به‌شی چوارده‌هه‌م ـ (14)


هۆکاری سه‌رنه‌که‌وتنی هه‌موو شت له باشووری کوردستاندا بریتییه له که‌میی گفتووگۆکردن، کات، یه‌ک نه‌بوون به فاکت و ئارگۆمێنت له‌سه‌ر ده‌رکردنی بڕیارێک.
ئه‌گه‌ر ته‌ماشای باشووری کوردستان بکه‌ین، ئه‌وا چاوی ڕاستبین ده‌بینێت، که ئه‌م نیشتیمانه باشتریین شوێنی پراکتیزه‌کردنی چه‌نده‌ها ئێکسپه‌ریمێنتی ده‌روونییه. باشتریین نموونه‌ی یه‌کێک له‌م ئێکسپه‌ریمێنتانه بریتییه له هه‌وڵه‌که‌ی ساله‌مۆن ئاش، که له ساڵی 1950 دا له ئه‌مێریکا له‌گه‌ڵ خوێندکاراندا دای. هه‌وڵه‌که‌ی ئاش کار له‌سه‌ر تاک و کۆ ده‌کات. تێڕوانینی هه‌ڵه‌ی کۆمه‌ڵ له‌لای ئاش گه‌وره‌تریین فاکتۆره له‌سه‌ر گۆڕینی تێڕوانینی تاک. واته ئه‌گه‌ر له کۆمه‌ڵێک که‌سدا، تاکه یه‌ک که‌س بۆچوونی جیاواز و ڕاستی هه‌بێت و ئه‌وانی تر هه‌موو پێکه‌وه کۆکبن له‌سه‌ر ڕاستبوونی بۆچوونێکی هه‌ڵه، ئه‌وا تاکه‌که ده‌چێته ژێر کاریگه‌رێتیی بۆچوونی هه‌ڵه‌ی کۆمه‌ڵه‌که‌وه و ئه‌ویش وه‌ک ئه‌وان هه‌ڵه به ڕاست ده‌ناسێنێت. نه‌ک به ته‌نها له دۆسیه‌ی کووشتندا، که کورد له باشووردا به کۆ بڕیار له‌سه‌ر ڕاستبوونی تیۆرییه‌ک ده‌ده‌ن، به‌ڵکوو به گشتیی له زۆر بواری جیادا ئه‌م پرۆسه‌یه دووباره ده‌کرێته‌وه. ئیدی لێره‌وه کۆمه‌ڵ ده‌بێته کۆنفۆرمیتێتێک، که دژه وته تێیدا یان سه‌خته جێگای خۆی بکاته‌وه یان مه‌حاڵه خۆی له‌گه‌ڵ کۆدا کۆنفۆرمیره نه‌کات.
فیلمی دوانزده سوێندخۆره‌که "Twelve Angry Men"، له ساڵی 1957 له ئه‌مێریکا به‌رهه‌مهێنراوه. به‌ڵام ئه‌م فیلمه نامۆیه به تاکی کورد. له سێپتێمبه‌ری 2010 دا بۆ یه‌که‌‌مجار قسه‌م له‌سه‌ر ئه‌م فیلمه کرد و پێشنیارمکرد، که ته‌ماشا بکرێت، وا لێره‌دا دیسانه‌وه هه‌مان پێشنیار ده‌که‌م. بینینی ئه‌م فیلمه گرنگه بۆ ئه‌وه‌ی له کێشه‌ی کۆنفۆرمیتێت تێبگه‌ین. دژه وته له کۆنفۆرمیتێتدا هه‌میشه چ ماتۆڕی هه‌ڵسوڕێنه‌‌ری گه‌ڕانه به‌دوای ڕاستییدا، چ پێویستییه‌کی سه‌رده‌مییه له قووتبوونه‌وه‌دا به‌رانبه‌ر کۆکبوونی کۆ له‌سه‌ر بڕیارێک. هه‌ربۆیه مه‌رج نییه ئه‌وه‌ی ڕه‌زامه‌ندێتیی کۆی له‌سه‌ر بوو ڕاست بێت.
کێشه‌ی کۆده‌نگیی له بیرکردنه‌وه‌ی گرووپ یان کۆدا یه‌کێکه له‌و کێشانه‌ی، که کۆمه‌ڵگای ئێمه له‌دوای ڕاپه‌ڕیینه‌وه به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنێت.
له فیلمی دوانزده سوێندخۆره‌که‌دا، کوڕێکی هه‌ژده ساڵ به تاوانی کووشتنی باوکی ڕاپێچی به‌رده‌م دادگا کراوه و هه‌موو چاوه‌ڕوانی ده‌رچوونی سزادانی کووشتن بۆ کوڕه هه‌ژده ساڵه‌که ده‌که‌ن. له‌دوای هه‌شت دانیشتن دوانزده سوێندخۆر له هۆده‌‌یه‌کدا کۆبوونه‌وه له‌سه‌ر بڕیاردان بۆ تاوانبارکردنی کوڕه هه‌ژده ساڵانه‌که ده‌که‌ن. سوێندخۆره‌کان به ژماره ناوده‌نرێن، سوێندخۆری ژماره هه‌شت ئه‌و که‌سه‌یه، که دژ به یانزده سوێندخۆره‌که‌ی تر ده‌نگ بۆ بێتاوانیی کوڕه هه‌ژده ساڵه‌که ده‌دات. له سه‌ره‌تا‌دا قسه‌که‌ری سوێندخۆره‌کان ده‌ڵێ: ئێمه لێره‌دا کۆبووینه‌ته‌وه هه‌تاوه‌کوو بڕیاربده‌ین بۆ تاوانبارکردنی کوڕه‌ هه‌ژده ساڵانه‌که، لێ ده‌شتوانین سه‌ره‌تا گفتووگۆ بکه‌ین ئه‌وسا بڕیاربده‌ین، ده‌شتوانین خێرا بڕیاربده‌ین و کۆتایی به دانیشتنه‌که‌مان بهێنین. قسه‌که‌ر ده‌یه‌وێت بڕیاره‌که بکاته بڕیارێکی دیموکراتانه له ئه‌تمۆسفێره‌یه‌کدا، که هه‌ریه‌ک له دوانزده سوێندخۆره‌که ئازادانه چ قسه‌ی خۆیان بکه‌ن چ بڕیار بده‌ن. له سه‌ره‌تادا به‌شێکی زۆریان ده‌ست هه‌ڵده‌بڕن بۆ ده‌نگدان به تاوانبارکردنی کوڕه‌که، پیره‌مێردێک ته‌ماشای ده‌نگده‌ران ده‌کات به جوڵه‌ی ده‌ستی و ڕووخسارییدا دیاره، که دڵنیا نییه چیی بکات، پاشان ده‌چێته ژێرکاریگه‌رێتیی ئه‌وانی تره‌وه و ده‌ست هه‌ڵده‌بڕێت بۆ ده‌نگدان به تاوانبارکردن. یانزده که‌س ده‌نگده‌ده‌ن به تاوانبارکردنی کوڕه‌که و یه‌ک که‌سیش ده‌نگ ده‌دات به بێتاوان. هه‌موو سه‌رسام ده‌بن به سوێندخۆری ژماره هه‌شت، یه‌کێکیان ده‌ڵێ: هه‌میشه ده‌بێت یه‌کێک قووتبێته‌وه، که دژه ده‌نگ بێت. یانزده سوێندخۆره‌که پرسیار له سوێندخۆری ژماره هه‌شت ده‌که‌ن و ده‌ڵێن: بۆچیی پێتوایه، که ئه‌و کوڕه بێتاوانه؟ له وه‌ڵامدا ده‌ڵێ: په‌یوه‌ندیی به هه‌سته‌وه هه‌یه، ئه‌و کوڕه ژیانێکی سه‌ختی هه‌بووه و پێموایه پێویسته سه‌ره‌تا قسه له‌سه‌ر کێشه‌که بکه‌ین نه‌ک ڕاسته‌وخۆ بڕیار بۆ تاوانبارکردنی ده‌ربکه‌ین. سوێندخۆری ژماره هه‌شت باوه‌ڕ به‌وانی تر ده‌هێنێت، که قسه‌ بکه‌ن، ئیدی به سه‌ره‌ هه‌ریه‌که کۆمێنتاری خۆی له‌سه‌ر بڕیاره‌که‌ی پێشکه‌ش ده‌کات. قسه‌که‌ری یه‌که‌م ده‌ڵێ: بۆیه ده‌نگ به تاوانبارکردن ده‌ده‌م، چونکه کوڕه‌که تاوانباره. قسه‌که‌ری دووهه‌م به ئارگۆمێنتی شایه‌تحاڵیی دراوسێکان کوڕه‌که تاوانبار ده‌کات. ئه‌وی سێهه‌م، له‌سه‌ر ئه‌و قسانه‌ی، که کوڕه‌که داویه‌تی به پۆلیس، گوایه ئه‌و له سینه‌ما بووه و بیریشی نییه ته‌ماشای چ فیلمێکی کردووه. ک‌ێشه‌ی سوێندخۆره‌کان به هۆی هه‌بوونی پیشه‌ی جیاوازه‌وه ئه‌وه‌یه، که کاتیان نییه بۆ قسه‌کردن، هه‌موو ده‌یانه‌وێت زوو کوڕه تاوانباربکه‌ن و بڕۆن. یه‌کێکیان ده‌یه‌وێت ئێواره ته‌ماشای یاریی به‌یسبۆڵ بکات و دره‌نگ نه‌که‌وێت. سوێندخۆری ژماره هه‌شت ده‌ڵێ: پێویسته قسه‌بکه‌ین ئه‌وسا بڕیاربده‌ین، ئه‌وانی تر ناچار ده‌بن قسه بکه‌ن. ئه‌م دوانزده سوێندخۆره، که هه‌موویان پیاون له به‌‌شێکی زۆریاندا ڕق به‌رانبه‌ر به منداڵ به‌دی ده‌کرێت، یه‌کێکیان کوڕه‌که‌ی به ته‌مه‌نی شانزده ساڵیی لێیداوه، دوای ڕۆیشتنی کوڕه ئێستا دوو ساڵه نه‌یبینیوه، هه‌ندێکیان ده‌ڵێن: منداڵی ئه‌م ڕۆژگاره کوا ڕێز له باوک ده‌گرێت. پیرێکیان ئاره‌زووی قسه‌ی نامێنێت و ده‌یه‌وێت کۆتایی به کۆبوونه‌وه‌که بێت و کوڕه‌که تاوانبار بکه‌ن. پاشان سوێندخۆری ژماره هه‌شت پێشنیارێک ده‌کات، که جارێکی تر ده‌نگ بدرێته‌وه، لێ ئه‌مجاره‌یان به نووسیین و که‌سیش ناوی خۆی له‌سه‌ر نه‌نووسێت. سوێندخۆره‌که "ژماره هه‌شت" ده‌ڵێ: من ده‌نگ ناده‌م چونکه من دژم، لێ له‌و یانزده‌یه‌تان ئه‌گه‌ر هاتوو یه‌ک که‌ستان ده‌نگ بدات به بێتاوان، ئه‌وا پێویسته سه‌رله‌نوێ قسه‌ بکه‌ینه‌وه. پاش ده‌نگدان به نهێنیی، که‌سێکی تریش ده‌نگ ده‌دات به بێتاوان، ئیدی پێویسته درێژه به قسه‌کردن بده‌ن. یه‌کێکیان تووڕه ده‌بێت و که‌سێکی تر تاوانبار ده‌کات به‌وه‌ی، که ئه‌و به نهێنیی ده‌نگی به بێتاوان داوه، چونکه له سه‌ره‌تای کۆبوونه‌وه‌که‌دا نه‌یوست قسه‌ بکات، ده‌بێت به شه‌ڕیان و پاشان ئه‌و پیره‌ی، که سه‌ره‌تا دوودڵ بوو و له‌ژێر کاریگه‌رێتیی ئه‌وانی تردا ده‌نگی به تاوانبارکردن دا، ده‌ڵێ: من ده‌نگمداوه به بێتاوان، من پێموایه، که سوێندخۆری ژماره 8 ڕاستده‌کات، ئێمه پێویسته قسه بکه‌ین و له ڕێگای فاکت و ئارگۆمێنته‌وه ڕاستیی بدۆزینه‌وه، سوێندخۆری ژماره هه‌شت ناڵێت ئه‌و کوڕه بێتاوانه، به‌ڵکوو ده‌ڵێ: نازانم، نازانمیش ڕاستیی نییه، که‌واته ئه‌و ده‌یه‌وێت له ڕێگای زانینه‌وه بگه‌ین به ڕاستیی، ڕاستییه‌ک، که ئه‌و کوڕه هه‌ژده ساڵه یان تێیدا تاوانباره یان بێتاوان. له‌دوای ڕاپه‌ڕیینه‌وه هه‌تاوه‌کوو ئێستا به به‌رده‌وامیی، ئێمه به‌شێکی گه‌وره‌مان له‌ژێر کاریگه‌رێتیی سۆسیال پسیشۆلۆگییدا خه‌ڵکانێک تاوانبار ده‌که‌ین، به‌بێئه‌وه‌ی که‌سمان ئاماده‌ی گفتووگۆکردن بین. سوێندخۆرێکمان تێدا هه‌ڵنه‌که‌وتووه، که دژ به سوێندخۆره‌کانی ترمان هه‌ڵبستێته‌سه‌رپێ و بڵێ: بۆ تاوانبارکردنی که‌سێک پێویستمان به فاکته. سوێندخۆرێکمان تێدا هه‌ڵنه‌که‌وتووه پێشنیارێکمان بۆ بکات، که تێیدا ئه‌نۆنیم "نه‌ناسراو" ده‌نگ بده‌ین بۆ تاوانبار یان بێتاوان. به‌شێکی گه‌وره‌ی تاکی ئێمه خاوه‌نی که‌ڕاکته‌رێکی لاواز، ویست لاواز، ستراکتوری که‌سایه‌تیی لاوازن، به‌رده‌وام له‌ژێر کاریگه‌رێتیی کۆده‌نگییدا ده‌نگ ده‌ده‌ن به هه‌ڵه‌یه‌ک، که لایان وایه ڕاستیی ڕاسته‌قینه‌یه. له‌دوای ڕاپه‌ڕیینه‌وه هه‌تاوه‌کوو ئێستا چه‌ندیین هه‌ڵه‌ی سیاسییمان کردووه، که زیانی به نیشتیمانه‌که‌مان گه‌یاندووه، هه‌مووشی له ئه‌نجامی نه‌بوونی کات و هه‌ڵسه‌نگاندنێکی هه‌ڵه و کۆده‌نگییدا بووه.


13.12.2013





 

           

 

14/12/2013

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca