(ململانێی گه‌شبینی‌و ڕه‌شبینی له‌ شیعری_به‌ره‌وڕووناكی_برایم ئه‌حمه‌د-دا)
 

  

سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

 




برایم ئه‌حمه‌د، یه‌كێكه‌ له‌ ونووسه‌ر‌و سیاسه‌تمه‌دارانه‌ی، كه‌ پێگه‌یه‌كی دیار‌و به‌ر چاوی له‌ نێوه‌ندی سیاسی‌و فه‌رهه‌نگی كوردی هه‌یه‌.چ له‌ بواری كوردایه‌تی‌و تێكۆشان‌و ژیانی سیاسی دابێت، چ له‌ بواری نووسین‌وڕۆژنامه‌نووسی دابێت. ئه‌و یه‌ كێكه‌ له‌و نووسه‌رانه‌ی كه‌ چه‌ندین شیعری نیشتمانی‌و نه‌ته‌وه‌یی‌و لیریكی نووسیوه‌. ئه‌گه‌رچی شیعره‌كانی ئه‌و كه‌سایه‌ تیه‌ دیاره‌ی كورد به‌ په‌ نحه‌كانی ده‌ست ده‌ژمێردرێن. وه‌لێ شیعره‌كانی هه‌ڵگری دنیابینی نه‌ته‌وه‌یی‌و نیشتمانی‌و ناوه‌ڕۆركی كوردایه‌تین.له‌ ئاستی فۆرمیشدا، شیعره‌كانی برایم ئه‌حمه‌د،ئستاتیكایه‌كی زمانه‌وانی تایبه‌تیان هه‌یه‌، به‌ڕاده‌یه‌ك كاتێ‌ شیعره‌كانی له‌ ئاستی زماندا، به‌راورد ده‌كه‌ی به‌و قۆناغه‌ی شیعره‌كانی تیادا نووسیون، ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه‌ شیعره‌كانی له‌ ڕووی زمانه‌وه‌،هه‌ڵگری ئستاتیكاو فۆرمێكی تایبه‌تی زمانه‌وانین. بۆ نموونه‌: برایم ئه‌حمه‌د زۆربه‌ی شیعره‌كانی له‌ نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی ڕابردوو نووسیوه‌. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه‌ چه‌ندین شاعیری كوردی تیادا ژیاوه‌و شیعریان نووسیوه‌، به‌ شێكی زۆرله‌ ده‌قه‌ شیعره‌كانیان، وشه‌ی عه‌ره‌بی تیادایه‌. كه‌چی له‌ كۆی شیعره‌كانی ئه‌و شاعیره‌دا،مه‌گه‌ر به‌ ده‌گمه‌ن، ئه‌گینا هه‌ست به‌ بوونی وشه‌یه‌كی عه‌ره‌بی ناكه‌ین‌و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، شیعره‌كانی به‌ زمانێكی كوردیانه‌ی پاراو نووسیوه‌، كه‌ سه‌رنجی خوێنه‌ر ڕاده‌كێشن. وێرای ئه‌مه‌ش، جیا له‌ شیعره‌ نه‌ته‌وه‌یی‌و نیشتمانییه‌كانی، برایم ئه‌حمه‌د له‌ بواری شیعری لیریكیشدا، چه‌ند ده‌قێكی شیعری ڕۆمانسیانه‌ی جوانی نووسیوه‌، كه‌ به‌ شێكیان كراونه‌ته‌ گۆرانی. بێگومان ئه‌مه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی دنیابینی ڕوناكبیرانه‌ی ئه‌و شاعیره‌ بوه‌، له‌ بواری نووسیندا، كه‌ بتوانێت زۆرتر له‌ ژانرێك بنووسێت. ئه‌مه‌ وێرای كاری سیاسی‌و نه‌ته‌وه‌یی‌ویاسایی،به‌و پێیه‌ی ده‌رچووی كۆلیژی ماف بوه‌.بێگومان وه‌ك ئاماژه‌مان پێكرد، به‌شێكی زۆری شیعره‌كانی ئه‌و شاعیره‌، له‌ ساڵانی سیه‌كان‌و چله‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو نووسراون. كه‌چی له‌ ئاستی زمان‌و دنیابینی‌و گوتار‌و ناوه‌ڕۆك‌و فۆرمی شیعریانه‌دا،كاتێ‌ به‌راوردیان ده‌كه‌ین به‌ قۆناغه‌ مێژوویه‌كه‌، هه‌ست ده‌كه‌ین شیعره‌كانی فۆرمێكی نوێخوازانه‌یان هه‌یه‌و له‌ پێشه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵومه‌رجه‌ بابه‌تی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی‌و فه‌رهه‌نگیه‌ن،كه‌ شیعره‌كانی تیادا نووسراون. به‌ تایبه‌تیش له‌ ئاستی وشه‌و زماندا،به‌ڕاده‌یه‌ك كه‌ جیاواز بێت له‌ گه‌ڵ شیعری شاعیره‌ هاوته‌مه‌نه‌كانی خۆی له‌و سه‌رده‌مه‌دا. له‌ڕووی زمان‌و ته‌نانه‌ت ناوه‌ڕۆكی شیعره‌كانیش. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌، یه‌ كێك له‌ شیعره‌ جوانه‌كانی ئه‌و شاعیره‌، كه‌ هاوشێوه‌ی قه‌سیده‌یه‌كی شیعریه‌،شیعری(به‌ره‌و رووناكی)یه‌. ده‌كرێ ئه‌و شیعره‌، وه‌ك كرنۆلۆژیایه‌كی مێژووی نه‌ته‌وه‌یه‌ك ببینین، له‌ بواری تێكۆشان‌و قوربانیدان‌وگه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ ڕه‌واكانی. هه‌ر خودی ناونیشانی شیعره‌كه‌ش،ده‌لاله‌ت له‌وه‌ ده‌كات. به‌و مانایه‌ی شاعیر به‌ره‌و واقیع‌و شوێنێكی دیكه‌ی جیاواز،ڕێگه‌ ده‌بڕێت كه‌ ئه‌ویش ڕووناكییه‌، كه‌ هێمایه‌ بۆ سه‌ربه‌ستی‌و ئازادی‌و پێشكه‌وتن‌و شكاندنی هه‌مووكۆت‌و به‌ندێكی سیاسیانه‌، به‌ ئامانجی ئازاد بوونی نه‌ته‌وه‌.بۆیه‌ له‌و ده‌قه‌دا، شاعیر له‌ ململانێیه‌كی سه‌ختدایه‌ له‌ نێوان، تاریكی‌و ڕووناكی، شكست‌و هه‌ڵسانه‌وه‌،سه‌ركه‌وتن‌و به‌زین، گه‌شبینی‌و ڕه‌شبینی، ئایینده‌ خوازی‌و ڕابردووخوازی. هه‌موو ئه‌و ڕووبه‌رووبونه‌وه‌و ململانێیه‌ش به‌ ئامانجی گه‌یشتنه‌ به‌ خه‌ون‌و هیواكانی، كه‌ خۆی له‌ خه‌ون‌و هیواكانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌بینێته‌وه‌.بۆیه‌ له‌و شیعره‌ی برایم ئه‌حمه‌ددا، خوێنه‌ر مێژووی شه‌كه‌ت‌و قوربانیدانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ پێناو ئازادیدا ده‌بینێت، كه‌ وێرای سه‌ختی‌و نه‌هامه‌تی‌وشكست، وه‌لێ هیچ كاتێ‌ بێ هیوا نابێت‌و قوربانیدانه‌كان ساردی ناكه‌نه‌وه‌.