ڕاهێنانی سەربازی سوپای پاسدارانی ئیران لەم ساتەدا بۆ؟
 

  

ئاسۆ حامدی






لەم ڕۆژانە لە سەر ٢ میلۆن کیلۆمەتر چوارگۆشە هێزەکانی سوپای پاسداران ڕاهێنانی سەربازی مەحەمەد رەسول اللە یان (د.خ) سازدا. لەم ڕاهێنانە سەربازیە هەموو کەرتەکانی سەربازی سوپای پاسداران بەشدار بوون و لە ووشکانی و دەریایی و ئاسمانی هەموو ڕاکێتەکانی ووشکایی و ووشکایی، دەریایی و دەریایی و هەوایی و دەریایی و ووشکانی دەریایی، دەریایی و ووشکانی ڕاهێنانینان لەسەر کرا و بە گوێرەی هەواڵە سەربازیەکانی سوپای پاسداران هەموویان سەرکەوتووبوون. ئەمە لە نێو ووشکانی ناوچەی خوارووی ڕۆژهەڵاتی ئیران و دەریایی هیند و عومان تاقیکرانەوە و چەندەها جۆر لە فرۆکەی فانتۆم و سیخۆ و بەلەمی خیڕا و ڕاکێتەکانی نور و سمود و هەتا دەگاتە ڕاکێتی سکۆد و سکۆدی پەرەپێدراو چەندین ڕادار و تفاقی ئەڵکترۆنی جەنگی بەکار هاتن. ئەمە لە ساتە وەختەی توند بوونەوەی ناکۆکیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەند و دابەزینی نرخی نەوت و هێرشەکانی داعش لە عێراق و سووریا و بوونی هاوپەیمانیەتێکی نەتەوەیی و بوونی ئیڕان لەدەرەوەیی و تورکیا وەک ئەندامی ناتۆ لە سیاسەتێکی دوو ڕووییدا لەلایەک لەگەڵ هاوپەیمانان و لەلایەکی تر لەگەڵ داعش بۆ دژایەتی میللەتی کورد لە باکوور و ڕۆژئاوا، هەروەها مەسەلەی ڕاپەڕینەکان لە بەحرین و شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە غەززە و کاریگەری ئیران و حزب اللە لە سوریا و مانەوەی ڕژێمەکەی ئەسەد. دیسانەوە کاریگەری ئیران لە هێزە شیعیەکان و سەرکردایەتی ئەم بزوتنەوەیە مەزهەبیە لەم دەورانە دا و کشانەوەی هێزەکانی ئیساف لە ئەفغانستان و بوونی هێزێکی بەرینی ڕۆژئاوایی لە کەنداوی فارس و ئەم هەموو ئاڵوگۆرانەی ناوچەکە دوای بەهاری بەناو عەرەبی لە باکووری ئەفریقا و کێشمەکێشەکانی یەمەن داوا لە ئیران دەکات بۆ بەدەخستنی تواناکانی سەربازی و سیاسی لە ناوچەکە ڕاهێنانێکی لەم جۆرە بکات.
دەسەڵاتی فقەهی لە ئیران باش دەزانن ونایانەوێ خۆیان لە ڕیسکێ بدەن بۆ بەرکەوتنێکی سەربازی یەکسەرە لەگەڵ ڕۆژئاوا ئەوان هەردەم جەنگی ئەڵتەرناتیڤ دەکەن. بۆ ئەمەش فەیلەقی قودسیان دروستکردووە و رابەری ئەم فەیلەقەش کەسێکی بەتوانای سیاسی و سەربازیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەند و نێت ورکێیکی بەهێزی هەیە لە هەموو ناوچەکە کە ئەویش قاسم سلێمانیە. بە گوێرەی هەواڵەکان ئێستا ٧٠٠٠ سەربازی لە عێراق مەوجودیەتی هەیە و هەر ئەم فەیلەقە لە کاتی شۆڕشی یەنایەر لە میسر توانی چەندین سەرکردەی ئیسلامیەکان لە زیندانەکانی میسر ئازاد بکات و بۆ ناوچەکانی سینا و غەززەیان بگواستەوە. ئەکتیڤ بوونی فەیلەقی قودس لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەند شتێکی حاشا هەڵنەگرەو شارراوە نیە و لە حکومەتی ئیرانیش بودجەی تایبەتی هەیە و هێزێکی تایبەتی باوەڕپێکراوە. تەنانەت یو ئێن بڕیاری تایبەتی هەیە دژی چوونە دەرەوەی قاسم سلێمانی لە ئێران.
