فەزیلەت لەپاوانكاریدا نییە ..
 

  

ئەرسەلان مەحمود






بەبێ‌ هەبوونی حوكمی یاسا، دامەزراوەو دەوڵەتێك نادۆزیتەوە، كاریگەرو سەركەوتوو بوو بێت لەبوونیادناندا، بەڵام ئایا هەبوونی یاساو هەر جۆرە حوكمكردنێكی یاسایی، دەتوانێ‌ وەها حەقیقەتێك بەمانا بكات لەواقیعدا؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر ..
ئەی ئایا چجۆرە یاساو حوكمكردنێكی یاسایی، دەتوانێ‌ ئەو داوەرو رێكخەرە كاریگەرە بێت؟، چجۆرە یاساو حوكمكردنێكی یاسایی، دەتوانێ‌ وەها سەروەرو چەسپاو بێت؟، ئەو یاسایانەی بنەمای گەڵاڵەكردنیان لەدەقەكانەوە سەرچاوە دەگرێت، یان ئەو یاسایانەی لەدیدگە فراوانە خۆشگونجاوەكانەوە هەڵدەهێنجرێن، دەتوانن بەو جۆرە پەسندو شیاوبن لەپراكتیزەكردندا؟..
ئەز یاساناس نیم، ڕەنگە زۆر شیاوی ئەوەش نەبم قسە بهێنمە سەر وەها باسێك، بەڵام دەزانم ئەركە هەرە لەپێشەكەی یاسا لەحوكمكردندا، ئەوە نییە ڕاست و هەڵەی هیچ جۆرە بیرو ڕایەك دیاری بكات، ئەوەش نییە مافە مەدەنی و سروشتییەكانی مرۆڤ لەچوارچێوە بدات، ‏بەڵكە ئەركییەتی ئاسایش و سەلامەتی وڵات، گیانی خەڵك و هاوڵاتی وەك تاك بپارێزێت. دەزانم هەر جۆرە هزرینێك، هەر جۆرە ڕوانگەو دەربڕینێك، ناكۆك و تەبا نەبێت بەو رێسا ئاكارییە سروشتیانەی دەست بەهێشتنەوەو گەشەپێدانی كۆمەڵگەی ‏مەدەنییەوە دەگرن، ئەگەر بكرێنە سەرچاوەو بكرێنە یاسا بەسەر هەر شتێكەوە، دواجار توندوتیژی دەخەنەوە لەواقیعدا.
لەبەر ئەوە، ئەركی یاسادانەرانە جیاكاری ورد بكەن لەنێوان كاری حكومەتی ‏مەدەنی و كاری ئایینیدا، ئەگەر سنورێك لەم ‌نێوانەدا نەبێ‌ و بەدینەیەت، هەرگیز كۆتایی نایەت بەو ستەمكارییانەی لەژێر سایەی وەها گەمەیەك بەناوی حوكمی یاساوە، دەكرێنە سەر مافە مەدەنی و ئازادییە سروشتییەكانی تاك و خەڵك.
‏بڕوای نادر، ئاینداری ڕاستەقینە، لەبڕواهێنانی هزری تاك دایە لەخۆیدا، نابێت لەرێگەی هیچ هێزێكەوە بسەپێندرێت، هەر جۆرە سەپاندنێك دەچێتە خانەی خزمەتكردن بەبڵاوكردنەوەی هزری بێ‌ خودگەرایی و بێ‌ خوداییەوە. خەڵك ناچار بەگوێڕایەڵیكردن و سەپاندنی زۆرە ملێیانە، ئەركی هیچكەس و حكومەتێك نییە بەبنەما مەدەنی بێت لەواقیعدا، هیچكەس و هەر جۆرە حوكمكردنێكی یاسایی ژیانپەروەر، مافی ڕەهاو ڕەوای ئەوتۆی نیە بەناوی وەها یاساگەلێكی شەتەكدراوەوە، هەڵبكوتێتە سەر مافە مەدەنی و ‏شتومەكە دنییاییەكانی تاك و خەڵك، خودا بەر لەوەی ئاینەكان بنێرێتە سەر زەوی، مرۆڤەكانی خوڵقاند، جەستەو هزرو ئەكاری بەخشییە مرۆڤەكان، دەبێت ئەزموونی بكەن.
ئەوانەی جیاواز بیر دەكەنەوە، مافی خۆیانە، بەڵام باشتر وایە تێبگەن: چاندنی تۆوی تاك ڕەهەندگەرایی و شەڕانگێزی لەیاساكاندا، كوشندەو وێرانكەرە، زۆر بەهێزە لەوروژاندنی رق و كینەی بێكۆتاو ‏زەوتكردن و كوشتاردا، دەبێ‌ تێبگەن ئاسایش و ئارامی بەدینایەت لەناو مرۆڤەكاندا، ئەگەر ‏ئەو بڕوایەی پێیوایە "پاوانكردن فەزیلەتەو دەبێت ئایین بەزەبری چەك و شمشێرو هێزی یاسایی بسەپێندرێ‌ و ‏تەشەنە بكات." بایەخدان بەرۆحی هەر كەسێك تەنها ئەركی ئەو كەسە خۆیەتی و پێویستە ‏ئەو ئەركە جێبهێڵرێت بۆ كەسەكە خۆی، ئەركی یاسا پارێزگاریكردنی ئەو مافانەیەو بەس، خودا خۆیشی مرۆڤەكان دژ بەویستەكانی خۆیان ڕزگار ناكات، ئەركی یاسا سەپاندن و قەدەغەكردنی مەراسیمە ئاینییەكان نییە، پارێزگاریكردنە لەماف و ئازادییەكان، لەسەلامەتی مرۆڤ و لەژینگەو لەبوونەوەران دیارە بەهەموو ماناكانییەوە.
رابردوی دورو نزیك و ئێستای شەڕانگێزە جیهادی و سەلەفییە هزر ڕزیوەكانی دنیا، چونكە لەناخی خۆیاندا، دوچاری جۆرەها لەدەردە عەقلی خەسێندراوی لاڕێكارو چەپێندراوو ڕەجعیگەرا بوونەتەوە، لەهەر كوێیەك دەسەڵاتیان هەبووبێ‌ و، دەستیان ڕۆیشتبێت، ئەگەر نەوترێ‌ تەواوی مرۆڤبوون و بەرپرسیارێتییە فكری و ئەخلاقییەكانیان لەپڕاكتیزەكردندا، لەدەست داوەو، تەژی بوون و دەبن لەحوكمكردنی درۆو دڕندانەی پێچەوانە بەم حەقیقەتە، ئەوە بەشە هەرە زۆرەكەی ئەمانەیان بەمانا بابەتییەكەی لەدەستداوە.
‏ كەواتا، هەر جۆرە حوكمكردنی یاسایی، ئەگەر ببێتە مایەی نەمانی گفتوگۆی ئازادو عەقڵانی، ئەگەر ببێتە مایەی ‏نەمانی بازاڕی ئازادی بیروڕاو یەكسانی، ئەگەر ببێتە مایەی پێشێلكردن و نەمانی مافە مەدەنی و ئازادییە سروشتییەكانی مرۆڤ، وەك ئەوەی لەژێر دەسەڵاتی داعشدا دەبیندرێت، وەك ئەوەی لەیاساكانی بواری پەروەردەو خوێندنی بنەڕەتی و باڵاو باری كەسێتیدا دەبیندرێت، خەڵك دەكات بەكۆیلەو فەزای درۆینە بازاڕی لەژیانكردندا دەخوڵقێنێت .

 

 

           

 

30/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com