سێوێك له‌ سنگی شاعیرێكدا وه‌ستا
بۆ ئازاد سوبحی

 

  

داستان به‌رزان

 




نه‌ ئاسمان، نه‌ زه‌وی
بۆ ئه‌وه‌ نین هێند له‌گه‌ڵیاندا نه‌رم بیت
ئه‌مه‌ وانه‌ی دڵڕه‌قی نییه‌
ناشمه‌وێت جارێكیتر توڕه‌بیت و
شیعرێكیتر بنوسیت.

دونیا بۆ تۆ نه‌بوو
دونیای گرانی سه‌رشانی مرۆڤه‌ ماندووه‌كان
بۆ ئه‌وانه‌بوو كه‌ به‌رگه‌ی بێته‌ربێتییه‌كه‌ییان گرت.

تۆ ده‌بوو وابیت
نه‌ده‌بوو عه‌ینه‌كه‌كه‌ت بگۆریت و
به‌جۆرێكیتر بێهیوایی ئه‌زموون بكه‌یت
نه‌ده‌بوو له‌و عه‌رشی غه‌مگینییه‌ بێیته‌خوار و
خۆت به‌ دڵخۆشی به‌رده‌كان بخه‌ڵه‌تێنیت.

ئه‌وكاته‌ی هاوڕێكانت ڕۆیشتنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌كانیان و
ده‌رگاكانیان به‌ توندی له‌سه‌ر ڕابردوویان داخست
نه‌یانده‌زانی ده‌رگایه‌كی هه‌میشه‌یی له‌سه‌ر تۆ داده‌خه‌ن
چونكه‌ تۆ مرۆڤی شه‌قام و شۆسته‌ و گۆشه‌گیریی بوویت
كه‌وتیته‌ ڕۆژگارێكی وه‌ها ترسناك و ساخته‌وه‌
كه‌ مۆدێلی شۆسته‌ و شه‌قام و گۆشه‌گیریی نه‌ما
مۆدێلی ئه‌وه‌ نه‌ما به‌ ڕه‌نگی خۆته‌وه‌ بژیت.

تۆ مانات به‌ گۆشه‌گیریی ڕه‌ها به‌خشی
نه‌فره‌تت له‌ ڕۆژانێك كرد
كه‌ لێی ده‌ڕژا سه‌گی ڕه‌نگا و ڕه‌نگ.

من له‌و برینانه‌ی تۆ تێده‌گه‌یشتم
چونكه‌ خۆم له‌ برین نوسین دروست ده‌كه‌م
به‌ئاگاش بووم له‌و شیعرانه‌ت
كه‌ باسی ئازار و ته‌نیاییان پێكه‌وه‌ ده‌كرد
چونكه‌ خۆم ده‌نك ده‌نك ئازار به‌ ده‌زووی ته‌نیایی ده‌هۆنمه‌وه‌.

باشبوو شیعرێكی دیكه‌ت نووسی
ده‌نا ئێمه‌ ئه‌م دارستانه‌ به‌ردینانه‌مان نه‌ده‌ناسی
ئه‌م جیهانه‌ كۆنه‌مان وه‌كو خۆی نه‌ده‌خوێنده‌وه‌
به‌مجۆره‌ گوێمان بۆ ناوه‌وه‌ی خۆمان ڕانه‌ده‌گرت.

ئه‌و جۆره‌ی تۆ له‌ مرۆڤ
به‌ر ڕه‌قایی ژیان ده‌كه‌ون
بۆیه‌ هه‌ر زوو درز ده‌به‌ن و
له‌ تۆفاندا بزر ده‌بن.

ده‌رگاكه‌ت دابخه‌ و
به‌ ده‌سته‌ ڕووناكه‌كانت توند بیگره‌
مه‌هێڵه‌ تاریكی ئه‌م ڕۆژگاره‌ بێته‌ ژووره‌وه‌
له‌شكری ئومێد تابلۆی بێهیوایت بشێوێنن.

زووتر ده‌مزانی تۆ به‌رگه‌ی ئه‌م دونیایه‌ ناگریت
ده‌بوو له‌ پایزێكی دڵته‌نگدا وردوخاش بیت
به‌ڵام دڵم نه‌ده‌هات وه‌بیر شاعیرێكی بهێنمه‌وه‌
كه‌ دونیا كۆتاییه‌كی توند و تیژی هه‌یه‌.

تۆ هه‌ڵزنایت به‌ ژیاندا
ویستت په‌رده‌ له‌سه‌ر بێ ماناییه‌كه‌ی لابده‌یت و
زۆڵه‌ مردووه‌كانی ناو ڕه‌حمی له‌ گه‌روویه‌وه‌ ده‌ربهێنیت
ئه‌وانه‌شی واده‌كه‌ن، ژیان له‌گه‌ڵیاندا باش نابێت.

خۆت له‌به‌ربكه‌ و بڕۆ
دونیا به‌نیازه‌ ساردتربێت
دونیا به‌نیازه‌ ڕه‌قتربێت
دونیا به‌ نیازه‌ بمرێت
دونیا به‌نیازه‌ بمان نێژێت.

من ئه‌مشه‌ویش ناخه‌وم
بیر له‌ تۆ و
له‌ شیعری تۆ و
ته‌نیایی تۆ ده‌كه‌مه‌وه‌.

پیتێك
بۆ وشه‌یه‌ك
وشه‌یه‌ك بۆ ڕسته‌یه‌ك
ڕسته‌یه‌ك بۆ ئه‌م شیعره‌ داده‌گیرسێنم.


تۆش ده‌رگاكه‌ت دابخه‌ و
ڕیتمی گۆشه‌كیریت تێكمه‌ده‌
ده‌ست له‌سه‌ر دڵی ته‌نگت دابنێ‌ و
به‌هیواشی لێدانه‌كانی بژمێره‌
یه‌ك
دوو
سێ
چوار
په‌نجاو سێ
سفر
تووووووووووووووووت.

ده‌ركاكه‌ت دابخه‌
بۆ هیچ كه‌سێكی مه‌كه‌ره‌وه‌
مه‌كه‌ره‌وه‌
مه‌كه‌ره‌وه‌
مه‌كه‌ره‌وه‌.





 

           

 

08/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com