تۆ تەماشای ئەم دوو حیزبە ئیسلامیە بكەن، لە (بەغداد)
لە (هەولێر) لە (دهۆك) لە هیچ شوێنێك شتێكیان نەبوو
ناوی لیستی خزمەت بێت! كەچی لە (سلێمانی) ئەم لیستەیان
لە ئەنجومەنی پارێزگا دروستكرد! بنەوانی دروستكردنی
ئەم لیستە بۆ یاریكردن بوو لە نێوان، یەكێتیی
نیشتیمانی و بزوتنەوەی گۆڕان. جاری واهەبوو شەوەكەی
بریاریاندەدا بۆ بەیانی دەنگ بە بزوتنەوەی گۆران بدەن
بۆ پارێزگا، بۆ بەیانیەكەی یەكەم لیستبوون
داوایاندەكرد، با دانیشتنەكە درێژبكرێتەوە! زۆر
هەوڵیان لە گەڵدرا كە با ژمارە (12) یان لا گەورەتربێت
لە ژمارە(11)،بەڵام نەیانتوانی ددان بەوەدا بنێن،
ژمارە (12) گەورەترە! بڕوایان وابوو ئەم فەزای
یاریكردنە دەبێتە هۆی دەستكەوتی گەورە بۆ ئەوان.
هەڵبەتە من وەك هاونیشیتمانیەك، دڵنیام لەوەی نە ئایین،
پێویستی بەحیزبە، نە دۆزینەوەی رێگای راست پێویستی بە
حیزبە. ئەم جۆرە حیزانەش كە خۆیان هەڵواسیوە بە
ئایینەوە، هیچ نێن جگە لە كەرەستەیەك بۆ گەیشتن بە
دەسەڵات و بە ئایدۆلۆژیاكردنی كایەكانی ژیان لە ژێر
ناوی گوتارێكی حیزبیدا. كاتێكیش دێتە سەر دادپەروەری،
كە دروشمی ئەم تایپە حیزبە ئیسلامیانەیە، تەنها شتێك
كە نایبینی دادپەروەرییە. یانی تۆ تەماشاكە دوو حیزبی
بە قەولی خۆیان بڕوا بە دادپەروەر، ئامادە نەبوون ددان
بەوەدا بنێن(12) كورسی زیاترە، لە (11) كورسی. دەبێت
ئیدی، چاوەرێی چ دادپەروەرییەكیان لێبكرێت؟ دیارە
یەكێتیی نیشتیمانی بەجوانی یارییەكەی ئەنجامدا، ئەوانی
فریودا بەناوی پۆستەوە، فریودانەكەشی بۆ ئەوەبوو،
نیازیان وابوو ئیدی بزوتنەوەی گۆڕان پەروێزبخەن.
نەخوێندنەوە و خۆشباوەڕیی و شاگەشكەبوونیان لە
بەدەستهێنانی پۆستی زیاتر لە سلێمانی لە لایەن
یەكێتییەوە، گەیاندوونیە ئەو باوەڕە بزوتنەوەی گۆڕان
پەراوێز دەخرێت و ئامانجێكی زیاتر دەپێكن! بێ ئەوەی
دەرك بەوە بكەن، یەكەم هێزی دەنگدەر لەو سنوورە بە هیچ
پەیمانێكی حیزبی پەراوێزناخرێت و یارییەكانی یەكێتی
لەگەڵ ئەوان تەنها ئەوەیە، گۆڕان رازیبێت رێكەوتنیان
لەگەڵ بكات.
زۆر ڕووداو لەو ماوەیەدا چ لە پێشچاوی خەڵك، چ لە
كۆبوونەوە داخراوەكاندا ڕوویدا. ئەوەی زۆر جێگەی
تێرامانبوو، ئەم دوو حیزە ئیسلامییە بە شێوەیەكی
جەهەنەمی كاریاندەكرد بۆ ئەوەی لیستی براوە
پەراوێزبخرێت. لەوەش جەهەنەمی تر ئەوەبوو، شەوان لە
كۆبوونەوە داخراوەكاندا قسەیەكیاندەكرد و رۆژانیش لە
كۆبوونەوە كراوەكاندا قسەیەكی دیكە! ئەم دوو فاقیەیان
بوو بوویە نوكتەی بەشێك لە سیاسیە حیزبیەكان كە چۆن
ئەم حیزبە ئیسلامیانە دەتوانن بەم جۆرە مامەڵە بكەن!
هەندێكجاریش ئەو رێكخراوانەی كۆمەڵگەی مەدەنی بوون و
بەژداربوون لە بەشێك لە كۆبوونەوەكاندا، ئەوانیشیان
توشی شۆك دەكرد. ئامانجەكەشیان تەنها ئەوەبوو، خۆیان
دەسكەوتی زیاتر بەدەست بهێنن و ئەو هێزە پەراوێزبخرێت
كە زۆربەی دەنگەكانی ئەوانی بردووە و پێیان وابوو،
پەراوێزخشتنی ئەو هێزە گەڕانەوەی دەنگەكانیانە!
بەهەرحاڵ، تا كارگەیشتە ئەوەی ئیدی هەردوو حیزبی
براوەی یەكەم و دووهەم خۆیان دانیشتن و رێككەوتنیانكرد
و پۆستەكانیان بەشكرد بەسەر خۆیان و حیزبەكانی دیكەشدا.
كاتێك ئەم لیستی دژە بزوتنەوەی گۆڕان و دژە
دادپەروەرییە، كە زانیان یەكێتیی نیشتیمانی یاری
پێكردوون و ئیدی كارێكی بەوان نەماوە، كەوتنە
هاواركردن! هاواركردن بۆ گەرانەوەی دادپەورەری نا،
بەڵكو، بۆ بەشە پۆستی خۆیان. ئێستاش هەر هاوارێك بكەن
بۆ ئەوەنیە، داوای لێبوردن لە خەڵكەكەی خۆیان بكەن، كە
لە كاتی پێویستدا لەگەڵ دادپەروەری نەبوون، بەڵكو، بۆ
ئەوەیە داوای بەشی زۆرتردەكەن لە پۆستەكان. لەكاتێكدا
رێككەوتنی لایەنەكان زۆر بە باشی بەشیداون و دەبایە
هەر پەراوێزیان بخەن، بۆ ئەوەی جارێكی دی لە پێناو
بەرژەوەندی بچوكدا، پشت لە گوتارەكەی خۆیان نەكەن.
ئەما ، بڕوابوونی كۆمەڵێك كەس كە دەبێت بەشی خۆیان
بدرێت بە پێی ئاستی دەنگەكانی خۆیان، بەشیاندرا.
لە ئێستاو لە داهاتوودا هەرشتێك بڵێن لەسەر
نادادپەروەری رەنگە شایەنی گوێلێگرتن نەبن. چونكە، بە
چەند مانگێك یارییەكانی یەكێتیی نیشتیمانی بەتەواوەتی
ماهیەتی ئەم دوو حیزبەی بۆ ئێمەی هاونیشتیمانیان
روونكردنەوە، كە لە چ دونیایەكی بەرژوەندی خوازدا
دەژین و چۆن بڕوایان بە دادپەروەرییەك نیە كە خۆیان لە
پێش چاوی خەڵك كردووە بە خاوەنی!تەمەناماندەكرد
وانەبوونایە، بەڵام وابوون!
لیستەكەشیان ئیدی ئەجنێداكەی كۆتایی هات. با لەبری
یارییەكانیان، ئەمجارە بەشوێن راستی بكەون، بۆ ئەوەی
لە رێگەی راستیەوە ماف و ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن،
نەك لە رێگای یاریی نادروستەوە، ئەو هاوارەی ئێستاشیان
تەنها بۆ بەشی زیادەیە، نەك بۆ بڕوابوونیان بە
دادپەروەری، تا ئەوشوێنەی پێویستی كرد، دژی دادپەورەبی
بوون، تا ئەو شوێنەی پێویستیكرد وەك پاشكۆیەك لەگەڵ
حیزبی دووهەم بوون، كە ئەوان پشتیانتێكردن،
ڕویانكردنەوەی هاواركردن!
نەبەز گۆران
|