لەو کاتەوەی کە هێزەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە شام
وعیراق/ دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (موسڵ)یان داگیرکرد
و دواتر پەلاماری شارەکانی دیکەیان دا و دواتر
کەوتنەوە هێرش بۆ سەر ئامانجە سەرەکییەکە [کانتۆنەکانی
ڕۆژاوا]، سەراپای میدیای دەسەڵاتداران و ئەوانەی کە
سەرچاوەیان ئەو کاناڵانەن، هەوڵی ئەوە دەدەن، بڵێن
ئەوە قورسی و تازەیی چەکە کە هێزەکانی "داعش"ی ئاوا
دڕکرەووە و سەرکەوتنیان بۆ مسۆگەردەکات. هەڵبەتە ئەو
پاگەندەیە پلان و ئامانجی دیکەی لەپشتەوە بوو، وەك
دەرکەوت فرۆشتنی چەك بە فەرمانداریی عیراق و هەرێم،
ساخکردنەوەی چەکە بەسەرچووەکان و خاڵیکردنی
هەنبارەکانی چەکسازیی ئەوروپا و ئەمەریکا...تد.
بەڵام ڕاستییەکەی شتێکی دیکە هەیە، کە جەنگی باوەڕە،
چەکداری "داعش" مەبەستم چەکدارانی ڕیزی خوارەوەیە نەك
خەلیفە و یارانی، بەوپەڕی باوەڕ بە گەییشتن بە بەهەشت
دەجەنگن و تا دوا هەناسە کۆڵنادەن. هەڵبەتە بۆ میدیای
پارتیییەکان و دەسەڵاتدارانی هەرێم ئامانج لە
گەورەکردنەوەی "داعش" لە ڕووی چەکەوە بۆ شاردنەوەی
بێباوەڕیی هێزەکانی خۆیان بوو، کە ئەوەش زۆر ئاساییە،
ئەو هێزەی ئێستا هەیانە لەشکرێکی دەسەڵاتداریییە و
مووچەخۆرە و وەك هەر مرۆڤێکی دیکەی کۆمەڵەکە کۆشکی
فیرعەونەکان و کەلاوەی خۆی، ژیانی پاشایانەی
لێپرسراوان و دەسەڵاتداران و ژیانی هەژارانەی خۆی
دەبینێت، ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ بێباوەڕیی و
بەرەنگاریینەرکدنی ئەو هێزە.
وەك دیتمان و دەبینین، هەرچەندە سەرانی (پدک) و (ینک)
نکۆڵی لەو ڕاستییە دەکەن، کە لە هیچ قۆڵێکی جەنگی
سنوورەکانی هەرێمدا، هێزی فەرمانداریی و پارتییەکانی
هەرێم بەبێ بەشداریی گەریلا و شەرڤانانی "ڕۆژاوا"
نەیانتوانیوە سەرکەوتن بەدەستبهێنن، ئەمەش هۆکاری
ناهاوسەنگی جەنگی نێوان باوەڕداران "داعش" و بێباوەڕان
"لەشکری هەرێم"ە و هەوڵدان بۆ هەر پاساو و شاردنەوەیەك،
سەرەنجامەکەی پووچییە. چونکە ئەوەتا چەکی بەهێزیشیان
بۆ هات و کەچی گرتنەوەی (شەنگال) کە بەگوێرەی بەڵێنی
سەرۆکەکەی هەرێم بڕیار بوو ٤٨ سات نەخاێنێت، ئەوا
خەریکە دەبێتە پێنج مانگ و ئاوارەکانی شەنگال لە
ڕەقبوونەوەدان و هەڵم و هاڵاوی (سەری ڕەش) و (قەڵاچوالان)
و کۆشکی فێرعەونەکانی دهۆك و هەولێر و سلێمانی و
کەرکووك بەفری سەر کێوان دەتوێنێتەوە!
بەپێچەوانەوەی ئەوەوە، کاتێك کە هێزی باوەڕداری "داعش"
پەلاماری هێزێکی دیکەی باوەڕدار دەدات و ئاوا دەزانێت
کە کوردبوونی هەر دوو هێزەکەی "هەرێم" و "ڕۆژاوا"، وەك
لە زومار و شەنگال و مەخموور دەتوانێت زەمینەی
سەرکەوتنیان بێت لە (کۆبانێ)ش. ئەوان نەیانزانی باوەڕی
جەنگاوەرانی (یەپەژە) و (یەپەگە) زۆر لە باوەڕی خۆیان
بەهێزترە و دەبێتە هۆی پووچکردنەوەی خەیاڵی بەهەشتی
ئەو دونیا، چونکە پێداگریی و پاریزگاریی لە بەهەشتی
ئەم دونیا زۆر بەهێزتر و بەڵگەدارترە. ئەوان نەیانزانی
ئەو گومانەی کە لە باوەڕی خۆیاندا هەیە [نەبوونی بەڵگە
بۆ بوونی بەهەشت]، لە باوەڕی جەنگاوەرانی (یەپەژە) و (یەپەگە)دا
نییە و دوناییەك کە پارێزەرانی (کۆبانێ) لەپێناویدا
دەجەنگن، بەڵگەی هەبوونی، بوونی خۆیانە و لەژێر
پێیاندایە و هیچ بوارێك بۆ گومان و دڕدۆنگی لە باوەڕی
جەنگاوەرانی (ڕۆژاوا)دا نییە، تەواو پێچەوانەی باوەڕی
"داعش"یان، کە بەڵگەی بوون و گەییشتن بە بەهشت نییە و
هەروا پێچەوانەی بێباوەڕیی چەکدارانی (هەرێم)یشە، کە
جیاوازی ئاستی ژیان و دارایی و بڕیار و مافی خۆیان
لەتەك سەرانیاندا ئاسمان و ڕێسمانە!
بەکورتی ئەوەی ناوچەکانی "هەرێم"ی خستە ژێر دەستی
چەکدارانی "داعش" بێجگە لە هەبوونی پلان و ڕێکەوتنی
پەنانەکی دەسەڵاتدارانی هەرێم و دەوڵەتی پشت دەوڵەتی
خەلافەتی ئیسلامی [دەوڵەتی تورکیە]، بێباوەڕیی
چەکدارانی (پدک) و (ینک) بوو و هەروەها ئەوەی کە
بەزاندنی چەکدارانی "داعش"ی لە بەرانبەر بەرەنگاریی (ڕۆژاوا)دا
مسۆگەرکردووە، نەبوونی گومانە لە باوەڕی جەنگاوەرانی (یەپەژە)
و (یەپەگە)دا و هاندەرانی ئەو بەرەنگارییە بێوێنەیەش
ئەمانەن:
یەکەم، هێزێکی باوەڕدارن.
دووەم، هێزێكی خۆبەخشن.
سێیەم، بەزۆری جەنگاوەران خەڵکی (کۆبانێ)ن.
چوارەم، لەنێوان هەڵهاتن و خۆبەدەستەوەداندا
بەرەنگاریی و مردن هەڵدەبژێرن.
پێنجەم، لە سەرووی هەموو ئەو هۆکارانەوە، بوونی ژنانە
وەك جەنگاوەر و بەرەنگارییکار، شتێك کە لە مێژووی
خەباتی چەکداریی (هەرێمی کوردستان)دا بوونی نەبووە و
نییە، چونکە لەم (هەرێم)ەدا چ داگیرکەر و چ
بەرەنگاریکەر لەسەر لاوازکردنی ژن و کەنارخستنی لە
پرسە چارەنووسسازەکاندا، هاودەنگ و هاوبیر و هاوئامانج
بوون و کاردەکەن!
|