وردوخاشبوونی سوراحییەک
 
محەمەد فەریق حەسەن

 


ئەم بەیانییە هەتا گەیشتینە جێ، لە سێ شوێن دروشمی ڕەشی پرسەمان بەدیواری ماڵانەوە بینی. هەر ئەم بەیانییە بەدەم ڕێوە، من چەتۆی برا گەورەم هاتەوە یاد. ئەو مانگ زیاترە، بە کەپکی حەمەداغاوە عاسی ماوە. منیش لێرە بەدەم سەختیی ژیانەوە گیرمخواردووە. بەیانییان دوای ڕدێن تاشین، بڕێک کۆڵۆنیا لە ڕومەتم دەدەم، دواتر دوو پرژە بۆنی هەرزان بەها، لە بناگوێکانم دەپرژێنم. بە پەلە بەرچایی دەخۆم و خۆم دەگۆڕم. پەڕۆیەک بە پێڵاوە ڕەشەکانمدا دەهێنم. چۆلی ی برا گچکەم ڕادەبێ، بە تاکسییە بەرازیلییەکەی، کە سەرچاوەی دەرامەتی ئەوە، خۆم و دەهۆڵەکەم دەگەیەنێتە گەڕەکی تەیراوا. لەوێ هەڵوەستەیەک دەکات، پیرباڵ ی هاوکارو هاوڕێی منداڵیم بە زوڕناکەیەوە سەردەخات، هەردوکمان لەپێش چایخانەی مەچکۆدا دادەبەزێنێ. هێشتا تاکوتەرا خانەنشینی خانە بێزار گەیشتوونەتە ئەوێ و باوێشک دەدەن. وەختێ ئێمە دەگەین، گۆڕهەڵکەنەکانیش تازە گەیشتوون. ئەوانیش هەر دوانن. من بە نۆرە هەردوو ڕووی دەهۆڵەکەم دەکەمە خۆرو گەرمیدەکەم. چاوەڕوان دەبم بەڵکو ئەو ڕۆژە کوڕو کچێک بەیەک بگەن، ئێمەیش ئاهەنگێکی بەجۆشیان بۆ گەرمبکەین و بڕە خەرجییەکیشمان دەستبکەوێ. پیرباڵ زوڕناکەی بەبەر پشتوێنەکەیدا دەکات. لەسەر کورسییەکی پێشی چایخانەکە پاڵدەداتەوە. لاقی ڕاستی دەخاتە سەر چەپ، چەپ دەهاوێتە سەر ڕاست، گەمەیش بە تەزبیحە قەزوانە دەنک وردەکەی دەکات. لە چاوەڕوانیی زەماوەندێکدا، من زارم دەکەمەوە، حەپۆلانە، دوور و زەق، بۆ پێش خۆم دەڕوانم. چاوم بە ڕیکلامی (چای سیلان)ەوە دەڕچێ، کە کەسمان نازانین لەکەیەوە، بە گەورەیی، بەرز لەسەر دیوارە لەبغکراوەکەی بەرانبەرمان نووسراوە. بڕێک بەخۆمدا دێمەوە، ڕوانینم لەسەر روخساری ڕێبواران چڕدەکەمەوە، هەتا ئەوان ڕەتدەبن من هەر لێیان ورددەبمەوە. هەر جحێڵێک بەوێدا تێپەڕێ، من لەدڵی خۆمدا پێی دەڵێم: ((وەڵڵا بابە تۆ وەختی ژنهێنانتە، دە فەرمو بیهێنە با من و پیرباڵ بەو دەهۆڵ و زوڕنا نازدارە، شایییەکت بۆ گەرمکەین، لەم شارەدا بێ وێنەی بێ!)) هەر کیژێکیش بە پێش چایخانەی مەچکۆدا تێپەڕێت، من لەبن لێوەوە دەڵێم: ((ئێ بەو خودایە، چیمەن ی خۆشکم، لە تۆ منداڵتربوو، وەختێ بابم بەمێردی دا!)) سەد خۆزگەم بە ڕۆژانی منداڵی، هەردەمێک خۆم مەیلم لێبوایە، بێ پرس دەستم دەدایە دومبەڵەکەکەم و دەچوومە کۆڵان. بەوادەی خولەکێک دوان، منداڵانی گەڕەکم لە خۆم خڕدەکردەوە.
