چاكسازی.. لەغیابی عەقڵدا ..
 

  

ئەرسەلان مەحمود






ی.ن.ك / زادەی گەورە عەقلیەت و قەناعەتێكە، تەواو چاكسازیخواز لەفۆڕم و فەلسەفەو ئەدای حزبی و ڕێبەرایەتیكردنی حزبیدا. وەها حەقیقەتێك نەك هەر لەناوخۆی خودی ئەم حزبەدا، بەڵَكە لەگەشەپێدانی مەدەنیەت و بڵاوكردنەوەی هزری دیمۆكراسیدا، لەگوتارو لەهەڵوەستەی نەتەوەیی و نیشتمانیدا، لەبڕیارو ڕاسپاردەی حكومڕانێتیدا، لەبەماناكردنەوەی بێمانایی بوارە كۆمەڵایەتی و ئابورییەكاندا، لەگیانی پێشمەرگایەتی و سەربازیدا، پێشەنگەو ڕەنگدانەوە خۆی هەبووەو هەیەو هەر دەشبێت لەڕوانگەو لەسیاسەتكردنیدا..
حزبێك بەردی بناغەو، ڕێنامەی جومگە تەواوی حزبییەكانی لەسەر وەها هزرینێك بونیاد نرابێت، هەرگیز ناترسێت لەچاكسازی و پاكسازیكاریدا، هەرگیز كەسێك نییەو نابێت لەناویدا دژی چاكسازی و پاكسازی بێت، نییەو ناشبێت هەبێت لەناویدا، بەتەنها خۆی بكاتە خاوەنی وەها ڕیفۆرمێك و هاوڕێكانی لەژێر هەر گوشارو فشارێكدا، لەژێر هەر بڕو بیانوێكدا، باوێتە دژە بەری چاكسازییەوە، چونكە نەك هەر پاك دەرناچێت، بەڵكە دەچێتە خانەی خزمەتكردن بەهزری پەرتكردن و لاوازكردنی ئیرادەی خودی چاكسازیگەرایشەوە.
ی.ن.ك / فەزایەكە ڕژاو، لەئازادی و خاوەندارێتیكردندا، شوناسێكە لەسەر ئاستە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیەكەیشدا، بەئاسانی دەناسرێتەوە، ئەدەبیات و ڕێبازێكە درەوشاوە بەهاكەی لەیەكەوە گونجان و كاركردندایە، تەژییە لەبیركردنەوەو كرانەوە بەڕوی خۆی و دەرەوەی خۆیدا، لەبەر ئەوە قیادەی "ی.ن.ك"، پێكهاتەی ئەو حزبە، ئێستا لەهەر كات زیاتر پێویستە وەها حەقیقەتێك لەخۆیدا ڕەنگپێبداتەوە.
ئێستا قسە لەچاكسازی، ئەگەر مەبەست خودی چاكسازییە لە"ی.ن.ك"ـدا، یەكەم هەنگاو دەبێت لەتێكەڵكردنی توانا مرۆییەكانەوە دەست پێبكات، نەك لەپەرت و پەڕێشانكردنی ڕیزەكانیدا، نەك لەپاك و بێباك پیشاندنی یەكتریدا، هەرگیز بەڕەنگكردنی ئەندام و كادرو ئۆرگانە حزبییەكانی، هەرگیز بەخوڵقاندنی ناتەبایی و شۆڕكردنەوەی گرێیەكانی، هەرگیز بەپەلەكردن و هەڵشەیی، هەرگیز بەزاڵگەرایی لەمەجازو میزاجگەراییدا، بەنەگەڕانەوە سەر پڕۆگرام و پێڕۆی ناوخۆ وەك دوا وێستگەی یەكلاكەرەوە لەبڕیاردانی دەستەجەمعیدا، چارەسەرو چاكسازی، لێكتێگەیشتن و پاكسازی، بەماناكردنەوەی بێمانایی بەدینایەت..
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان حزبێك نییە لەخۆیدا تۆتالیتارو داخراو بێت، حزبێك نییە لەئەدایدا دیكتاتۆرو تاك ڕەهەند، ئەگەر قسە لەچاكسازی، خودی چاكسازییە لە"ی.ن.ك"ـدا، ئەركە هەرە لەپێش و گرینگەكەی سەركردایەتییەكەی، زاخاودانەوەو لەمەحەكدانەوەی كەشە دیمۆكراسییەكەیەتی لەناوخۆی خۆیدا، گەیشتنەوەیە بەگەڵاڵە كردنەوەی كارنامەو ڕێنامەی هاوبەش، وتم هاوبەش نەك تەوافوقات. هێَزو نیەتگەرایی چاكسازی ڕاستەقینە، لەیەكتییە مرۆییەكەیدایە، نەك لەبەش و بەشاندنەوەی قیادەو ئۆرگانیكیدا.
چاكسازی لەواقیعدا، بەڕەخنەی زانستیانە دەكرێت، بەزمانی نەرم و عەقلیەتێكی هاوچەرخانە دەكرێت، بەلەخۆبوردویی و قوربانیدان، بەهێنانە ئاراوەی هزرو فكری نوێ‌، بەخوێندنەوەی دۆخەكەو، هزرینێكی واقیعبینانەوە دەكرێت، هەموو ئەمانە لەبنەڕەتدا، بەبێ‌ هەبوونی زەمان و زەمینەی گونجاو، بەبێ‌ هەبوونی ئالیەت و میكانیزمی سەردەمیانەی بەرجەستەكراو، بەبێ‌ هەبوونی متمانەو نەبوونی شەرعییەت، وەك ئەوە وایە لەسەر سەهۆڵ بنووسیت چاكسازی، وەك ئەوە وایە خەون بەخەونێكەوە ببینیت خۆش.
دیارە لەم واقیعەی ئێستادا، ئەمانە هەبن یا نەبن لە"ی.ن.ك"ـدا، وڵامەكەی ڕونە لەناو پێكهاتەو سەركردایەتییەكەیدا، دەبێت مەعلومیش بێت هەر جۆرە چاكسازییەك ئەگەر جێنەگرێت، ئەگەر لەبری سەقامگیری، تێكدانی هەیكەلی حزبی و پەرتەوازە بوونی پێكهاتەی جەماوەری لێبكەوێتەوە، نەك هەر هیچ دەرئەنجامێكی باش لەوەها چاكسازییەك ناكەوێتەوە، ئەوەی هەیشبێت وێرانی دەكات.
نائەقڵانی، جگە لەبەشینەوەی نائەقڵانییەت، چجۆرە حیكمەتێكی تری تیادا نییە، هەر جۆرە چاكسازییەك لەكاری حزبیدا، ئەگەر ئەقڵانییەت تیادا سەروەر نەبێت، لەواقیعدا بەمانا نابێت، ئەم ئەركە لەیەكێتیدا، وەك پێویستییەكی حەتمی لەخۆیدا، وەك هێزو حزبێكی جیاواز لەگۆڕەپانی سیاسیدا، بەگیانی هەڤاڵانەو خۆبەخشانە، لەپێناو بەهێزكردنی یەكێتیی ناو یەكێتیدا، لەپێناو بردنە پێشەوەی پێگە حزبی و جەماوەرییەكەیدا، دەبێت بەئەمانەت و بەوپەڕی عەقلانییانەوە جێبەجێبكرێت. لەغیابی عەقڵدا، ئەوەی بەمانا دەبێت چاكسازی نییە، بێماناییە.



 

 

           

 

20/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com