ئێستا ئایندەی دوێنێیە، سبەیش دەبێت بەئایندەی ئێستا،
ئەو ئێستایەی لەئێستاوە دیارە چرۆ ناكا، سەوز نابێت
لەمەركانە شكاوەكانی ئێستایدا، ئەو ئێستایەی بەدارەوە
دیارە، هەر لەئێستایەوە خوراوە، سەر هەڵبڕەو چەتەكانی
ئێستا دیارن، چاو بكەیتەوە ئێستای دزراو دەبینیت، ئەو
تابلۆیانەی سەر سنوریش دەبینیت بەچوار خەت لەسەریان
نووسراوە" هاتن بۆ ئێستا نییە، ئێستا بۆ هاتن نابێت "
تێدەگەی بەبێ ڤیزا شەقامێك نییە ئێستامان بەستێتەوە
بەئایندە،
ئەم هەموو ئێستایەمان بەڕێكرد، ئێستایەك هەر نەهاتەوە
هەڵگری بەهاو ناسنامەی ئێستا بێت، ئەم هەموو
ئێستایەمان لەخەو هەڵساند، ئێستایەك هەر نەبوو ئاوڕێك
بداتەوەو بڵێت: ئێستاتان باش، بەیانیتان باش، ئێستا
نەما تەفسیری خەونەكانی نەكەین، مانای ئێستایەك
ڕەنگینەدایەوە لەئێستادا بۆنی حەقیقەتی ئێستای لێبێت !
ئێستامان وەك هەمیشە سەختە، لەشنانەوە بێدەنگەكەی
پەلكە گیایەك دەچێت، سەری لەسینەی تاشە بەردێكدا
هێنابێتە دەرەوەو، چاوەڕوانی هیچ پلوسكە كانیاوێك
نەبێت دڵە بەتەنها هەڵكردوەكەی لەناو ئەم هەموو
دڵڕەقییەی ئێستایدا بداتەوە! ئێستامان لەئێستای
سەرنانەوەی ئەو شەهیدانە دەچێت، چیتر چاوەڕوانی لێدوان
و خوێندنەوەی ڕۆژنامە بەڕۆژەكانی ئێستا ناكەن تا دڵیان
پڕ بكەنەوە لەهەواڵ و مژارو مژدانەو بژاركردنی درۆ !
سەیرە زۆریش سەیرە ئێستا بەم هەموو ئامادەییە
دجیتاڵییەی خۆیەوە، بونی هەموو شتێك بدا لەئێمەدا،
ئێستا نەبێت! سەیرە زۆریش سەیرە لەئێستای هەموو دنیادا
هەبین، بەڵام دنیا لەهیچ كوێی ئێستای ئێمەدا بوونی
نەبێت!
ئەرێ كەسێك نییە بزانێت: كەوتووینەتە كوێی ئێستاوە؟
كەسێك نییە بڵێت ئێستا لەكوێی ئێمەدایە؟ كەسێك هەر
نەهاتە دەنگ، هیچ نەبێت ئەگەر بەدەم شنەو شەوبای
خەیالیشَەوە بێت و بپرسێت: ئێستامان بۆ ئەوەندە
كاڵدەنوێنێت؟ بۆ دەبێت نەچێتەوە سەر هیچ ئێستایەك؟!
خودایە! ئێستامان چۆن و لەچییەوە كەوتە ئەم تۆفانی
فەنابوونەوە؟ چۆن و لەچییەوە، تەژی بووە لەباخچەی مردو،
پڕیەتی لەهێلانەو گۆڕی زیندو، جمەی دێ لەشانەی
شەیتانی خەوتوو، لیخن بووە لەبوونەوەری مۆدە
بەمێگەلكراو .. ناسناكرێ، سۆراغناكرێ، نانووسرێتەوە
ئێستا.. بەئێستای ناگاتەوە ئێستا لەئێستای ئێمەدا،
لەئێمەی ئێستادا !
ئەوەندەی خولاندینەوە بەدەوری خەونە نەزۆكەكانی خۆیدا
ڕابردو، هیچ كاتێك نەیهێشت ئێستامان هەبێت لەئێستادا،
ئەوەندەی خواردینەوە لەخۆدا خەمی ئایندە، هیچ كاتێك
نەیهێشت ئێستامان جیاواز بێت لەئێستادا، هیچ كاتێك
نەیهێشت ئامادەیی هەبێت ئێستامان لەعەشقبوونی ئێستادا..
ئێستای ئێمە وەك هەمیشە لەڕابردودا دەژێت، وەك هەمیشە
بەوپەڕی بێباكییەوە لەجەنگدایە لەگەڵ ئێستایدا، وەك
هەمیشە چاو تروكانێیەتی لەگەڵ ئەوسەری نەهامەتی و
لەگەڵ ئەوپەڕی بێكاتی ئێستایدا.. كاتێك قسە دەكات، وەك
ئەوە وایە باوانی بێ و قسە بكات، جوانی لەخوڵانەوە
بەدەوری خۆیدا دەبینێت و بەزمانی كەڵە كێوی عەشق دەكات،
كوشتەی فەرامۆشكردنی خۆیەتی و ناتوانێ ببێتە گەنجینەی
سەردەمی خۆی ئێستا..
ئێستا باڵكۆنی ماڵەكەم، پڕیەتی لەپەرتبوونە شكاوەكانی
ئێستا، حەوشەی ماڵەكەم پڕیەتی لەپارچە هەلا
هەلابوەكانی ئێستا، كۆڵان و شەقام و سەرای شارەكەم،
پڕیەتی لەبێدەنگی دڵشكانە بەردەوامەكانی ئێستا..
هەڵكردن لەناو ئێستادا، هەڵزنانە بەكێوێك لەبێواتاییدا،
ژیانكردنە لەبۆشاییەكی گەورەدا، بێگومان لەفەزای
بۆشاییەكی گەورەتردا، وەك هەمیشە فەرامۆشكردنی هەبوونە
بەدەستوری هەوەس، وەك هەمیشە بەربوونەوەی ئومێدە
لەئامێزی ژیانەوە.. ئێستا سێبەری ئەتككراوی ژێر دارێكە،
دنیا دەیزانێت بەخوێنی شەهید ئاودراوە !
وەك خۆم گەمژەن ئەوانەی بەتەمای تامكردنی ئێستاوە
دەنووسن، ئێستا بەهەموو مێژووی ڕابردوی دورو نزیكیەوە،
بەهەموو سەردێرو بندێڕی ئەدەبیات و ماتماتیك و
جوگرافیاو سەرخان و بەرخانییەوە، خەڵكانێكی دی دەیخۆن،
خەڵكانێكی دی لەسایەیدا دەژین، ئەو خەڵكانەی ئەخلاقیان
بەوێنەی بەفر لەڕۆخساردا بەپۆزەوە دەتەكێنن و ترسیان
لەگەروی گەمارۆدانی ئایندەدا، تاساندوە !
ئێستام، پڕ پڕە بیمار، غوبارێكە لەبێمروەتیی.. قەسەم
بەو هەموو عەشقەی زۆرو زەوەندە پڕ هەستەی لەغیابی
ئێستادا هەڵوەری، تریفەی ڕوانینتتان هەتا ماوە دەبێت
بەتامای داگرتنی مانگەوە بسوتێت .. ئیتر ڕابردو دێ و
ئێستا نایەت، ئیتر ئێستا دەچێ و ئێستایەكی تر
نابیننەوە .. قسەم بەم هەموو ماڵوێرانەی ئێستا، قەسەم
بەم هەموو دەربەدەرییەی ئێستا، ئەمجارەیان قەسەم بەم
هەموو هیچایەتییەی ئێستا،بەم حاڵەوە ئێستایەك نایەت
خۆی بكاتەوە بەحەوشەی واتادا .. ئێستایەك دێ،
ئێستایەك بەڕێگەوەیە، نائامادەو تەنیاتر لەهەناسە
ساردەكانی ئێستا.
|