ئایا نەوەی نوێ بە واتای بیری نوێ دێت! (بەشی چوار(کۆتایی)
 

  

لەنووسینی؛ ئاریتما موحەممەدی

 




(بیروهزری نوێ بە مەزنترین ویستگەی خێراگۆڕی ژیان پێناسە دەکرێت و ئامانج لەوەش تەپاوتل کردنە بە زانست و ژیانبینی مرۆڤەکان و هێنانەئارای گۆڕانکاری و ڕووداوی نوێ؛ ئاریتما مو‌حەممەدی)
نەوەی نوێ و پێناسە؛
پێناسەی نەوه‌ی نوێ به‌ شێوه‌یه‌كی زانستیی ئه‌وه‌یه‌ کە هه‌ر کەسایەتییه‌كی نوێخواز بەبێ لەبەرچاو گرتنی تەمەن ڕۆڵی گرینگ و چارەنووسساز لەنێو کۆمەڵگادا دەگێڕێت و بیروهزری نوێ دێنێتە کایەوە و کێشەکان بەرەو چارەسەریی دەبات و بە هزروبیری خزمەت بە کۆمەڵگا دەکات و کۆمەڵ به‌ره‌و‌ گەشانه‌وه‌ی سیاسیی، زانستیی، كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابووریی دەخاتەڕێ و دەبێتە پێشەنگ و پێشڕەوی گەل و‌‌ له‌ ڕۆژگارەکانی دژوار و پڕ لە هەورازونشیودا هیوای ترووسكایی و ڕووناکیی كۆمه‌ڵگا دەبێت‌، هاوکات هەمیشە ئاسانترین ڕێ بۆ چارسەریی کێشەکان دەدۆزێتەوە و ته‌نیا به‌ بیری‌ تیژ و وردی له‌ که‌سایەتییەکانی دیکە جیا ده‌كرێته‌وه‌ و هەردەم بۆ پێشکەوتنی زانست و باییخە کۆمەڵایەتییەکان بەپەرۆشە، بە ئەزموون و زەین زیندووه‌ و هەمیشە لە هەمبەر ڕەخنەکان بیری بەرفەراوان و کراوەیه‌ و ڕەخنەی زانستیی و تاییبەت بەژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگا بە بنەمای پێشکەوتن و هه‌ڵسه‌نگاندنی دۆخی سیاسیی، كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابووریی كۆمه‌ڵ ئەژمار دەکات و به‌ هۆكاری ژیریی و وردبینیی تاكی كۆمه‌ڵگا پێناسه‌ی ده‌كات و ڕەخنەی ڕۆخێنەریش به‌ هۆكاری بوونی كێشه‌ی مه‌زن و قووڵ له‌ كۆمه‌ڵگا و درزی پان و به‌رین له‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵ هەژمار ده‌كات. ئەو كه‌سایه‌تییانه‌ی کە ئەو تاییبەتمەندییانەیان هەیە و خوێندنه‌وه‌ی زانستیی و نوێ و گونجاو بۆ دۆخی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگا دەکەن، به‌ نەوەی نوێ پێناسە ده‌كرێن، چونكه هزریان‌ داهێنه‌ری خوێندنه‌وه‌ی نوێ بۆ كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگایه‌، نەک قووڵ کردنەوەی قەیرانەکان. مەزنترین تاییبەتمەندی نەوەی خاوەن هزر و تیژبین ئەوەیە کە قەیران بە قەیران چارەسەر ناکات. بەڵکوو هەوڵی داڕشتن و دامەزراندنی بزووتنەوەیەکی زانستیی و جڤاکیی دەدات و لەو ڕێگایەوە تێدەکۆشێت کە ئارەستەی سیاسەت و ستراتیژی سیاسیی کۆمەڵگا بگۆڕێت و تۆکانی بلیمەتی کۆمەڵگا ببووژێنێتەوە و چالاک بکاتەوە.
هاوکات سەرمایە بە یەکێ لە کۆڵەکەکانی پێشکەوتن و پێشخستنی ژیانی ئابووریی کۆمەڵگا پێناسە دەکات، ئیزن بەوە نادات کە سەرمایە ژیانی کۆمەڵگا داگیر بکات و کاریگەری لاواز لەسەر ژیان و گووزەرانی کۆمەڵگە بە چەشنێکی نەرێنیی دابنێت. چونکە ئەوە یەکێتیی نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگایە کە دەبێتە هۆی ئەوەکە ژیانێکی جڤاکیی لەناخی کۆمەڵگادا جێگیر بکرێت. گشتگیر بوونی سەرمایە بناغەی پەیوەند و باییخە کۆمەڵایەتییەکان لاواز دەکات، دەرئەنجامی ئەوەش دابەشبوونی کۆمەڵگا بەسەر چەندین چینی نایەکسان و دژبەیەکە کە هەمیشە پێناسەی چین و پێکهاتەکان جیاوازیی بنەڕەتیی بەخۆیانەوە دەبینن و خوێندنەوەی کێشەکانی هەر چین و پێکهاتەیەکیش لەگەڵ شرۆڤەی ئەوەی دیکە پڕ لە جیاوازی نایەکسان دەبێت. ئەمەش بەختەوەی کۆمەڵگا تێک دەشکێنێت و ئامانجی بنەمایی خۆی ناپێکێت. ژیان لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا خووڵقی قەیرانە و تێپەڕاندنی قەیران بە قەیرانە. هیند یەکێ لەو وڵاتانەیە کە لەگەڵ ئەوەدا مەزنترین وڵاتی دیموکراتییە لە جیهان، بەڵام خاوەن کۆمەڵێکی بەختەوەر نییە، بەختەوەر بەو واتایە کە دۆخی ژیانی پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە نایەکسانە و ئابووریی و سەرمایە ڕۆڵی نەرێنیی تێدا دەگێڕێت. ئەگەر نەوەی خاوەن هزر خوێندنەوەیەکی نوێی زانستیی بەلەبەرچاو گرتنی دۆخی سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتیی ئەو وڵاتە نەکەن، ژیانی دژوار چارەنووسی بەشێکی مەزن لە پێکهاتەکانی ئەو کۆمەڵگایە دەبێت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کێشە و قەیران پەرە دەستێنێت و گەشەسەندنی کۆمەڵایەتیی قۆناغەکان بە چەشنێکی خۆماڵیی و سرووشتیی تێپەڕ ناکات.
نەوه‌ی نوێ ئەمڕۆیی بیر ده‌كاته‌وه‌، بە واتای ئەوە نییە ئەو کەسەی کە ئەمڕۆ لە دایک دەبێت نه‌وه‌ی نوێیه‌، نه‌وه‌ی نوێ له‌ فه‌لسه‌فه‌ی نوێ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت و بنه‌مای ئه‌و هێز و وزه‌ زانستیی و هزرییانه‌یه کە ئاڵوگۆڕی مەزن و کاریگەر، گرینگ و چارەنووسساز لەنێو کۆمەڵگادا دەخوڵقێنێت و دەیان بزووتنەوەی هزریی، سیاسیی و مەدەنیی به‌ دوای خۆیدا ڕاده‌كێشێت و ساز دەکات و ده‌بێته‌ هۆی كرانه‌وه‌ی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی لە کۆمەڵگا دا. زانست و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی و هزریی ئەمڕۆ بەرهەمی تێكۆشانی مرۆڤی ئەمڕۆیی نییە، بەڵکوو به‌شێك له‌و زانسته‌ لە قووڵایی مێژووەوە سەرچاوە دەگرێت کە ده‌یان فیلسووفی مەزن ڕۆڵیان تێدا گێڕاوە و لە پێناویدا تێكۆشاون. کەواتا لە هیچ سەردەم و قۆناغ و دۆخێکدا مرۆڤی ئەو سەردەمە بە نەوەی نوێ پێناسە ناکرێت، چونکوو نەوەی نوێ بەواتای هزری نوێ دێت کە تەپاوتل بە قۆناغەکانی مێژوو دەکات و ئاڵوگۆڕە قووڵەکان پێك دەهێنێت و كاریگه‌ری قورس له‌سه‌ر مێشك و هزری مرۆڤەکان داده‌نێت و بەرهەمی نوێ دەخاتەڕوو کە نەوەی داهاتووتر دەتوانێ شرۆڤەكاری پتری بۆ بکات و پەیامەکە وەک خۆی ببیستێ و لێی تێبگات و لێکۆڵینەوە و تۆژینەوەی بنه‌مایی لەو پێناوەدا ئەنجام بدات. هاوکات مرۆڤی هه‌ر سه‌رده‌مێك به‌ پێی دۆخ و هه‌لومه‌رجی ئەو کۆمەڵگایەی کە ژیانی تێدا دەکات ده‌توانێ كۆمه‌ڵێك هه‌نگاوی مه‌زن بهاوێژێت و سه‌ره‌تای گۆڕانكاری و ڕێفۆرم ده‌ست پێبكات، ئه‌و هه‌نگاوانه‌ش ده‌بنه‌ هۆی ئه‌وه‌كه‌ لە ئاکامدا گۆڕانكاری ڕیشه‌یی بێته‌‌ كایه‌وه‌ و بیروهزری نوێ له‌ دایك ببێت. به‌ كۆی ئه‌و هه‌وڵدانه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆی گۆڕانكاری قووڵ و سیستەم و كولتوورێكی نوێ درووست ده‌كات و ئاڵوگۆڕه‌كانیی هه‌موو قوژبنێكی كۆمه‌ڵگا ده‌گرێته‌وه، بیری نوێ ده‌وترێت، هه‌روه‌ها ئه‌و تاك و كه‌سایه‌تییانه‌ی كه‌ ده‌بنه‌ هۆی گۆڕانكاری ڕیشه‌یی له‌ كۆمه‌ڵگا و ڕێفۆرم و گۆڕانكاری نوێ ده‌هێننه‌ كایه‌وه‌ و داهێنانی بیروهزری نوێ ده‌كه‌ن، پێکهێنەری تاییبەتمەندییەکانی هزری نەوەی نوێن.
ئه‌ركی نه‌وه‌ی نوێ؛
ئەرکی نەوەی نوێ ئەوەیە کە بیروهزری نەبێتە پەیجە و کەرەستە بۆ سەرخستنی کەسانی هەلپەرست و گەندەڵ و دەست بەسەردا گرتنی دەسەڵات لەلایەن ئەو چەشنە کەسانەوە کە بنەمای هزرییان لەسەر پێوەری گەندەڵی و سەرمایە دانراوە. نەوەی نوێ بنەمای هزر و کار و تێکۆشانی دەبێ لەسەر تیژیی زانست و سیستەم، ڕێکخراو و جڤاک دامەزرابێت و هەموو هەوڵەکانی لە پێناو نوێگەریی و نوێبوونەوە، خزمەت و تێکۆشان بەگەل و وڵات بێت. نەوەی نوێ بەواتای هزر و بیری نوێ دێت کە کۆمەڵگا لە دۆخە نالەبار و هەلومەرجە کێشاوییەکان ڕزگار دەکات. ئەرکی نەوەی نوێ ئەوەیە کە بنەمای نوێ بۆ خزمەتکردن دابڕێژێت و هەمیشە پێشەنگی ڕزگاریی کێشەکان بێت و دۆخە تاییبەت و هەلە مێژووییەکان بقۆزیتەوە و ڕێگه‌چاره‌ی نوی بۆ ئه‌و قەیرانانه‌ پێ بێت کە كۆمه‌ڵ لە چارەسەرکردنیان بێ هیوا بووە. نەوەی نوێ شۆڕشی نوێ هەڵدەخات و ڕژیمە زاڵ و دیکتاتۆرەکان دەڕۆخێنێت و برەو بە کرانەوەی سیاسیی و کولتووری دەدات و پێشڕەوی گەل بۆ ئاوەدان کردنەوەی وڵات ده‌بێت. نەوەی نوێ بە واتای قوربانیدان بۆ دەستبەرکردنی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەری کۆمەڵایەتیی لە کۆمەڵگا دێت، نەوەی نوێ ئەو هێزە ڕزگارکەرەیە کە ئەرکی قورس لە پێوەندی بە کۆمەڵ لە ئەستۆ دەگرێت و زانست بە سەرچاوەی یاسا و ماف، ویست و داخوازی و خزمەتکردن ئەژمار دەکات و لێکۆڵینەوە و تۆژینەوە بە سەرچاوەی چارەسەریی کێشەکان و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچاره‌ی بنه‌ڕه‌تیی پرسەکانی ئاڵۆزی کۆمەڵگا پێناسە دەکات. نەوەی نوێ گۆڕانکاریی نوێ لە زانستی ڕۆژدا دێنێتە گۆڕێ و پەرە بە زانست لە بوارەکانی جیاواز دەدات.
ئه‌ركی نه‌وه‌ی نوێی كوردستان؛
لە کۆمەڵگای کوردستانیشدا بەهەمان چەشن، نەوەی نوێ ئەرکی مەزنی لە ئەستۆیە، ئەرکی ڕزگاركردنی نەتەوەیەکی بندەست لە ژێر دەستیی و بووژاندنەوەی کولتوور و ناسنامەی نەتەوەیی، زمان و ئەدەب و ڕەسەنایەتی ئەم گەلەی پێ سپێردراوە، ئەوەش ئەرکێکی قورس و هاوکات گرینگ و مەزنە، پێوەندی بە پێشگیری لە توانه‌وه‌ و لەنێوچوونی نەتەوەی کوردەوە هەیە. کەواتا نەوەی نوێ لەگەڵ ئەوەدا کە پێویستی بە هێز و هزر، بناغە و بنەمای نوێ هەیە کە دەبێ لە کۆمەڵگای کوردستاندا ساز و جێگیری بکات، هاوکات پێویستە کە لە تێکڕای ئاستە جیاوازەکانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و مەدەنییدا خۆی بەسەر گەندەڵی بسەپێنێت، هەروەها ده‌بێ لەو پێناوەشدا ئامادەی قوربانیدان بێت، بۆیه‌ پێویستی بە پشوو درێژی هەیە. یەکێ لە کێشەکانی نەوەی نوێ لە کۆمەڵگای ئەمڕۆی کوردستاندا ئەوەیە کە هەمووان تێکەڕا خۆیان بە پێشڕەو و نوێگه‌را و به‌ پێشه‌نگی بیروهزری نوێ پێناسه‌ ده‌كه‌ن و کۆمەڵگا لە ئاست هەوڵەکانیان بە قەرزدار دەزانن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌وه‌ی نوێ خاوه‌نی بیروهزری نوێ بێت نابێ‌‌ كۆمه‌ڵگا به‌ قه‌رزداری خۆی ئەژمارکات، ده‌بێ بنه‌مای هزریی و كار و چالاكییه‌كانی ئه‌وه‌نده‌ به‌هێز و ڕوون بن كه ببێته‌‌ هه‌وێنی‌ گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تیی له‌ كۆمه‌ڵگا و ڕای گشتیی بگۆڕێت و کۆمەڵ لە ئاست کێشە و دۆزینەوەی چارەسەرییەکان بە قەرزداری خۆی هەژمار نەکات.
ئەوە کۆمەڵ و کۆمەڵگایە کە نەوەی نوێ و بیروهزری نوێ بەرهەم دەهێنێت و هەموو تاکێکی کۆمەڵگاش لە ئاست گەشەسەندن و پێشخستنی کۆمەڵەکەی ئەرکی لەسەر شانە. کۆمەڵگا خاوەن تێکڕای ڕووداوەکانی نێو کۆمەڵگەیە و ڕووداوەکانی کۆمەڵیش بەهۆی هزر، ئەرک، پیشە و هەست بەبەرپرسیارێتی کردنی دانیشتووانی کۆمەڵگا ڕوو دەدات. کەواتا ئەوەی کە لە کۆمەڵگادا ڕوو دەدات، هۆکاری پاڵپێوەنەری هەیە، پێشکەوتن یانخود پاشکەوتنی کۆمەڵگا پێوەندی بە ئاستی تێگەییشتنی دانیشتووانی کۆمەڵگاوە هەیە کە دەلاقەی ڕوانینییان لە کام ئاستی گەشەسەندنی هزریی و کۆمەڵایەتیی دایە. هەروەک چۆن زانستی فیزیک، کیمیا و بیرکردنەوەی فیلسووفەکانی مەزنی جیهان ناتوانێت زانستی پشت سازکردنی ژیانی سرووشت و تێکڕای ژیانی زیندەوەرەکانی سەرگۆی زەوی و گەردوون و هەموو پێکهاتەیەکی ژیان و کەون پێناسە بکات و تەنانەت هیچ زانستێک ناتوانێ هۆکاری چالاک نەبوونی بەردەوامیی سلولەکانی لەشی زیندەوەر کە هۆکاری بنەڕەتیی پیربوون و مردنە شرۆڤە بکات و ناتوانێ کە درووست بوونی ژیانی سرووشت و زیندەوەرەکان و پێکهاتەی کەون بە چەشنێکی سرووشتی و خۆزا بسەلمێنێت. من هێزی یەکەم و بنەڕەتیی و سەرەکیی پشت هەموو پێکهاتەیەکی کەون، ژیانی زیندەوەر و سرووشت و گەردوون لە هێزی خودا واتە اللە پێناسە دەکەم و پێم وایە هێزی یەکەم کە خوڵقێنەری هەستیی و زانست و ژیانی زیندەوەرەکان و پێکهێنەرەی پێکهاتەی هەموو کەونێکە لە هێز و زانستی اللە خۆی دەبینێتەوە. هاوکات وتەی هەموو فیلسووفەکانیش تەنیا لە چوارچێوەی تیئۆریدا پێناسە دەکرێن. بەهەمان چەشنیش ڕووداوەکانی نێو کۆمەڵگاش پێوەندی بە ئاستی تێگەییشتنی مرۆڤەکانەوە هەیە و مرۆڤەکان لە ئاست پاشکەوتوویی کۆمەڵایەتیی و زانستیی کۆمەڵگاکەیان بەرپرسیارن. پێویستە بە دوای چارەسەری کێشەکان لەنێو خودی کۆمەڵگاکەیاندا بگەڕێن، چونکە هەموو تۆیەکی چارەسەری لە کۆی پێکهاتەکانی کۆمەڵگادا بەدی دەکرێت.
كاتێك لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو هه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه‌ و چاوێكی خێرا به‌‌ ڕه‌وتی ڕووداوه‌كانی مێژوودا ده‌خشێنین ده‌یان كه‌سایه‌تیی فیلسووف و مێژوویی به‌رچاومان ده‌كه‌ون كه‌ له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵگاكانیانه‌وه‌ به‌ هۆی هێنانه‌ئارای گۆڕانكاری نوێ له‌ دۆخی ژیان و هه‌وڵدان بۆ گۆڕینی ده‌لاقه‌ی ڕوانینی‌ كۆمه‌ڵگا كوژراون و به‌ردباران كراون و بوونه‌ته‌ قوربانی هێنانه‌كایه‌ی ڕه‌وت و ڕووداوی نوێ. یه‌كێ له‌ تاییبه‌تمه‌ندییه‌ هه‌ره‌ به‌هێزه‌كانی نه‌وه‌ی نوێ و كه‌سایه‌تیی تیژهزر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ ئاماده‌ی قوربانی دانه‌ و له هه‌ر هێرشێك كه‌ ده‌كرێته‌ سه‌ری سڵ ناكاته‌وه‌ و‌ گوشاره‌كان له‌ بیروبڕواكانی پاشگه‌زی ناكا‌ته‌وه‌ و تا گه‌ییشتنه‌ ئامانج و ئاكام درێژه‌ به‌و ڕێگه‌یه‌ ده‌دات كه‌ به‌دیهێنه‌ری خه‌ون و خه‌یاڵەکانێتی. ئه‌وه‌ بیروهزری نوێیه‌‌ كه‌ هه‌میشه‌ ئاره‌سته‌ی ڕووداوه‌كان ده‌گۆڕێت و بنه‌مای نوێ ده‌هێنێته‌ كایه‌وه‌ ‌و كۆتایی به‌ کێشەکان دەهێنێت و دژه‌هزری و پاشكه‌وتوویی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی بنکۆل و بنبڕ دەکات و ده‌لاقه‌یه‌كی نوێ و به‌رفه‌راوان به‌ ڕووی كۆمه‌ڵگا و ژیان ده‌كاته‌وه‌ و گۆڕانكاری له‌ ژیانبینیی مرۆڤه‌كاندا له‌ پێوه‌ندی به‌ پرس و باسه‌كانی جیاوازی نێو كۆمه‌ڵگا پێک دەهێنێت. بیروهزری نوێ به‌ یه‌كه‌م ویستگه‌ی خێراگۆڕی ژیان پێناسه‌ ده‌كرێت و ئامانج لە بیروهزری نوێ تەپاوتل کردنە بە ئارەستەکانی دۆخی ژیان و زانست بە مەبەستی هێنانەئارای خەونی ژیانبینیی نوێ و گۆڕانکاری لە ڕەوتی رووداوەکان و پەرەسەندنی ئاستی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتیی و زانستیی و تەنانەت سیاسییش لە هەموو بووارەکان دا.
ڕۆڵی نەوەی نوێ؛
دەبێ نەوەی نوێ ڕۆڵی گرینگ و چارەنووسساز لەنێو کۆمەڵگا و بزووتنەوەکانی سیاسیی و مەدەنییدا بگێڕێت و بەسەر بیری چەقبه‌ستوو و سیستەمی داخراوەیی و نازانستییدا زاڵ بێت و ئەو بیرە کە پێی وایە ئەوە تەنیا سەرمایە و قورخکەرانی جمگەکانی دەسەڵات و بەڕێوەبەرایەتین کە پێشڕەو و پێشەنگی خەبات و تێکۆشانی بزووتنەوەی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌ن وەلا بنێت و ئاڵوگۆڕ بەسەر بنەما سیاسیی و ستراتیژییەکانی پێکهاتەی دەسەڵات بهێنێت و كۆتایی به‌ ناوه‌ندخوازی سیاسیی و ڕێكخراوه‌یی بهێنن و سیستەمێكی نوێی جڤاكیی كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی تێكڕای كۆمه‌ڵگا به‌ هەموو پێکهاتەکانییەوە بكات، پێك بهێنن. هه‌نووكه‌ زۆربەی ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە کوردستانیشەوە ته‌نیا نوێنه‌رایه‌تیی ئه‌ندام و لایه‌نگرەكانی خۆیان ده‌كه‌ن و باییخ به‌ ڕوانگه‌ی ده‌ره‌وه‌ی حیزبیی ناده‌ن و بگرە بیروبۆچوونی كه‌سایه‌تییه‌كان له‌ دژی ڕێكخراوه‌‌كانیان پێناسه‌ ده‌كه‌ن. ئه‌م دۆخه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگای كوردستان تێپه‌ڕی ده‌كات، دۆخێكی مه‌ترسیداره‌ و كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر پرسی نه‌ته‌وه‌یی، پڕۆسەی ئاشتیی کۆمەڵایەتیی و کولتوور و دابونەریت داده‌نێت، چونكه‌ ئه‌مڕۆ كۆمه‌ڵگای كوردستان بووه‌ته‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی حیزبیی و كۆمه‌ڵی كوردستان لە نێوان حیزبەکاندا دابه‌ش كراوه‌، چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌و دۆخه‌ش پێویستی به‌ شۆڕشێكی هزریی نوێ هه‌یه‌ كه‌ وه‌ك ڕه‌شه‌با هه‌ڵكات و سیستەم و چوارچێوه‌ی كۆنی ستالینیی ڕێكخراوه‌یی هه‌ڵته‌كێنێت، به‌و چه‌شنه‌ هیوای گۆڕانكاری نوێ له‌و حیزبانه‌ به‌دی ده‌كرێت. ئه‌وه‌ش به‌ شۆڕشێكی كولتووریی ده‌كرێت و‌ ئه‌گه‌ر نه‌وه‌ی نوێ به‌ هێز و وزه‌، هزری ڕۆژ و سه‌رده‌م ته‌یار بێت، ده‌توانێت ڕۆڵی گرینگ و پڕ باییخ له‌و پێوه‌ندییه‌دا بگێڕێت. بێگومان پارتەکانی سیاسیی کوردستان بەشێک لەو بۆشاییە سیاسیی و کۆمەڵایەتییانەی گۆڕەپانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ئەمڕۆی کوردستانیان پڕ کردووەتەوە، بەڵام دەبێت پارتەکان لەژێر هەژموونی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و بیروبڕواکانی کۆمەڵگاش دەرنەچن و کرانەوەی سیاسیی پتر بەخۆیانەوە ببینن و پەل ڕاکێشن بۆ سرنجدان بە سرنجی نوێخواز کە بەرهەمی هەوڵ و تێکۆشانی نەوەی تێژهزری کۆمەڵگایە. دەبێ گرینگیی و باییخ بە تۆی گەشەسەندی کۆمەڵگا بدرێت و هەموو کۆمەڵێک تۆی پێشکەوتن و چالاکبوونی تێدا بەدی دەکرێت، گرینگ ئەوەیە کە تۆکان چالاک بکرێن و وزەی پێویستیان بۆ خۆڕێکخستنەوە دابین بکرێت.
سەرکەوتن لە خۆناسینەوە دەست پێ دەکات؛
کۆمەڵگای گەشەسەندوو کۆمەڵگایەکە کە تۆی پێویستی بۆ گەشەپێدان هەیە و قەد هاوردە ناکات، تۆی هاوردە لەگەڵ سرووشتی خۆیدا سازگارە و لە دۆخ و هەلومەرجی جیاواز و نەناسراودا سەرکەوتن مسۆگەر ناکات. هەر تیئۆری و فەلسەفەیەکی هزریی و کۆمەڵایەتیی تاییبەت بە دۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی وڵات و ناوچەیەکی تاییبەت، پێی ناوەتە گۆڕەپانی تۆژینەوە، بۆیە هەلومەرجەکان و دۆخی ژیانی کۆمەڵگاکان جیاوازن و لەگەڵ یەک تەبا نین. ناکرێ کۆمەڵگای کوردستان لە تیئۆری و فەلسەفەکانی فیلسووفەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای دوور کەڵک وەرگرێت، بێگومان گەلێک فەلسەفەی هزریی فیلسووفگەلی کورد بوونیان هەیە کە بەشێکی مەزن لە مێژوو و ڕابردووی کوردستان لەخۆ دەگرێت. پێویستە تۆی ئەو هزرانە چالاک بکرێن و گەشەیان پێ بدرێت. کۆمەڵگای کوردستان قەد بە مانیفیستی مارکس و هزری مائۆ و دەیان کەس و کەسایەتیی فەلسەفیی و هزریی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات کێشەکانی چارەسەر ناکرێت، چونکە ئەو فەلسەفە و هزرانە قەیرانن و بەرهەمی قەیراناویی بۆ کۆمەڵگا بەجێ دەهێڵن. کوردستان و میزوپۆتامیا هەزاران ساڵە مێژوو ئەزموون دەکەن و سەدان فیلسووف و زانستپەروەری خوڵقاندووە و درووست کردووە. گرینگ ئەوەیە کە ئێمە کوردی بیر بکەینەوە و کوردانە لە میژووەوە فێر بین.
دەبێ لە مێژووێکەوە فێر بین کە دەستنووسی خۆمانە و بەرهەمی لێکۆڵینەوە و تۆژینەوەی هزری خۆمانە. ئێمە ناتوانین کەڵک لەو مێژووە وەرگرین کە دەستنووسی داگیرکەران و مێژووناسانی دەرەکییە. چونکە تێکڕای دەستنووسەکان دەستکاری کراون و وەک خۆیان نەماون. هەموو مێژووناسێکیش باییخ بە ڕۆڵی گەلەکەی دەدات و لە بەرژەوەندی نەتەوەکەی دەنووسێت، کەواتا مێژووێک بۆ ئێمە بەنرخ و گرینگە کە دەستنووسی خۆمان و بەرهەمی هەڵکۆڵینی خۆمان بێت. ئەو مێژووە ڕێگەی داهاتوو و چارەسەر کردنی کێشەکان پێشان دەدات. ئێمە تاکوو ئیستاش فیلسووفانی کورد و هزربیرانی مەزنی کورد ناناسین و ئەوەی کە دەیزانین و دەیناسین لە زمانی بێگانەکانەوە دەستمان کەوتووە و بەدەستمان گەییشتووە. فێربوون لە خۆناسینەوە دەست پێ دەکات، چارەسەری هەموو کێشەیەکی کۆمەڵگا و ناسینی تۆی گەشەسەندنی خۆماڵیش لە خۆناسینەوە تێپەر دەبێت. ئێمە تاکوو خۆمان و نەتەوەکەمان، ڕابردوو و مێژوو، کەسایەتییەکانی میژووی خۆ و زانست و هزری خۆمان نەناسین، دژوار و ئەستەمە کە ڕێگەی سەربەخۆبوون بدۆزینەوە و سەرەتای ڕێی ڕزگاربوون لە کێشەکان دەستکەوێت. سەرکەوتن لە پەنابردن بۆ فەلسەفەی فیلسووفەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات دەست ناکەوێت.
سەرکەوتن لە هەڵکۆڵینی هزری خۆ و هەوڵ و تێکۆشانی وزەی هزریی خۆمان دەردەکەوێت. پشتئەستوور بە فەلسەفەی هزریی کۆمەڵگا سەرەتای هەموو دەستکەوتێکی کۆمەڵایەتیی، نیشتمانی و بەدی هاتنی بەختەوەریی گشتییە. لە فەلسەفەی زانستیی، شیعر و ئەدەب، داستان و چیرۆکی کوردییدا لەگەڵ گەڵێک ڕووداو، تارمایی و بەسەرهاتی مێژوویی ئاشنا دەبین. بۆ ئاشنابوون و تێگەییشتن لەو فەلسەفە زانستیی و کۆمەڵایەتییانە پێویستە کە نووسەرانیان بناسین، تاکوو لە نێۆڕۆکی هزریان تێبگەین. تێپەربوون بەسەر ئەو نووسراوانە و هەوڵنەدان بۆ دۆزینەوەی هزر و فەلسەفەکانیان تەنیا شیعر و چیرۆک یانخود داستانێکی وشک و ناتەواومان بۆ دێڵێتەوە. تاکوو هەنووکە سەدان کتێب و نووسراوەی دەیان کەسایەتیی مەزنی مێژوویی و فەلسەفیی کورد ونە و کەس لە شوێنی بوونیان ئاگادار نییە. بەشێکی سەرەکیی مێژووی کورد و چارەسەری کێشەکانی کوردستان و ڕێگەی داهاتووی نەتەوەی کورد لە کتێب و زانستی ئەو فیلسووفە بێناو و ونانەدا خەوتووە. هەر هەوڵێکی ڕاچڵەکێنەر بۆ دۆزینەوەی ئەو زانست و مێژووە ئاماژەی سەرکەوتنە. وڵاتانی پێشکەوتوو لە ئەورووپا پێش ئەوەکە سەرکەوتن بەدەست بهێنن، بەدوای مێژوویاندا گەڕان و ڕێچکەی مێژووییان دۆزییەوە، یانخود ساز کرد و باوەڕییان پێی هێنا، سەرکەوتنی ئەو وڵاتانە و بەدەست هێنانی زانستی ڕۆژ و کەوتنەڕێی چەرخی پیشەسازی لە ئەورووپا لەپاش قۆناغی خۆناسینەوە دەستی پێکرد.
کۆی تۆژینەوە؛
ئه‌و بزووتنەوانەی كه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن كاریگه‌ری به‌سه‌ر كه‌سایه‌تیی و تاكی خاوه‌ن بیروهزر دابنێن، ڕێ لە پێشکەوتنی كۆمه‌ڵگا دەگرن و هیوایان به‌ چاكسازی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی نییه‌ و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئه‌و وڵاتانه‌ش نایهه‌وێت كه‌ گۆڕانكاری قووڵ و نوێ ڕوو بدات، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی خۆیان له‌ ژێر مه‌ترسی و هەڕەشەدا ده‌بینن، ئه‌وه‌ش له‌ وڵاتانی جیهانی سێیه‌م و بە تاییبه‌ت لە ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی گه‌ورەدا‌ باوه‌ و كوردستانیش‌ له‌و جوگرافییایه‌دا هه‌ڵكه‌وتووه‌. ده‌بێ ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو بگرین كه‌ پێناسه‌ی نه‌وه‌ی نوێ له‌ كۆمه‌ڵگا به‌ كۆمه‌ڵگا جیاوازه‌ و دۆخی ژیان و هه‌لومه‌رجی جوگرافی و سیاسیی كاریگه‌ری له‌سه‌ر داده‌نێت، بۆیه‌ ناكرێ ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ كه‌ له‌ نه‌وه‌ی نوێی وڵاتانی پێشکەوتوو هه‌مانه‌ هه‌مان چاوه‌ڕوانیمان له‌ نه‌وه‌ی نوێی كوردستانیش هه‌بێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌نا كه‌ ئێمه‌ بنه‌مای هزرییمان لاوازه‌، پێچه‌وانه‌ بنه‌ما هزرییه‌كانی ڕۆژئاواش له‌ شارستانییەتی زاگرۆس و میزوپۆتامیاوە سەرچاوە دەگرن. به‌ڵكە له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌‌ نه‌وه‌ی نوێی كوردستان كه‌ره‌سته‌ و ڕاگه‌یاندنی به‌هێز و سه‌ربه‌خۆی له‌ خزمه‌تدا نییه‌ و ڕووداوه‌كان خێرا ڕوو ناده‌ن و قه‌یرانه‌كان پێویستیان به‌ بنكۆڵ کردنی زیاتر هه‌یه و کەرەستەی سەردەم و تێکنۆلۆژییش لەو پێوەندییەدا ڕۆڵی سەرەکیی و مەزن دەگێڕێت، ئەوەی کە نەوەی نوێی کوردستان لێی بێبەشە‌.
له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێت كه‌ دۆخی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی چاره‌سه‌ر بكرێت و دەرفەتی نوێ و یەکسان بۆ هەمووان دەستبەر بکرێت و کۆمەڵگاش گۆڕانکاری قووڵ بەخۆیەوە ببینێت، ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی لە ناوچەکە گۆڕانکاری قووڵ و بنەڕەتیی ئەزموون بکات، ئەوەش کاتێک مسۆگەر دەبێت کە دەسەڵات و ڕێکخراوەکانی سیاسیی گوێچکە بۆ نه‌وه‌ی خاوه‌ن هزر بگرن و باییخ بە پێشنیار و ڕاسپارده‌كانیان بدەن و لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ هه‌ڵبده‌نه‌وه‌ و درزی نێوان ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵگا پڕ بكه‌نه‌‌وه‌. به‌و چه‌شنه‌ ئه‌و دیواره‌ مه‌زن و به‌رزه‌ كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵگا ده‌ڕۆخێت و سه‌ره‌تا و ده‌سپێكێكی نوێ كه‌ پڕه‌ له‌ متمانه‌ له‌ نێوان هه‌ردوولادا درووست ده‌بێت. ئەوەش کۆتایی بە هزری؛ گەندەڵ، سەرمایەخوازی دەسەڵاتخواز و دەسەڵاتخوازی سەرمایەخواز، قورخکەری سەرمایە و دەسەڵات، داماڵینی سەربەستیی لە پێکهاتەکانی کۆمەڵگا، ژینگەی گەندەڵ، ڕۆخاندنی کۆڵەکەکانی کۆمەڵگا، ئاڵۆزکردنی دۆخی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی کۆمەڵ دەهێنێت و نەوەیەکی خاوەن هزروبیر و خاوەن بۆچوون ڕەوانەی گۆڕەپانی خزمەت کردنی کۆمەڵگا دەکات و بزووتنەوەکانی کۆمەڵایەتیی و جڤاکیی کە هێزی یەکەم و دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی گەلن ئارەستەی ستراتیژییەکانی کۆمەڵگا دەگرنە دەست. واتا سەربەستیی، ئازادی، کۆمەڵگایەکیی جڤاکیی، بەختەوریی، ژینگەیەکی ئازاد و پێشکەوتوو، دادپەروەری کۆمەڵایەتیی و باییخە مرۆڤایەتییەکان بەرهەمی هزروبیری نوێن.


لەنووسینی؛ Aritma Mohammadi





 

           

 

08/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com