ئەمریکیەکان لەکاتی ڕوخانی سەدام حوسێن دا یان هیچ بەهایەکیان بۆ مێژووی کێشەی شیعەو سوونە دانەنا و ڕامبۆیانە هەڵوێستیان کرد . یان دراساتی هەلەیان هەبوو بۆ تێگەیشتن لە مێژووی ناوچەکە و ئەم کێشەیە. هەر بۆیەش ئێرانیەکان لەم کێشمەکێشە بەهێزترین تەرەف دەرچوون و سەرکەوتووبوون تا ئێستا لە عێراق و بەڕیوەبردنی کۆمەڵگای شیعی لە ناوچەکە و هەوڵدانی بەردەوامیان بۆ سازکردنەوەی دەوڵەتی مورداس کە بە مانگی شیعی ناسراوە لەم ڕووەوە ڕوونە. هەروەک چۆن ئەوروپاییەکان لە هەندێ دەوڵەتیاندا هەڵە دەکەن کە بیری پان ئیسلامیزمی تێکەڵ دەکەن بە ئازادی بیروڕا تێناگەن یان نایەنەوێ تێبگەن کە ئیسلام خاوەنی شەریعەیە و داوای بڵاوبوونەوەو بە ئیسلام بوونی کۆمەڵگا دەکات و دەیەوێ شەریعە پەیرەوبکات وەکو سیستەمی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا. کە ئەمە گرفتێکی ئایندەی کۆمەڵگای هەندێ لە ئەوروپاییەکانەو ڕەهەندەکانی ئێستا وا چەکەرە دەکەن.
ئەم فەهمە نادروستەی ڕۆژئاوا بۆ مێژوو و کێشمەکێشە مەزهەبیەکانی ڕۆهەڵاتی ناوەند قوربانیەکانی گەلانی ناوچەکە بەهاکەی دەدەن.
با بگەڕێنەوە سەر ڕاهێنانە سەربازیەکە لەم کاتەدا بۆ؟ ئێرانیەکان یان بە مانای ووشەکە بڵێن یەکێ لە لێکۆلەرەوە پاسدارەکانی ئێران لە پرێس تیڤی گووتی ئەمە بەمانای ئەوەیە ئێران توانای بەرگری لە خۆی هەیە لە هەمان کات بۆ ئاشتی و ئارامی ناوچەکە هەوڵدەدەین ئێران نیازی هێرشی بۆ سەرکەس نیە.
تاکە پەیامی ئێران لەم نێوەدا ئەوەیە کەوا دژی سوونە مەزهەب هەموو هێزە شیعیەکان دەپارێزن، تەنانەت لەم ڕۆژانە گەورە ڕاوێژکاریان لە نزیک مەزارگەی عەسکەری لە سامەررا کە ناوی تەقەوی بوو کوژرا.
دەوڵەتی ئیسلامی ئیڕان بۆ شاردنەوەی گرفتە ناوەخۆییەکانی و سەرکوتی هەموو بەرهەڵستکارەکانیان چ ناوەخۆیی فەقەهی یان علمانیەکان و بەدەیان سەدان ڕێکخراو و حزبی ئیرانی ئەوە هێزی بازووی خۆیان بە هەمووان نیشان دا. نیشانیان دا بۆ چەندین بار ئێرانی هێزی شیعی لە ناوچەکە بە هێزترین هێزە و توانای بەرگری لە خۆ هەیە و هەروەها دەتوانێ نەخشەی سیاسی ناوچەکە و کێشمەکێشەکانی کار لێبکات و بە کەیفی خۆی دەتوانێ بزوتنەوە بە هێزەکانی بکات و ڕۆڵی خۆیان لە ڕووداوەکان ببینن. لەم نێوەدا بۆ سوونەکان و داعشی بەیانکرد کەوا مووشەکەکانی ئێرانی توانای لێدانیان و پێکانیانی داعش یان هەیە و داعش وەکو هێزێکی بچوک دەیبینن بە گوێڕەی ئەم ڕاهێنانە مەزنە بێ کە یەکەم جارە ئامێری جەنگی ئەڵکترۆنی تیا بەکارهاتوو ڕادارە پەرەپێدراوەکان و ڕاکێتەکانی هەوایی و ووشکایی و دەریا تێکەڵ بەیەک بوون و بە ئامرازی جیاجیا و بە شێوەی جیاجیا تەقێنراونەوە.