جووتە گۆڕهەڵکەنەکە، ڕۆژانە بە جلکی کارەوە دێن. پێویست ناکات ئەوان تیفتیفەی خۆیان بدەن. ئەوان لەپیش ئەم چایخانەیەدا گیرناخۆن، زوو دێنە دوایان. توێژاڵێک خەمی درۆ هەڵدەپڕووکێنن و دەیخەنە سەر ڕوخساریان، بە پاچ و خاکەنازەوە لۆش لۆش شوێنیاندەکەون. لە گۆڕستان دەمێننەوە تا مردووەکە دەشارنەوەو نەخت کرێی خۆیان وەردەگرن. من و پیرباڵیش هەر لێرەین و بێهوودە لە قەدو باڵاو ڕووی ژاکاوی کوڕان و کیژانی دڵمردو ورددەبینەوە. ئەو خەڵکە دڵساردە، بەڕووی گرژەوە، چەند تووڕەو تۆسن دەردەکەون. من نازانم هەتا کەی زەمانە ئاوا درێژە دەکێشێ. بەڵام دەزانم، لە ئاشتی تریقەی پێکەنین لەدایکدەبێ، لە جەنگیش بوغزو قین.
ئەو جحێڵەشی مەیلی لە زەماوەن بێ، لە دوورەوە ڕووی دەدرەوشێتەوەو زەردە لەسەر لێوێتی. دەستیش بەخۆیدا دەهێنێ. ئەوە ماوەیەکی درێژە، نە من گرمەم لە دەهۆڵ، نە پیرباڵیش پیقەی لە زوڕنا هەڵساندووە. ئاخ بریا چەتۆی برام بە ئیجازە دەهاتەوە. کسپوکۆی دڵم دادەمرکان، بەدڵی خۆی شاییمان بۆ دەگێڕا. من دەزانم چەتۆی برام دڵی بە ڕەزێ ی کچی مام قادری کۆڵانی ئەودیوەوەیە. بەڵام هەتا ئەم جەنگە دریژە بکێشێ، بریاکانی من و چەتۆی برام نایەنە دی. مرۆڤ خۆی بوونەوەرێکی ڕەوتەنییە، کەچی هێندە چاوقایمە جەنگیش هەڵدەگیرسێنێ. لە سەروبەندی جەنگیشدا گۆڕهەڵکەن بازاڕی گەرم دەبێت. بۆیە ئەوان، هێشتا لە هەڵکەندنی گۆڕێک نەبوونەتەوە، بۆ هەڵکەندنی گۆڕێکی تر لەدوایان دێن. ئەوە ماوەیەکیشە گۆڕهەڵکەنەکان کەوتوونەتە سەر فێڵەکەی. گۆڕ بۆ هەر جحێڵێک بێت، نزیکەی هەمان درێژی و پانی و قووڵیی هەیە. جا ئیتر بۆچی ئەوانیش گۆڕی هەڵکەندراوی ئامادەیان نەبێت. ئەوانیش بەڕەنجی شانی خۆیان دەژین. ئەوان زۆر جاران دوای ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردن، گڕگڕ دێنەوە بۆ ئەم دەوروناوە. تێر کەباب دەخۆن. لە مەچکۆ سەرو جووت چای خەست و شیرینی بەسەردا دەکەن. بە پێش چاوی ئێمەوە، بە چیڵکە ددانیان پاکدەکەنەوە. من و پیرباڵیش لێرەدا مێش تێیداوین، کەس پرسیاریشمان لێ ناکات.
