‌بدولخالق مه‌عروف‌و ئه‌وانی تره‌، زۆر له‌ مێژه‌ باوه‌ڕم وایه‌ ئه‌وه‌ی قوربانیه‌کانی ده‌ستی تیرۆرو جینۆساید کۆده‌کاته‌وه‌ فکرو مه‌عریفه‌و چه‌مکه‌کانی ئازادیه‌، جا ئیتر ته‌مه‌نیان هه‌رچه‌ند بێت‌و له‌هه‌ر ڕوقعه‌یه‌کی جوگرافی‌و له‌هه‌ر زه‌مه‌نێکدا ژیابن، به‌هه‌مان شێوه‌ش ئه‌وه‌ی له‌م مه‌به‌ست‌و ئامانجه‌دا هه‌موو جه‌للاده‌کان کۆده‌کاته‌وه‌ ئه‌خلاقی ڕه‌شۆکیه‌ جا ئیتر چاکه‌ت‌و پانتۆڵیان پۆشیبێت یان سمێڵیان قرتاوو ڕیشیان پاک تاشیبێت. به‌هه‌ردوو باره‌که‌دا جه‌للاد هه‌ر جه‌للاده‌و ته‌نها ڕووکه‌شه‌کانیان جیاوازه‌و قوربانیش هه‌ر قوربانیه‌و ته‌نها ده‌ربڕینیان جیاوازه‌. ئه‌وه‌ی ده‌یانگۆڕێت زه‌مه‌ن‌و شوێن‌و وه‌سیله‌و هۆکاره‌ نه‌ک بیرۆکه‌و ئه‌خلاق‌و مه‌به‌ست‌و ئامانج.

له‌م نشتیمانه‌که‌ی مندا ژماره‌ی تیرۆرکراوان، له‌بواری ئازادی ڕاده‌ربڕین له‌پاڵ کوشتنی ئه‌و هه‌موو ژنه‌، هه‌میشه‌ له‌زیادبووندایه‌، ئاوا بڕوات ده‌بێته‌ پرۆسه‌یه‌ک که‌هیچی له‌ جینۆساید که‌متر نه‌بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی من له‌ بیرو هزری خه‌ڵکی بۆ ئه‌م تیرۆرانه‌ جیا ده‌کاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌لای من کرده‌ی تیرۆر ئه‌و مانایانه‌ هه‌ڵناگرن که‌ به‌شێوه‌یه‌کی کلاسیکی له‌نێو کۆمه‌ڵگاکه‌ماندا باون، به‌ڵکو جیاوازیه‌کی زۆری هه‌یه‌..! ئه‌و چیرۆکانه‌ی که‌ باس له‌چۆنێتی تیرۆرکردنه‌که‌ی کاوه‌ ده‌که‌ن، به‌ ئێمه‌ نامۆ نین.! بۆ نموونه‌ فه‌رهادو عه‌بدولخالق‌و سۆران‌و هه‌وڵی تیرۆرکردنی من‌و هاوژین، که‌ هاوژین ئه‌و تێیدا بریندار بوو، هه‌مان سیناریۆیان هه‌بووه‌، ڕێک وه‌ک شه‌مشه‌مه‌ کوێره‌کان به‌ تاریکی ده‌رکه‌وتوون‌و کاتی کرده‌که‌ تاریک بووه‌، هاتوونه‌ته‌ ماڵه‌کانمانه‌وه‌، بانگ کراوین، له‌به‌رده‌م ده‌رگای حه‌وشه‌وه‌ چاوه‌ڕێیان کردوین، به‌ده‌رکه‌وتنمان‌و نزیکبوونه‌وه‌مان به‌رده‌ستڕێژی گولـله‌یان داوین.

