گوناهی نورانی .. گسكدانی تەنهایی !
 

  

ئەرسەلان مەحمود



ڕۆژێكدێ‌
ئەوەی ڕۆژە لەمندا،
دەخنكێت ئەو ڕۆژە، ڕۆژێك بەڕێگەوەیە بێت،
ئەوەی هەبێت بەناوی منەوە لەخۆیدا،
دەسوتێنێت ئەو ڕۆژە ..
لەناو دەردو دەردێكیتردا ئەو ڕۆژە، لەنێوان بەردو بەردێكیتردا ئەو ڕۆژە، بێڕۆژیم دەنێژێت ئەو ڕۆژە. دەمێك ساڵە بەشوێنمەوەیە ئەو ڕۆژە، لەهەر شوێنێك بم لەپێشمەوەیە ئەو ڕۆژە، بەرپێنەگیراوە، بەدوامەوەیە لەهەر جێیەك بم ئەو ڕۆژە..
جیامدەكاتەوە
لەهیچكەس ئەو ڕۆژە،
هیچكەس جیادەكاتەوە لەخۆم ئەو ڕۆژە،
زۆر زوو دێت، زۆر درەنگ
دەڕوات ئەو ڕۆژە..
لەشەونمی سەر پەڕەی گوڵێكەوە ئەو ڕۆژە، زەردەخەنەیەك دەخزێ‌، دەڕژێتە ناو خاكەوە ئەو ڕۆژە، بڕوانن وەها خلیسكانێك چۆن غەرق دەبێت لەجوانی، ببینن وەها داچونێك چۆن خامۆش دەبێت لەڕۆناكی ئەو ڕۆژە، سەیركەن لەناو ڕوبارێكی بەهاژەو هەڵچودا، جەستەیەك لەڕیشەوە چۆن بەردەبێتەوە لەژیان و دەكەوێتە ناوەندی قوڵاییە دورەكانی وجودەوە ئەو ڕۆژە..
سێبەری
دوا سەفەری منە،
بەسەر منارەی چۆلییەوە
ئەو ڕۆژە..
لەهەڵاوی نەسیمەوە ئەو ڕۆژە، زریانێك لەفرمێسك هەڵدەكات، دەرگەیەك دادەخرێت، كاتژمێرێك دەخەوێت، دڵێك دەوەستێت، خەتایەك لەكۆڵ ئەم زەوییە دەبێتەوە ئەو ڕۆژە، چیدی لەتەك كەڤەرێكدا، چیدی لەپشت گابەردێكەوە، گوزەری رۆژێكیدی دەرناكەوێتەوە ئەو ڕۆژە !
تارمایی
دوا تیرو كەوانی
ئەو دڵە ماندوەی عەشقی منە،
بەسەر سینەی گۆیژەوە
ئەو ڕۆژە..
دوا تریفەی مانگە شەوی منە ئەو ڕۆژە بێگومان لەجوگرافیای دورگەیەكدا، خەسار هەتا ئەو ڕۆژە، دەرچەیەكم تیايدا نەدی بچێتەوە سەر كوچەو كۆڵانەكانی كرانەوە بەڕوی شەقامدا، دەروازەیەكم تیادا نەدۆزییەوە بچێتەوە سەر باخ، هێزی ئەوەی تیادا نەبوو بمگەیەنێتەوە بەخۆم، بەخۆی !
دوا هەناسەی حەسەرتگەرایی منە ئەو ڕۆژە بێگومان لەفەزای بەندەرێكدا، ئەفسوس هەتا ئەو ڕۆژە، دەستنوێژی عەشقم تیایدا نەشۆرد، گوڵیان نەگرتەوە تیایدا شوێنپێكانی یادەوەریم، داری ئازادی تیایدا تێنوێتی لەبەنداوی هەموو خوێنە ڕژاوە نەشكاو پۆخەیەكی ئازادییەكی بەرداری سەوز نەكرد !
دوا ماڵئاوایی بەحوزنەوەی منە ئەو ڕۆژە بێگومان لەدەربەندێكدا، حەیف جەنگ تیایدا تەواو نابێت، تەوار تیایدا بەرزە بژی و بەرزە فڕ نابێت، ئیمان بەهەبوون و ئیعتراف بەمەرگ تیایدا ناكرێت، خەندەی دڕندانە، بۆنی نەرێت، سوژدەی درۆزنانە، ورد ورد لەخوێنى ئەو فەزایەدا گەرای خۆى دەخات، دەستاو دەست لەخوێنیدا دەژیت هەتاوی ئەم بەندو باوە !
رۆژێك بەڕێگەوەیە بێت،
بەئەندازەی خۆم خاك دەمگرێتە باوەشییەوە ئەو ڕۆژە،
بەهێندەی خۆم، ئیزافەیەك دەخەمە سەر
هەبوونی پایز ئەو ڕۆژە ..
دەست لەنەشئەی گەڵایەك دەشۆن ئەو ڕۆژە، درۆ دەكات ئەوەی بڵێت: ئەمە كۆتاییەكانی فرینە، ڕۆناكییەك ئاوا دەبێت، ڕاست ناكات ئەوەی بڵێت: ئیتر ئەمە ونبوونی دوا جێپێكانی هەبوونە، چاڵێك تەژی دەبێت لەمەرگ، بەڵام ئەمە وەستانی هەناسەی ئاو نییە ئەو ڕۆژە..
ڕۆژێكدێ،
فریشتەكانی دەسەڵات،
ئاپۆرای مەخلوقە هزر ترشاوەكانی ئاوایی،
ئەوانەی گیرفانی عەتف و عەقَڵیان پڕە لەنوقڵانەی
عادەت و ڕواڵەتگەرایی
ئەو ڕۆژە ..
بەخەتێكی قۆڕ، لەسەر فلێكس و لافیتە ڕەشەكانی ڕیایی، وەك ئەوەی ئیدی بەهار گرێ‌ كوێرەی تێكەوتبێت، دنیا تەژی دەكەن لەگەڵاڕێزان، وەك ئەوەی ئیدی بەهای پابز تەنها لەخەزاندا بێت، دنیا تەژی دەكەن لەوەسف و قەوانی ئەفسانەیی !

پەنجەرەی
خەونە تەڕەكانی زستان
ئەدەن بەیەكدا ئەو ڕۆژە،
بەماڵەغانی مەجاز، بەداسەی میزاج،
بەرزاییەكانی هاوین دروێنە دەكەن و
گەنم ڕەنگى دەچننەوە
ئەو ڕۆژە..

باس هەر باسی
گەوهەرو تەپوتۆزی
حیكمەت و دانایی و ئەزموونی منە
ئەو ڕۆژە..
ئەی ڕۆژی خۆرنشینم: كاتێك دەگەی دەزانم سیەكانی چێژت پڕن لەئۆكسجینە ئاڵەكەی مەرگ ئەو ڕۆژە، دەزانم سەدەفی لۆژیك بەسەر پەنجەكانی سروشتدا هەر دەڕێژی ئەو ڕۆژە، دەزانم لەهەر هەنگاوێكتدا، لەهەر پێچێكتدا، نەونەماوم و شاگوڵێك هەر دەنێژی ئەو ڕۆژە، هەر كاتێك دێيت بەخێر بێیت، بەڵام تەنها یەك جار وەرەو ببڕێتەوە، ئەوەی نیگەرانم دەكات، شەپۆلە شینە بەرزەكانتە، هەر جارەو لەكەنارێكم فڕئەدا، دڵم بەهاتنە ئەبەدییەكت خۆشە، یەكجار وەرەو ببڕێتەوە..
تۆیش نەبای
بەشوێن ئەبەدیبوونێكی تردا دەگەڕا
ئەو ڕۆحەی لەمندایە
ئەو ڕۆژە !
لێگەڕێن بابێت ئەو ڕۆژە، ئەو خۆرنشینە، ئەو ئەبەدیبوونە، لێگەڕێن چرای زیندو، درەوشانەوەی زیندو، فەزای زیندو، تەنها لەتاریكیدایە، تەنها لەئاوابووندایە، تەنها لەئەبەدیبووندایە !
مەرگ
قیتارێكە ئەبەدی،
فارگۆنەكانی پڕپڕن لەسەرنشینی ڕۆناكی
بەڕەچەڵەك گوڵەباخی ..

پڕپڕن
لەو ئیماندارانەی
قیبلەیان نیانترە لەنیانی،
پڕپڕن لەدەقە هەڵوەریوەكانی درەخت،
لەگوناهی نورانی، لەگسكدانی
تەنهایی !
ڕۆژێك بەڕێگەوەیە بێت.. هێندەی ئاسمانێك لەهەور دڵتەنگ دەبم ئەو ڕۆژە، كاتێك دەبینم: ئەو هەموو حۆرییە بەسەرمنەوەو لەگیانی شەكەتی مندا دەلەوەڕێن ئەو ڕۆژە، هێندەی دەریایەك دڵپڕ دەبم، كاتێك دەبینم: لەززەت و هەوەسبازی، ئەوەى نەدەهێنا بۆی بمریت، بۆی بكوژیت، بەژمارەی ئەستێرە خۆشحاڵی دەفراژێت ئەو ڕۆژە لەمندا، كاتێك خودا دەفەرمووێت: ئێمان بەعەشق و ڕاستگۆیی، سەوز تر بوون لەپەڕوباڵی هەموو خەونە ڕیشدارو نەزۆركە !
رۆژێكدێ‌،
بەیادی جاران،
جارانی تەژی لەدوعاو دەعبای ڕەش،
تەژی لەكوڵان و كڵپەی خامۆش، تەژی لەقەرەباڵغی و
تەنهایی و پوچگەرایی، وەك ئەوەی لەكونی ئاریچەیەكەوە ڕوناكی ببینیت، بەئامێزی ژیانەوە شەرابی كەلتوری بخۆنەوەو، بڵێن: چەند غەمگینە بێتۆیی، چەند دڵنشینە هەڵدانی كۆلارەی یادەوەری !
هێندە جوان دەنوێنم لەبەردەمتاندا ئەو ڕۆژە، هێندە پێدەكەنم لەگەڵتاندا ئەو ڕۆژە، پێكەكانی نەوازشتان بڕژێت و، بڵێن: ئیتر تەواو، تەواو ئیتر، شایەنی ئەم سەر زەمینە نیت چتر، ئیتر دەمریت، دەبێت بمریت.. ئەو ڕۆژە مەرگی منە، فڕینێكە ئەبەدی، بەئاسماندا !



 

           

 

06/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com