ئه‌ك خه‌جاڵه‌ت ئه‌وه‌ی كه‌ركوك و خوێنی كه‌ركوكیه‌كانی فرۆشت
زه‌ینه‌ب جاف



له‌یه‌كێك له‌ رووداوه‌كانی هه‌فته‌ی رابردوو تیرۆركردنی رۆژنامه‌نوس (كاوه‌ گه‌رمیانی) بوو له‌كه‌ش و هه‌وایه‌كی ته‌مومژاوی و ناله‌باری كوردستاندا، كه‌ بوه‌ جێ سه‌ره‌نج راكێشانی هه‌موو لایه‌ك و دانانی ئاماژه‌ی پرسیار له‌سه‌ر تیرۆركردنی ئه‌م لاوه‌ له‌لایه‌ن كومه‌ڵانی خه‌ڵكوه‌.
مه‌به‌ستی من له‌م نوسینه‌دا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ رۆژنامه‌نوسانی كه‌ركوك كۆدی دیلی بێ ده‌نگی بشكێنن و به‌ ده‌نگی قه‌ڵه‌م باس له‌نه‌هامه‌تییه‌كانی رۆژنامه‌نوسان و ده‌نگی راگه‌یاندكارانی كه‌ركوك بگه‌یه‌نینه‌ گوێی هه‌موو حیزب و لایه‌نه‌ به‌رپرسیاره‌كان و ریكخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌كان و خودی میدیاكانیش، له‌كه‌ركوك سالی ٢٠٠٤ سامانمان لێ رۆیی كه‌ یه‌كه‌م شه‌هیدی قه‌ڵه‌م بوو بۆ هیچ میدیایه‌ك هیچ رێكخراوێك نه‌هاته‌ ده‌نگ؟ خو ئه‌ویش له‌ پێناو میدیایی كوردیدا شه‌هیدكرا له‌ دوایی ٣ ساڵ له‌ شه‌هید بونی سامان واتا (٢٠٠٧) سۆرانمان لێ شه‌هید كرا بێ ئه‌وه‌ی بكوژانی بدرێنه‌ دادگا و هه‌موو لایه‌نه‌كانیش بێ ده‌نگیان پوشی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م تاوانه‌ نامرۆڤانه‌یه‌دا له‌پاش ئه‌م دوو روداوه‌ دڵ ته‌زینانه‌دا به‌ساڵیك له‌ دوای تیرۆركردنی (سورانی هه‌میشه‌ زیندوو له‌نیو هاوپیشه‌كانی شاره‌كه‌یدا) له‌ ٢٠٠٨ هه‌واڵی تیروركردنی (عبدولستار تاهیر شریف) وه‌ك كارێكی رۆژانه‌ی رۆژنامه‌و سایت و تیڤییه‌كان بڵاوكرایه‌وه‌ ئه‌وه‌ی جێی پرسیاره‌، بۆچی ده‌بێت هه‌میشه‌ رۆژنامه‌نوس و راگه‌یاندنكار له‌ ململانیی مه‌رگدا بن؟ له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا ئیمه‌ رۆژانه‌ به‌سه‌دان سامان و سۆران و كاوه‌مان لێ ده‌كوژرێت هه‌رچه‌نده‌ كاوه‌ش رۆڵه‌ی گه‌رمیانه‌ بێ نازه‌كه‌مه‌، گه‌ر ئێوه‌ راستان ده‌كرد؟ پێش مه‌رگی كاوه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌ په‌رۆش و خه‌م خۆربونایه‌؟! كاوه‌تان به‌ هه‌موان بناساندایه‌ نه‌ وه‌ك له‌ پاش مه‌رگی، هه‌ر وه‌ك چۆن ده‌ڵێن (كورد مردوو په‌رست)ه‌ كه‌چی مه‌رگی ئه‌و نگبه‌ته‌تان كردوه‌ به‌ چه‌ك و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆتان به‌كاری دێنن لێ گه‌رێن وه‌ك چۆن له‌دونیا له‌حاڵیتان نه‌ده‌پرسی با ئێستا نوستنێكی ئارام بنوێت نوستنێك ئاشنای بكات به‌ جوانییه‌كانی جیهانی فیرده‌وس چونكه‌ له‌ جیهان بی به‌ش بوو لێی، زۆر سه‌یره‌ خوێنی رۆڵه‌كانی كه‌ركوك له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان وه‌ك ئاو ده‌ڕوات كه‌چی یه‌ك كورد نایه‌ته‌ ده‌نگ هه‌موانیش خۆیان به‌ خاوه‌نی كه‌ركوكه‌ بێ نازه‌كه‌م داده‌نێن به‌ڵام بۆ یه‌ك كه‌س بزانه‌ چی ده‌كه‌ن دڵنیاشم وه‌ك چون ده‌لین؛ (شیوه‌نكه‌ بۆ حه‌سه‌ن و حوسێن نییه‌، به‌ڵكو بوهه‌ریسه‌كه‌یه‌)، دیاره‌ رۆڵه‌كانی كه‌ركوك جوله‌كه‌ن و كورد نین، به‌ڵام تكام بۆ هه‌موو خاوه‌نه‌كانی كه‌ركوكه‌ بێ خاوه‌نه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌، چی دی موزایه‌ده‌ به‌ خوێنی روله‌كه‌كانی كه‌ركوكه‌وه‌ مه‌كه‌ن، به‌ڵكو خۆتان له‌ ئاست هه‌موو شت بێ ده‌نگ بكه‌ن وه‌ك چون له‌ هه‌موو ساته‌كانی خوێن رژانه‌كاندا بێ ده‌نگبون !!!!!!!!
 

           

 

12/12/2013

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca