لە ڤیستیڤاڵى (گەلاوێژ)ى ئەمساڵدا بەشداریم کرد . دواى
پێشکەشکردنى بابەتەکەم لەژێر ناونیشانى (دەرخستنى خود
و خودکوژى لە شیعرى لاوانى دواى 2000)دا ، توانیم
خەڵاتى لێکۆڵینەوە وەربگرم . بەڕێز (ئازاد حەمە)
سەرۆکى لیژنەى هەڵسەنگاندنى لێکۆڵینەوەکان بوو . دیارە
ئەوکەسەى دەکرێتە لیژنەى ڤیستیڤاڵ، ئیشى بریتییە لە
هەڵبژاردنى باشترینى ئەو دەقانەى دەچنە بەر دەستى ،
یانى ئەو دێت دەقەکان هەڵدەسەنگێنێ و خودى
هەڵسەنگاندنەکەش پۆلێنکردنى لێدەکەوێتەوە .ئەوەى لە
ڤیستیڤاڵى ئەمساڵدا بینیمان ، شتێکى تر بوو ، سەرۆکى
لیژنەى لێکۆڵینەوەکان بڕیاریدا پلەى یەکەم نەبەخشێ بە
هیچ لێکۆڵینەوەیەک، نەک لەبەر ئەوەى تێبینى هەبوو
لەسەر لێکۆڵینەوەکان ، بەڵکو لەبەر ئەوەى
لێکۆڵینەوەکان لەدیدى ئەوەوە نزیکبوون لە لێکۆڵینەوەى
نەبووەوە . ئایا ئێمە دەتوانین ڕەخنە لە دەقى نەبوو
بگرین؟ ، ئایا دەتوانین دەقى نەبوو هەڵسەنگێنین ؟ ،
ئەگەر ئەو دەقانەى ئێمە دەقى نەبوون ، ئەى بۆ پلەى
دووەم و سێیەمیان وەرگرت ؟ ئەوە چۆنە کە کاک (ئازاد)
پلە دەبەخشێتە دەقى نەبوو و لێکۆڵینەوەیەک کە وەکو خۆی
دەیڵێ ئەنجام و پێشەکى تیا نییە . هەڵبەت
لێکۆڵینەوەکان پێشەکییان هەبوو ، زۆربەشیان ئەنجامیان
دیارى کردبوو ، ئەى کەواتە ئەوە چی بوو کە کاک (ئازاد)
گوتى ؟ تۆ بڵێى ئەو لێکۆڵینەوەکانى نەبینیبێت ؟ ئەى
ئەگەر بینیویەتى بۆ گوتى لێکۆڵینەوەکان پێشەکى و
ئەنجامیان نەبوو لە بارێکدا کە هەیانبوو ؟ .
ڕاستى مەرج نییە هەموو لێکۆڵینەوەیەک پێشەکى و ئەنجامى
هەبێت ئینجا ناسنامەى لێکۆڵینەوەى پێبدەین ، ئێمە
نموونەى لێکۆڵینەوەى کاک (ئازاد)مان هەیە کە پێشەکى و
ئەنجامى دیاری نەکراوە ، ئەگەر ئەوەى کاک (ئازاد)
دەیڵێ پێوەر بێت ، کەواتە نابێت ئەو لێکۆڵینەوانەى کاک
(ئازاد) لێکۆڵینەوە بن . دوا جار ئەو فۆڕمە لە
بڕیاردان لاى کاک ئازاد بەزانستیکردنى ئەدەبە ، لە
کاتێکدا هەڵەیە ئەدەب وەکو زانست ببینین و وەکو کەسێکى
ئەکادیمى و زانستى قسە لەسەر دەقى ئەدەبی بکەین .
هەموو ئەو ڕەخنانە ڕەتدەکەمەوە بە ڕەخنەى زانستى
ناوزەددەکرێن و ئاڕاستەى دەقى ئەدەبى دەکرێن . دەبێت
بە زمانێکى ئەدەبى ڕەخنە لە تێکستى ئەدەبی بگرین نەک
بە زمانێکى زانستى . (میلەر) پشتگیرى لە قوتابخانەى
ڕەخنەى نوێ دەکرد و لە ڕێگاى ڕەتکردنەوەى ڕوانگەى
سیمیۆلۆژى و دیاردەگەرایى و مارکسییانەى کە پێیوایە
دەشێت تیۆرى ئەدەبی ببێتە زانست . (میلەر) و (درێدا) و
(هارتمەن) هاوسەنگەرن لە ئاست ئەو بابەتەدا ، لەوێدا
ڕەخنەى ئەدەبی ئەدەبێکى پلە دووە .
ئەوەى کاک (ئازاد) گوتى فەوتانى بەشێکى ڕۆحە ، چونکە
خودى ئەدەب هیچ نییە جگە لە بەشێک لە ڕۆح . ڕۆح لە
ئاست جەستەدا وەکو (خاوەن) دەردەکەوێ ، یانى ئەوەى
خاوەنى جەستەیە ، ڕۆحە ، ئەگەر ڕۆح هەیکەلێک بێت ،
ئەوا جەستە جلەکانى ئەو هەیکەلەیە ، ساتى داکەندنى
جلەکانیش ، ساتى جیابوونەوەى ڕۆحە لە جەستە ، وەلێ
دیسانەوە دەپرسینەوە : ڕۆح کە جیادەبێتەوە دەچێت بۆ
کوێ ؟ . هەمیشە جەستە ئینتیزارى ڕۆحەکەیەتى (دواى
جیابوونەوە ) ، تەنانەت ئەگەر جەستە خاک و خۆڵیش بێت ،
ئەوەى مونتەزیرە ، خۆڵە ، خۆڵێک کە سەردەمانێک پێمان
دەگوت (جەستە) ، کەواتە ڕۆح هەرچی بێت ، دۆستى ئەو
خۆڵەیە کە ئێمە بە پێیەکانمان بەسەریدا گوزەردەکەین ،گومان
دەکەم ڕۆح ڕۆحى خۆى ئەگەر بە خەیاڵیش بێت بنێرێتەوە بۆ
لاى جەستە ، بۆ لاى خۆڵ (دواى جیابوونەوە ) ، کەواتە :
(ڕۆحى ڕۆح وا لەژێر پێی ئێمەدا ) .دەبێت وریا بین
هێواش هێواش ڕێگا بکەین ، نەبادا (ڕۆحى ڕۆح) درز ببا .
ئەگەر خێرا ڕۆیشتن بەسەر خۆڵدا گوزارشت بێت لە : خراپە
، کەواتە دڵنیابووینەوە کە هەر بەڕاستى : (خراپە)
خراپە .لێرەوە دەکرێ بڵێین ئەوەى کاک (ئازاد) گوتى
خراپەیەکى خراپە لە بەرامبەر ڕۆحدا ، لە بەرامبەر
ئەدەبدا .لە قسەکانى کاک (ئازاد)دا هەستت بە جۆرێک لە
بەزەیی هاتنەوە دەکرد ، ئەو دەیویست پێمان بڵێ کە
بەزەیی پێمان هاتۆتەوە هەر بۆیە پلەى دووەم و سێیەمى
دیاریکردووە ، ئەوەتا هەر خۆى گوتى پێموایە خاوەنى
لێکۆڵینەوەکان بەو بڕیارەى من تووڕە دەبن ، ئەو بۆیە
بەزەیی بە خاوەنى لێکۆڵنەوەکان هاتۆتەوە ، بۆ ئەوەى
تووڕە نەبن . خود بۆ نیشاندانى خۆشەویستى ، پەنا بۆ
بەزەیى دەبا ، بەو هیوایەى بتوانێ لەو ڕێگایەوە ئەویتر
ئاسوودە بکا . بەزەیى لە زۆربەى فەلسەفە و دەستکەوتە
تیۆرى و میتدۆییەکان و پراکتیکە ئاینییەکان و ئایدیا و
کتێبەکاندا وەکو پێویستى باسى کراوە کە ڕەوشتى مرۆ
نیشان دەدا ، وەلێ ئەوکاتەى خود بەزەیى بۆ ئەویتر
دەردەبڕێت ، هەر بە ڕاست بەزەیى پێدا هاتۆتەوە ؟ ئایا
بەزەیی هاتنەوەى خود بە ئەویتر باشە یان خراپ؟ . لاى (نیتشە)
ئەو کاتەى خود بەزەیى بە ئەویتردا دێتەوە ، لەبەر ئەوە
نییە ئەو کەسەى خۆشدەوێ ، بەڵکو تەنها لەبەر ئەوەیە
خود لەوە دەترسێ ئەوەى بەسەر ئەویتردا هاتووە بەسەر
ئەمیشدا بێت ، بۆیە لەڕێگاى نیشاندانى ئەو بەزەییەوە ،
ئەو ترسە لەخۆى دووردەخاتەوە . (نیتشە) بەزەیى بە خراپ
دادەنێ . کەواتە مرۆ لە ڕێگاى گەڕانەوە بۆ خودەوەیە
بەزەیى بە ئەویتر دێتەوە . مەسەلەکە ئەوەندەى پەیوەندى
بە خودەوە هەیە ، پەیوەندى نییە بە ئەویترەوە .
