فێربوونی شتێکی تر

 
پۆڵا سەعید

 
گواستنه‌وه:
له‌م وتاره‌دا به پێویستیی ده‌زانم، که قسه له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی هه‌سته‌کانی تاک بکه‌م بۆ که‌سی دووهه‌م و به هه‌مانشێوه دیسان گواستنه‌وه‌ی بۆ که‌سی به‌رانبه‌ر. زۆرینه‌یجار ئه‌م هه‌سته، هه‌ستێکی ڕۆمانسیانه‌یه، که ئامانج تێیدا کۆتاییپێهێنانی پرۆسه‌ی چاککردنه. هه‌ستێکی وه‌ها خاوه‌نی مێژووه، که پێشتر ئاڕاسته‌ی که‌سێکی تر کراوه، واته که‌سی ئاکتوێل لێره‌دا له‌بری که‌سی پێشووتر به‌کاردێت، وه‌ک ئاسترومێنتێک بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ مێژوو. بۆ نموونه ئه‌ندامێکی یه‌کێتیی هه‌میشه له‌لایه‌ن به‌رپرسێکه‌وه ده‌درێته به‌ر ڕه‌خنه‌ی تووند و قورسکردنی ژیانی سیاسیی له‌ناو یه‌کێتییدا. سه‌رنجی گه‌وره لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که وێڕای ئه‌م هه‌موو شکاندنه‌وه‌یه، که نه‌ک هه‌ر به‌ته‌نها به‌رپرسه‌که په‌سه‌ند ده‌کات، به‌ڵکوو سه‌رسامیشه پێی. لێره‌وه هه‌وڵی کردنی باشتریین و زۆرتریین کار ده‌دات، که بتوانێت له ڕێگایه‌وه سه‌رنجی به‌رپرسه‌که بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. ئه‌گه‌ر ته‌‌ماشای ژیانی خێزانیی ئه‌مجۆره تاکانه بکه‌ین، ئه‌وا ده‌بینین، که وێڕای هه‌بوونی زۆرتریین تووندوتیژیی له ژیانی خێزانییدا، که‌چیی هێشتا ئاماده‌ی جیابوونه‌وه نییه. (تێبینیی: له زۆرینه‌ی جیانه‌بوونه‌وه‌کانی تاکی کورددا، بابه‌ت حه‌یا و حورمه‌ت یان دابونه‌ریته کولتورییه‌که نییه، به‌ڵکوو کێشه‌که گواستنه‌وه‌یه، ڕه‌وانتر بدوێم ده‌روونییه). هه‌موو گواستنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ستانه مێژوویان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می منداڵیی، کۆمه‌ڵه هه‌ستێک، که له منداڵییدا گواستوویه‌تییه‌وه بۆ باوکی یان بۆ دایکی. باوکێکی تووندوتیژ یان دایکێکی تووندوتیژ هۆکاره له خستنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌سته‌دا له‌ناو منداڵدا. دوای ئه‌م هه‌موو تووندوتیژیی و شکاندنه‌وه‌یه، منداڵه‌که هێشتا ئاماده‌یه داوای لێبووردن بکات و چاوه‌ڕێده‌کات باوکه‌که یان دایکه‌که بیبورن.
منداڵێکی ئاوها له ئاینده‌دا ته‌واوی هه‌سته‌کانی منداڵیی خۆی ده‌گوێزێته‌وه بۆ به‌رانبه‌ر. که‌سی به‌رانبه‌ر ده‌کرێته تاکێکی ئیدیاڵیی خۆشویستراو وه‌ک باوک یان دایک. ده‌کرێته فیگوری باوکێکی ڕزگارکه‌ر، ئه‌وه‌ی لێره‌دا ئه‌مجۆره منداڵانه ده‌یانه‌وێت بریتیی نییه له ئه‌قڵ، زانست، سه‌رۆکایه‌تیی، به‌ڵکوو بریتییه له خۆشه‌ویستیی. مام جه‌لال نه‌ک له‌ناو یه‌کێتییدا، به‌ڵکوو له کۆمه‌ڵگاشدا ئه‌مجۆره فیگوره‌یه، ئه‌م باوکه ڕزگارکه‌ره‌یه.
به‌وپێیه‌ی که له کۆمه‌ڵگای کوردییدا له مێژووه‌وه هه‌تاوه‌کوو ئێستا، تووندوتیژیی به‌شێکی ژیانی خێزانه‌کانه، ده‌گمه‌ن نه‌وه‌یه‌کت ده‌ستده‌که‌وێت، که هه‌سته‌کانیان نه‌گوێزنه‌وه بۆ به‌رانبه‌ر، که‌سی به‌رانبه‌ریش به‌هه‌مانشێوه هه‌سته‌کانی نه‌گوێزێته‌وه بۆ که‌سی یه‌که‌م. له‌مجۆره کۆمه‌ڵگایانه‌دا هه‌میشه پیاوێکی تووندوتیژ گه‌یشتووه به لوتکه‌ی ده‌سته‌ڵات. گه‌یشتنی ئه‌و ته‌نها په‌یوه‌ندیی به لێهاتوویی و زاڵده‌ستیی ئه‌وه‌وه نییه، به‌ڵکوو ویستی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵیشه. چونکه به‌شێکی گه‌وره‌ی تاکی کۆمه‌ڵ هه‌سته‌‌کانی خۆیان ده‌گوێزنه‌وه یان گواستۆته‌وه بۆ سه‌رۆک. لێره‌وه چ تووندوتیژیی سه‌رۆک په‌سه‌ند ده‌کرێت، چ سه‌رۆکیش خۆشه‌ویسته وه‌ک باوک. تاک هه‌میشه له هه‌وڵی لێبووردنی سه‌رۆکدا ده‌ژیی.
به‌پێی کۆنسێپتی پسیشۆئه‌نالیزه، هۆکاره‌کانی نۆیرۆزه‌ وا له‌ناو کۆنفلیکتێکی نائاگاییدا، که ڕه‌گه‌کانی له‌ناو تراومایه‌کدان، که منداڵ له هه‌لومه‌رجێکی سه‌رده‌می منداڵییدا تووشی بووه. ئیدی تووندوتیژیی باوک به‌رانبه‌ر منداڵ به یه‌کێک له هۆکاره سه‌ره‌کییه‌کان ده‌ستنیشان ده‌کرێت. زۆرینه‌ی دایک و باوکی کورد زۆر زوو ده‌ستیان به لێدانی منداڵه‌کانیان کردووه، به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌م منداڵانه هێشتا ته‌مه‌نیان نه‌گه‌یشتۆته سێ ساڵ ده‌ست به لێدانیان کراوه، بۆ نموونه له‌سه‌ر گریان بۆ خواردنێک یان ویستنی شتێک، که دایک یان باوک نایه‌وێت. دایک و باوکان نه‌ک داوای لێبووردن ناکه‌ن، نه‌ک هه‌ستێک ناده‌ن به منداڵه‌که، که ئه‌مان هه‌ڵه بوون له لێدانی ئه‌مدا، به‌ڵکوو هه‌وڵده‌ده‌ن هه‌ستی خه‌تا له منداڵه‌که‌دا دروستبکه‌ن، که منداڵه‌که خه‌تاباربێت له‌وه‌دا، که لێدانی وه‌رگرتووه. دایک یان باوک ده‌ڵێ، ته‌ماشابکه چه‌ند خراپ بوویت، به‌هۆی تۆوه تووڕه‌ بووم، ئه‌گه‌ر تووڕه‌ت نه‌کردمایه لێمنه‌ده‌دایت. منداڵه‌که فێر ده‌کرێت داوای لێبووردن له دایک و باوکی بکات. ئیتر له ئاینده‌دا دایک و باوک خۆیان بڕیار ده‌ده‌ن منداڵه‌که ده‌بوورن یان نا. منداڵ هه‌میشه له چاوه‌ڕوانی لێبووردن و په‌سه‌ندکردن و وه‌رگرتنی خۆشه‌ویستییدا ده‌ژیی.
منداڵ فێرده‌بێت هه‌موو هه‌سته‌کانی بشارێته‌وه و له‌ناو خۆیدا ونیبکات. به‌ڵام ته‌واوی ئه‌‌م هه‌سته شاردراوانه له نائاگاییدا، له سه‌رده‌مێکی تردا له‌ ته‌مه‌نێکی تردا به‌هۆی هه‌لومه‌رجێکه‌وه دیسانه‌وه ده‌رده‌که‌ونه‌وه. نۆیرۆزبوونی تاک له شاردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ستانه‌دا له‌ ناگاییدا دروستده‌بێت. له ئاینده‌شدا ته‌نها له ڕێگای ئاگاییه‌وه ده‌توانرێت چاره‌سه‌ر بکرێت. گواستنه‌وه له‌لای فرۆید بریتییه له ناسینه‌وه و تێگه‌یشتن له په‌یوه‌ندیی ئۆبیه‌کت (منداڵ بۆ باوک، یان منداڵ بۆ دایک). له هه‌لومه‌رجێکدا مامه‌ڵه‌کانی که‌سه‌که له سه‌رده‌مێکی نوێدا، وه‌ک ئه‌وه وه‌هایه له سه‌رده‌می منداڵییدا بژیی.

کار و سیستێم:
کارکردن له سیستێمێکدا به واتای پێکهێنانی ده‌سته‌ڵات. نه‌ک به ته‌نها له سیستێمی کۆمه‌ڵگایه‌‌کدا، به‌ڵکوو له‌ناو هه‌‌موو ڕێکخراوێکدا به هۆی کاره‌وه ته‌واوی سۆسیاله ستراکتور و پابه‌‌ندبوون به سۆسیاله‌وه و ده‌سته‌ڵاتی سۆسیال به‌رهه‌مدێنرێت. کارکردن له هه‌ر پارت و بزووتنه‌وه‌یه‌کدا، کارکردنه بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م ده‌سته‌ڵاتانه. کارکه‌ران لێره‌دا له ڕێگای وزه‌ی خۆیانه‌وه پرۆسێسێک له‌نێوان خۆیان و سروشتدا قووتده‌که‌نه‌وه، که دواجار له ڕێگای مامه‌ڵه و کرده‌کانیانه‌وه ده‌گه‌ن به ڕێکخستن و کۆنترۆڵکردن. کار له هه‌ر سیستێمێکدا بێت خاوه‌نی واتای خۆیه‌تی، که لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌‌م به چه‌ند خاڵێک ڕوونیبکه‌مه‌وه.

1. ناوه‌ڕۆکی کار:
ناوه‌ڕۆکی کار هه‌ر شتێک بێت، ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ت پێده‌به‌خشێت، که توانا ئیندیڤیدوێله‌کانی خۆت پراکتیزه بکه‌یت. ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ت ده‌داتێ شتی نوێ فێربیت. ئه‌و شانسه‌ت ده‌داتێ، که بڕیاره‌کانی خۆت بد‌ه‌یت. واته ده‌کرێت کارێک به ئه‌زموونی „A“ و „B“ بکرێت، به‌ڵام تۆ بڕیار له‌سه‌ر ڕێگایه‌کی تر ده‌ده‌یت و کاره‌که به ڕێگایه‌کی ئیندیڤیدوێلی خۆت ده‌که‌یت، که ده‌شێت سه‌رکه‌وتووتر بێت له ئه‌زموونی ئا و بی.
2. کار و مه‌رجه‌کانی:
کار مه‌رجی خۆی هه‌یه، بۆ نموونه کات. چه‌ند کاتژمێر کار ده‌که‌یت. کار قورسایی هه‌یه له‌سه‌رت، که ده‌بێته هۆی دروستکردنی شترێس بۆت.
3. کار ڕێکخستن و مه‌رجی شوێنی هه‌یه:
ئه‌م ڕێکخستنه و مه‌رجی شوێن بریتییه له دڵنیایی ژیان له شوێنی کاردا. کارکه‌ر شانسی هه‌یه بۆ سه‌رکه‌وتن له پله‌دا. کارکه‌ر شانسی هه‌یه بۆ زیاتر خۆپه‌روه‌رده کردن له بواره‌که‌یدا. کارکه‌ر شانسی سیاسه‌تی به‌ده‌ستهێنانی زانیاریی زیاتری ده‌بێت.
4. مه‌رجه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان:
له مه‌رجه‌کانی سۆسیالدا، تۆ شانسی په‌یوه‌ندییکردنت ده‌بێت. په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ کۆلێگای تردا، په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌کاندا و هه‌مانکاتیش گه‌شی کارکردن پێویسته له‌باربێت بۆ درێژه‌دان به کارکردن.
5. مه‌رجه داراییه‌کان:
لێره‌دا مووچه یه‌کێکه له مه‌رجه گرنگه‌کانی دارایی. مووچه گرنگه بۆ دڵنیاکردنی ئێکسیستێنس.

هاینتس شوله‌ر فیلۆسۆف و ده‌روونناسی ئه‌ڵمان ده‌ڵێ: هه‌موو کارێک له ڕێکخستنه‌کاندا نییه، هه‌موو شتێکیش که مرۆڤ له ڕێکخستنه‌کاندا ده‌یکات هیچ په‌یوه‌ندیی به کاره‌وه نییه. کار به‌شێکی گرنگی ژیانی مرۆڤه، کار وه‌ک پرۆسێسێک له‌نێوانی مرۆڤ و سروشتدا، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی، که به‌هۆی کرده‌کانی مرۆڤ خۆیه‌وه یاسا و کۆنترۆڵ به‌رهه‌مبهێنێت. بۆ نموونه ته‌واوی ئه‌و جوڵانه‌وانه‌ی، که له پارته‌کان و ڕێکخستنه‌‌کانیاندا پراکتیزه ده‌کرێت و ناو ده‌نرێت کار هیچ نییه بێجگه له هه‌وڵێک بۆ به یاساکردنی چه‌ند بڕیار و بیرکردنه‌وه‌یه‌ک، که له ڕێگایه‌وه هه‌وڵی کۆنترۆڵکردنی چ ئه‌ندامانی پارت و چ کۆمه‌ڵگاش ده‌درێت.
مرۆڤ ده‌بێت بزانێت بۆچیی کار ده‌‌کات و بۆچیی گرنگه کار بکه‌ین؟ لێره‌دا له پێنج خاڵدا گرنگیی کارکردن ده‌خه‌مه پێشچاو:
1) برسێتیی، تینوێتیی، حه‌زی سێکسوال ...هتد.
2) مۆتیڤی دڵنیایی: خۆپاراستن له ته‌نها نه‌بوون و مه‌ترسیی.
3) حه‌زی تێکه‌ڵبوون و په‌یوه‌ندیی سۆسیال.
4) گرنگیی نرخی خود مۆتیڤه‌کانی "من"، بۆ سه‌رکه‌وتن.
5) ویستی گه‌شه‌پێدانی تواناکانی تاک، کریاتیڤیتێت و ئازادیی.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه بریتییه له‌وه‌ی، که چلۆن تاک بتوانێت "خود"ی ڕیالیزه بکات؟ کێشه‌ی گه‌وره‌ی تاکی کورد به گشتیی له‌وه‌دایه، که قۆناغه‌کانی گه‌یشتن به ڕیالیزه‌کردنی خود ناناسن. خواردن به‌ته‌نها له پرۆسه‌یه‌کی فیزیکیی برسێتییدا پراکتیزه ناکرێت، به‌هه‌مانشێوه خواردنه‌وه و سێکسیش، به‌ڵکوو هه‌موو ئه‌مانه له‌پێش هه‌موو شتێکه‌وه بریتییه له داوا ده‌روونییه‌کان، له حه‌زه ده‌روونییه‌کان. ئه‌وانه‌ی پێیانوایه، که ئه‌وان ئه‌ندامی پارتێکن، ڕۆژنامه‌وانن، نووسه‌رن ...هتد. پێویستیان به کارکردن نییه، توانای کردنی هه‌موو شتیان هه‌یه و هه‌بووه، ته‌نها ناتوانن و نه‌یانتوانیوه خودیان ڕیالیزه بکه‌ن.
من بۆیه کار ده‌که‌م چونکه یه‌که‌م، ده‌مه‌وێت داوا ده‌روونییه‌کانم جێبه‌جێبکه‌م. دووهه‌م، ده‌مه‌وێت ژیانم دڵنیا بکه‌م. سێهه‌م، حه‌زم له بینینی مرۆڤی تره. چواره‌م، ده‌مه‌وێت له‌و بواره‌دا، که هه‌ڵمبژاردووه سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنم. پێنجه‌م، ده‌مه‌وێت کریاتیڤ و ئازاد بم. لێره‌دا ئاوتۆنۆمیی به‌شێکی گرنگی ژیانمه.
له باشووری کوردستاندا ژماره‌ی ئه‌ندامانی پارت، نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌وان زیاتر له ژماره‌ی کرێکاران. کێشه‌که لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که بۆچیی ئه‌ندامێکی پارت، نووسه‌رێک و ڕۆژنامه‌وانێک به‌شێوه‌یه‌کی جیاتر وه‌ک له کرێکاران ده‌ژیین؟ ئه‌مان برسێتیی و تینوێتیی و سێکس به داوا ده‌روونییه‌کان نازانن. ئه‌وان هه‌ست به ته‌نیایی ناکه‌ن، چونکه ئه‌رکی ئه‌وان نییه تێکه‌ڵی خه‌ڵک بن، به‌ڵکوو خه‌ڵک ده‌بێت تێکه‌ڵی ئه‌مان بێت. هه‌میشه نه‌ک خاوه‌نی مۆتیڤن بۆ سه‌رکه‌وتن، به‌ڵکوو خۆیان به سه‌رکه‌وتوو د‌ه‌زانن. ئه‌وان ویستی کریاتیڤیتێت و ئازادییان نییه، چونکه خۆیان به کریاتیڤ و ئازاد ده‌زانن.
به‌شێکی گه‌وره‌ی مامه‌ڵه‌ی تاک له باشووری کوردستاندا، له پرۆسه‌ی فێربووندا به‌رهه‌مهاتووه. تاک فێر ده‌بێت به‌وشێوه‌یه مامه‌ڵه بکات، که تاکێکی تر ده‌یکات. زۆرجار قسه له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کرێت، که مامه‌ڵه‌ی پارته‌کانی ئێمه هه‌مان مامه‌ڵه‌ی به‌‌عسه. ئه‌ندامانی پارته‌کان تووڕه‌ ده‌بن به‌م قسه‌یه، به‌ڵام مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکه، که توانای فێربوونی هه‌‌موو جۆره مامه‌ڵه‌یه‌کی له ده‌روبه‌ری خۆیه‌وه هه‌یه.

پرۆسه‌کانی فێربوون:
فێربوون دوو واتای هه‌یه.
• سه‌ره‌تا گۆڕان له مامه‌ڵه‌کانی تاکدا به‌دی ده‌کرێت.
• له دیدێکی تری پرۆسه‌ی فێربوونه‌وه، تاک گۆڕان به‌سه‌ر ستراکتوری ده‌روونیی ناوه‌وه‌ی خۆیدا ده‌هێنێت.

ئێمه کاتێک ده‌توانین بڵێین، که مرۆڤێک فێری شتێک بووه، ئه‌گه‌ر بێتو مرۆڤی ناوبراو ئێستا، سبه‌ینێ و چه‌ند ڕۆژی ئاینده‌ش توانای کردنی هه‌مان شتی هه‌بێت. له‌گه‌ڵ کردنه‌که‌دا خاوه‌نی هه‌مان هه‌ستی یه‌که‌مجار و جاره‌کانی تربێت و هه‌مان نرخیش بۆ کرده‌که دابنێت. لێره‌دا به‌بیرهاتنه‌وه و فێربوون ته‌واو به‌ یه‌کترییه‌وه ده‌نووسێن. پرسیارێکی سیاسیی لێره‌دا بریتییه له، ئاخۆ ئێمه‌ی کورد چه‌ند له به‌عسه‌وه فێری پراکتیزه‌کردنی تووندوتیژیی بووین؟ هه‌مانکاتیش چییبکه‌ین بۆئه‌وه‌ی مێژوویه‌کی تر بده‌ین به تاک و کۆ و فێری شتێکی تریان بکه‌ین؟ فێربوونێکی وه‌ها له ڕێگای ته‌ماشاکردن و سه‌رکه‌وتنه‌وه‌یه. ده‌شێت زیندانێکی سیاسیی فێری هه‌مان تووندوتیژیی جه‌للاده‌کان بێت و له‌پاش ئازادکردنی هه‌مان مێتهۆد له‌گه‌ڵ خه‌ڵکانی تردا به‌کاربهێنێت. ئه‌وه‌ی مرۆڤێکی وه‌ها داده‌گیرسێنێت بۆ فێربوونێکی ئاوها بریتییه له ویست و ئینته‌رێسه‌.
له به‌هاری ساڵی1994 دا هێشتا له سلێمانیی بووم، شه‌وێک داوا له چه‌ند ئه‌ندامێکی ڕێکخستنه‌که‌مان کرا، که بچین له گه‌ڕه‌کی کارێزه‌وشک به ته‌نگ ماڵێکه‌وه بێین، که دز هاتۆته‌سه‌ریان. من و چه‌ند هاوڕێیه‌کم له که‌متریین کاتدا گه‌یشتینه ماڵه‌که. ئه‌وه‌ی له‌و پرۆسه‌یه‌دا بینیم هیچ جیاوازیی نه‌بوو له‌گه‌ڵ پۆلیسه‌کانی سه‌رده‌می به‌عسدا. چونکه ئێمه‌ش وه‌ک پۆلیسه‌کانی به‌عس مامه‌ڵه‌مان کرد. هه‌ندێک هاوڕێم هه‌موو مافێکیان به خۆیاندا، که له پیاوه دزه‌که بده‌ن. پیاوه‌که هێنرا بۆ کۆمیته، له ژوورێکدا له‌گه‌ڵ دوو هاوڕێم به‌جێهێڵران. له‌ودیوو په‌نجه‌ره‌که‌وه بینیم هاوڕێیه‌کم به میهره‌بانییه‌وه کورسییه‌ک داده‌نێت بۆ پیاوه‌که له‌سه‌ری دابنیشێت. پیاوه‌که قه‌ڵه‌و بوو، له هه‌موو شت ده‌چوو ته‌نها له دز نه‌ێت. کاتێک پیاوه‌که ویستی له‌سه‌ر کورسییه‌که دابنیشێت، هاوڕێکه‌‌م کورسییه‌که‌ی له‌ژێر قووندا ڕاکێشا و پیاوه‌که که‌وت. هاوڕێکه‌م داوای لێبووردنی کرد و ده‌ستی بۆ درێژکرد، که یارمه‌تییبدات هه‌ڵیبستێنێته‌وه، کاتێک ده‌ستی گرتو ویستی هه‌ڵبستێت، دیسان ده‌ستی به‌ردا و پیاوه‌که که‌وته‌وه. ئیدی ده‌ستکرا به لێدانی پیاوه‌که. هاوڕێکانم هه‌موو ئه‌مانه له به‌عسه‌وه فێربوون، خۆیان ئه‌زموونێکیان له‌گه‌ڵ لێدانی به‌عسدا هه‌بووه، ئه‌و شه‌وه ئه‌وه‌ی له به‌عسه‌وه فێرببوون له‌و پیاوه‌دا تاقیکرایه‌وه. دواجار ده‌رکه‌وت پیاوه‌که دز نییه و کێشه‌که کێشه‌ی سێکسوال بوو.
فێربوون بناغه‌ی خۆی له‌سه‌ر هه‌ست و کاردانه‌وه لێده‌دات. له قووتابخانه کڵاسییه‌که‌ی فێربوون له ڕێگای هه‌ست و کاردانه‌وه‌و "ستیمولوس ـ ڕێسپۆنزه Stimulus- Response"، به‌شێکی گه‌وره‌ی تاکی کورد فێری ڕه‌فتاره‌کانی به‌عس بووه. که‌واته هه‌ڵه نییه، ئه‌گه‌ر تاک بڵێ سیستێمی کۆمه‌ڵایه‌تیی کورد له باشووردا سیستێمێکی به‌عسییانه‌یه. ده‌روو‌نناسی ڕووسی پێترۆڤیچ پاڤڵۆڤ داهێنه‌ری فێربوونه له ڕێگای ستیمولوسه‌وه "هه‌ژانی حه‌ز و هه‌ست". کووشتن لێره‌دا به ته‌نها له‌ناوبردنی تاکێک نییه، به‌ڵکوو ئامانج له کووشتندا بریتییه له خستنه‌وه‌ی ترس. کووشتن ته‌نها ئاستروومێنتێکه بۆ کارکردنی ترس. بۆ هه‌موو ستیمولوسێک دژه ستیمولوسێک هه‌یه. سزادانی بکووژ لێره‌دا دژه ستیمولوسی خستنه‌وه‌ی ترسه. ئیدی لێره‌وه هاووڵاتییان له‌بری ترس ده‌بنه خاوه‌نی هه‌ستێکی دڵنیایی. بۆیه گرنگه له هه‌موو کردنی تاوانێکدا، تاوانباران سزابدرێن. هاووڵاتییانی کورد له سه‌رده‌می به‌عسیشدا ده‌یانتوانی ببنه خاوه‌ن سه‌رمایه و ژیانێکی باش، به‌ڵام پاره‌ی ئێراق له خۆشیی ژیانی هاووڵاتیاندا خه‌رج نه‌ده‌کرا، ژیانی له ژیانی ڕۆژانه‌ی هاووڵاتییاندا پێ زیاد نه‌ده‌کرا. ئه‌وه‌ی له‌و ڕۆژگارانه‌دا بیویستایه ببێته خاوه‌نی به‌شێک له سه‌رمایه‌ی به‌عس ده‌بوایه سه‌ره‌تا بیری له خۆشیی ژیان بکردایه‌ته‌وه ئه‌وسا مۆڕاڵ. هه‌نووکه‌ش کورد خاوه‌نی سه‌رمایه‌یه‌کی گه‌وره‌یه، به‌ڵام ئه‌م سه‌رمایه‌یه له زیادکردنی ژیان له ژیانی ڕۆژانه‌ی هاووڵاتییاندا خه‌رج ناکرێت. به تێڕوانینێکی بێرتهۆڵتدانه، تاک لێره‌دا وه‌‌ک سه‌رده‌می به‌عس، فێربووه سه‌ره‌تا بیر له تێریی بکاته‌وه ئینجا مۆڕاڵ. ئه‌وه‌شی پڕ به پێستی ژیانه له باشووری کوردستاندا بریتییه له وته‌‌که‌ی بێرتهۆڵت برێشت، که ده‌ڵێ، "سه‌‌ره‌تا خواردن، ئینجا مۆڕاڵ".

له چه‌ند ڕۆژی ڕابوورددا له‌لایه‌ن چه‌ندیین نووسه‌ره‌وه به شێوازی جیاواز بۆچوونی میشێل فۆکۆم ده‌خوێنده‌وه، که له ڕێگایه‌وه ده‌یانویست پێناسی ده‌سته‌ڵاتی کوردیی بکه‌ن. نووسه‌ره‌کان که‌سیان ئاماژه به فۆکۆ ناده‌ن، ئه‌وان ته‌نها به بیرکردنه‌وه‌ی فۆکۆ ده‌یانه‌وێت پێناسی ده‌سته‌ڵات بکه‌ن. فۆکۆ له کتێبی "ئه‌نالیتیکی ده‌سته‌ڵات، Analytics of power"دا‌، که من به ئه‌ڵمانیی هه‌مه و خوێندوومه‌ته‌وه، له لاپه‌ڕه 175 دا، ده‌نووسێت: ئێرانییه‌کان ده‌یانگووت، بۆئه‌وه‌ی شا بڕوات، هه‌زارانمان ئاماده‌ی مردنن. ئیمڕۆش ئایه‌تووڵڵا د‌ه‌ڵێ: ئێران پێویسته خوێن بڕێژێت، هه‌تاوه‌کوو شۆڕش به‌هێز بێت. ئه‌م نووسه‌رانه‌ی ئێمه ده‌ڵێن: بۆئه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵات خۆی بسه‌پێنێت، پێویسته بکووژێت، پێویسته خوێن بڕێژێت. من باوه‌ڕم نییه، که ده‌سته‌ڵاتی کوردیی بییه‌وێت خۆی بسه‌پێنێت، به‌ڵکوو تاکه‌کانی ناو ده‌سته‌ڵات له ڕێگای فێربوونه‌وه، فێری ئه‌مجۆره مامه‌ڵانه بوون، که ده‌کرێت له ڕێگای فێربوونێکی تره‌وه نه‌ک به‌ته‌نها ئه‌ندامانی ده‌سته‌‌ڵات به‌ڵکوو کۆی گشتیی کۆمه‌ڵگا فێری ژیانێکی تر بکرێت. ئه‌وه‌ی گرنگه بۆ کردن، بریتییه له پێدانی مێژوویه‌کی تر به تاک و کۆ.


14.12.2013

 

           

 

20/12/2013

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca