شتێک وەک نووسین
 

  

نەوزاد بەندى

 



( گەشتێکى سەیر ) یان ( ئاگادارییەک بۆ وەزیرى ساغڵەمى )


بێ گومان وڵات کە دووچارى دەردى بێ یاسایى ئەبێ ، ئیتر لە هەر چوار لاوە دیاردەى سەیر و سەمەرە هەڵئەتۆقن کە هەندێکیان ئەوەندە سەرسوڕهێنن ، شایانى پێکەنینن زیاتر لە گریان ..
نمونەیەک لە دەیەها نمونەى سەیر و سەمەرە : ( دەرمان ) ە..لە هەموو جیهاندا حوکمەت (دەرمان) بە کوالێتیەکى بەرز ، بە خۆڕایى بۆ هاوڵاتیان دابین ئەکات ، چونکە (دەرمان ) وەک ( ئۆکسجینى ناو هەوا ) ڕاستەوخۆ پەیوەندیى بە ژیان و مانى هاووڵاتیانەوە هەیە .. هەر بۆیە ئەو وڵاتانەى کە تیایاندا کەسانێک بازرگانى بە دەرمانى نەخۆشەوە ئەکەن ، لە هەموو بەها مۆراڵییەکان شۆراونەتەوە ..لەبەرئەوەى نەخۆش ، ئازارێک پاڵى پێوە ئەنێت بێتە نەخۆشخانە ، نەک حەز و ئارەزوویەک .. مردنێ هەڕەشەى لێ ئەکا ، نەک خولیایەک .. جیاوازییەکى زۆر هەیە لە نێوان کەسێ کە ئەچێتە سوپەرمارکێتێکەوە بۆ بازارکردن لەگەڵ کەسێ کە ئەچێتە عیادەیەکەوە بۆ چارەسەرکردن ، ئەوەى یەکەم خەریکى کەمالیات کڕینە و .. ئەوەى دووەم خەریکى خۆ شاردنەوەیە لە مردن ..هەر بۆیە لوتکەى بێ ڕەوشتییە ئەگەر کەسێکى ڕاکردوو لە هەڕەشەى مردن ، ئیستیغلال بکەین بۆ خۆ دەوڵەمەند کردن ..
ئافرەتێک ئەناسم لەبەردەرگاى ماڵى مندا کەوت و حەوزى شکا ، گەیاندمانە خەستەخانەى فریاکەوتنى خێرا و بردمانە نهۆمى دووەم ، بە حاڵى مردن ئەو پڕۆسەیەمان ئەنجام دا ، کەچى پێیان وتین : سێ رۆژى تر نەشتەرگەریى بۆ ئەکەین ..!! باشە ئەم ژنە کە هیچ جوڵەیەکى بۆ ناکرێت و ..چرکە لە دواى چرکە ئەئاوسێت ، هەتاکو سێ ڕۆژ ئەبێ چ عەزابێ بکێشێ ؟؟ ..( بێ گومان لەو بار و دۆخەدا ئەبێ سەرت شۆڕ بکەیت و بە دواى ئەهلیدا بگەڕێى ، چونکە مرۆڤى لاى خۆمان هەر لە دایک ئەبێ ، سەرى پێ شۆڕ ئەکرێت و فێرى ئەوە ئەکرێ عەزابەکانى قوت بداتەوە و بە بەشى موقەدەرى خۆى لە شەق و نوشوستى ، ڕەزامەند بێ .. ئینجا لە بوارى تەندروستیدا وشەى –ئەهلى – ئەو وشەیەیە کە دڵى پزیشکەکان خۆش ئەکات و لە هەمان کاتیشدا نەخۆش و کەس و کارى نەخۆش وشک ئەکات و ئەیانخاتە سەر ساجى عەلى ..هەر بۆیە ئێستا سواڵکەرەکان فێر بوون باس لە نەشتەرگەریى ئەهلى ئەکەن بۆ ئەوەى ژێکانى بەزەیى ئەو خەڵکە بجوڵێنن ..) ژنەکەمان لە نهۆمى دووەمەوە ( بە حاڵى مردن ) هێنایەوە خوارەوە و ( فریاکەوتنى خێرا !!!! ) مان بەجێ هێشت و .. کەوتینە گَەڕان بە دواى ( چارەسەرى ئەهلیدا ) .. چونکە مەسەلەکە ( ئەهلى ) بوو ، بەو سەعات یانزەى شەوە پزیشکى پسپۆڕمان لە پێخەفى پەڕەمریشک هێنایە دەرەوە و ..هات بۆ لامان ، جا لەبەر چرایەکدا ( چونکە کارەبا لەو ئەهلیە بڕا بوو ) کەوتینە معامەلە ..لە دوو ملیۆن و نیوەوە هێنامانە سەر دوو ملیۆن و سەد ..
ئەوانەى لاى خۆمان چونکە دڵیان پڕە ، ئەگەر باسى خورمایان لێ بپرسى ، باسى مێوژیشت بۆ ئەکەن ، هەر بۆیە ئەو بابەتەى کە بە تەمام بینووسم ، هێشتا دەستى پێ نەکردووە و .. ئەو شارە ووشەیەى سەرەوە تەنها پێشەکییە و .. ئینجا وەک عەرەب لە خوتبەکانیاندا ئەڵێن : ئەمما بەعدو ..
ئێستا دۆخێکى سەیر لە کلینیکە ئەهلییەکان ئەگەڕێ ، ئەویش دیاردەى دەرمانى گرانە .. بۆ نمونە حەبێکى وەکو حەبى ئۆمیپرازۆل کە ناوە میللیەکەى لۆسیکە ، لە هەزار دینارەوە دەست پێ ئەکات هەتاکو نەوەد هەزار .. بێ گومان خەڵکەکە جۆرى هەزار دینارییەکە ئەکڕن ، هەر بۆیە کۆمپانیاکانى دەرمان کۆمەڵێک مەندوبیان بڵاو کردۆتەوە بە بازاڕەکەدا ، بە جانتایەکى دیپلۆماسییەوە ئەچنە خزمەتى پزیشکە پسپۆڕەکان و ئەکەونە سوود گۆڕینەوە ، ئەگەر نەخۆشەکانت ناچار بکەى ئەم دەرمانە گرانبەهایەى ئەم کۆمپانیایە بکڕن ، ئەوا سەفرەیەکى تورکیا یان قوبروس یان ئوردونت بۆ ساز ئەکەین .. ئیدى ڕێکەوتنەکە ڕوو دەدات و ..گەشتە خۆڕاییەکان دەست پێ ئەکەن کە لە ڕاستیدا نەخۆشى قوڕ بەسەرى هەناسە سارد پارەى ئەو گەشتانە ئەدات ، چونکە هەر کە جەنابى پسپۆڕ لە گەشتەکەى دێتەوە ، ئیتر ئەبێ نەخۆشەکانى هەستن بە کڕینى دەرمانى فڵان کۆمپانیا ..تیایاندا هەیە بە نەخۆشەکەى ئەڵێ : ئەبێ دەرمانەکەم بۆ بێنیتەوە بۆ ئەوەى دڵنیا بێ لەوەى کە تەڵەکەى پیا تەقیوە یان نا ..
ئینجا لەوە سەیر تر ئەوەیە کە جەنابى پسپۆڕ گەشتە خۆڕاییەکەى ئەکات ، پزیشکێکى موقیم لە کلینیکەکەى دادەنێ بۆ ئەوەى ئەگەر نیوا و نیویش بێ ، ئیشەکە هەر بڕوا .. ئەوسا نەخۆشە خوێندەوارەکان بە تووڕەییەوە پارەى تکتەکانیان وەرئەگرنەوە و .. ئامادەنین لە جیاتى پسپۆڕ ، موقیم بیانبینێ .. بەڵام نەخۆشە نەخوێنەوار و داماوەکان ، ئەترجێنرێنە ژوورەوە و ..بە بلیتى پزیشکى پسپۆڕ ، پزیشکێکى موقیم ئەیانبینێ ..
وەک ئەڵێن دیاردەیەک کە زیادەڕەو بوو ، لە لار و وێریى زیاتر شتێکى ترى لێ نایەتە بەرهەم ، بەو جۆرە کۆمپانیا چاو چنۆکەکان دە هێندە و بیست هێندە قازانج لە دەرمان وەرئەگرن و .. نەخۆشەکانیش دە هێندە و بیست هێندە زیاتر ئەچن بە ناخى زەمیندا و هەژار ئەکەون ..لە هەمان کاتیشدا چەندەها نەخۆشیش لەو ماوەى گەشتەى پسپۆڕەکاندا بە نیوە ناچڵى ئەکەونە بەردەست پزیشکێکى بێ ئەزموون کە لەسەر کورسى پزیشکى پسپۆڕى کۆچکردوودا دانیشتووە ..
لە ڕاستیدا دیاردەى سوود گۆڕینەوە لە هەموو جیهاندا هەیە بەس نەک بەو شێوە سەقەتەى لاى خۆمان ، چونکە ئێمە هەر دیاردەیەک کە هاوردەى ئەکەین ( بە هۆى ئەوەى خۆمان داهێنەر نین ) ئەکەوینە شکاندنى سەر و گوێلاکى دیاردەکە کە زمانەوانەکان پێى ئەڵێن : کورداندنى دیاردەکە .. بۆ نمونە ئەوروپیەکان خۆیان ئوتومبیل دروست ئەکەن ، کەچى بە بایسکیل هات و چۆ ئەکەن ،یان ئوتومبیلیک بە کاردێنن کە کەمترین سوتەمەنى خەرج بکات و کەمترین زیان بە گیرفان و شوێنەوار بگەیەنێ .. بەڵام ئێمە کە تەنانەت چیلکەى ددان پاککردنەوەیش دروست ناکەین ، هەوڵ ئەدەین ئوتومبیلى هەشت پستۆن و دوانزە پستۆن لیبخوڕین ..هەروەها ئەوروپیەکان خۆیان ویسکى دروست ئەکەن بەڵام لە کاتى خواردنەوەیدا تەنها بنى پەرداخەکە تەڕ ئەکەن ، کەچى نەفەرێکى لاى ئێمە هێندەى دوو گەڕەکى لاى ئەوان ویسکى ئەخواتەوە و ڕوخسارى هەر لە دوورەوە هاوار ئەکات کە جەماعەتى سەر مێز و شوشەى مل باریکە .
بە هەمان شێوە ئەم دیاردەى سوود گۆڕینەوەیە لە ئەوروپادا بەو شێوەیەیە ، بۆ نمونە کۆمپانیاى ئینتیل بۆ دروست کردنى کۆمپیوتەر ، بە مەندوبەکانى ئەڵێ هەر فەرمانگەیەک کۆمپیوتەرەکانى بگۆڕێ بە تازەترین مۆدێلى کۆمپیوتەرى ئێمە ، گەشتێ بۆ حەوت یان دوانزە کەسى ئەو فەرمانگەیە ڕێک ئەخەین ( بۆ نمونە ) بۆ ئەڵمانیا ، لەوێ ئەو گەشتیارانە بەو کۆمپیوتەرە تازەیە ئاشنا ئەکەن.. ئەم حاڵەتە تا ڕادەیەکى باش شەرعییە و .. گۆڕینەوە و نوێکردنەوەى زانیارییە ..
بەڵام لاى خۆمان ئەو دیاردەى سوود گۆڕینەوەیە ، بووە بەو دۆخە ناشیرینەى کە لە ئەلفەوە تاکو یائى ، نەخۆشى هەناسە سارد باجەکەى ئەدات ..
ئیتر نازانم بەڕێز وەزیرى تەندروستى ( ساغڵەمى ) هەرێمەکەمان ، ئەمرتان بە چییە ؟؟





 

           

 

02/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com