دوێنێ بە پیرباڵم گوت: ((چۆنە ئێمەیش ئەم دەهۆڵ و زوڕنا نەفرەتییە، بە پاچێک و خاکەنازێک بگۆڕینەوە، نان لە گۆڕدایە؟)) پیرباڵ وتی: ((دەڵێی لە زەینی مندای چیا! مەرگ وەک شادی نییە چیا، مەرگ کاتی بۆ نییە، هەمیشە بەسەر سەرمانەوە دەگەڕێ، نەخاسمە لە ئاخۆران و بخۆرانی جەنگدا! ئەوان هەموو ڕێیەکانی ژیانیان بەسەر ئێمەدا داخستووە، تەنیا ڕێی گۆڕستانیان بە کراوەیی هێشتووە! )) ئیتر من بۆ بەیانییەکەی نە ڕدێنم تاشی، نە قۆڵۆنیاو بۆنم لە خۆم دا. دەستێک جڵکی کۆنم پۆشی. ئەو بەیانییە، تەزبیحە هەنارییە دەنک گەورەکەی چەتۆی برام، کە ئەو لەبیری چووبوو لەگەڵ خۆیدا بیبات، نایە ناو گیرفانی شەرواڵەکەم. لە چەقی حەوشەدا، لە پاچەکەی دەستی خۆم هەڵپلام و ڕەتم برد، بە قەدی دارتووەکە خۆم گرتەوە، لەو دەمەدا پێم بەر سوراحییەکی شووشە کەوت، کە لە دڵی دایکمدا زۆر شیرین بوو. سوراحی شکاو پارچە وردو تیژەکانی بە ڕووبەری حەوشەکەوە دەبریسکانەوە. دایکم بە پەلە، بەدەم دەنگەکەوە گەیشتە حەوشە. چاوێکی بە پارچەکانی سوراحییەکدا گێڕا، وتی: ((قەزاو بەڵای بردبێ، خۆت خۆش بیت!)) من هیچم نەوت. بەڵام کسپەیەک لە جەرگم هەڵساو بە دڵگی گوشراوەوە ماڵم جێهێشت. وەک جاران، چۆلی ی برام بە بەرازیلییە شڕەکەی خۆی، منی گەیاندە تەیراوا. لەوێ پیرباڵ ی بە خاکەنازێکەوە هەڵگرت. وەختێ دیقەتی پیرباڵم دا، ئەویش وەک من پێڵاوی لاسیکی لەپێ کردبوو. ئەویش کۆنە نیتاقێکی سەربازیی لە پشتی خۆی بەستبوو. جادە زۆر جەنجاڵ نەبوو، چۆلی بە ماوەیەکی کورت، هەردوکمانی گەیاندە پێش چایخانەکە. وەختێ ئێمەی جووتە گۆڕهەڵکەنی نوێ گەیشتینە جێ، گۆڕهەڵکەنە کۆنەکان تازە خەریکبوون دەچوونە سەر کار. ئەوان چەند جارێک بە قینەوە ئاوڕیان لێ داینەوە. ئێمە زۆر نەمانبردە سەر خۆمان. بە گوێی خۆم گوێم لێبوو، فەرش فرۆشە زۆر بڵێیەکەی دراوسێی مەچکۆ سەری باداو بە تەلفیسییەوە وتی، ((وەیوای، زوڕنا لە کوێ و خاکەناز لە کوێ!)) ئێمە پاچ و خاکەنازمان بە دیواردا هەڵپەسارد. من لە چاوەڕوانیی هەڵکەندنی گۆڕێکدا، تەزبیحە دەنک درشتە ڕەنگ هەنارییەکەی چەتۆی کاکم لەناو لەپەکانمدا دەساوی. بەو دەنگەی، کە لێم دەردەهێنا، سەبوریم بۆ دەهات. چاوەڕوانی بڕێک سەغڵەتی کردبووم. تاوێک بەخۆمدا هاتمەوە، دیقەتی دەستوبردی بۆیاخچییەکەی پێش چایخانەکەم دەدا. ئەو چەندان جووت پێڵاوی ڕەشی بەسەرداکەوتبوون، فریایان نەدەکەوت. من لە دڵەوە بەغیلیم پێ دەبرد. من تەزبیحەکەم لەناو لەپەکانمدا دەساوی و لە روخساری ڕێبواران ورددەبوومەوە. یەکەم کەس، کە بەرەوڕووم هات پیرەمێردێک