بۆ میللەتی کوردیش وەک نەتەوەیەکی ژێردەست لە بەشێکی ئەم ووڵاتە نامەیەکی سەختە، میللەتی کورد وەک نەتەوە و ئەرسناڵی سەربازی لەگەڵ ئیڕان هەر بەراوورد ناکرێ. بەڵام گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات لەسەر هەقە و مەسەلەیەکی ڕەوای هەیە. هەربۆیەش ئیرادەی گەلەکەمان لەم نێوەدا زۆر گرنگترە لە هێز و توانای سەربازی بەڵام دیارە قوربانیەکان زۆرتر دەبن و ڕێگاکان سەختتر دەبن. دەکرێ میللەتی کورد لەم بەشەی دا تاکتیکێکی تری خەبات بگرێتە بەر لەبەر مەسەلەی نەتەوەیی ئەمڕۆ لە باشوور و باکوور و ڕۆژئاوای. سەرخەتی ئەم تاکتیکە سوود وەرگرتنە لە ئەزموون و دەسکەوتەکانی ناوچەکانی تری کوردستان.
لە لایەکی تر بۆ کوردستان باشوور و هەندێ حزبی سیاسی و حکومەتی هەرێم ئەوە لە ئێستادا نەرمتر دەوەستێ و لە پەیوەندیەکی باشدان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و فەیلەقەکەیدا. کە بە خۆشیەوە هێزە کوردیەکان لە لایەنی سەربازی هەروا یەکن، ئەگەر ڕۆژگارێ ئەمانەی دابەشکرد بە پشتیوان و دژایەتی هێزی جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەند ئەوا کارەساتێکە سەد جار لەمەی ئێستا گەورەترەو کوردستان یەکپارچە دەبێتە ئاگر چۆن لە ڕابردوو تووشی هاتووین. بە خۆشحالیەوە سەرکردایەتی سیاسی کورد لەم نێوەدا هاودەنگە و ئەمەش فشاری گەلە لەسەریان و گرێلا و پێشمەرگەکانی هەموو پارچەکانی کوردستان لەیەک سەنگەرن دژی داعش کە ئەمڕۆ دوژمنێکی سەرسەختە. میللەتی کورد دەتوانێ دوولایەنە کاربکات و سوود لە توانای ئێرانیەکان وەربگرێ بۆ ئەم ساتە لە دژی داعش دا بەڵام ئەمە حیکمەتی دیپلۆماسی و هەماهەنگی نەتەوەیی دەوێ. ئەوەی تا ئێستا کراوە کارێکی باش بووە بەڵام دەکرێ زیاتریش سوودیان لێ وەربگیرێ بەتایبەتی بۆ ئازادکردنەوەی ناوچە کوردنشینەکان بە بەرامبەر بە هاوبەشی هێزەکوردیەکان بۆ ڕزگاری شوێنە پیرۆزەکانی شیعەکان لە ناوچە سوونیەکاندا.
دیاریکردنی کاتی ئەم ڕاهێنانە نامەیەکە بۆ هەموو هێزەکانی کە لەکێشمەکێشدان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەند، نامەیەکە کە هەم پشتیوانی ڕووسی و ووڵاتانی ترە دژی ناتۆ و ئەمریکا و ڕۆژئاوا هەم توانای هێزەکانی پاسدارانە لەم دەورانە هەڵچوون و ئاشوبەی ناوچەکە. تەکنەلۆژیای سەربازی ئێرانی سەرەڕای ئەم هەموو بایکۆت و گەمارۆیە ئابووری و سیاسەی هەیە نێشانی دا کە توانای پەرەپێدان و ئاڵوگۆڕی هەیە. بەڵام ئەوەی سوپای پاسداران حسابی لەسەر دەکات ڕێچکە مەزهەبەکەیە تا ‌کەرەستەی سەربازی. چونکە هەرچەند ئەرسناڵی سەربازیان بەتوانابێ ئەوا خۆیان باش دەزانن ناتوانن پێشبڕکێ لەگەڵ ئیسرائیل و ڕۆژئاوا بکەن، هەر بۆیەش لەم سیاسەتە سەرکەوتوون هەرگیز نایانەوێ تووشی شەڕ و کێشەی یەکسەرە بن لەگەلیاندا. هەردەم لە جەنگی ئەڵتەرناتیڤ دەگەڕێن، ئەمەش گەلانی ناوچەکەیان بۆ هەیە هەر لە ئەفغانستان،عێراق و بەحرێن و یەمەن و کوردستان و لوبنان و سوریە تا دەگاتە فەلەستین هتد. تەنانەت لە مفاوەزاتە ماراسۆنیەکەی بەرنامە ئەتۆمیەکەشیان هەمان سیاسەتیان هەیە. هەربۆیەش یەکێ لە ڕابەرانیان گووتی تەقەوی لە سامەڕرا کوژرا تا تاران ئازاد بژی.



 

 

           

 

30/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com