کاتێک بۆ فەلسەفەکردن
(بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی فەلسەفەوە کە ڕێکەوتی سێهەمین پێنجشەمەی تشرینی دووەم – نۆڤەمبەر- ی گشت ساڵێک دەکات)

 

  

*ئازاد حەمە

 




گرینگە ئێمەی کورد لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا ، لە ڕۆژی جیهانی فەلسەفەدا، کە خەسڵەتێکی گەردوناوی وەرگرتووە، لەڕوانگەی فەلسەفییەوە تێڕامان لە کات بکەین و، هاوکات بشپرسین کەی دەکارین کاتێک بۆ فەلسەفەکردن ببینینەوە؟ ئێمە ئەم پرسیارە لەسەر ئەو بناغەیە دەکەین کە پێویستمان بە فەلسەفەکردنە، پێویستمان بە کاتێکە فەلسەفەیتیایبکەین.چونکە فەلسەفەکردن لەگشت ڕووێکەوە وەختیەتی. پێویستمان بەوەیە دانبەوەدابێنین لە فەلسەفەکردن دواکەوتووین، بەوەی کە تێهزرینی فەلسەفی هونەرە، تێڕامان و هزرەڤانیکردن لە هونەرە باڵاکانن.ئەڵبەتە دیرۆکی ڕاستەقینەی فەلسەفەش لێرەوە دەستپێدەکات.پێویستی مرۆڤ کە بۆ فەلسەفە هیچکات لەبنناێت ئەمە هەلومەرجێکی دروستکردووە تێهزرینی فەلسەفی لای مرۆڤ بەردەوام کات. بۆئەوەی ئەم وەختە بێتەدی فەلسەفە پێویستە دژ بە ترسەکان، دژ بەو هەڕەشانەی لە فەلسەفە دەکرێن، بکەوێتەگەڕ ئەگەرنا فەلسەفەکردن بێمانادەبێت. گەر کاتێکمان بۆ فەلسەفەکردن لەبەردەستدابێت توانایئەوەمان دەبێت سنووری و بواری فەلسەفە بەرین و قووڵکەین. کە کاتێک بۆ فەلسەفەکردن تەرخاندەکەین لەوە دەگەین لەناو فەلسەفەدا کە گەلێ بەهای گەردووناوی هەیە ئەم بەهایانە پێویستە گەشەیانپێبدرێ. کە کاتێکمان بۆ فەلسەفەکردن هەبێت ئەو دەمە تێدەگەین فەلسەفە مافمان دەداتێ بیربکەینەوە، فەلسەفە مافی ڕەخنەکردن و ڕوونکردنەوەمان پێدەبەخشێ، فەلسەفە پێگەی ڕووبەڕووبوونەوە و هەڵوێستەکردنمان لابەهێزدەکا. ئەو دەمەی کاتێک بۆ فەلسەفەکردن دابیندەکەین پرسیار لەسەر هەنووکەی هزری کوردی هاوچەرخ دەکەین کە بۆ؟ و چۆن؟ ئەم هزرە نەبووە بە بەشێک لە تێهزرینێکی فەلسەفی؟ پرسیار لەوەشدەکەین ئەم هزرە کۆنە یان تازە؟ منەورە یان تاریک؟ داهێنەرە یان ڕووخێنەر؟ وەرگرە یاخود بدەر؟ بەپێیئەوەش فەلسەفە دەکارێ بناغە بۆ هزرێکی ڕەخنەی، هزرێکی ڕەخنەی ڕاسیۆنال ، دانێت پێویستمان بە تەرخانکردنی کاتە بۆ فەلسەفەکردن. وەکیتریش، هزری ڕەخنەی مانای بۆ گەشەی تێهزرینی فەلسەفی هەمیشە هەبووە. فەلسەفە دەشێ وەک سەرچاوەی نوێکردنەوەی هزریش تەماشاکرێ بەس ئێمە لەمە ناگەین گەر کاتێکمان بۆ فەلسەفەکردن تەرخاننەکردبێت. هەربۆیە پێویستە دانبەو ڕاستیە مێژوویە بێنین کە فەلسەفە بەدرێژای مێژوو کاری لەسەر نەشونمای هزری مرۆڤ کردووە. هزرەڤانانیش گومانیانلەوەدا نییە کە پرسیار لەسەر کاریگەری فەلسەفە لەسەر هزری مرۆڤ پرسیارێکی شیاوە چونکە هزری مرۆڤ لەژێرکاریگەری فەلسەفەدا گەشەدەکات و فەلسەفە لەڕێگای خۆیەوە کاریگەری بەسەر ژیانی ڕۆژانەوە بەجێهێشتووە. هەروەها ململانێیێکی هزری تایبەت بە سرووشتی بوونمان بوونی هەیە کە فەلسەفە توانای گفتووگۆکردنی ئەم لایەنەی بێبڕانەوە هەبووە. لێرەوە فەلسەفە دەگات بە ماناخوڵقان. گەیشتنیش بە مانا ئەمە فەلسەفەیە چونکە ئەو زانینەی فەلسەفە دەیەوێ پێیبگات زانینێکی مانادارە و ،وەکیتریش زانین دەبێ مانا بەرهەمهێنەربێت. فەلسەفەکردن و دروستکردنی یان بەرهەمهێنانی مانا خەمە گەورەکەی فەلسەفەن. لەڕێگای فەلسەفەکردنەکانەوە مانا بەرهەمدێن و، بەهۆی ئەو مانایەنەشەوە بیرمەندان بەو ئامانجە دەگەن لە فەلسەفەکردن هەیانبووە. بەڵام ماناکان لە دیدی بیرمەندانەوە وەک خۆیان نامێننەوە و گۆڕانیان دێتە سەر. بۆیە فەلسەفەکردنەکانیش جێگیر و نەگۆڕن. ڕوونیشە مانا لەڕێگای پشکنینەوە دێتەسازاندن. فەلسەفە و پشکنین بەدووی نهێنیەکان بەشێکن لە پرۆسێسی مانا خوڵقان. مانا خوڵقانی فەلسەفی دەروازەکردنەوەیە لە تێهزرینەکانمان. بۆیە مانای فەلسەفە تێکەڵە لەتەک ڕووداوەکانی ناو گەردوون و بوونی مرۆڤ. بەس خودی فەلسەفە شای ڕووداوەکانە. فەلسەفە ڕووداوی ڕووداوەکانە. تایبەتمەندی ئەم لایەنەش لەوێدایە کە ئەوی ئەم مانایە بۆ فەلسەفە لەشێوەی زانین هەر لەسەرەتاوە دەخوڵقێنێ نهێنی بوونمانە. بوونی ئێمە لە جیهانا هەمیشە پرسیارێکی فەلسەفی گەورەی سازاندووە. بوونی ئێمە لە جیهانا و پێوەندی ئێمە بە بوونی ئەویترەوە لەم جیهانە ئەمەش پرسیارێکی فەلسەفی گەورەی ترە. ئەم تێگەیشتنانە چرۆی هزریمان تیاناسازێنن گەر لێخوردبوونەوەمان لە بەها مرۆییە گەردووناویەکان نەکردبێ. تووخمی فەلسەفەش بەجۆرێکی بونیادنراوە ئەو دەمەی مرۆڤ فەلسەفە دەکات گوزارە لە خودی خۆیدەکات. مرۆڤ هەر لە سەرەتای سەرەتاکانەوە، لەوکاتەوەی فەلسەفەی داهێناوە، پێویستی بەم گوزارەلێکردنە لە دۆزی خۆی هەبووە. واتە فەلسەفە بۆئەوە هەیە تا مرۆڤ تیۆریزە بەسەر بوونی خۆیەوەکات. ڕاستە کردەی فەلسەفەکردن کردەێکی خۆییە ،چرکەێکە لە هوشیاریێ خودی، لە بیرکردنەوەیێکی تاکی ڕەخنەییانەی ئازاد بەس تووخمی هەمیشەی ئەم کردەیە یان زانینی فەلسەفی لەسەر عەقڵ دەوەستێ و بۆیە ئەوە هەمیشە پرسیارێکی فەلسەفییە کە عەقڵ چیپێدەکرێت؟ بۆ فەلسەفە کار لەسەر بەرهەمهێنانی عەقڵێ گەردووناوی دەکا؟ بەمجۆرە ئەو دەمەی کاتێک بۆ فەلسەفەکردن دەستنیشاندەکەین بەو تێڕامانەش ئاشنادەبین سەروەری فەلسەفە سەروەری عەقڵە. کە باوەڕ بە فەلسەفەدێنین واتە لێدەگەڕێین عەقڵ دادوەریبکات. فەلسەفە کە کردەێکە لە تێڕامانێکی عەقڵی پووخت ئەمە وەڵامە بۆ ئەو پرسیارەش کە دەڵێ: بۆ دەبێ ئێمە بایەخ بە فەلسەفە بدەین؟ ئەم پرسیارە لەوشوێنەوە سەردەردێێ کە فەلسەفەکردن بۆئەوەیە تا هۆشمەندییمان قووڵکەینەوە. ئەم هۆشمەندیەش، یاخود فەلسەفە وەک چالاکیێکی ڕوناکبیری کە پەرە بە بیری ڕەخنەی مرۆڤ دەدات، تەنیا لەپێناوی خۆماندا نییە. لێرەوە فەلسەفەکردن گرێماندەداتەوە بە ئەویترەوە. لێرەوە فەلسەفە ووتنی دەبێ لەسەر پێوەندییەکانمان. تا کاتێکیش بۆ فەلسەفەکردن تەرخاننەکەین لەو سەمەرییە تێناگەین ئەوی فەلسەفە تایبەت بە پێوەندیەکانی مرۆڤ ڕاڤەیدەکات. مرۆڤ لە جیهانا بەپێی گرینگی لەم جیهانە بریتییە لە پێوەندی. پێوەندیەکانی مرۆڤ یان ڕەووشتیین یان جوانکاری یانیش ئێپستمی(زانینی). ئەم پێوەندیانە بۆ مرۆڤ گرینگیێکی زۆرپێکدێنن. چونکە لەڕێگای ئەو پێوەندییانەوە دەکارێ کارەکانی خۆی ڕێکخات. ئەو دەمەی مرۆڤ باشە یان خراپەێک دەکات خۆی بە پێوەندییە ڕەووشتیەکانەوە دەبەستێتەوە وەلێ کاتی پێوەندیەکان لەسەر بناغەی شتی هەستی پێکدێنێ ئەوە خۆی لە قەرەی پێوەندیە جوانکاریەکان دەدات کەچی کاتێک پێوەندیەکانی دەگەنە سنووری زانست و زانین و شتە لۆژیکیەکان ئەم مرۆڤە بیەوێت و نەیەوێت بەهۆی پێوەندیە ئێپستیمیەکانیەوە ئەم لایەنانە ڕێکدەخات. بۆیە ئێمە لە ئێستادا بەپێچەوانەی گشت تێگەیشتنە ناپێویستەکان لەسەر فەلسەفە پێویستمان بە تەرخانکردنی کاتێکە بۆ فەلسەفەکردن. تا گشت ئەو بیرۆکانە ڕەتکەینەوە قسە لە ناشتنی فەلسەفە دەکەن.



*ئازاد حەمە، مامۆستای فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی

 

           

 

30/11/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com