بوو، کۆڵێکی گەورەو گرانی بەسەر پشتی خۆیدا دابوو، بەلەکە باریکە تووکنەکانی دەلەرزین و گەڵاوگەڵ هەنگاوی کورت کورتی دەنا. من بیرم لەوە دەکردەوە، کە ئێمە بەم زوانە، بەم پاچ و خاکەنازەی خۆمان، گۆڕێکی بۆ هەڵدەکەنین لەقەد باڵای خۆی. لەهیکڕا دوو پیکابی تۆیۆتای نوێ دەرکەوتن، تاکسی و ئوتومبیلە تایبەتییەکان، خێرا ڕێیان بۆ کردنەوە. پیکابە سپییەکان چەکداری جامانە لە ملی، ڕوو شەمسی، قژو برۆ و برژانگ تۆزاوییان هەڵگرتبوو. من لەدڵی خۆمدا وتم، پەلەمان نییە، ئەمڕۆ بێت یان سبەی، من و پیرباڵ، گۆڕێکی قشتیلەی قووڵ بۆ یەکێک لەم دە پانزە چەکدارە توڕەو لەسەر چزە هەڵدەکەنین. ئەو دەمەوبەیانییە، بەخۆم نەبوو، زەینم هەر لەلای لاوی چەکدارو مرۆڤی بەساڵاچوو بوو. بە بینینیان دڵم دەکرایەوە. بەتایبەتی ئەوانەیان کە هەتا بینەقاقایان لە فیشەکدا زەرددەچووەوە. ئەوەی سەرنجی ڕانەکێشابم، ئەفەندیی خاوێن و کچان و کوڕانی پۆشتەو پەرداخی شار بوو. پیرەمێردێکی پشت چەماوەی، ناوقەد بە کەشیدەی پرتەقاڵی، دەست بە تەزبیحی ڕەش و درێژ، لەبن لێوەوە ویردی دەخوێندو واوە دەهات. ئەو بەلارە لار تێدەپەڕی. ڕەنگە کوڕو کوڕەزاکانی ئەم پیرە، لەسەر کرێی هەڵکەندنی قەبرەکەیەوە، پارەی زیادیشمان بدەنێ. من لەو دەمەدا ئاوەها بیرم لەو مام حاجییە دەکردەوە. کاتێک من لەو خەیاڵانە بەئاگاهاتمەوە، دیم تەزبیحەکەی کاکم پچڕاوە. گورج ڕابووم، ژێر کورسییەکان، پیادەڕەۆ و شەقامەکە بەشوێن دەنکەکانیدا گەڕام. من دەنکە دەنکە کۆمدەکردنەوە. وەختێک ژماردمن، تەنیا دەنکێکی دیارنەمابوو. جووڵام، دیسان درزو کەلێنەکانم پشکنی، بەڵام ئەو تاکە دەنکەم هەر بۆ نەدۆزرایەوە. کزەیەک دڵی تەنگی ئەنگاوتم. وەختێکم زانی لەناو گێژەڵووکەیەک تۆزدا، چۆلی ی برام دەرکەوت. ئەو لەناو تاکسییەکەیەوە، شپرزەو شێواو، بە زارو بە دەست بانگیدەکردم. من خێرا بەرەوڕووی چوم. وەختێک من گەیشتمە لای، ئەو چەپۆکێکی قایمی بە سەری خۆیدا کێشاو بانگی لێ هەڵسا: ((چەتۆی برام شەهید بووە، سواربن، بتانبەم گۆڕی بۆ هەڵکەنن!)) خۆنەویستانە دەستەکانم واڵاکردنەوە، جارێکی تر، دەنکە ڕەنگ هەنارییەکانی تەزبیحەکەی چەتۆی برام، ڕژانەوە سەر شەقامە ڕەش داگەڕاوە تۆزاوەییەکەو خلۆربوونەوە.
کۆبنهاون
٦|٩|٢٠١٣

 

           

 

14/12/2013

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca