مەراقەکانی شەو
 

  

به‌ندی عه‌لی

 




ژیان بێ مانایه‌ ئه‌گه‌ر
ترسێ له‌مردن هه‌ناسه‌ سوارم بکا
که‌ هه‌ر مردن
دواهه‌مین وێستگه‌ی سه‌فه‌ری
ئه‌م شه‌مه‌نده‌فه‌ری عومره‌ بێ و
تیکتی سه‌فه‌ر بۆ یه‌کسه‌ر بێ
حه‌ز ده‌که‌ی له‌کوێ دابه‌زی ؟
له‌وێستگه‌ دووره‌کانی شه‌رم
یان ئازادێکی بێ منه‌تی
له‌دره‌نگ و زوویی .. دابه‌زین ؟
...............
خه‌یاڵ
ئه‌مشه‌و بمبه‌ره‌وه‌
بۆ کوچه‌کانی مناڵی
پێویستم به‌که‌مێ یاریه‌
له‌گه‌ڵ جوچکه‌کانی به‌رائه‌تا
ئه‌م هه‌موو پشیله‌ گوربانه‌ی خیانه‌ت
ئه‌م هه‌موو چه‌قه‌ڵانه‌ی فڕو فێڵ
ته‌واو ده‌هرییان کردووم
..................
ئاگاداری خۆت به‌ ، گوڵم
واخه‌ریکه‌ عیشقیش ده‌بێ
به‌ ده‌ستکێش و .. به‌ مقاش و
به‌ ده‌مامک
ده‌ترسێم رۆژێ بی ، هیچمان
له‌به‌ر ئاوێنه‌ی ژیانا
یه‌کتری نه‌ناسینه‌وه‌
...................

ماوه‌یه‌که‌
چه‌ند تفه‌نگێکی ناکه‌سی
ترسنۆک و
ئاژاوه‌گێڕ و بێ چڵه‌و
لێره‌و له‌وێ
به‌دزیه‌وه‌ دێن لای نیوه‌شه‌و
وه‌ک ره‌وه‌ گورگێکی خوێڕی
به‌رئه‌بنه‌ گیانی ئه‌م و ئه‌و
من بزانم ، ده‌یانه‌وێ
شار به‌رنه‌وه‌ بۆ شه‌وانی
شه‌وله‌بان و
سه‌رده‌می گورگانه‌شه‌وێ
...................
نه‌زریانی مه‌راق ئه‌ی یار
په‌ڕه‌ی دڵمان ئه‌شواته‌وه‌
نه‌فریشته‌ی مه‌رگی ناکاو
پێکی روحمان ئه‌خواته‌وه‌

وه‌ره‌ ئه‌ی یار باخی دڵمان
پڕ مێخه‌ک و یاسه‌مین که‌ین
ئه‌گه‌ر تاجی نه‌مریت ئه‌وێ
وه‌ره‌ ئه‌ی یار با ئه‌ڤین که‌ین
.....................
هه‌ست به‌شه‌رمه‌زاری ئه‌که‌م
هاو نیشتیمانی گه‌لێ بم
خۆی به‌مێگه‌ل بشوبهێنێ و
فه‌خامه‌تی سه‌رۆک .. به‌شوان
له‌و جۆره‌ نیشتیمانه‌دا
تۆ چه‌ند گورنه‌ته‌ڵه‌ی ئینسان
.....................
کاتێ سه‌راب ، له‌به‌رچاوت
ئه‌بێ به‌حه‌قیقه‌تی ره‌ها
ناچار به‌سوژنم ئه‌که‌ی
….................
که‌مێک له‌بیرم که‌ ، گوڵم
به‌نیازی پیاسه‌یه‌کی قوڵم
به‌نێو باخی ته‌نیاییا

چه‌ند فرسه‌خێک ، دوورکه‌وه‌ لێم
من هه‌ڵامه‌تی گومانم گرتووه‌ ، با
تۆش توش نه‌بی

به‌ده‌ست خۆم بێ
ته‌واوی رۆژه‌کان ئه‌نوم
له‌سه‌ر شانۆی شه‌وا ، ته‌نیا
نمایشی (ئه‌رکه‌کانی ژیان) ئه‌که‌م
ئه‌م ژیانه‌
جه‌نجاڵه‌ به‌روحی به‌زیو
......................
ئه‌مشه‌ویش وه‌ک هه‌موو شه‌وێ
له‌بالکۆنه‌ سیحروایه‌که‌ی
ماڵی خۆمان ، راوه‌ستام و
به‌ده‌م چه‌ند مژێ له‌جگه‌ره‌ی
خه‌یاڵه‌وه‌
قولاپی به‌ختم هه‌ڵدایه‌
ناوه‌ڕاستی ده‌ریای ڕه‌شی
ئاسمانه‌وه‌
وه‌لێ ماسیه‌کانی شیعر
هه‌ر نه‌هاتن
پێ ده‌چێ دڵی گوڵێم
زیز کردبێ ، رۆژی ئه‌وڕۆ
ئاخر من موعتادی شیعرم
شیعریش موعتاده‌ به‌عیشق و
عیشق .. به‌جوانی
هیچ له‌مانه‌ش نایه‌نه‌ گۆ
دوور له‌په‌نجه‌کانی سۆزو
میهره‌بانی
..........................
ماسیه‌کان گیان له‌ده‌ست ئه‌ده‌ن
ئه‌گه‌ر به‌نیاز بن پرۆسه‌ی
هه‌ڵمژینی
هه‌وای ئازادی پیاده‌که‌ن

باڵنده‌کان
گۆڕی خۆیان هه‌ڵئه‌که‌نن
ئه‌وده‌مه‌ی ئازادی وه‌ته‌ن
به‌قردێله‌ سووره‌کانی
سنووره‌کان ، ده‌پێچنه‌وه‌

منیش .. جاڕی
فڕینی روحی خۆم ئه‌ده‌م
ئه‌گه‌ر ده‌ریای ره‌شی چاوت
به‌جێ بێڵم
...........................
که‌خۆر هه‌ڵدێ
گشت به‌یانێ
فرمێسکه‌ ڕه‌شه‌کانی شه‌و
ئه‌سڕین
بیجامه‌ خه‌تخه‌ته‌که‌ی خه‌م
دا ئه‌که‌نین
به‌فڵجه‌ی زبری بێ عاری
ددانه‌ زه‌رده‌که‌کانی ژیان
سپی سپی .. ئه‌که‌ینه‌وه‌
دوای به‌رچاییه‌کی تاڵی نوێ
ده‌رگا له‌رۆژێکی دیکه‌ی
(نه‌فره‌ت له‌بێباکی قه‌ده‌ر)
ده‌که‌ینه‌وه‌ ..
ئاخر ، ئێمه‌ له‌نه‌سلێکین
تاکو ئه‌زه‌ل
قه‌رزی گوناهی باپیران
ئه‌ده‌ینه‌وه‌
......................
سلێمانی
له‌پاش هه‌ر رێژنه‌ بارانێ
که‌خۆی ده‌شوات
ده‌ڵێی بوکه‌و هه‌ر هه‌نوکه‌
له‌حه‌مام .. هاتۆته‌وه‌
کوڵمه‌کانی سوور سوور ده‌بن
لێوی ئاڵ و
نیگای چاوه‌کانی گه‌ش گه‌ش
چون بڵێی ساته‌ وه‌ختێکه‌
ره‌شه‌بای .. بیرچۆته‌وه
….................
ئێواره‌ بوو .. پاییزانێ
رێ ، ئه‌یبردینه‌ نێو ته‌مێ
باسی خه‌ممان بۆ یه‌ک ده‌کرد
له‌ من خه‌مێ و له‌ویش خه‌مێ
دره‌ختێکیش هێنده‌ گه‌ڵای
خه‌می وه‌راند به‌سه‌رمانا
تاکو هه‌ردوو بووین به‌ دووچنگ
گه‌ڵای ره‌نگ زه‌رد ، له‌شه‌رمانا
.....................
چی ده‌که‌ی به‌و ئاسمانه‌وه‌ ؟
من په‌رده‌که‌م لادا .. هه‌تا
ئێواره‌ باشێ له‌خاتوو
مانگه‌شه‌و که‌م
................
ئه‌زانی چی خۆشه‌ بیکه‌ین
بۆ وه‌ده‌رنانی هیلاکیی
رۆژێکی پڕ له‌بێزاری ..!؟
لای ئێواره‌و له‌گه‌ڵ هه‌ڵدانی دوو چایا
من شیعرێکت بۆ بنووسم
له‌تۆش ماچێ .. وه‌کو دیاری
.....................
تا هه‌نوکه‌ش
من له‌سیحری سیان تێناگه‌م
شیعرو شه‌راب و ماچی لێو
ئه‌میان بوونم ئه‌نوسێت و
ئه‌ویان ژانی
له‌دایکبوونم بوونم سڕ ئه‌کاو
ئه‌وی تریان
ئه‌مکات به‌توفلێکی بزێو
…...................
شاعیرێک مرد
هاوڕێکانی لاشه‌که‌یان
به‌خاک سپارد
که‌چی هه‌موو ئێوارانێ تاکو ئه‌مڕؤش
شیعره‌کانی
میوانی سه‌ر سفره‌ی خوانی
روحی هه‌موو هاوڕێیانه‌
که‌ شیعر مرد
هه‌ر به‌دوایدا
قه‌ڵه‌م خۆی دا له‌سێداره‌و
په‌ڕه‌ گڕی به‌ردایه‌ خۆی
گه‌رچی شاعیره‌که‌ مابوو
وه‌لێ هه‌ر په‌یکه‌رێ بوو
بێ ..... گیان
......................
ئه‌و ده‌مه‌ی ژانم لێ ده‌ڕژا
هه‌ر شیعر بوو
له‌ژێر دڵما خۆی ڕاده‌خست
ئه‌و ده‌مه‌ی خه‌م
له‌روحمه‌وه‌ فیچقه‌ی ده‌کرد
هه‌ر شیعر بوو
ده‌بووه‌ برین پێچ و لۆکه‌
ئه‌و ده‌مه‌ی برسێتی خه‌وی
له‌هه‌ردوو چاوم ده‌تۆراند
هه‌ر شیعر بوو



به‌ندی عه‌لی .. 2014
.............
 

           

 

06/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com