بۆیه‌ وێرای ئه‌وه‌ی شاعیر باس له‌ بیۆگرافیای ژیانی خۆی ده‌كات وه‌ك مرۆڤێك له‌ به‌رامبه‌ر نه‌هامه‌تیه‌كانی ژیاندا، به‌ڵام به‌ بیر‌و بازوێكی پۆڵایینه‌وه‌،ململانێی مه‌حاڵ ده‌كات‌و ئه‌و بار‌ودۆخه‌ سایكۆلۆژی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی شاعیر وه‌ك مرۆڤێكی كورد تیایدا ده‌ژیت، هه‌رگیز نابنه‌ فاكته‌ری ساردبوونه‌وه‌و شكست‌و به‌زین. به‌ده‌ربڕینێكی تر، ده‌كرێ بڵێین شاعیر له‌و ده‌قه‌یدا، ڕووبه‌ڕووی مه‌حاڵ ده‌بێته‌وه‌و به‌ربه‌سته‌كانی ژیان ده‌بڕێت. له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانی. بۆیه‌ ئه‌و جه‌سته‌یه‌ی شه‌كه‌ته‌و خوێنی لێده‌چۆڕێ، هی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌، كه‌ خودی شاعیر هه‌ڵگری شوناسی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌یه‌. ئه‌ومێژووه‌ی ده‌گێڕدرێته‌وه‌، مێژووی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌، كه‌ كورده‌. ئه‌و دیل‌و زنجیر له‌ ده‌سته‌ی، وه‌ك ئه‌وه‌ی شاعیر له‌ شیعره‌كه‌یدا، باسیده‌كات،ژێر ده‌سته‌یی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌. به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه‌ دواجارئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ له‌ خه‌بات‌و تێكۆشان ساردناكه‌نه‌وه‌.به‌و مانایه‌ی چه‌ند سه‌ختی‌و نه‌هامه‌تییه‌كان گه‌وره‌تربن، چه‌ند ڕێگاكان دوورتر بن، ئه‌وه‌نده‌ش،شاعیر سوورتر‌و خۆڕاگرتر ده‌بێت،له‌به‌رامبه‌ر به‌ ده‌ستهێنانی مافه‌كانی. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌كردنه‌ لای خوێنه‌ر له‌و ده‌قه‌ شیعریه‌ی شاعیردا، ململانێیه‌كی به‌ هێز له‌ نێوان دوالیزمی گه‌شبینی‌و ڕه‌شبینی، وه‌ك دووباری سایكۆلۆژی پارادۆكس لای مرۆڤه‌كان،بوونی هه‌یه‌. ململانێیه‌ك كه‌ تیایدا له‌ نێوان گه‌شبینی‌و ڕه‌شبینیدا، خودی شاعیر له‌ جه‌نگێكی ده‌روونی سه‌ختدایه‌ له‌ گه‌ڵ ناخی خۆی. ڕه‌شبینیه‌ك، كه‌ هه‌ڵگری مێژووێكه‌ له‌ شكست‌و خوێن‌وقوربانیدان. گه‌شبینیه‌كیش كه‌ وێرای ئه‌و مێژووه‌ درێژه‌ له‌ شكست، به‌ڵام وه‌ك چرایه‌ك ڕێگه‌ی شاعیر به‌ره‌و ئایینده‌یه‌كی ڕووناكتر‌و جوانتر، كێشده‌كات.بۆیه‌ له‌و ده‌قه‌دا گه‌رچی شاعیر وه‌سفێكی وردی ژیانی خۆی ده‌كات،به‌ڵام به‌ دڵیكی پڕ ئومێده‌وه‌،ڕوه‌و ئایینده‌ هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت.به‌ده‌ربڕینێكی تر،شاعیر گه‌رچی هه‌مووجه‌سته‌ی برینیه‌، به‌ڵام چونكه‌ به‌ دڵێكی پۆڵایینه‌وه‌، به‌ره‌و ڕووناكی به‌ڕێوه‌یه‌، ئیدی هیچ شتێك ساردی ناكاته‌وه‌.بۆیه‌ ده‌ڵێت:_

له‌ناو جه‌رگه‌ی تاریكییه‌وه‌..
ده‌ست به‌كه‌له‌پچه‌و ته‌وق له‌مل‌و زنجیر له‌پێ...
پشتم دارزاوی جه‌زره‌به‌ی قه‌مچیه‌..
پێستم به‌ سه‌ر ئێسكما وشك بۆته‌وه‌...
