دواتاریكی
 
سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

 
چه‌ند لكه‌ دارێكی له‌ ڕه‌گ و پژوپۆوه‌ باش ناسراو
له‌سه‌ر گۆڕێكی بیلبیله‌ هێمن داندراون
ڕێبوارێكی دڵپڕی گڵۆڵه‌ له‌ده‌ست به‌ربووش
دوو نانی له‌سه‌ر كێله‌كان هه‌ڵخستووه‌
له‌سه‌ر چۆكان به‌دیارییه‌وه‌ دانیشتم
ته‌ماشای سه‌رزه‌مینی به‌خته‌وه‌ریم كرد
هه‌ردوو ده‌ست و هه‌ردوو چاوم
به‌تاڵ
به‌تاڵ
به‌تاڵ
به‌تاڵ
به‌ ده‌نگی جه‌رگه‌ڕۆ و ته‌واو تاساوه‌وه‌
داوام كرد لێمگه‌ڕێن پایه‌ی ئه‌م بیلبیله‌ هێمنه‌
چه‌ند به‌ سێبه‌ر و هه‌تاوه‌
له‌ناكاو ده‌نگی كه‌وتنێكی ترسناك
ئه‌م ده‌وروبه‌ره‌ی ڕاچه‌ناند و به‌ردی بن گۆمی ده‌رهێنا
ئه‌م ده‌ست و ئه‌و ده‌ستی ڕێگاوبانی ئه‌و دنیا
چه‌ند به‌ دار و بار و میوه‌یه‌
ئه‌رێ‌ له‌ به‌هه‌شت گۆڕستان هه‌یه‌
یان وه‌رزه‌كان كامیان ده‌زگیرانی
كامه‌یانه‌ و كامیان
فه‌رمانڕه‌وایه‌ و توانای پێشبینی له‌ خۆیدا پاشه‌كه‌وت كردووه‌
كێلنووس بۆنوبه‌رامه‌ی ڕێگاوبانی وه‌رزه‌كان
ده‌ناسێت و پێی له‌ناو ته‌شتێك ئاوی شیرتێن دێنێ و ده‌بات
به‌رانبه‌ر مانگی هه‌ڵاتوو یان دواتاریكی
ده‌می پڕ هاواری كردووه‌ته‌وه‌
ڕسته‌ له‌ ساماڵ و گوڵی سپێده‌ ڕاماوه‌كانم بۆ كام ناو به‌كاربهێنم
8\12\2012 عه‌باس سابیر حه‌سه‌ن
گه‌رمایی ده‌ستی له‌ناو ده‌ستم ساردبووه‌وه‌
هه‌تاو تێكه‌ڵ به‌ئاوبوو
خوێن و گۆشتیش به‌خۆڵ
له‌و ڕووداوه‌وه‌ زانیم خه‌م سه‌ری تێكردووم
بۆم نییه‌ له‌مه‌وبه‌دوا بیر له‌ شه‌یه‌ دارینه‌كه‌ی دایكم بكه‌مه‌وه‌
پرچم ته‌ڕبكات و بمنێرێته‌ به‌ركار و به‌رخ و ڕادوێم به‌ مله‌وه‌ بكات
یان به‌ ده‌نگی به‌رز كۆتره‌كانی حه‌وشه‌
هه‌ڵفڕێنم و به‌ ئه‌ستێره‌ی باڵداریان بزانم
یانیش جووجكه‌كانی بۆ كۆبكه‌مه‌وه‌
بابۆڵه‌یه‌ك به‌ خورما و هێلكه‌ی كوڵاو له‌گه‌ڵ خۆت ببه‌
سه‌رێك له‌ گۆڕی باوك و دایكمان بده‌
گرانایی سه‌ر سینگیان بكه‌ هه‌ویری كولیچه‌ی جه‌ژن
له‌م گۆڕستانه‌دا هه‌موو شتێك باڵنده‌ی نیشتوون
گوێیان بۆ مژده‌ی شادی سووك كردووه‌
خوێن بۆ بازوویان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌
بیلبیله‌ هێمن له‌ گۆڕێك دێته‌ده‌رێ‌
له‌ ئه‌و سه‌ری ژیانه‌وه‌ بۆ ئه‌م سه‌ری ژیان
بۆ دوو بازی هه‌ڵفڕێندراو ده‌ڕوانێت
ئاسمانی به‌پێروو له‌ چاوی بیلبیله‌ هێمندا
له‌ خاڵی سه‌رنوونی مردن بچووكتره‌
له‌ خاڵی سه‌رنوونی ژیانیش گه‌وره‌تره‌
داوای كه‌شتی نووحی كرد
دره‌نگ گه‌یشت
له‌ شوێنێكی چاوه‌ڕوانكراودا
ئێستا باڵدارێك ده‌نووك له‌ ئاو نزیك ده‌خاته‌وه‌
ئاوی سه‌ره‌مه‌رگ بدا به‌ برایه‌كه‌ی
ئه‌مه‌ هه‌موو شتێكه‌
هه‌موو شتێك
ئا ئا هه‌موو شتێك
هه‌موو شتێك له‌ شوێنی چاوه‌ڕوانكراودا ده‌رده‌كه‌وێت
قوڕگم له‌تاو فرمێسك و هه‌نیسك گیرا
دڵیشم له‌ناو ده‌ركه‌وتندا پێستی ته‌نك ده‌بووه‌وه‌
دڵبینابووم دڵبینا
ڕۆشنایی دیدار له‌ دڵبینادا گرشه‌ گرش ده‌كات
ئێمه‌ ئه‌و ته‌رمه‌ بیلبیله‌ هێمنه‌
ده‌خه‌ینه‌وه‌ سه‌ر به‌روانكه‌ی منداڵی و زینی پاسكیله‌كه‌ی
تاكه‌روێشكه‌ خرپنه‌كانی له‌ ئاوخواردنه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌
چاوه‌ڕوانی زۆری ناوێ‌
سه‌رچاوه‌ی ئاو له‌ ماڵه‌كه‌مانه‌وه‌ دوور نییه‌
برام برام برام برام
به‌هه‌شت دڵبه‌رێكه‌ جوانییه‌كی ساده‌ی هه‌یه‌
ئاشق بۆخۆی ڕاده‌كێشێت

 

           

 

12/12/2013

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca