تۆ یووسفى نەوحوسنى لەسەر میێرى جەنانى-من پیرم و فانى
لەم کولبەیى ئەحزانە نە زیندووم و نە مردووم-هەر وا بە تەماتم
"نالى"
(2)
(پاشایەتى) کە بە دەوڵەتى حوکمى رەها ناوبانگى دەکرد بوو، جگە
لەوەى بۆ مانەوەى گیانى خۆى پارێزگارى لە کۆنەخوازى دەکرد، بە
دیوەکەى دیکەش بەردەوام هەوڵى ئەوەى دەدا، دەسەڵاتەکەى لە
سامانى دنیایى بێ بەش نەکات! بەو مانایە دەشێ بڵێین هەر لە
سەدەى سێزدەوە حکومى پاشایەتى خۆى لە دوو عەقڵى جیاوازەوە
دەبینێتەوە، یەکێکیان دەسەڵاتى دەرەبەگایەتى، کە خۆى بە
ئایینەوە هەڵدەواسى، ئەویدیکەیان بورژوازیى، کە بە دنیاوە
لکاوە. لە پشت عەقڵى دەرەبەگایەتى پەیوەست بە ئایینەوە، ئەدەبى
شەعبى وەستا بوو، بەڵام لە دووتوێى عەقڵى بورژوازى دنیایى،
ئەدەبى کلاسیکى نەفرەتلێکراو.
کەواتە ئەدەبى نەفرەتلێکراو لەلایەن ئایینەوە ئەدەبێکە، کە
بانگەشەى عەقڵ و ئازادى و تاکگەرایى دەکات و هەژموونى ئایینى و
دەسەڵاتى نۆرمە ئایینیەکان بە سەر کۆمەڵگادا رەتدەکاتەوە، هەر
بەو مانایەش پشت بەستنى ئەدەبى کلاسیک بە نموونە باڵاکانى
ئەدەبى یۆنانى و رۆمانى (داستانى ئەلیادە و ئۆدیسە، هۆمیرۆس و
شانۆگەرییەکانى سۆفۆکلیس و یۆربیدیس..) و لاسایى کردنەوە و
دراسەکردنى بنەما هونەرییەکانیان و دواتر خۆ دادەمەزراند لە
سەر بنەما تیۆرییەکانى گەورە فەیلەسوفانى یۆنان و رۆمان
(ئەفلاتوون و ئەرستۆ و هۆراس) و بە تایبەتى کتێبى (هونەرى
گوتار) و (هونەرى شیعر)ى ئەرستۆ، هەر تەنها لە هەنگاونان لە
ئەدەب و هونەرى شەعبییەوە بۆ کلاسیک، کورت ناکرێتەوە! بەڵکو لە
پشت ئەو گەشە هونەرى و ئەدەبییە، گۆڕانکارییەکى گەورە، لە
بیرکردنەوە و تێڕوانینى کۆمەڵگاى ئەوروپى لە ئارادا بوو، ئەویش
تەجاوزکردنى دەرەبەگایەتى و هەنگاونان بوو بەرەو سەرمایەدارى و
سەرمایەدارى بازرگانى...
وەک دەزانین لە سەدەى دووەمى زایینییەوە (ئۆلۆس گیلیۆس)
زاراوەى کلاسیکى بە دژى ئەدەبى (ئەدەبى زارەکى) بە کار هێنا،
بەڵام هەمیشە مەسیحییەکان هەوڵى ئەوەیان دەدا، ئەدەبى کلاسیک
ئەو بەها بتپەرستییە لەخۆى دابماڵێت و مۆرکى (ئینجیل) و
بنەماکانى ئایینى کریستیانى لەخۆ بگرێت، بەڵام نەیانتوانى لەو
بارەوە سەرکەوتنى تەواو بە دەست بهێنین، چونکە ئەدەبى کلاسیک
خۆى لە گەڕانەوە بۆ ئەدەبى گریکى و رۆمانى کۆندا هەڵدەگرتەوە،
بنەما سەرەکیەکانى ئەو ئەدەبەش وزەکانى خۆى لە تێڕوانینى
بتپەرستییەوە وەرگرتبوو! هەر لەوێشەوە ئەدیب و رەخنەگرانى
ئیتاڵیا لە سەدەى سێزدەى زایینییەوە دواى پەیبردن بەو
تێڕوانینە و کارەکانى ئەرستۆ، برەوێکى زۆریان بە ئەدەبى کۆنى
یۆنانى دا.
بە دیوەکەى دیکەش نووسەرى ئیتاڵى (پۆکاچیۆ 1313-1375ز) هەموو
هەوڵەکانى خۆى بۆ ئاشت کردنەوە و پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییەى
نێوان ئەدەبى (شەعبى) و (کلاسیک) خەرج کرد، بەو نیازەى بتوانێ
لە رێگاى بنچینەکانى زمانەوە، ئەو کەلێنە چارەسەر بکات. هەموو
هەوڵەکانیشى لە (دیکامیرۆن)دا خۆى دەبینێتەوە. دیکامیرۆن
پێکهاتووە لە سەد کورتە چیڕۆکى کورت و لە ماوەى (10) رۆژدا و
(10) کەس (حەفت کچ و سێ کوڕى گەنج) کە لە ترسى بڵاوبوونەوەى
نەخۆشى کۆلێرا، لە باڵەخانەیەکدا خۆیان حەشار دابوو، ئەو
چیڕۆکانە دەگێڕنەوە، جیاوازى ئەو کۆمەڵە چیڕۆکە لەوێدایە، کە
پاڵەوانەکانیان هەر تەنها لە چینى باڵا و ئەریستۆکرات نین،
بەڵکو خزمەتکارەکانیش رۆڵى پاڵەوانى تێدا دەگێڕن. وەک چۆن
سروشتى چیڕۆکەکان شێوەى گاڵتەجاڕى لەخۆ دەگرن، هەر بەو شێوەیەش
پۆکاچیۆ کارە ناشیرینەکانى پیاوانى ئایینى ریسوا دەکات. لێرەدا
پۆکاشیۆ وەکو (دانتى 1265-1321) بۆ پاڵەوانەکان پەناى نەبردۆتە
بەر (رابردوو)، بەڵکو پاڵەوانەکانى لە نموونەى واقیعى
(سەردەم)ەکەى خۆى هەڵێنجاوە.. (ئەو کۆمەڵە چیرۆکە لە لایەن
"ێالح علمانى" تەرجەمەى زمانى عەرەبى کراوە، ساڵى 2006 لە
دەزگاى "مەدا" چاپ و بڵاو کراوەتەوە) دواتر پۆکاشیۆ هەموو
تەمەنى خۆى بۆ راڤەکردنى کۆمیدیاى دانتى تەرخان دەکات، بۆ
ئەوەى لەو رێگایەوە لەگەڵ سەردەم بیگونجێنێت.
ئەگەرچى نووسەر و رەخنەگرانى ئەدەبى، رێبازى کلاسیک بە کۆنترین
رێبازى ئەدەبى دەستنیشان دەکەن، بەڵام بێگومان ئەدەب و هونەر
هەمیشە لە پێش ئەو ناونان و رێبازانەوە بوونى خۆى هەیە، هەمیشە
ناونان پشت بە بنەما و سیما دیارەکانى ئەو بوونە دەبەستێت، کە
لە پیش ناونانەوە کۆمەڵێک پانتایى جیاواز بۆ خۆى فەراهەم
دەکات.
|