به‌ڵام به‌ دڵێكی وه‌ك پۆڵاوه‌...
شاعیر له‌ سه‌ره‌تادا،وه‌سفی ئه‌و واقیعه‌ ده‌كات كه‌ تیایدا ده‌ژیت‌و له‌ سۆنگه‌ی ئه‌وه‌شه‌وه‌،بیۆگرافیای ژیانی خۆی وه‌ك مرۆڤێك كه‌ هه‌ڵگری شوناسی نه‌ته‌وه‌یه‌،نیشانده‌دات. واته‌ شاعیر به‌رله‌وه‌ی هه‌نگاو به‌ره‌و ڕووناكی كه‌ هێمایه‌ بۆ ئایینده‌یه‌كی گه‌ش بنێت، سه‌ره‌تا باسی خۆی ده‌كات.كه‌ هه‌ڵومه‌رجی ژیان‌وسه‌ختیه‌كانی ڕۆژگار‌و ژێر ده‌سته‌یی، ئه‌ویان خستۆته‌ چ دۆخێكه‌وه‌. بۆیه‌ وه‌سفی خۆی ده‌كات‌و ئاماژه‌ به‌ هه‌موو ئه‌و برین‌وخوێن‌و كه‌له‌پچه‌و قه‌مچی‌و چه‌وسانه‌وه‌ی له‌لایه‌ن دوژمنانیه‌وه‌ ده‌كات. ئێمه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای شیعره‌كه‌دا، وێنه‌ی مرۆڤێكی شه‌كه‌ت،ماندوو زامدار ده‌بینین، كه‌ ئه‌و گومانه‌مان لادروست بكات به‌وه‌ی،كه‌ ئه‌و مرۆڤه‌ نه‌ك هه‌ر نه‌توانێت به‌ره‌و ڕووناكی هه‌نگاو هه‌ڵبگرێت، به‌ڵكو توانای هه‌ناسه‌دان‌و ژیانیشی نه‌ماوه‌. به‌و پێیه‌ی وه‌سفی جه‌سته‌ی خۆی ده‌كات وه‌ك مرۆڤێك كه‌ له‌ چ حاڵێك دایه‌. بێگومان سه‌فه‌ریش، پێویستی به‌ توانای جه‌سته‌یی‌و خۆڕاگری‌و پشوودرێژی هه‌یه‌. كه‌واته‌ پرسیار ئه‌وه‌یه‌، شاعیر چۆن ده‌توانێ‌ به‌ره‌و ڕووناكی بكه‌وێته‌ ڕێ، له‌ كاتێكدا پێستی به‌ سه‌ر ئێسكیدا وشك بۆته‌وه‌؟به‌ده‌ربڕینێكی تر، ئایا مرۆڤێك ده‌توانێت، به‌ ئومێده‌وه‌ چاو بڕوانێته‌ ئایینده‌و ڕوه‌و ڕووناكی هه‌نگاو هه‌ڵبگرێت،له‌ كاتێكدا، ژیانی پڕ بێ له‌ سه‌ختی‌و كوێره‌وه‌ری؟ لێره‌وه‌ش، شاعیر سه‌ره‌تا له‌ به‌رده‌م دۆخێكی ڕه‌شبینانه‌ی گه‌وره‌ دایه‌. وه‌لێ چونكه‌ ئه‌و هه‌ر بڕیاریداوه‌، به‌ره‌و ڕووناكی بڕوات، ئیدی ئه‌و ڕه‌شبینیه‌ ناتوانێ‌ نه‌له‌و سه‌فه‌ره‌ ساردیبكاته‌وه‌،نه‌ نائومێدیشی بكات. به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌، كه‌ شاعیر چۆن ده‌توانی هه‌رسووربێت له‌ سه‌فه‌ری به‌ره‌و ڕووناكی، له‌ كاتێكدا جه‌سته‌ی هه‌مووبرینه‌و خوێنی لێ ده‌تكێ‌؟ مرۆڤ چۆن ده‌توانێ‌ به‌ ئومێده‌وه‌ بڕوانێته‌ ژیان له‌ كاتێكدا ڕۆژگار سته‌می لێكردوه‌و شكستی خواردوه‌؟ شاعیر چۆن ده‌توانێ‌ له‌و په‌ڕی نائومێدییه‌وه‌، هێشتا به‌ ئومێده‌وه‌ بڕوانێته‌ ئایینده‌و ڕوه‌و ڕووناكی سه‌فه‌ر بكات؟ ئه‌مجاره‌یان شاعیر له‌ دێره‌ شیعرێكی دیكه‌یدا، نهێنی توێشووی ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی ئاشكراده‌كات‌وده‌ڵێ:_
به‌ڵام به‌ دڵێكی وه‌ك پۆڵاوه‌..
شاعیر ئه‌گه‌رله‌ سه‌ره‌تای شیعره‌كه‌ی وه‌ك ده‌رووناسێك وه‌سفی جه‌سته‌ی خۆمان بۆ بكات به‌وه‌ی كه‌ ئاسه‌واری خوێن‌و برین‌و هه‌ژاری‌و نه‌زانی‌و دیلی‌وجه‌زره‌به‌ی قامچی به‌ سه‌ره‌وه‌یه‌، ئه‌وا دواترمادام دڵێكی وه‌ك پۆڵای هه‌یه‌، ئه‌وا به‌ره‌و ڕووناكی هه‌نگاو ده‌نێت‌و سه‌ختییه‌كانی ژیان ساردی ناكه‌نه‌وه‌. كه‌واته‌ پاڵنه‌ری سایكۆلۆژی‌و جه‌سته‌یی لێره‌دا بۆ شاعیر ئه‌و دڵه‌یه‌ كه‌ خۆی هاوشێوه‌ی پۆڵایه‌ك وه‌سفی كردوه‌. زۆرجار دڵ به‌و نیشتمانه‌ ده‌چوێنرێت كه‌ هه‌ر كاتێك داگیر كرا،مرۆڤ به‌ ناچاری ده‌بێ خۆی به‌ ده‌سته‌وه‌ بدا. به‌ڵام لێره‌دا شاعیر ئه‌گه‌رچی شوێنێك نه‌ماوه‌ له‌ جه‌سته‌ی كه‌ هێمای ئازاردان‌وبرین‌و خوێن نه‌بێت، كه‌چی دڵی هه‌ر وه‌ك پۆڵا له‌ به‌ هێزی دایه‌. كه‌واته‌ دڵی شاعیر سه‌رچاوه‌ی مانه‌وه‌و خۆڕاگری‌و به‌رگه‌گرتنی هه‌موو ئه‌و ناخۆشیانه‌یه‌،كه‌ به‌سه‌رژیانی شاعیر داهاتوون. به‌ ده‌ربڕینێكی تر شاعیر بۆیه‌ وێرای جه‌سته‌یه‌كی بێ هێز توانیویه‌تی هه‌ر به‌ به‌هێزی بمێنێته‌وه‌.چونكه‌ دڵێكی وه‌ك پۆڵای هه‌یه‌. بێگومان دڵیش سه‌رچاوه‌ی ئومێدو هیواو خۆشبه‌ختی مرۆڤه‌كانه‌. مرۆڤ كه‌ له‌ دڵه‌وه‌ نائومێد بوو،ئه‌سته‌مه‌ بتوانێت به‌ خه‌ونی ئایینده‌وه‌ بژیت. وه‌لێ شاعیر گه‌رچی دڵنیایه‌ له‌وه‌ی ئه‌و سه‌فه‌ره‌ پێویستی به‌ به‌رده‌وامی‌و قوربانیدان‌وهاوكات چ ڕێگه‌یه‌كی سه‌ختی له‌پێشه‌، ئه‌مه‌ وێرای بارو دۆخی ده‌روونی خۆی، كه‌چی هه‌ر سووره‌ له‌ ڕۆیشتن به‌ره‌وه‌ ڕووناكی. ئه‌مجاره‌یان ده‌ڵێت:_
زۆر چاك ده‌زانم چ ڕێگه‌یه‌كی سه‌ختم له‌ به‌ره‌..
ئه‌زانم زۆر چاك ئه‌زانم چ ده‌ردو ئازار‌وئه‌ركێكم له‌ سه‌ره‌..
ئه‌زانم..دوژمنه‌كانم چ بلیمه‌تێكن له‌ ئازاردان‌وكوشتنا..
شاعیر له‌ ده‌سپێكی سه‌فه‌ره‌كه‌یدا،ده‌زانێت چ ڕێگه‌یه‌كی سه‌ختی گرتۆته‌ به‌ر، به‌ده‌ر له‌وه‌ی بزانێت كه‌ دواجار چاره‌نووسی ئه‌و سه‌فه‌ره‌ به‌ كوێی ده‌گه‌یه‌نێت.دڵنیاشه‌ له‌وه‌ی كه‌ چ ده‌ردو ئازارێك ده‌كێشێت‌و زۆرباشیش ماهیه‌تی ڕاسته‌ قینه‌ی دوژمنانی ده‌ناسێت، كه‌ چ بلیمه‌تێك‌و ئازان له‌و چه‌وسانه‌وه‌و ئازاردانی به‌رامبه‌ره‌كانیان.كه‌چی شاعیر ململانێی مه‌حاڵ ده‌كات‌وگوێ به‌ هه‌موو ئه‌و بارودۆخه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ده‌روونیه‌ سه‌ختیه‌ی خۆی نادات‌و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ سه‌فه‌ر به‌ره‌و ڕووناكی.لێره‌دا ئێمه‌ له‌به‌رده‌م وێنه‌ی مرۆڤێك داین، كه‌وێرای هه‌موو ئه‌و سه‌ختی‌و به‌ربه‌ستانه‌ی له‌به‌رامبه‌ر سه‌فه‌ره‌كه‌یدا ده‌یزانێت،كه‌چی نه‌نائومێد ده‌بێت‌و نه‌ساردیش ده‌بێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌وی هه‌موو ئه‌و تێڕوانینانه‌ی به‌ شێكی زۆری مرۆڤه‌كانه‌، به‌و پێیه‌ی ئه‌گه‌ر بزانن‌و دڵنیابن له‌وه‌ی كه‌ ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی له‌ به‌رده‌میانه‌ به‌ره‌و چاره‌نووسێكی نادیاریان ده‌بات‌و ڕه‌نگه‌ به‌ مه‌رگی ئه‌وانیش كۆتاییبێت، بێگومان پاشگه‌ز ده‌بنه‌وه‌ له‌ سه‌فه‌ره‌كه‌یان. به‌ڵام برایم ئه‌حمه‌د ئه‌و واقیعه‌ سه‌خته‌ نه‌ك هه‌ر كاری تێ ناكات، به‌ڵكو سوورتری ده‌كات له‌ سه‌فه‌ره‌كه‌ی.بۆیه‌ ئه‌مجاره‌یان ده‌ڵیت:_
ئه‌وه‌نده‌ی تۆزێ كارناكه‌نه‌ دڵم..
سه‌رێكه‌و هێناومه‌و نایگێڕمه‌وه‌..
ئه‌ڕۆم به‌ بێ ترس به‌ره‌و ڕووناكی..