ڕەخنەى من لەو گشتاندنەیە (نیتشە) پشتى پێبەستووە .
دەکرێ ئەو دیدە (نیتشە)ییە بۆ بەشێکمان ڕاست بێت ،
وەلێ بۆ هەموومان دروست نییە ، بە تایبەتى بۆ مرۆى
ڕۆژهەڵاتى کە نرخى خۆى دەبەستێتەوە بە کۆمەڵەوە ، بۆ
ئەو بەزەیى مەرجێکە بۆ مرۆڤبوون و بەزەیی هاتنەوەى
پێشمەرجى نیشاندانى ئەو مرۆڤبوونەیە .
لە ڕاستیدا ئەو بەزەییەى شاعیرێک لە شیعرەکانیدا
نیشانى دەدا ، جیاوازە لەو بەزەییەى ڕەخنەگرێک لە
سەرزەمینە واقیعییەکەدا نیشانى دەدا . شاعیر هەیە لە
شیعرەکانیدا کەسێکى بێبەزەییە و لە دونیاى واقیعیشدا
بە سۆز و بەزەییە ، لەبەرامبەریشدا دەکرێ شاعیرەکە لە
شیعرەکانیدا کەسێکى بە بەزەیى بێت و لە دەرەوەیدا
تەواو پێچەوانە بێت .
نیشاندانى سۆز و بەزەیى لە تێکستێکى شیعریدا شتێکى
ئاساییە ، بەو مەرجەى عاتیفە و بەزەیى نەکرێنە
کەرەستەى سەرەکیى نووسینى شیعرەکان .لە شیعرى (وۆردزۆرس)
هەستى بەزەیى و فۆڕمێک لە دڵنەرمى شاعیر بۆ کچە
گەنجەکەى و کچى (ئۆدیب) بۆ باوکە کوێرەکەى بەیەکەوە
بەستراونەتەوە .( هارتمەن ) لەنێوان خوێندنەوەى
ڕاستەوخۆ و خوێندنەوەى زانستیدا ، خوێندنەوەى زانستى
هەڵدەبژێرێ لە ئاست شیعرى (وۆردزۆرس)دا . دوا جار ئەو
نووسینەى ئێمە وەستانەوەیەکى ڕاستەوخۆ نییە لە
بەرامبەر کاک (ئازاد)، بەڵکو وەستانەوەیە لە بەرامبەر
فۆڕمێک لە گوتار کە لەنێو نووسەرانى کورددا باوە کە
خۆى لە خۆدەرخستندا دەبینێتەوە ، ئەگینا هەر لەنێو
لێکۆڵینەوەکاندا بۆى هەیە سوود لە دەقى خودى کاک (ئازاد
) وەرگیرابێت ، بەتایبەتى دەقەکەى (بڵند باجەلان) کە
کتێبێکى کاک (ئازاد حەمە)ى وەکو سەرچاوە بە کارهێنابوو
.
|