با درۆ له‌گه‌ڵ خۆمان نه‌که‌ین.! هه‌موومان ده‌زانین کێ ئه‌م کاره‌ی کردووه‌و کێ تیرۆری هێناوه‌ته‌ کۆمه‌ڵگاکه‌مان و کێ کردویه‌تی به‌ کرده‌یه‌کی موقه‌دده‌س، ده‌شزانین کێ به‌ردوام پشتگیری ده‌کات، ده‌شزانین ئه‌وانه‌ کێن که‌ به‌مه‌به‌ستی تێکدانی ئاسایش‌و لێکترازان‌و لێکبچڕانی گوتاره‌کانی کوردی‌و له‌کاته‌ هه‌ستوه‌ره‌کاندا تیرۆر ده‌که‌ن‌و بۆچی هه‌ندێک تیرۆر ده‌که‌ن که‌جێی سه‌رنجن.!! ئاخر خۆ ئه‌مانه‌ به‌ده‌ستی چه‌مکه‌کانی دیموکراتی‌و ماده‌و‌ بڕگه‌کانی جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافی مرۆڤ تیرۆر نه‌کراون!!
له‌م نیشتیمانه‌ی ئێمه‌دا هیچ شتێک هێنده‌ی تیرۆرستان ده‌موچاویان که‌شف نییه‌. ئه‌گه‌ر خۆمان گێل نه‌که‌ین زۆربه‌مان به‌ باشی‌و به‌ وردی ده‌زانین ئه‌م جۆره‌ شێوه‌و شێوازه‌ی تیرۆرکردنانه‌ له‌ کوێوه‌ سه‌ریانهه‌ڵداوه‌و به‌شوێن هه‌ر شتێکدا بگه‌ڕێیت بێگومان وێڵ ده‌بیت‌و تاکه‌ شتێک پیویستی به‌ زه‌حمه‌ت‌و گه‌ڕان نه‌بێت ناسینه‌وه‌ی جه‌للاده‌کانه‌، چونکه‌ زۆر ده‌مێکه‌ وێنه‌‌ ترسناکه‌کانی تیرۆر به‌ڕوونی لای ئێمه‌ نه‌خشه‌کێشن.! ئێمه‌ی ڕه‌خنه‌گر، ئێمه‌ی نوسه‌رو ئێمه‌ی ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو پێناسه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ئایین‌و ئایدۆلۆژیا، به‌هه‌میشه‌یی هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆرو تۆقینمان له‌سه‌ر بووه‌. هه‌ر کێشه‌یه‌ک له‌ڕاگه‌یاندنه‌کاندا هه‌ڵکشانی به‌خۆوه‌ دیبێت به‌شه‌ڕو کوشتن‌و تیرۆر کۆتایی هاتووه‌. ئێمه‌ ئه‌و که‌سانه‌ین که‌ له‌گه‌ڵ بیستنی ده‌نگی هه‌ر ته‌قه‌مه‌نیه‌کدا ڕاده‌چڵه‌کین‌و وا هه‌ست ده‌که‌ین له‌به‌رامبه‌ر ده‌ربڕینی کۆمه‌ڵێک وشه‌دا مه‌خزه‌نێک فیشه‌ک به‌ڕووی ئێمه‌دا ته‌قێنراوه‌.! کاتێکیش گوێبیستی له‌یه‌کسوینی دوو شت ده‌بین وا هه‌ست ده‌که‌ین ئه‌وه‌ تیژکردنه‌وه‌ی چه‌قۆو هه‌سانه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر بینینی گه‌نده‌ڵیه‌کدا بۆ دووکه‌رتبوونی سه‌رو گه‌ردنمان له‌یه‌کیان ده‌سوێنن.! ئێمه‌ هه‌ر له‌ دووره‌وه‌ درک به‌ نه‌فه‌سی بکوژ ده‌که‌ین، بۆنێکی تایبه‌تیان هه‌یه‌و پێش ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ لامان دێت هه‌ستیان پێ ده‌که‌ین‌و له‌یه‌ک چاوتروکاندا هه‌م جه‌للادو هه‌م قوربانی ده‌بینین. ئه‌و کاتانه‌ی جه‌للاده‌کان له‌سه‌ر شاشه‌ی تیڤیه‌وه‌، یا له‌ مانیشێتی ڕۆژنامه‌کانه‌وه‌، یان له‌ کوچه‌و کۆڵان‌و شه‌قامه‌کانه‌وه‌، یان له‌ماڵ‌و مزگه‌وته‌کانه‌وه‌ ده‌رده‌که‌ون، ئیتر به‌م چاوانه‌ی خۆمان چه‌ندین کورته‌ فیلمی تیرۆرکردن‌و چه‌ندین سیناریۆی کوشتن به‌ نێوچه‌وانیانه‌وه‌ ده‌بینین، جا که‌ ده‌بینین ئه‌وان نازی موچه‌ی باش‌و خانووی باش‌و به‌رپرسیارێتی باشی ئه‌م دونیاو کۆشکه‌کانی به‌هه‌شت‌و شه‌راب وغیلمان‌و حۆری ژێر گه‌ڵاکانی دارخورمای ئه‌و دونیامان به‌سه‌رماندا هه‌ڵده‌ڕژن ئیتر باش تێده‌گه‌ین که‌ ئێمه‌ له‌ ئاست ئه‌واندا چه‌ند بچووکین‌و له‌ چ گۆماوێکی خوێناویدا مه‌له‌ ده‌که‌ین.! ئێمه‌، پێش هه‌موو که‌س‌و پێش هه‌موو پۆلیسێک‌و پێش هه‌موو ئاسایشێک جه‌للاده‌کانی تیرۆرو قوربانیه‌کانی ده‌ستی تیرۆر ده‌ناسینه‌وه‌.

گرنگ ئه‌مه‌یه‌: به‌لای هه‌ندێکمانه‌وه‌ زۆر ئاساییه‌و تا ئێستاش هه‌روا بووه‌ که‌زۆربه‌ی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا، به‌زانینی هه‌واڵی تیرۆرکردنی ئازادیخوازێک به‌ڕاست‌و چه‌پدا ئیدانه‌ی بکه‌ن‌و ناڕه‌زایی ده‌رببڕن‌و به‌یاننامه‌ی له‌سه‌ر بڵاو بکه‌نه‌وه‌و که‌مپینی به‌رگری بۆ پێکبهێنن، به‌ڵام ئه‌م ناڕه‌زاییانه‌ به‌لای منه‌وه‌ له‌و کات‌و چرکه‌ساته‌دا ده‌ست پێده‌کات که‌لای ئه‌وان ته‌واو ده‌بێت.! له‌لای ئه‌وان ڕووداوه‌که‌ وێنه‌و مانای ڕووتی ڕووداوێکه‌ وا ده‌که‌وێته‌وه‌ که‌ یه‌کێکه‌ له‌ڕووداوه‌کانی قۆناغه‌کانی مێژووی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌، ڕووداوێکه‌ ڕوویداوه‌و تێپه‌ڕده‌بێت، به‌ڵام له‌لای ئێمه‌وه‌ به‌ڵگه‌ی زیندوبوونه‌وه‌ی ئه‌خلاقێکه‌ که‌ سه‌دان ساڵه‌ له‌ناوماندا ده‌ژی‌و هه‌تا ئێستاش ڕه‌نگی پیربوونی لێ نه‌نیشتووه‌و هیچ ئاسۆیه‌کیش نییه‌ بۆ له‌بیرچوونه‌وه‌ی.! هه‌موو چرکه‌ساتێکیش هی ئه‌وه‌یه‌ جارێکی تر له‌پاڵ هاوڕێکه‌ی ئه‌مبه‌رم‌و ڕه‌خنه‌گره‌که‌ی ئه‌وبه‌ردا سه‌ره‌قووتێ بکات‌و سه‌رهه‌ڵداته‌وه‌، هه‌مان سیناریۆ بنوسرێته‌وه‌و پارچه‌یه‌کی ترمان خه‌ڵتانی خوێن بکرێته‌وه‌.
ئێمه‌ هه‌ڵه‌یه‌کی به‌دو زه‌به‌لاح ده‌که‌ین له‌کاتێکدا ده‌زانین کێ کێ تیرۆر ده‌کات، که‌ی‌و بۆچی تیرۆری ده‌کات، به‌ڵام ناوی جیا جیاو پاساوی جیاجیا بۆ کرده‌که‌ بدۆزینه‌وه‌و دابه‌شی پێگه‌کانی گه‌نده‌ڵی‌و سیاسی‌و ئابووری‌و بیروڕاو ده‌سه‌ڵات‌و حزب‌و که‌سایه‌تی بکه‌ین.! تیرۆر هه‌ر تیرۆره‌و جه‌للاد هه‌ر جه‌للاده‌و قوربانیش هه‌ر قوربانییه‌. بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕه‌گ‌و ڕێشه‌ی کرده‌و مه‌به‌سته‌کانی په‌یامی تیرۆر پیویسته‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ بنه‌ما سه‌ره‌کیه‌کانی کرده‌که‌، پێویستیمان به‌ بینینی ئه‌و شوێنه‌یه‌ که‌ ڕه‌گه‌که‌ی لێ ڕواوه‌، پێویستیمان به‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌یه‌ که‌ تیرۆر تێیدا ئه‌خلاقه‌و له‌هه‌وڵی بێوچانیشدایه‌ ئه‌م ئه‌خلاقه‌ تێکه‌ڵی ژیانی تاکه‌کان بکات. چونکه‌ بنه‌بڕکردنی تیرۆر به‌وه‌ چاره‌سه‌ر نابێت که‌ ده‌مووچاوو هێزو ده‌سه‌ڵاتی پۆلیس‌و حکومه‌ت‌و به‌رپرسان‌و مافیاکان بگۆڕین، کارێکی له‌م چه‌شنه‌ له‌هیچ شوێنێکی جیهاندا چاره‌سه‌ری نه‌کردووه‌و چاره‌سه‌ریشی ناکات.! بنه‌بڕکردنی تیرۆر له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کدا بنه‌بر ناکرێت له‌سه‌ره‌وه‌و له‌ناو دامه‌زراوه‌ تایبه‌تیه‌کانیدا تیرۆر ڕه‌ت بکاته‌وه‌ به‌ڵام له‌ناو دامه‌زراوه‌ گشتیه‌کانیدا، به‌ نموونه‌ خێزان‌و شوێنه‌ جیاجیاکانی په‌روه‌رده‌، کرده‌ی تیرۆر بکرێته‌ پرۆسه‌یه‌کی په‌روه‌رده‌یی موقه‌دده‌س‌و بودجه‌ی بۆ ته‌رخان بکرێت.!!؟؟
ئێمه‌ پێمانوایه‌ هیچ کاتێک یه‌کێتی نیستمانی کوردستان هێنده‌ی ئه‌م کاته‌ ڕوبه‌ڕوی نه‌کسه‌ی سیاسی نه‌بۆته‌وه‌.! داکه‌وتن‌و هه‌ڵسانه‌وه‌ی زۆری بینیوه‌ وه‌لێ هه‌مووکاته‌کان ئاسته‌نگه‌کان له‌چوارچێوه‌ی ئابوری‌و گوتاره‌ جۆربه‌جۆره‌کانی دیکه‌ی ئایدۆلۆژیا بووه‌، جگه‌ له‌مانه‌ هیچ کاتێک وه‌ک ئه‌م نه‌کسه‌یه‌ی به‌سه‌ر نه‌هاتووه‌ ته‌نانه‌ت هه‌رگیز چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ش نه‌بووه‌ ڕووبه‌ڕووی بزوتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی ڕۆشنبیری له‌م جۆره‌ ببێته‌وه‌ که‌ له‌هه‌موو ئاسته‌نگه‌کانی تر ترسناکتره‌.! مێژوو ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ سه‌لماندووه‌ که‌ هه‌ر پارت‌و ده‌سه‌ڵاتێک له‌ جیهاندا باش بووبن یان به‌د، به‌رگه‌ی هه‌موو ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌یه‌کیان گرتووه‌ به‌ڵام له‌به‌رده‌م کاریگه‌ری پرۆسه‌و بزوته‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کاندا ئه‌ژنۆیان شکاوه‌.! ترسناکترین کارێک ئه‌و کاره‌یه‌ که‌ ده‌رئه‌نجامه‌کانی به‌ره‌وڕووی ناڕه‌زاییه‌کانی جه‌ماوه‌رمان بکاته‌وه‌. ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ نیه‌ که‌ ئایا کاره‌که‌ ڕاسته‌ یاخود چه‌وته‌.! هه‌ڵکشانی ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ر ئه‌و مافه‌ ده‌دات به‌گوێی هه‌مووماندا که‌ناڕه‌زاییه‌کان، ئه‌گه‌رچی نیشانه‌کانیش به‌ دروستی نه‌پێکن به‌ڵام ترسناکی خۆیان هه‌یه‌و نه‌مابیستووه‌ که‌سێک توانیبێتی له‌به‌رده‌مدا خۆڕاگر بووبێت.
جا با بزانین یه‌کێتی نشتیمانی له‌به‌رده‌م ئه‌م ناڕه‌زاییه‌ جه‌ماوه‌ریه‌دا وێنه‌ی حه‌قیقی خۆی نیشانی کۆمه‌لگا ده‌دات!؟ به‌ کرده‌وه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی خۆی ده‌سه‌لمینێت که‌ ده‌ڵێت بڕوام به‌دیموکراتی و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ئازادیی ڕاده‌ربڕین هه‌یه‌.!؟ به‌ته‌واوی ڕه‌وشته‌وه‌ ده‌چێته‌ ژێر ئه‌و کۆڵه‌وه‌ که‌ بانگه‌وازی بۆ ده‌کرد.!؟


 

           

 

10/12/2013

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca