یه‌کێتی و پارتی کامیان مافیان ؟!
 
سه‌ردار عه‌بدوڵا حه‌مه‌


تیڕۆری ڕۆژنامه‌ نووس کاوه‌ گه‌رمیانی بووه‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ناکۆکی نێوان ڕاگه‌یاندنه‌کانی پارتی و یه‌کێتی وه‌ ده‌ستیان کرد به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی مێژووی تیرۆر له‌ ناوچه‌کانی زه‌رد وسه‌وزدا وه‌ به‌ ڕاسته‌وخۆ و به‌ ناڕاسته‌وخۆ یه‌کتری تۆمه‌تبار ده‌که‌ن به‌ مافیا.
له‌ 9/12/2013 "ڕێبوار که‌ریم وه‌لی" به‌رپرسی که‌ناڵی ڕووداو له‌ ڕۆژنامه‌ی " ڕووداو "دا که‌ نزیک له‌ پارتیه‌ ووتارێکی بڵاو کرده‌وه‌ که‌ تێیدا یه‌کێتی تاوانبار کرد له‌ تیرۆر کردنی كاوه‌ گه‌رمیانیدا و یه‌کێتی به‌ مافیا ناساند ، ڕۆژێک دواتر کوردستانی نوێ بڵاو کراوه‌ی سه‌ره‌کی یه‌کێتی وه‌ڵامی ڕێبواری دایه‌وه‌ له‌ وتارێکیدا به‌ ناوی " دار له‌ کونی زه‌رده‌واڵه‌ی که‌یسه‌کان وه‌رمه‌ده‌". ڕێبوار به‌ ڕاسته‌وخۆ وکوردستانی نوێ به‌ ناراسته‌وخۆ یه‌کتری تاوانبار ده‌که‌ن به‌ تیرۆریست و مافیایی .
نوسه‌ره‌که‌ی کوردستانی نوێ ڕیزێک ناوی هێناوه‌ که‌ له‌ ناوچه‌کانی تری کوردستان تیرۆر کراون وه‌ک په‌رله‌مانتاره‌ ئاشوریه‌که‌ی دهۆک و ره‌ئوف ئاکره‌یی و نه‌زیر عومه‌ر و شاپور و قابیل و سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ وسه‌رده‌شت عوسمان وه‌ به‌ ناڕاسته‌وخۆ پارتی به‌ به‌رپرسیار ده‌زانێ له‌ به‌رانبه‌ر تیرۆرکردنیاندا بۆیه‌ پێی باشتره‌ ڕێبوار که‌ریم بێ ده‌نگ بێ چونکه‌ وروژاندنی ئه‌م بابه‌ته‌ زیانی بۆ پارتیش هه‌یه‌ نه‌ک ته‌نها بۆ یه‌کێتی.
ئه‌م دوو حیزبه‌ ناسیونالیسته‌ له‌و کاته‌وه‌ی هه‌ن به‌ نهێنی و به‌ ئاشکرا و له‌ شاخ و له‌ شار نه‌یارانی خۆیان له‌ ئازادیخوازان و چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کان و ڕۆژنامه‌ نوسان ونوسه‌رانی پێشکه‌وتووخواز ده‌کوژن تیرۆر ده‌که‌ن یا ده‌یانفڕێنن ئه‌شکه‌نجه‌یان ده‌ده‌ن و فرێیان ده‌دن له‌ جێگایه‌کی دوور یا سه‌ره‌و نگونیان ده‌که‌ن، بێ ئه‌وه‌ی یه‌ک تاوانباری ئه‌ما‌نه‌ سزا درا بێت و دادگایی کرابێت وزیندانی کرابێ. کێ ده‌توانێ یه‌ک به‌ڵگه‌م پی بڵێ که‌ ئه‌م قسه‌یه‌ی من دوور بێ له‌ ڕاستیه‌وه‌ ؟مه‌گه‌ر له‌ ژێر فشاری خه‌ڵکی ئازادیخواز و چه‌پدا ناچار کرابن که‌سانێک بێنن وسیناریۆیان پێ دروست بکه‌ن دواتریش سیناریۆکه‌ی خۆشیان زوو به‌ بن به‌ست بگات وه‌ک ئه‌وه‌ی پارتی کردی له‌ تیرۆره‌که‌ی سه‌رده‌شت عوسماندا که‌سێکی هێنا گوایه‌ ئه‌وه‌ بکوژه‌که‌ی سه‌رده‌شت عوسمان بووه‌ دواتر تاوانباره‌که‌ ووتی من ئه‌و کاره‌م نه‌کردووه‌و که‌یسه‌که‌که‌شیان داخست.
یا ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ یه‌کێتی چه‌ند که‌سێکی گرتووه‌ گوایا ئه‌مانه‌ کاوه‌ گه‌رمیانیان تیرۆرکردوه‌ (ئه‌گه‌ر ئه‌میش سیناریۆ نه‌بێ) جا گرنگ ئه‌وه‌یه‌ کێ ئه‌مری پێ کردوون ئه‌وه‌ ده‌سگیر بکه‌ن ئه‌گه‌ر سه‌رکرده‌یه‌کی یه‌کێتی ئه‌م ئه‌مره‌ی دابێ بۆ کوشتنی کاوه مه‌حاڵه‌ ده‌سگیر بکرێ ‌ ، دادگا ده‌بوو له‌ پێش ئه‌مانه‌شدا ئه‌وانه‌ ده‌سگیر بکا ولێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بکا که‌ به‌ڵگه‌یان له‌ سه‌ر هه‌یه‌ و هه‌ڕه‌شیان کردوه‌ نه‌ک به‌ ته‌نها به‌ تاوانی کوشتن به‌ڵکو به‌ تاوانی ئه‌وه‌ش که‌ جنێویان داوه‌و‌ که‌رامه‌تی که‌سێکی ڕۆژنامه‌ نوسیان له‌سه‌ر ده‌ربڕینی بیروڕای خۆی بریندار کردوه‌ وئازاریان داوه‌،ئه‌وه‌ کاری ئه‌مرۆیان نیه‌ که‌ هیچ لێ پرسینه‌وه‌یه‌ک ناکه‌ن به‌رانبه‌ر سه‌رکرده‌کانیان ئه‌وه‌ مێژوویه‌کی هه‌یه‌. کاتێ" جه‌بار فه‌رمان "له‌ شاخ " ووریا "ی به‌ ته‌ور کوشت هیچ سزایه‌کی وه‌رگرت؟ نه‌خێر . کاتی به‌ ئه‌مری نه‌و‌شیروان موسته‌فا و سه‌رکرده‌کانی ئه‌و کاته‌ی یه‌کێتی 5 کۆمۆنیست له‌ ساڵی 2000 دا به‌ به‌رچاوی خه‌ڵکه‌وه‌ تیرۆر کران هیچ که‌س سزای خۆی وه‌رگرت؟ نه‌خێر
بۆ" پارتی "یش هه‌روایه‌ کاتێ له‌ شاخ له‌ شۆڕشی ئه‌یلولدا له‌ لایه‌ن پاراستنه‌وه‌ "فاخر مێرگه‌سسوری" و سه‌رکرده‌کانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان تیرۆر کران هیچ که‌س سزای وه‌رگرت ؟ نه‌خێر .یا کاتێ " ئارام " نه‌زیر عومه‌ری کۆمۆنیست له‌ ناوچه‌ی سیمێل چه‌ندین جار له‌ لایه‌ن ئاسایشی پارتیه‌وه‌ ده‌سگیر کراو سه‌ره‌نجام له‌ ساڵی 1993 فڕێندرا و تیرۆر کراو لاشه‌که‌یان له‌ سه‌ر جاده‌ی سیمیڵ و دهۆک فڕێ دا له‌ سه‌ر ئه‌م تاوانه‌ هیچ که‌س ده‌سگیر کراو سزای خۆی وه‌رگرت؟ نه‌خێر .
زۆرن ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ هه‌ردوو ناوچه‌ی سه‌زو و زه‌ردا تیرۆر کراون جا چ که‌سانی سیاسی موخالیفی ده‌سه‌ڵات بن یا ڕۆژنامه‌ نوسی ئازادیخواز بن نموونه‌‌یان زۆره‌ وه‌ک حه‌مه‌ی حه‌لاق و جۆرجیس په‌رله‌مانتاره‌‌‌ ئاشوریه‌که‌ی دهۆک و ره‌ؤوف ئاکره‌یی و به‌ کر عه‌لی و سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ و سه‌رده‌شت عوسمان و عه‌بدولستار تاهیر شه‌ریف وفه‌رهاد فه‌ره‌ج وئه‌وانه‌ی ‌ 17 ی شوبات هه‌ڵسواراوانی خۆپیشانده‌رانی هه‌ڵه‌بجه‌ وشاره‌کانی تری کوردستان..هتد. ئایا‌ که‌س له‌ سه‌ر ئه‌م تاوانانه‌ ده‌سگیر کرا و سزا درا ؟ نه‌خێر.
جگه‌ له‌م کاره‌ تیرۆریانه‌ ، کێ له‌ سه‌ر کوشتن وبێ چاره‌نووس کردنی دیله‌ گیراوه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆی خۆیان ده‌سگیر کراو سزادرا ؟ بێ گومان هیچ که‌س ، ئه‌ی کێ له‌ سه‌ر فڕاندن و ئه‌شکه‌نجه‌دانی هه‌ڵسوڕاوانی کریکاری موخالیف دادگایی کراو سزا درا ( من خۆم یه‌کێک بووم له‌و که‌سانه‌ی که‌ به‌ده‌ستی به‌ره‌ی کوردستان‌یه‌که‌ی ئه‌م حیزبه‌ میلیشیانه‌ له‌ ساڵی 1992 به‌ لانکرۆزێک له‌ گه‌ڵ هاورێیه‌کم به‌ ناوی ئه‌حمد‌ عه‌لی که‌ خه‌ڵکی گه‌رمیان بوو فرێندراین ته‌نها له‌ به‌ ئه‌وه‌ی له‌ ڕابه‌رانی رێکخراوی یه‌کێتی بێکاران بووین و کارمان ده‌کرد ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ژه‌ماره‌یه‌کی تر له‌ هه‌ڵسوڕوان وڕابه‌رانی‌ ئه‌م رێخکراوه‌یان له‌ کاتی گفتو گۆ له‌گه‌ڵ پارێزگاری سلێمانی دوور له‌ هه‌ر به‌هایه‌کی ئینسانی فڕاند و ده‌ست به‌سه‌ریان کردن ) . مه‌سه‌له‌ی فڕاندن و ئه‌شکه‌نجه‌ دان و زیندانی کردنی موخالیفانی سیاسی زۆرن که‌ به‌ ئاشکرا و به‌ نهێنی له‌ لایه‌ن ئه‌م دوو حیزبه‌وه‌ ئه‌نجام دراون وه‌ک چه‌ندین جار ده‌سگیر کردنی کاروان مه‌جید و هیوا ئه‌حمه‌د یا وه‌ک فڕاندنی که‌مالی سید قادر و ئه‌وانه‌ی له‌ کاتی خۆپشاندانه‌کاندا ده‌فڕێنران و له‌ ئاسایش ته‌عه‌هدی ئه‌وه‌یان پێ پڕ ده‌رکردنه‌وه‌ که‌ چیتر دژایه‌تی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌که‌ن. هیج که‌س له‌ سه‌ر ئه‌مانه‌ دادگایی کراو سزا درا؟ ، نه‌خێر.
لێره‌دا با خوێنه‌ر و خه‌ڵک بکه‌ینه‌ شاهید ئایا ئه‌وه‌ی ئاوا ڕه‌فتاری کردبێ ده‌کرێ ناوی چی لێ بنرێ ؟ مافیا یا حیزبی سیاسی دیموکراتخواز ؟ ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ ڕاگه‌یاندنی خودی ئه‌م حیزبانه‌دا ده‌رده‌که‌وێ که‌ یه‌کتری به‌ مافیا ده‌ناسێنن ئێمه‌ مانان له‌ ساڵی هه‌شتاکانه‌وه‌ ئه‌م پێناسه‌یه‌مان هه‌بووه‌ بۆ ئه‌م دوو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ی که‌ ئه‌مڕۆ له‌ سه‌ر دزینی پاره‌ونه‌وت و سامانی گشتی جارو بار ناکۆکی ده‌که‌وێته‌ نێوانیانه‌وه‌ جاروباریش رێک ده‌که‌ون رێکه‌وتنی ستراتیجی پێک ده‌هێنن ئه‌مه‌ش یه‌کێکه‌ له‌ سیفه‌تی مافیاکان، ناکۆکی ئه‌م دوو حیزبه‌ و شه‌ڕی راگه‌یاندیان وڕێکه‌وتنیان هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی نیه‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی کوردستانه‌وه‌ . نوسه‌ری کوردستانی نوێش ڕاستی ووتوه‌ ده‌بوو پارتی بێ ده‌نگ بوایه‌‌ له‌م کاره‌ساته‌ی کاوه‌ گه‌رمیانیدا چونکه‌ خه‌ڵک زیاتر بۆی ده‌ر ئه‌که‌و‌ی که‌ له‌ سایه‌ی ئه‌مانه‌دا چه‌نده‌ تاوان ئه‌نجام دراوه‌ نه‌ک ته‌نها کوشتن و تیرۆری ڕۆژنامه‌ نوسان و سیاسیانی موخالیف له‌ ئازادی خوازان و چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کان بووه‌ به‌ڵکو کوشتن وتیرۆری ژنان به‌ ڕێژه‌یه‌کی زۆر فراوان ، وه‌ زۆر بوونی کاری خۆ کوژی .. ئه‌و راستیه‌س زیاتر ده‌رئه‌که‌وی که‌ له‌ کوردستاندا شتێک نیه‌ به‌ ناوی یاسا و دادگا بێت به‌ مانا زانستیه‌که‌ی . دادگای هه‌ولێر و دهۆک له‌ ژێر چه‌‌پۆکی پارتیه‌ و دادگای سلێمانی گه‌رمیانیش له‌ ژێر چه‌پۆکی یه‌کێتییه‌ هتد ‌ئیتر تا ئێره‌ با به‌س بێ با ڕاستیه‌کان له‌ ژێر په‌رده‌ بێنه‌ ده‌ره‌وه‌ خۆمانی لێ لا نه‌ده‌ین وه‌ک " برێخت " ووتی " ئه‌وه‌ی له‌ ڕاستی تێ ناگا گێله‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێی تی ده‌گاو خۆی لێ لا ده‌دا تاوانباره‌ " . هیوا دارم نه‌ گێل بین نه‌ تاوانباریش .


سه‌ردار عه‌بدوڵا حه‌مه‌
12/12/2013


 

           

 

14/12/2013

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca