خودا لە هەموو دایکان خۆش دەبێت
 

  

حەمەسەعید حەسەن




یاسین خێڵانی، دەقێکی نووسیوە، ناوی لێ ناوە: (نازیلا) کە بە هەق شیاوی خوێندنەوەیە و شیاوی ئەوەیشە، بێ دوودڵی لە خانەی (ڕۆمان)دا پۆلێنی بکەین. ڕۆمانێک ئەوەی لە هەموو لایەنەکانی دیکەی زیاتر سەرنجی منی ڕاکێشا، چنینەکە بوو. چنین: هونەرمەندانە پێکەوە گرێدانی ڕووداوەکانە و بە هۆی گێڕانەوەی چیرۆکەکانی ناو ڕۆمانەکەوە، ڕێ تەختکردنە بۆ گەییشتن بە لووتکەی دراما. مەرج نییە نووسەر پێبەندی گێڕانەوەی کرۆنۆلۆژییانەی ڕووداوەکان بێت، دەتوانێت وەک دەخوازێت پاش و پێشیان بخات و لێ بگەڕێت، گێڕەرەوە کە ڕەنگە کارەکتەری سەرەکی بێت، لەڕێی وەبیرهێنانەوەی ڕابردووەوە، ڕووداوەکان بچنێت، وەک خێڵانی لێزانانە کردوویەتی.

هیچ باوەڕم بەو نووسەرانە نییە کە دەڵێن، لێ دەگەڕێین ئەم یان ئەو کارەکتەر، ئازادانە بدوێت و وەک دەخوازێت هەڵسوکەت بکات. ڕاستە کارەکتەر بووکەشووشە نییە، تا نووسەر وەک دەیەوێت، گەمەی پێ بکات، بەڵام نووسەر هەر لە سەرەتاوە ڕۆڵەکان دابەش دەکات و ئەوە خۆیەتی بڕیار لە گوتار و کردار و چارەنووسی کارەکتەرەکان دەدات و دەزانێت هەر کەسە و لە کوێدا لەنگەر دەگرێت. ئەوە منی سەرسام کرد، کە یاسین خێڵانی بچووکترین ئاماژەی بۆ هەر شتیک کردبێت، دواتر چووەتەوە لای و مەبەستەکەی خۆی ڕوونتر کردووەتەوە.

ڕۆمانەکە لە شاری (خانیا)ی دوورگەی (کرێتا)وە دەست پێ دەکات، بە بەرشەلۆنە و بەرلین و پاریسدا ڕەت دەبێت و لە گوندێک کۆتایی دێت کە هەر سەر بە شاری خانیایە، کۆتاییهاتنێکی داخراو نا، بەڵکوو کراوە بەسەر چەندان ئەگەردا، کە هەر لە دەستپێکی ڕۆمانێکی دیکە دەچێت. لایەنێکی گرنگی دیکەی نازیلا ئەوەیە، نووسەرەکەی کوردە ، بەڵام هەم کارەکتەرەکان ئەورووپایین و هەم ڕووداوەکانیش لە ئەورووپا روودەدەن، لەمەیش گرنگتر ئەوەیە، ئەگەر ناوی نووسەر بە بە کتێبەکەوە نەبێت، خوێنەر هەست بەوە ناکات، نووسەری ڕۆمانەکە کوردە.

کارەکتەرە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکە شەش کەسن، ئادریان و پاتریکی هاوڕێی، مێلیسیا و کارینی دەستەخوشکی و نازیلای کچی ئادریان و ئیلاریا کە شەیدای ئادریان بووە. خاڵێکی هەرە گەشی ڕۆمانەکە ئەوەیە، ڕووداوەکان لە ئەورووپا ڕوو دەدەن و نووسەر کە ئاسیایییە، نەکەوتووەتە هیچ غەفڵەتێکەوە، باسی هەر لایەن و بابەت و گۆشەیەکی ژیانی ئەورووپا و بە تایبەتی ئەڵمانیای کردبێت، هێندە شارەزایانە قسەی لەسەر کردووە، دەڵێی هەر لەوێ لەدایک بووە و تەواوی ژیانی لەوێ بەسەر بردووە.

یاسین خێڵانی لەمێژە لە ئەورووپا دەژی، بەڵام تەنیا ئەوە بەس نییە، بۆ ئەوەی شارەزای ئەورووپا ببین. دوو هۆکار کۆمەکیان بەو کردووە کە لێزانانە بنووسێت، هەم ئەو ساڵانەی لە ئەورووپا بووە، کاری جیاوازی کردووە و تێکەڵ بەو کۆمەڵگەیە بووە، هەمیش لە هەر بوارێکدا قسەی کردبێت، پێشتر چووە، زانیارییەکی چڕ و پێویستی لەو بوارەدا، پەیدا کردووە. قسەکردن لەبارەی هەر کێشەیەکەوە، بە زانیاریی تەواوەوە، یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی نووسەری ئەورووپایی، ئاخر قەت نووسەرێکی گەورەی ئەورووپایی خۆی لە قەرەی باسێک نادات، شارەزایییەکی تەواوی تێیدا نەبێت.

ئیرەیی تێمایەکی گرنگە، ئاخر لەوساوە ئینسان هەیە، هەبووە و تا ئینسانیش بمێنێت، دەمێنێت. یاسین خیڵانی سێگۆشەیەکی دروست کردووە، دوو ژن حەزیان لە هەمان پیاو کردووە و ئەویان کە نائومێد بووە، کام رێگە پۆخڵ و ترسناکە، لە دژی ژنەکەی دی کە بە پیاوەکە شاد بووە، دەیگرێتە بەر. ژنەی نائومێد، پیاوە بە هی خۆی دەزانێت و وای بۆ دەچێت لێی زەوت کراوە. دوو ژن و یەک پیاو بەسن بۆ دروستبوونی دراما، ئەمە ڕەنگە، ڕێسایەکی نەنووسراو بێت، بەڵام نووسەری بەهرەمەند بە سەلیقە ڕەچاوی دەکات.

سایکۆپاتی پێوەندییەکی پتەوی بە تاوانەوە هەیە، بۆیە ئەوە چاوەڕوانکراوە سایکۆپات هانا بۆ ئەنجامدانی تاوان ببات. کێشەی سایکۆپات ئەوەیە، بە ڕێکەوت نا، بە پلان ئازاری ئەم و ئەو دەدات و دواتر هیچ هەست بە پەشیمانی ناکات. کەسی ئاسایی چونکە ویژدانی ساغە، کە هەڵەیەک دەکات، ویژدانی ئازاری دەدات، سایکۆپات ئەو تایبەتمەندییە شک نابات و قەت خۆی بە هەڵە نازانێت، تا لە ڕەوتارێکی زبری خۆی پاشگەز ببێتەوە. سایکۆپات کەسێکی دوورەپەرێز نییە، بەڵکوو کارەکتەرێکی کۆمەڵایەتییە و بە ڕووکەش ڕووخۆش و تەنانەی قۆشمەچیشە، بەڵام زۆر جار جیاوازیی لە نێوان جوانی و ناشیرینی، یان خۆشەویستی و گێچەڵپێکردنی سێکسیدا ناکات.

سایکۆپات هەوڵ دەدات بە هەر شێوەیەک بێت، فریوت بدات، تا متمانەی پێ بکەیت، بۆ نموونە، لە تەنگانەدا خۆیت وەک فەریادڕەس نیشان دەدات، لە بوارێکدا بە هاناتەوە دێت، بۆ ئەوەی دواتر، خراپ سوودت لێ وەربگرێت، یان بتوانێت بە ئاسانی زەبرێکت لێ بدات. سایکۆپات لە بواری شاردنەوەی کارەکتەری ڕاستەقینەی خۆیدا، مامۆستایە، بە ئاسانی دەتوانێت ئەو ڕۆڵە وازی بکات، کە لە ڕێییەوە، ئەم و ئەو پشتی پێ ببەستن. بەشێک لە کەسانی سایکۆپات، ناسینەوەیان ئەستەم نییە، بە تایبەتی ئەوانەیان کە گوشاریان بۆ هات، زوو هاوسەنگی لە دەست دەدەن و هانا بۆ زەبرنواندن دەبن. سایکۆپات کە خۆی خوڵکی هەبێت، دەخوازێت کەسی نزیکیشی هاوزەمان حەزی لە قۆشمە بێت، ئەگەر نا، خراپ تووڕە دەبێت. سایکۆپات ئازاری کەسانی دەوروپشتی دەدات و لە بنەماڵە و کەسوکار و هاوڕێ نزیکەکانییەوە دەست پێ دەکات.

دەبوو هەندێک قسە لەبارەی سایکۆپاتەوە بکەم، ئاخر کارین کە دەستەخوشکی مێلیسایە و دەتوانم بڵێم داینەمۆی جووڵاندن و بە لووتکە گەیاندنی ڕۆمانەکەیە، کارەکتەرێکی سایکۆپاتە. ئەوەی لێرەدا گرنگە ئاماژەی بۆ بکەم، یاسین خێڵانی لە بواری سایکۆلۆژیادا، شارەزاییەکی هێندە ورد، بەڵام وەک ڕۆماننووسێک، نەک دەروونناسێک، نیشان دەدات، کە هەقە زۆر لە نووسەرانی کورد ئیرەیی پێ ببەن و هەوڵ بدەن، لاساییی بکەنەوە. نووسەر بە درێژایی ڕۆمانەکە، لە ڕێی قارەمانە سەرەکییەکەیەوە باسی کارین دەکات و تێمان دەگەیەنێت کە ئەو ژنە، کەسێکە سایکۆپات، بەڵام بێ ئەوەی ڕاستەوخۆ بە تاقە وشەیەکیش باس لە کارەکتەری سایکۆپات، یان باس لە نەخۆشیی دەروون بکات. خێڵانی جوانی بۆ هاتووە کە (کارین)ی سایکۆپاتی بە کاکتۆسی گوڵگرتوو چوواندووە، ئاخر ئەویش لە ناخەوە هەر دڕکە، بەڵام خۆی بە گوڵ داپۆشیوە.
گوتەیەک هەیە دەڵێت: (کێشەی دەروون، بەوە چارەسەر دەکرێت، نە بێئیش بیت، نە تەنیا بیت.) کەچی کارینی سایکۆپات، دەچێت لە هەمان شوێنی کاری نزیکترین دەستەخوشکی ئیش دەدۆزێتەوە، بۆ ئەوەی کوشندەترین زەبری لێ بوەشێنێت. گۆتە دەڵێت: (گەورەترین مەترسی بەرەو ڕووی ئینسان ببێتەوە، ئەوەیە لە خۆی بەدگومان بێت.) کارین کارەکتەرێکی هێندە شەڕانگێزە، باوکی نازیلای لە گۆشەیەکی هێندە تەسک خزاندووە، هەرچەندە بێتاوانە، بەڵام گومانی لە بێتاوانیی خۆی هەیە. ئادریان پێشنیار بۆ ژنەکەی دەکات، سەگێکی بۆ بکڕێت، بۆ ئەوەی پێیەوە سەرقاڵ ببێت و (کارین)ی لە بیر بچێتەوە. ئەو پێشنیارە گوتەکەی (دیگۆڵ)ی وەبیر هێنامەوە: (تا زیاتر ئاشنای ئینسان ببم، سەگم خۆشتر دەوێت.)

ئەوە تازە نییە بۆ گێڕانەوە پشت بە تەکنیکی دەستنووسێکی دێرین یان کۆمەڵێک نامە ببەستێن، بەڵام یاسین خێڵانی بە شێوازێکی نوێ و تایبەت بە خۆی، سوودی لەو تەکنیکە بینیوە. خوێنەر لە پێنج بەشی ڕۆمانەکە، چوار بەشیان، بە هۆی نامەوە دەخوێنیتەوە و بێزاریش نابێت. ئەوە گرنگە چۆن کۆتایی بە ڕۆمان دەهێنین، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە، چۆن دەستی پێ دەکەین، ئاخر ئەگەر دەستپێکی ڕۆمان سەرنجڕاکێش نەبێت و خوێنەر کەمەندکێش نەکات، ئەگەری ئەوە بەهێزە، هەر لە سەرەتاوە، لێی بێزار ببین و درێژە بە خوێندنەوەی نەدەین، ئیدی ئەگەر کۆتایییەکی جوانیشی هەبێت، بە هیچ دەچێت. نازیلا یەکێکە لەو ڕۆمانانەی هەر کە دەستمان بە خوێندنەوەی کرد، ئۆقرە ناگرین تا تەواوی نەکەین.

نامەکان کە بیست نامەن و دوو سەد لاپەڕەی ڕۆمانەکەیان داگیر کردووە و هەمان کەس نووسیونی، هێندە جوان و پوخت و پاراو نووسراون، هەر دەڵێیت کۆمەڵێک کانیاوی پاکژ و ڕوونن و خۆڕسکانە لە بناری چیای ئەلپەوە هەڵقوڵاون. نامەکان هێندە ڕاشکاوانە و ڕاستگۆیانە نووسراون، هەر زوو لە هەواری دڵی خوێنەردا بارگە دەخەن و هەر زوو خوێنەر وەک سیحری لی کرابێت، بڕوا بە گێرانەوەکەی نووسەر دەکات و هەر لە بیری دەچێتەوە، ئەوەی دەیخوینێتەوە، رۆمانە و ڕۆمانیش بە پلەی یەکەم زادەی خەیاڵی زەنگینە، نەک ڕووداوی ڕاستەقینە. جۆن دێوی دەڵێت: (هەموو پێشکەوتنێکی زانستی، زادەی خەیاڵێکی بوێرە.) ئەو گوتەیە بۆ هەموو داهێنانێکی ئەدەبیش دروستە.

یاسین خێڵانی لە نازیلادا، وێڕای تەکنیکی نامە، سوودی لەگەلێک تەکنیکی دیکەی چیرۆکنووسین وەرگرتووە، وەک: مەنەلۆژی ناراستەوخۆ کە گێڕەرەوە بە جێناوی بگۆ دەپەیڤێت، مۆنتاژی سینەمایی لەرێی بەدوای یەکدا هاتن و پەرتکردنی دیمەنەکانەوە، دیالۆگ کە هێندە درێژە دەکێشێت وەک گێڕانەوەی لێ دێت و وەسف کە دیسان دەبێتەوە بە گێڕانەوە. گراهام گرین دەبێژێت: (ئەوانەی بە یەقین گەیشتوون، لەمێژە مردوون، ئاخر ئینسان تا زیندوو بێت، گومانیشی دەمێنێت.) تەکنیکێکی دیکە کە نووسەر بەگەڕی خستووە، بەجێهێشتنی خوێنەرە لە گوماندا، بەمەیش ڕێی بۆ وەرگر خۆش کردووە، لە خەیاڵی خۆی سوودمەند بێت.

نووسەر هاوزەمان لەگەڵ گێڕانەوەی چیرۆکێکدا، هەم چێژمان پێ دەبەخشێت و هەم زانیاریش لە گەلێک بواردا. زانیارییەکانی یاسین خێلانی هیچیان بە تۆپزی لە ڕۆمانەکەدا جێیان نەکراوتەوە، بەڵکوو بەشێکی لە جیابوونەوە نەهاتوون لە هونەری گێڕانەوە. بە خوێندنەوەی نازیلا، لە بوارەیلی: دەروونناسی، شێوەکاری، نەخۆشخانە، دەرمانسازی، خانەی پیران، کەنیسە، تەختەی تابووت، خۆراک، ڕووەک، شیعری ڕۆمانی، موزیک، گیرۆدەبوون بە ئالکهوولەوە، خشڵ و ئاییندا زانیاریمان گەشە دەکات. نووسەر کە پێویستی بەوە دەبێت، لە هەر یەکێک لەو بوارانەدا قسەی هەبێت، وەک پسپۆڕێک دەپەیڤێت. نووسەر بە هەمان لێزانینەوە باسی شوێن دەکات، هێندە شارەزایانە قسە لەسەر بەرشەلۆنە، بەرلین، دیزنی لاند و پاریس و خانیا دەکات، دوای خوێندنەوەی ڕۆمانەکەی وا هەست دەکەین، ئێمەیش سەردانی ئەو شوێنانەمان کردووە.

لە ڕۆماندا وەسف، ئیدی وەسفی ناخی کارەکتەرێک بێت، یان دیوی دەرەوەی، وەسفی سرووشت بێت یان ژینەگەیەکی کۆمەڵایەتی، ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت، بۆ ئەوەی بە کەسایەتییەکان ئاشنا ببین و لەگەڵ ڕووداوەکاندا بژین، نووسەر شارەزایانە ئەو تەکنیکەیشی وەگەڕ خستووە. ئەگەر ڕۆمان بە دوو باڵ بفڕێت، زانیاری و خەیاڵ، ئەوا نازیلا، بەوە قایلمان دەکات کە نووسەرەکەی لەو دوو بوارەدا دەست و پێ سپی نەبووە، بەڵکوو خاوەنی ئەزموونێکی زەنگین و خەیاڵێکی بەرین بووە.

لە ڕۆماندا کەسایەتییەکان دەبێت بەگوێرەی پێویستیی هونەریی کارەکە بن: کارەکتەری سەرەکی، دژە کارەکتەری سەرەکی، هەندێک کارەکتەری لاوەکی کە کۆمەک بە ئیشەکە دەکەن و تەواو. نابێت کارەکتەرێک هەبێت، بێ ئەوەی ڕۆڵێکی گرنگ وازی بکات. هەرگیز نابێت کارەکتەرێک با پانتایییەکی کەمیشی داگیر کردبێت، لە ڕۆماندا هەبێت کە بە لابردنی کەلێن نەکەوێتە ئیشەکەوە. لەناو ڕۆماندا کورتەچیرۆکیش هەیە، دەبێت ئەو کورتەچیرۆکانەیش خزمەت بە ڕەوتی ڕووداوە سەرەکییەکە بکەن، ئەگەر نا، سەرکەوتن بەرەو لووتکەی دراما، دوا دەکەوێت و خوێنەر وەڕز دەبێت. کە ڕۆمانی نازیلا دەخوێنینەوە، هەست دەکەین یاسین خیڵانی وەک نووسەرێکی پرۆفیشیۆناڵ، ئەو مەرجانەی ڕەچاو کردووە.

نووسه‌ری بێ توانا، به‌رده‌وام خه‌ریکی ده‌رۆزه‌ی ڕووناکییه‌، بێ وچان هه‌وڵ ده‌دات به‌ هه‌ر نرخێک بێت، ڕووناکیی لەسەر بێت. کام رێگە شکۆی بریندار دەکات، بۆ ئەوەی لەبارەی بەرهەمێکییەوە بنووسرێت، یان دیمانەیەکی لەگەڵدا ساز بکرێت، دەیگرێتە بەر. یاسین خێڵانی چونکە سەر بە گرووپێکی ئەدەبی نییە، لەو گرووپانەی زیاتر لە خێڵێکی داخراو دەچن، چونکە خەڵکی شار نییە، چونکە نانی بە قەرز بە کەس نەداوە، ئەوانەی پێناسەی نووسەربوون دەبەخشنەوە، ئاوڕێکی بەخێریان لێ نەداوەتەوە، بەڵام لە ڕوانگەی منەوە، لە کۆتاییدا مێژووی ئەدەبی کوردی ناوی گەشی ئەو فەرامۆش ناکات.

لێبوردەیی، ئەو هەوارەیە کە ڕەنگە بتوانین هەموو پەیامی ڕۆمانی نازیلای یاسین خێڵانیی تێدا چڕ بکەینەوە.
٦ی ئابی ٢٠١٤

(*) یاسین خێڵانی، نازیلا، ڕۆمان، دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان، چاپخانەی کەمال ٢٠١٤ سلێمانی.





 

           

 

30/11/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com