شاعیر په‌یامێك ده‌داته‌ دوژمنانی، كه‌ وێرای زۆرداری‌و ده‌سه‌ڵات‌و چه‌وسانه‌وه‌ی ئه‌وان، كه‌چی هه‌موو ئه‌و بارودۆخانه‌ كار ناكه‌نه‌ سه‌ر شاعیر.به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ڵكو ئه‌و سه‌رێكه‌و هێناویه‌تی‌و نایگێڕێته‌وه‌و دوابڕیاری خۆی داوه‌،له‌و سه‌فه‌ره‌. بۆیه‌ دوژمنان ده‌بێ ئه‌وه‌ له‌ خه‌یاڵی خۆیان ده‌ربكه‌ن، كه‌ بتوانن شاعیر له‌و سه‌فه‌ره‌ په‌شیمان بكه‌نه‌وه‌. لێره‌دا ده‌كرێ به‌دوای ئه‌و نهێنیانه‌ دابگه‌ڕێین كه‌ ئاخۆ ئه‌وه‌ چ پاڵنه‌رێكه‌ وا له‌ شاعیر ده‌كات،هه‌ر سوور بێت له‌ سه‌فه‌ر كردن، له‌ كاتێكدا، هه‌موو ئاسته‌نگ‌و سه‌ختییه‌كانی به‌رده‌م ئه‌و سه‌فه‌ره‌ش ده‌زانێ؟ چیه‌ وای لێده‌كات، ئه‌و هه‌ربه‌ره‌و ڕووناكی بچێت‌و باكی به‌ دوژمان‌و برینی جه‌سته‌ی خۆی‌و سه‌ختییه‌كانی ئه‌و سه‌فه‌ره‌ نه‌بێت؟ بێگومان ئه‌گه‌ر به‌وردی له‌ ناوه‌ڕۆكی شیعره‌كه‌ وردبینه‌وه‌، ده‌گه‌ینه‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌و سووربوونی شاعیر له‌و سه‌فه‌ره‌یدا. چونكه‌ شاعیر له‌ سه‌ره‌تای شیعره‌كه‌یدا، وه‌سفی ژیانی خۆی ده‌كات، كه‌ له‌ چ بارودۆخێكی سایكۆلۆژی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ژیت. ئه‌و له‌ سایه‌ی دوژمنانی ژیانێكی ژێر ده‌سته‌یی‌و چه‌و ساوه‌یی ده‌ژیت، كه‌ جه‌سته‌ی ئاسه‌واری هه‌مووبرینێكی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌.بۆیه‌ به‌هه‌مووشێوه‌یه‌ك هه‌وڵی ئازادبوون له‌و ژیانه‌و هه‌ڵبژاردنی ژیانێكی تازه‌ ده‌دات. ئه‌و ده‌زانێت مانه‌وه‌ له‌و بارودۆخه‌،نایگه‌یه‌نێته‌ هیچ ئامانجێك‌و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ژیانی كۆله‌ مه‌رگی خۆی درێژه‌ پێده‌دات. بۆیه‌ بڕیار ده‌دات به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌و ژیانه‌ جێبێڵێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ڕووبه‌ڕووی چاره‌نووسێك ببێته‌وه‌،كه‌به‌مه‌رگی خۆشی ته‌واو بێت.یاخود نه‌گاته‌ دوا ئامانج‌وئه‌و خه‌ونه‌ی مه‌به‌ستیه‌تی. هه‌روه‌ك خۆشی له‌ دێره‌ شیعرێكی دیكه‌یدا ئه‌مجاره‌یان ده‌ڵێت:_
ئه‌زانم ڕه‌نگه‌ نه‌شگه‌مه‌ ئامانج..
ڕه‌نگه‌ له‌ یه‌كه‌م قۆناغا بكوژرێم..
به‌ڵام بمرم‌وبه‌ره‌و ڕووناكی برۆم..
له‌ هه‌زار ژیانی ناو تاریكی چاكتره‌.
ئه‌گه‌ر شاعیر له‌ قۆناغی یه‌كه‌می ژیانیدا، كه‌ ئه‌ویش به‌رله‌ سه‌فه‌ره‌كه‌یه‌تی به‌ره‌و ڕووناكی،جه‌سته‌ی ئاسه‌واری برینه‌كان بێت‌و له‌ ژیانێكی سه‌خت بژیت، به‌ هۆی هه‌ڵومه‌رجی ژێر ده‌سته‌یی‌و چه‌وساوه‌یی له‌لایه‌ن دوژمنانه‌وه‌، دواجاریش به‌و هۆیه‌وه‌ وێرای شه‌كه‌تی ژیانی خۆی،بڕیاربدات ئه‌و ژیانه‌ جێبێڵێت‌و ڕووه‌و ڕووناكی سه‌فه‌ر بكات، ئه‌وا دڵنیا نییه‌ كه‌ ئاخۆ ژیانی دوای ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی چۆنه‌؟ له‌ ژیانی پێشووتری خۆشتر ده‌بێت یاخود نا؟وه‌لێ شاعیر چونكه‌ ژیانی به‌رله‌سه‌فه‌ری به‌ ژیانی نێو تاریكی ده‌بینێت، ئیدی جێهێشتنی ئه‌و تاریكیه‌و گۆڕینه‌وه‌ی ئه‌و ژیانه‌ به‌ ژیانێكی شیاوتر، به‌ چاره‌سه‌ر ده‌زانێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش بێگومان ده‌بێ هه‌وڵی جێهێشتنی ژیانی ئێستای بدات‌و ژیانێكی دیكه‌ بژیت. بێباك له‌وه‌ی كه‌ توانای سه‌فه‌ری هه‌یه‌ یاخود نا؟ لێره‌دا شاعیر برین‌و سه‌ختییه‌كانی ژیانی خۆی له‌ بیرده‌كات‌و ئامانجی سه‌فه‌ره‌كه‌ی كه‌ به‌ره‌و ڕووناكییه‌، هه‌ڵومه‌رجی ژیانی له‌ بیر ده‌به‌نه‌وه‌. واته‌ شاعیر له‌ نێوان ڕه‌شبینی ژیانی‌و گه‌شبینی سه‌فه‌ره‌كه‌یدا،ده‌كه‌وێته‌ ململانێ‌و سه‌ره‌نجام بڕیاری سه‌فه‌رده‌دات. بێگومان ئێمه‌ ئه‌گه‌ر گه‌شبینی مرۆڤه‌كان، ببه‌ستینه‌وه‌ به‌ بارودۆخی سایكۆلۆژیان‌و به‌ خته‌وه‌ری ژیانیان، به‌و مانایه‌ی مرۆڤ ئه‌و كاته‌ گه‌شبین‌و به‌ خته‌وه‌ر ده‌بێت، كه‌ هیچ گرفتێكی له‌ ژیان نه‌بێت،ئه‌وا له‌ ڕوانگه‌ی شاعیردا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، گه‌شبینی ده‌ره‌نجامی ڕه‌شبینی‌و سه‌ختییه‌كانی ژیانه‌. واته‌ خودی ئه‌و ڕه‌شبینیه‌، دواجار ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ لای مرۆڤه‌كان دروست ده‌كات،كه‌ به‌دوای به‌خته‌وه‌ری دابگه‌ڕێت. له‌ بڕی ئه‌وه‌ی ده‌سته‌مۆی ئه‌و ژیانه‌ بێت، كه‌ تیایدا ده‌ژیت. بۆیه‌ ده‌بینین، شاعیر وێرای ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌تای شیعره‌كه‌یدا، وه‌سفی ژیانی خۆیمان بۆ ده‌كات، كه‌ هه‌موو جه‌سته‌ی ئاسه‌واری قه‌مچییه‌و له‌ نێو تاریكی‌و ژێر ده‌سته‌یی‌و به‌ هێزی دوژمنانیه‌وه‌ هاتوه‌، وه‌لێ هه‌ر سووریشه‌ له‌ سه‌فه‌ر به‌ره‌و ڕووناكی. لێره‌وه‌ش سه‌فه‌ر به‌ره‌و ڕووناكی، سه‌فه‌ره‌ به‌ره‌و ئایینده‌، سه‌فه‌ره‌ به‌ره‌و ژیانێكی تازه‌و نوێ. ژیانێك دوورله‌ ژێر ده‌سته‌یی‌و چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی. كه‌ بێگومان هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ مه‌به‌ستی ڕاسته‌ قینه‌ی شاعیر، له‌ سه‌فه‌ر‌و ڕۆیشتن به‌ره‌و ڕووناكی........

 



*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ هه‌فته‌نامه‌ی(نسێ)ی ئه‌ده‌بی ژماره‌(112)ڕۆژی 17/11/2014بڵاوكراوه‌ته‌وه‌....





 

           

 

30/11/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com