هێرشەکانی (داعش) و پەلامارەکانیان بۆ سەر هەرێمی
کوردستان، چەندین دەرهاویشتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و
دەروونی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەڵام هیچ یەکێک لەو
دەرهاویشتانە نەیانتوانیوە وەک ناوی (پێشمەرگە)
کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا دابنێت.
ناوی (پێشمەرگە) لەم قۆناغە ئاڵۆز وهەستیارەی ژیانی
سیاسی کۆمەڵگای کوردستاندا هەڵکشانێکی گەورەی بەخۆیەوە
بینیووە، تەنانەت ئەوانەشی کە پێشتر بە (میلیشیایان)
ناودەبرد، ئێستا پەلە پەل کەوتونەتە خۆیان بۆ ئەوەی لە
کاروان دوانەکەون و هاوکێشەکە یەکسان بکەنەوە.
ئەو حەقیقەتەی کە ناوی (پێشمەرگەی) کردۆتە کارەکتەرێکی
زیندوو، ئەو هۆکارانەی پێناسە و مەودای ناوی (پێشمەرگەی)
فراوانتر کردوە، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە بەرگری و ئەو
گیانبازیەوە هەیە کە (پێشمەرگە) لەشەڕی دژی (داعش)دا
بەرجەستەی کردووە.
ڕۆژانە چەندین خوێندنەوە بۆ ئەرکی تازە و چەکی تازەی
دەستی (پێشمەرگە) دەکرێت، بەردەوام گوێمان لە باسی
پشتیوانی دەوڵەتان و سوپاکان دەبێت بۆ (پێشمەرگە)،
تەواوی دەزگا ڕاگەیاندنەکان لێوان لێون لە شیعر و سرود
و گۆرانی و چیرۆک بۆ (پێشمەرگە).
بەڵام لە پانتای ئەو جوگرافیایەی کە ناوی (پێشمەرگە)
داگیری کردوە، بەقوڵی هێڵە سەرەکیەکانی پڕ نسیبە
ئینسانەکان فەرامۆش کراون، بەگرنگ سەیر نەکردنی ژیان و
بەزیندووی مانەوەی (پێشمەرگە)، فۆرم و شکڵی بەشی زۆری
ئەو پیاهەڵدان و ناو هێنانەکانی (پێشمەرگەی)
دیاریکردوە کە ڕۆژانە ئاڕاستەیان دەکرێت.
بەکار هێنانی دەیان دەستەواژەی وەک (پیاوەتی،
قارەمانیەتی، بە غیرەت، حیساب بۆ دوژمن ناکات، کون لە
جەرگا نەبوو، دۆستی مەرگ، سوار چاکی پێشی پێشەوە) و
هتد..... ڕەنگدانەوەیەکی نێگەتیڤی لەسەر پێناسە
ئینسانیەکان و هەوڵەکانی (پێشمەرگە) هەیە بۆ خۆپاراستن
و بەگرنگ سەیرکردنی ژیانیان، وەک ئینسانێک و تاکێکی
ئاسایی کۆمەڵگا.
ڕەنگدانەوەی ئەم دەستەواژانە کە بەرئەنجامی لێکدانەوە
و پێوەرەکانی کۆمەڵگایەکی نێرسالار و ئاودراوە بە
دەمارگیری پیاوەتی و ئەخلاقی، لەسەر خۆپاراستنی (پێشمەرگە)،
سەیر کردنیان پێش هەر شتێک وەک ئینسان، مافی ژیان و
مانەوەی (پێشمەرگەی) وەک تاکێک خستۆتە ژێر پرسیارەوە،
بە چاوپۆشی لە ئەرک و ئەو سیفەتەکانی کە (پێشمەرگە)
خۆی هەڵگریەتی.
بەهۆی فراوانبوون و ئاسانبوونی تۆمارکردنی گرتەی
ڤیدیۆی، بەشێکی زۆرمان ڕووداوەکانی بەرەکانی شەڕ
بەشێوەیەکی فەرمی یان نافەرمی دەبینین، ئەوەی سەرنج
ڕاکێش و جێگای خوێندنەوە و هەڵوێستە لەسەر کردنە،
کاریگەریە نێگەتیڤەکانی دەستەواژەکانە بەسەر هەڵسوکەت
و هەنگاوەکانی (پێشمەرگەوە) لەبەرەکانی شەڕ، ئەو
هەڵسوکەوت و هەنگاوانەی (پێشمەرگە) دەخاتە دەرەوەی ئەو
هاوکێشەیەی، کە دەبێت (پێشمەرگە) بە پەنا شەڕ و
بەرگریکردنەوە، وەک (ئینسان) مافی خۆ پاراستنی هەبێت.
لەم ماوەیەدا سێ گرتەی ڤیدیۆی زۆر سەرنجیان ڕاکێشام،
ئەم گرتانە ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێت کە بۆتە جێگای قسە و
باسی ئەم وتارە، بەداخەوە دوو لە گرتە ڤیدیۆیەکان لە
دوای (گیانبەخشینی) دوو (پێشمەرگە)کە خۆیان نمایش کران،
گرتەی سێهەمیش چەند ڕۆژێکە لە دەزگا ڕاگەیاندنەکانەوە
نمایش دەکرێت، (پێشمەرگەیەک) خەریکی هەڵگرتنەوەی بۆمب
و لوغمی چێنراوە، بۆمبەکان لە مەنجەڵی چێشت دروست
کردندا هەڵبەسراوان.
گرتەی یەکەم و دووەم ، قسە و باسی ئەو دەستە (پێشمەرگانەن)
کە دوو (پێشمەرگە) (گیانبەخشەکانیان) لە گەڵدایە،
دەستەی یەکەم بەم جۆرە باسی خۆیان ئەکەن لە بەرەکانی
شەڕ، ئەڵێن:ئەوە ئێمەین لە پێشی پێشەوەین، کەس نیە لە
پێشمانەوە، دوایی کەس نەڵێت ئێمە لە پێشی ئەمانەوە
بووین، دەستەی دووەم بەم جۆرە باسی خۆیان ئەکەن
لەبەرەکانی شەڕ، دەڵێن:ئەوەتا لە پێشی دەبابەکانەوەین،
هیچ حیسابیان بۆ ناکەین.
گرتەی سێهەم، ئەو (پێشمەرگەیەی) بۆمبەکان پوچەڵ
ئەکاتەوە، تەنها بە سەیر کردنی دەزانی کە چ کارەساتێکی
ئینسانی بەڕێوەیە و، ئینسان چ بەهایەکی هەیە، بە
ئاشکرا دەبینی (ئینسانی بوونی پێشمەرگە) و مافی
زیندوویەتی و خۆپاراستنی لە چ ئاستێکدایە،
پوچەڵکردنەوەی بۆمب بە بێ سەرەتایی ترین ئامێر و
هۆکانی خۆپاراستن، تەنانەت ئەو (پێشمەرگەیە)
دەستکێشیشی لە دەستدا نیە، دەیان (پێشمەرگەی) هاوڕێی
خەریکن بە تەلەفونەکانیان وێنەی ئەگرن، بە قەولی
بەڕێزێک لە فەیسبوک دەڵێت: گۆزروان و پیشۆکیش بەو
شێوەیە لە بەهاردا دەرناهێنرێت.
ئەم سێ گرتەی ڤیدیۆیە بە ڕوونی پێمان ئەڵێت: کە بەشی
زۆری هێزی (پێشمەرگە) چۆن کەوتونەتە ژێر کاریگەریەکانی
عەقڵی باوی کۆمەڵگا، دەسەڵاتیش چۆن باوەشێنی پشکۆی ئەو
ئەقڵیەتە ئەکات، ئەم سێ گرتە ڤیدیۆیە کارئاسانی ئەکات
بۆ جێگیرکردنی دەستەواژەکان و ناسینەوەی سروشتی
دروستکراوی (پێشمەرگە)، هەمان کات (پێشمەرگەش) خۆیان
بوونەتە بەشێک لەو فەرهەنگ و دیدەی کۆمەڵگا سەیری (غیرەت
و پیاوەتی و قارەمانیەتی) پێ دەکات.
نابێت لە خۆبوردووی و ئازایەتی و جەسارەتی (پێشمەرگە)
لەبەرەکانی شەڕدا بەرانبەر (داعش)، بکرێتە پێوانە و
پێوەرێک کە مافی خۆپاراستن و (ئینسانی) بوونی (پێشمەرگە)
بخاتە ژێر پرسیارەوە، (پێشمەرگە) پێش هەر شتێک (ئینسانە)
و دەبێت ئەم مافەی لە ڕووی سیاسی و فەرهەنگی و سەربازی
و کۆمەڵایەتیەوە پارێزراو بێت، مەحروم کردنی (پێشمەرگە)
لەم مافە تەنها لەبەر ناوەکەی کە (پێش مەرگ) دەکەوێت
هەڵەیەکی گەورە و هەنگاوێکی دژی (ئینسانیە).
بەپێی ڕاگەیاندراوێک کە ڕۆژی ١٠/١٢/٢٠١٤ وەزارەتی
پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردۆتەوە
دەڵێت: لەڕۆژی ١٠/٦/٢٠١٤ وە تاکو ئێستا (٧٢٧) (پێشمەرگە)
گیانیانبەخشیووە، (٣٥٦٤) بریندار و (٣٤) (پێشمەرگەش)
بێسەروشوێن بوون، سەرەڕای سەختی شەڕ و وەحشیگەریەک کە
(داعش)ی پێدەناسرێتەوە، من دڵنیام ئەگەر (پێشمەرگە)
وەک (ئینسان) لە چەقی ئەم گۆڕەپانە سەربازیەدا لە
هەموو بوارەکاندا خوێندنەوەی بۆ بکرایە، ئێستا
ژمارەکان زۆر زۆر لەم ڕاگەیاندراوە کەمتر دەبوو، ئەمەی
کە ئێستا ڕوو دەدات (ئەنفالە) دەبێت ڕێگای لێبگرین.
من ڕووی دەمم لە خەڵکی کوردستانە، لە (پێشمەرگەیە)، لە
نوسەران و ڕۆشنبیران و ئازادیخوازانە، لە دەزگا
ڕاگەیاندنە بە هەڵوێستەکانە، ئەرکی هەموومانە پێناسە و
سروشتی (ئینسان) بوون بگێڕینەوە بۆ (پێشمەرگە)،
ئەرکمانە زۆر شێلگیرانە ڕەخنە و شەڕی سیاسی و فەرهەنگی
ئەو دەستەواژانە بکەین کە گیان و ژیانی (پێشمەرگە)
دەکاتە قوربانی ئەقڵی باوی کۆمەڵگا.
هیچ قسەیەکم بۆ حکومەت و پەرلەمان و دەزگا و لیژنەی
بەناو مافی مرۆڤەکانیان نیە، چونکە بەڕاستی و بە
پراکتیکی دەریانخست ژیانی ئینسانی (پێشمەرگە) بۆ ئەوان
هیچ مانایەکی نیە، وەک ئەوەی (پێشمەرگە) کارەکەی ئەوە
بێت کە ئەبێت بکوژرێت.
دەزگا و ئۆرگانەکانی دەسەڵات سەلماندیان بێجگە
کارتۆنێکی بەتاڵ هیچی تر نین، لەبری ئەوەی (پێشمەرگە)
دوای گیانبەخشینی حکومەت دوو پلەی بەرز بکاتەوە، دەبێت
سەرەتا وەک ئینسان سەیری بکات و، کار بکات بۆ ئەوەی
بەپێی پیوەرە ئینسانیەکان (پێشمەرگە) بناسرێت و
هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت، دەبێت هەوڵەکانمان بۆ
کۆمەڵگایەکی ئینسانی چڕ بکەینەوە.
|