خەمی چیرۆک
 

  

محەمەد فەریق حەسەن

 



چیرۆک ژانرێکی کورتە لەڕێی، گی دی موپاسان، ئەنتواون چێخۆف و ئەدگار ئالان پۆوە، وەک هونەرێکی جوان، بە تایبەتمەندیی خۆیەوە ناسرا. پشت بە سەرنج و تێبینیی وردی نووسەر لەسەر مرۆڤی تاک دەبەستێ. ئەگەر ژانری ڕۆمان، ئەدەبی گێڕانەوەی فرەدەنگی بێت، ئەوا کورتە چیرۆک هونەری گێڕانەوەی تاک دەنگییە. ئەمیش وەک ژانری شیعر، دەست بە وشەوە دەگرێ. یەک کارەکتەری سەرەکیی هەیە، بە ڕەهەندەکانی جەستەیی، کۆمەڵایەتی، دەروونی و هزرییەوە، ئەگەرچی بواری درێژەپێدانی ئەم ڕەهەندانەشی نییە، مەگەر لێرەو لەوێ ئاماژەیان پێبدات. لە دەوری تاکە بیرۆکەیەک دەسووڕێتەوەو یەک ئامانجیشی هەیە. لەگەڵ ئەوەیشدا، ژانرێکی هێژایەو لەپێشەوەیە. بەو واتایەی بە جەماوەری بووەو خوێنەری هەیە. وێڕای ئەوەی چیرۆک بۆی هەیە ببێت بە کەرەسەی خاو بۆ شانۆیی و فیلم. واتە شانۆ و تەلەڤزیۆن و سینەما کەڵکی لێ وەردەگرن. ئەمەیش یەکێکە لە هۆیەکانی مانەوەی وەک ژانرێکی هێژای زیندوو.
مەبەست لە کورتییەکەی ئەوەیە، نووسەر لەڕێی دەقێکی کورتی هەزار وشەیی، یان بڕێک جاران کەمتریش، دنیایەک خولیای مرۆڤ و کۆمەڵ دەدرکێنێ. بەڕادەیەک، خوێنەر تووشی ڕامان و حەپەسان دەکات. وا چاوەڕوان دەکرێ، چیرۆک بە واتای نوێ، مەبەستی نوێ و جوانکاری دەوڵەمەند بێت. لە بیچمێکی هونەریی ئەوتۆدا داڕێژرابێ، یان با بڵێین بە تەکنیکێکی ئەوتۆ نووسرابێ، وەرگر (متلقي) بە شەوق و زەوقەوە بیخوێنێتەوە. بە ئاستێکی ئەوتۆ سەرنجڕاکێش بێت، هەم خوێنەر، هەمیش تۆێژەر لەیادی نەکەن. واتە دەقێکی ئەوتۆ بێ، بە تێپەڕینی کات کۆن نەبێت. نووسەرانی دەوروبەر و لای خۆیشمان هەن، ڕۆمانی زۆر ئەستووریان نووسیوە، بێئەوەی هیچکام لەو ڕۆمانانە ئۆرتی کورتە چیرۆکێکیان هەبێت. بەواتایەکی تر، دەتوانین بڵێین، چیرۆک هەیە بەو کورتییەی خۆیەوە، توانیوێتی لە ڕۆمانێک زیاتر بڵێت و بژی. وەک دەق چیرۆکە، وەلێ لە ڕۆمانێک پتر جوانی و مەبەستی گرنگی لە خۆیدا حەشارداوە. لە ڕۆمانێک زیاتر، فەلسەفەو واتای هەڵگرتووە. بۆیە دەبینی ڕۆمانەکە بە مردویی لەدایک بووەو زوویش لەبیرچووەتەوە، هەرچی کورتە چیرۆکەکەیە زیندووە و لە یادی خوێنەردا ماوەتەوە. چونکە نووسەر لەوێدا توانای خۆی کۆکردووەتەوە، تاکو بەوردی ئامانجێک بپێکێ. یوسف ئیدریس، کە وەک پێشەنگێکی کورتە چیرۆک، لە وڵاتی میسر دەناسرێ دەڵێ: "چیرۆک گوللەیە، پێش ڕۆمان، ئامانج دەپێکێ." دەشێ بڵێین، چیرۆک درامایەکی گەرموگوڕەو داینامیکییەتی پتری تێدایە. کەواتە تەشویقی پتریشی تێدایە. بۆیە لەگەڵ ڕۆحی سەردەمدا دەگونجێ.
دەتوانین بە جۆرێکی تر بیڵێین. دەقی ئەدەبیی بەبڕشت، بە ڕاستەو پرگال ناپێورێ، یان بە ژمارەی وشەکانی، حیسابی بۆ ناکرێ. هێندێک نووسەر هەن، لە وەهمی ئەوەدا دەژین گوایە توانیویانە پلەیەک بە پەیژەی کورتە چیرۆکدا سەربکەون و ڕۆمان بنووسن. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوان هیچی ئەوتۆیان پێکەوەنەناوە، جێدەستان دیار بێت و جێی باس بێت. بەڵکو ئەوان هونەری کورتە چیرۆکیشیان لەبیرچووەتەوە، کە ڕامان و وردەکاریی زۆر و چڕبوونەوەی هزرو زمانی گەڕەکە. مەگەر ئەوەندەیان لەدەست هاتبێ، فێری درێژدادڕی بووبن. لە دۆخی وەهادا، ئێمە بۆمان هەیە لێیان بپرسین، ئایا ژانری ڕۆمان بریتییە لە هونەری درێژدادڕی؟ ئایا ڕۆمان چیرۆکی درێژکراوەیە، یان ژانرێکی تەواو سەربەخۆیە؟
مەرگی فەرمانبەرێک (پژمین)، کورتەچیرۆکێکی ئەنتوان چێخۆفی ڕووسییە. بەڵام لەم دونیا بەرینەدا، ئەوەی کەڵکەڵەی چیرۆکی لە کەللەدا بووبێ، بیستوویەتی و خوێندوویەتییەوە. دوای تێپەڕینی دەیان ساڵیش، لەیادی نەچووەتەوە. هەر ئەم دەقە کورتە، چەندان جار بە فیلم کراوەو، ڕەنگە چەندان جاری دیکەیش بە فیلم بکرێ. دواجار (ئەوەی من بینیبێتم) دەرهێنەرێکی لاوی کوێتی بە فیلمی کردبوو، بینەری ئەوق دەکرد.
هەر لەم وڵاتی عیراقەدا محمد خضیر ناوێک هەیە خەڵکی شاری بەسرایە. ژمارەیەک کورتە چیرۆکی نووسیوە، لەیاد ناچنەوە. جۆلانە (الارجوحة) یەکێکە لەو چیرۆکانە، کە بە مشتێک وشە، کارەساتی جەنگێک دەگێڕێتەوە و هەواڵی مەرگی باوکێکی سەرباز بە جگەرگۆشەکەی ڕادەگەیەنێ، لەکاتێکدا منداڵەکە، لەسەر جۆلانەیەک گوژم دەدا. ئەو چیرۆکە نایابە، بە نزیکەی دووهەزار وشە، موعاناتی جەنگێکی مێژوویی یەکلاییکەرەوە دەگێڕێتەوە. زۆر ڕۆمان هەن لەسەر جەنگەکانی ١٩٦٧ و ١٩٧٣ی نێوان وڵاتانی عەرەب و ئیسرائیل نووسراون، بەڵام هیچکامیان هێندەی ئەم کورتە چیرۆکە کاریگەر و ڕەوانبێژ نین.
پێم باشە ئەوەندەی لە توانادا بێت، زمانی چیرۆک چڕبکرێتەوە، وەک ئەو چڕییەی، بە دەقی ئاینی، فەرموودەی پێغەمبەران و وتەی فیلۆسۆفەکانەوە دیارە. ئەوان هاتوون لە ڕێی چڕکردنەوەی ڕەگەزی زمانەوە، دەقیان بەواتا بارگاوی کردووە، بۆیە کاریگەرییان لەسەر مرۆڤ داناوە. وتەکانیان جێی لێکدانەوەن و تاکو ئیستایش ئێمە واتایان لێ هەڵدەوێنجین.



 

           

 

30/11/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com