یه‌ك چیرۆكی مینیماڵ
"سزادان"
 

  

ستیفان لۆكنه‌ر
وه‌رگێڕانی سه‌روه‌ر عومه‌ر




قورسترین سزایه‌ك كه‌ خودایانی یۆنانی كه‌ونار، ده‌یانتوانی بۆ سیزیفی له‌به‌رچاو بگرن، ئه‌وه‌ بوو كه‌ تا هه‌تایه‌ كارێكی بێهووده‌ ئه‌نجام بدات. سیزیف مه‌حكووم كرا بوو به‌وه‌ی تاشه‌به‌ردێك به‌ هه‌ورازێكی سه‌ختدا سه‌ر بخات. ماوه‌یه‌كی زۆر تێپه‌ڕی و سیزیف له‌ ته‌واوی ئه‌م ماوه‌یه‌دا، سه‌رقاڵی سه‌رخستنی تاشه‌به‌رده‌كه‌ بوو به‌ هه‌ورازه‌ سه‌خته‌كه‌دا، به‌ڵام تا ده‌گه‌یشته‌ سه‌ر لووتكه‌ی به‌رزاییه‌كه‌، تاشه‌به‌رده‌كه‌ به‌رده‌بوویه‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌. خودایان بیریان چووبوویه‌وه‌ كه‌ تاشه‌به‌رده‌كه‌ به‌ هۆی تێپه‌ڕینی كات و به‌ركه‌وتنه‌وه‌ تووشی داخوران ده‌بێت. له‌ سه‌د ساڵی یه‌كه‌مدا، لێواره‌ تیژه‌كانی كه‌ ده‌سته‌كانی سیزیفیان زامدار كردبوو، ساف بوون. له‌ پێنجسه‌د ساڵی دواتردا به‌رزی و نزمییه‌كانی به‌رده‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك ته‌خت بوون و تاوێره‌كه‌ خڕ بوویه‌وه‌ كه‌ سیزیف تلی ده‌دا و ده‌یبرده‌ سه‌ره‌وه‌. له‌ هه‌زار ساڵی دواتردا تاشه‌به‌رده‌كه‌ بچووك و بچووكتر بوویه‌وه‌ و هه‌ورازه‌كه‌ش هه‌موار و هه‌موارتر...
ئه‌م ڕۆژانه‌ سیزیف پارچه‌ به‌ردێكی ورد كه‌ ڕۆژگارێك تاوێرێك بوو له‌ته‌ك هێندێك حه‌بی ئارامبه‌خش و كۆمه‌ڵێك كارتی دڵنیاییدا ده‌خاته‌ جانتایه‌كه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یبات. به‌یانیان سوار ئه‌سانسۆر ده‌بێت و بۆ نهۆمی بیستوهه‌شته‌می ته‌لاری نووسینگه‌كه‌ی ده‌چێت كه‌ به‌ شوێنی سزادانه‌كه‌ی داده‌نرێت. دوای نیوه‌ڕوانیش دووباره‌ دێته‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌...!

 

           

 

30/11/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com