بەداخەوە ئەمشەو هەواڵێکی دڵتەزێنی تر ڕایچڵەکاندین، چەند
کاتژمێرێک لەمەوەبەر کاوە گەرمیانی ڕۆژنامەنوسی لاو، لە کەلار
و لەبەردەم ماڵەکەی خۆیاندا لەلایەن چەند چەکدارێکەوە درایەبەر
دەسڕێژی گولەو تیرۆرکرا. کاوە خاوەنی قەڵەمێکی بوێر،
ڕۆژنامەنوسێکی ئازا و چاونەترس بوو لەدژی گەندەڵی و دەسەڵاتی
گەندەڵدا لەکوردستان دەوەستایەوە.
هەل و مەرجی ئاسایش و ئارامی لە کوردستاندا لەژێر پرسیاردایە و
ئەوەی ڕوودەدات بەڕاستی پڕمەترسییە، لەکوردستاندا ئازادی و
ئارامی ئینسانەکان، سیاسی و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنوسان بەوەوە
بەستراوەتەوە کە هەڵوێستیان لەسەر کار و کردەوەکانی
دەسەڵاتدارانی کوردستان، سیاسەتەکانیان و ملهوڕییەکانیان چییەو
چ کاردانەوەیەک لەخۆیان نیشان دەدەیت، کاتێک کە مرۆڤ سەریان بۆ
شۆڕ دەکات و دەبێتە کاسەلێسیان، ئەو کات تا ئەو جێگایەی
پێویستیان پێیەتی دەتوانێت زیندەگییەکی سەرشۆڕی بۆ خۆی و
خێزانی تەئمین بکات. کاتێکیش کە مەترسیدار بیت بۆ سەرحیزب و
دەسەڵاتەکەیان، یان دەرکاندنی دزی و گەندەڵی و
پۆخڵەواتەکانیان، ئەوا لەوە ئاسانتر نییە بۆیان و بەیەک لەحزە
لە نێوی دەبەن، باکیان لە هیچ بەهایەکی کۆمەڵاتی و ئەخلاقی و
مرۆیی و سیاسی نیە.
جا بۆ ڕژنامەنووسێک کە هەڵوێست بنوێنێ و دژی بنوسێت، و گەندەڵی
قبوڵ نەکات و بیەوەێت سەربەرزانە بژی، یان هەتا ئەگەر بە
زمانێکی سەردەمیش ڕەخنە لە دەسەڵات، یان بەرپرسێکی گەندەڵی
دەسەڵات بگرێت، ئەوا دەکەوێتە بەر هەڕەشەی نامەو ئیمەیل و
تەلەفۆن، خۆ ئەگەر بەردەوامیش بێت ئاشکرایە کە مەرگ چاوەڕوانی
دەکات.
کاوە بەشێوەی سۆران لەبەردەرگای خۆیاندا لەکەلار کوژرا، بەپێی
لێکدانەوەکان و ئەگەرەکان، ئەو کەسانەی سۆرانیان تیرۆر کرد،
هەر ئەو کەسانە بوون کە سۆران ڕەخنەی لێیان دەگرت و هەڕەشەی
ئاشکرا کردنی هەموو بەڵگەی گەندەڵی لەسەریان دەکرد، بۆیە
لەناویان برد. چاوێک لە تیرۆری سەردەشت عوسمان بکەین، هەر
لەسەر ڕەخنە لە گەندەڵی و دەسەڵاتی گەندەڵ لە کوردستاندا،
بەڵام تا ڕادەک ئەم جارەیان ئاشکراتر و بەدەستنیشانکراوی تر
بەرامبەر بە لایەنێکی دیاری کراودا ڕەخنەکانی ئاراستە دەکرد،
لەناو حەرەمی زانکۆدا، کە جگە لە ئۆتۆمۆبیلە جامڕەشە
تایبەتەکان کەسیتر بۆی نیە بڕواتە بەردەم کۆلێژی ئاداب،
رافاندیان و تیریریان کرد، دواتریش ویستیان ناوی پیس بکەن و
وەک فایلەکانی خۆیان فایلیان بۆ داتاشی..!!
ئەگەرو لێکدانەوەکانی تیرۆر کردنی کاوەگەرمیانی ... ئاشکرایە
کەچەند ساڵێکە کاوە گەرمیانی بەدیاری کراوی لەسەر
گەندەڵییەکانی چەند بەرپرسێک کاری کردووە، هەمووشمان لە یوتوب
و سایتەکانی تردا ئەم هەڕەشانەمان بەدەنگ و ڕەنگ بینی، بەیەک
کلیک دەتوانیت هەمووی ببینیت، ئەمە جگەلەوەی کە کاوە لە
(دادگا) ی دەسەڵاتداران دا سکاڵای کردووەو وچەندین دەعوای
تۆمار کردووە و پێداگری دەکرد لەسەر داواکانی و ڕەخنەی ئەوەی
دەگرت کە (دادگا) گوێ بە دەعواکان نادات و داواکروان باکیان
لەو دەعوایانە نییە، چونکە دەسەڵات و (دادگا) هەر هی خۆیانن،
خۆیان بڕیاردەر و جێبەجێکەرن، هەرخۆشیان، تاوانبار و بێتاوان
دیاری دەکەن...!
کێبوون ئەوانەی بەنوسینەکانی کاوە قەڵس دەبوون، ئیتر با خوێنەر
خۆی قەزاوەت و لێکدانەوەی خۆی لەسەر بکات، کێ کاوەی تیرۆر کرد،
بۆ تیرۆریان کرد..!
ڕیسوایی و ڕووڕەشی بۆ تیرۆریستان، بژی قەڵەمە بوێر و
ئازادەکان، بەرزو بەڕێزە یادی نووسەرو قەڵەمە ئازادی خوازەکان.
٥ دیسەمبەری 2013
|