( ئەم دێرانە،
چەندانێک بوون لەو دێڕانەی لە یەکەم کتێبی قوتابخانەوە
فێریان بووم) (١)
مارییا ڤینە
هونەری وەرگێران، یەکێکە لەکارە قوورس و گرانەکانی
دونیای ئەدەب، هەر بۆیە گەلێک لە نووسەران و ڕۆشنبیران،
ترسێکی ئێجگار سەختیان لەتەک ئەم کارەدا هەیەو ئەم
ترسەش، کارێکی وایکردووە کە وەرگێڕان ببێتە کارێکی
دەگمەنکار و تەنیا ئەو وەرگێرە بە ئەزموونانە دەستی
بدەنێ، کە شارەزاییەکی باشیان لەزانینی زمان و
ڕێزماندا هەیە. بەو مانایەی کە وەرگێڕان بەتەنیا بریتی
نییە، لە مەعریفەی زمانی ( دایک ) بەڵکو دەبێت،
شارەزاییەکی باشی هەبێت، لە (ئیدیۆم (Idiomدا زمانی
کوردیش وەکو گشت زمانەکانی دونیا، خێزگەی زمان و
زمانەوانی دەگەڕێتەوە بۆ (ڕێزمان – Grammar )و
ڕستەسازی. کە بەشێکی گرنگی داهێنانی دەق دەخوڵقێنن.
لێرەدا پرسیارێکی گرنگ ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، ئایا
ڕستەسازی وەک چەمک چیمان پێ دەبەخشێت؟ (ڕسەتەسازی
زانستێکە لە ڕستەو فرێزو وشە دەکۆڵێتەوە. ڕستەسازی و
وشەسازی بەشێکن لە ڕێزمان، بەو واتایەی بەیەکەوە
ڕێزمان پێکدێنن. ئەم زاراوەیەش لە بنەڕەتدا لە زاراوەی
( Syntax - سینتاکس )ەوە هاتووە، کە زاراوەیەکی
یۆناییە و دواتر گوازراوەتەوە نێو زمانی ئینگلیزی.
زاراوەی سینتاکسیش لە بنەڕەتدا بە واتای ( دانان،
ڕێکخستن ) دێت، واتە سینتاکس لێکۆڵینەوەیە لەیەکگرتنی
وشە لەنووسین و ئاخاوتندا)( ٢ ) هەر ئەم زانستەش
کارێکی وایکردووە کە بەبێ سینتاکس، مەحاڵە ڕستەی دروست
و مانادر دروست ببێت. هەرچەندە ڕستە، بەبڕوای گەلێک
لەزمانناسان و شارەزایانی زمانەوانی، خاوەنی کۆمەڵێک
پێناسەی جۆراوجۆرە! بەڵام دەکرێ وەک نموونە،
دەستنیشانی ئەم پێناسە زانستییە بکەین کە پێناسەیەکی
تەواوە( ڕستە گەورەترین دانەی زمانە، کە خاوەن
ڕۆنانێکی ڕێکوپێکە)(٣) کەواتە ڕستە، جوانترین دەڕبڕینی
زمانە! ئەگەر بێتو ڕستە لەسەر بنەمای زانستی زمان و
ڕێزمان بونیاد نەنرێت، ئەوا ناتوانین مانایەکی تەواو
لەناو ڕستەدا دروست بکەین! ئەوەی کەمێک ئاگاداری زمان
و دونیایی نووسین بێت، تێدەگات کە یەکێک لەگرنگترین
مەرجەکانی نووسین، جوانی زمانە! بەو مانایەی کە زمان،
سەرچاوەی هەموو بەرهەمێکی نووسینە، ئیدی ئەو بەرهەمە (چیرۆک،
ڕۆمان، شیعر) بێت جیاوازییان نییە! بەڵام کاری هەرە
گرنگی نووسەر و وەرگێڕ، لەو چرکە ساتەوە دەست پێدەکات،
کە دەبێت وەرگێڕ هێندە شارەزای زمان بێت، کە مەحاڵ بێت،
هەڵەی زمان و زمانەوانی لەناو دەقدا بۆ دەق دروست بکات!
کاتێکیش هەڵەی زمان و ڕێزمان لەناو دەقدا دروست دەبێت،
ئیتر لێرەوە کوشتنی چێژ سەرهەڵدەدات و خوێنەر تووشی
بەتاڵبوونەوەی خوێندنەوە دەبێت! بۆ ئەوەی چیدی خوێنەر
و دەق لە کوشتنی چێژ بپارێزین، دەبێت ڕێگە نەدرێت
بازرگانی بە کتێب و بە دەقەوە بکرێت. بە بڕوای من
خوڵقاندنی ئەم کارەساتە، تەنیا کوشتنی خوێنەر نییە،
بەڵکو ناشیرین کردنی زمانی کوردییە، لەناو نووسین و
ئاخافتندا. لەسەرەتای ئەم نووسینەمدا باسی گرنگی و
زانینی وەرگێرانم کرد، کە هونەری وەرگێڕان، وەک
ئیشکردن تیایدا کارێکی ( بڤە)یە و ناکرێ هەرچی
ئارەزووی بوو دەستی بداتێ! چوون وەرگێران، خوڵقاندنی
جۆرێکی تری زمانە بۆ ناسینەوەی دەق. واتە زاڵبوون و
سەلیقەی زمان لەناو دەقدا. مارسێل ڕایش ڕینیکی. کە
ڕەخنەگرێکی ناوداری ئەدەبی ئەڵمانییە. دەربارەی
کتێبەکەی هیتلەر (نەبەردی من -Mein Kampf) دەڵێ: (هیتلەر
هێندە زاڵە بەسەر زمانی ئەڵمانیدا، وەک ئەو سەگە وایە
کە زاڵە بەسەر ئێسقانەکەی بەردەمیدا) زانینی زمان، دەق
لە شێواوی و کەموکوڕی دەپارێزێت. ژبەرهەندێ زمانی
دروست، گرنگی و پانتایی دەق لەڕووی ماناو ناوەرۆکەوە
فراوانتر دەکات. وەلێ کاتێک دەقێکی کاڵ و لاواز لەڕووی
زمان و ڕێزمانەوە دەخوێنیەوە، یەکەو ڕاست هەست دەکەین،
کە ئەم ڕستە و دێرانە کوردی نین و وەک پەیکەرێکی
قووڕین داتاشراون! نوێترین نموونەش، ڕۆمانی (وڕێنە)(٤)
لە نووسینی (ئەنتۆنیۆ تەبوککی) وەرگێڕانی لە زمانی
عەرەبییەوە (عەتا محمد) یەکێکە لەو کتێبانەی لەکاتی
خوێندەوەدا، تووشی شۆکی کردم، بەجۆرێک وەکو خوێنەرێک
نەمتوانی لەئاست ئەم هەموو کەموکوڕییەدا کڕوبێدەنگ بم!
ناچار پەنام بردە بەر دۆزینەوەی دەقی ڕۆمانەکە بەزمانی
عەرەبی کە ئەمە ناونیشانەکەیەتی (هذيان- أيام فرناندو
بيسووا الثلاثة الأخيرة )(٥) وەرگێڕانی ( اسکندر حبش )
٢٠١٣ کاتێک دەقی ڕۆمانەکەم بە زمانی عەربی خوێندەوە!
دیسانەوە تووشی شۆک بووم! ئیدی گەیشتمە ئەو بڕوایەی کە
زمان لەناو ئەم وەرگێرانەی عەتا محمد،دا ونە! بۆ
دڵنەوایی خۆم جارێکیتر منەی ڕۆمانەکەم کرد بە زمانی
فارسی. ئەویشم دۆزییەوە، کە ئەمە ناونیشانەکەیەتی (سه
روز آخر فرناندو پسوآ (ترجمه حامد فولادوند. ١٣٩١
فروردین)(٦) جارێکیتر دڵنیا بوومەوە کە وەرگێڕانی
زمانە کوردییەکەی ( کاڵ و لاوازە ) بەر لەهەر شتێک من
دەمەوێت ئەو ڕاستییە ئاشکرا بکەم! کەسێک زمانێکی وەک
ئیسپانی نەزانێت ئیتر چۆن دەتوانێ بەناوی ( بەراوورد –
المقارنة- Compare)ەوە دەقە عەرەبی و ئیسپانییەکە
بەراوورد بکات! بۆ نموونە عەتا محمد لە پێشەکی
کتێبەکەدا دەنووسێت: (چاپێکی دیکەی ئەم ڕۆمانە، کە لە
بەردەستمدا بووبێت، ئیسپانییەکەی بوو، کە من تەنها یەک
وشە لەو زمانە نازانم. لەگەڵ ئەوەشدا هەردوو نوسخەکەم
داناو لە هەندێک لایەنەوە بەراووردم کردن. ل١٢) لەکام
لایەنەوە بەراووردت کردن؟! نووسەر و وەرگێڕ و
چیرۆکنووس بیت، هیچ لەزمانی ئیسپانی نازانێت و کەچی
بەراووردی زمانی عەرەبی و ئیسپانی بکەیت! ئەمە ئەو
پەڕی بێ ئەمەکەییە بەرامبەر بە زمان و خوێنەری کورد.
ئاخر چۆن و بە چ مەرجێک ئەو بەراووردە زمانی و
زمانەوانییەت کرد؟ ئایا خوێنەر و ڕەخنەگرانی ئەدەب
دەتوانن ئەم(مەتەڵە( هەڵبێنن؟! چەند دێڕیک خواروتر (لەلاپەڕە
١٢) دەنووسێت:(منیش لەم بەشەدا زۆر پەیوەست نەبووم بە
دەقەکەی ئەسکەندەر حەبەش،ەوە و خۆم هەندێک زیاتر لەوەی
ئەوم نووسیوە تا زیاتر کۆمەکی خوێنەر بکات). ئەم چەند
دێڕەی )عەتا محمد( دەقاو دەق گوناهێکی گەورەیە
بەرامبەر بە وەرگێڕە عەرەبییەکە، چونکە ئەسکەندەر
حەبەش ( ٤٨ ) لاپەڕە پێشەکی بۆ ڕۆمانەکە نووسیوە و
شیکاریی ڕۆمانەکەی کردووە، بۆ ئەوەی خوێنەر سوود لە
ڕووداوی ڕۆمانەکە ببینێت! کەچی )عەتا محمد(تەنیا ( ٣ )
لاپەڕە پێشەکی بۆ ڕۆمانەکە نووسیوەو پێی وایە کۆمەکی
خوێنەری کوردی کردووە! ئاخر ئەمە جگە لەبێ دەروێستی
لەبەرامبەر وەرگێران و نووسیندا، چ مانایەک دەگەێنێت!
کەسێک نووسەر بێت چۆن جورئەت دەکات مافی ئەوانیتر قووت
بدات و لاف و گەزافی پێوە لێبدا، چونکە چاپی ٢٠١٣
ڕۆمانەکە، هەموو ئەو وێنە گرافیکیانەی کە لەناو دەقە
عەرەبییەکەدا هەیە، بەهەمان جۆر لەناو دەقە
کوردییەکەشدا جارێکیتر دانراوەتەوە. کەواتە (عەتا محمد)
ڕۆمانەکەی لە چاپی ٢٠١٣ وەرگرتووە نەک لە چاپی ١٩٩٧.
حاڵی حازر سێ نوسخەی ڕۆمانەکەم لەبەردەستدایە و هیچ
یەکێک لەو نووسەر و وەرگێڕانە، ناوی پاڵەوان و
کارەکتەرەکانیان بە هەڵە نەنووسیوە،کەچی عەتا محمد (
پێسوا)ی کردووە بە (پێسەوا). یەکێک لەخاسێتە گرنگەکانی
دونیایی وەرگێڕان، پاراستنی (الأمانة في الترجمة-
ئامەنەتی وەرگێران)ە بڕوا ناکەم لە وەرگێراندا، هیچ
کەس بوێری ئەوەی هەبێت، لەخۆڕا و بە بێ پرس، شەن وکەوی
دەقی ئەسڵی نووسین بکات! ئەوەی (عەتا محمد)، کردوویەتی
تەنیا گۆڕینی ڕستەیە لە زمانی عەرەبی بۆ زمانی کوردی.
نەک وەرگێرانی دەق، لەزمانی عەرەبییەوە بۆ زمانی کوردی،
بەمانای ئیدیۆم و هونەری زمان. ئەمەش خەتایەکی گەورەیە.
چونکە هەم زمان و هەمیش مانا دەکوژێت. بۆ نموونە:
لەدەقە عەرەبیەکەدا نووسراوە: (بعد أن يكون قد أسكر
الحيوان برقصه, وفي هذه اللحظة, يدخل الحلبة قطيع من
الأبقار, فينضم الثور إليها ويرحل معها) بە کوردییەکی
عەتا، نووسیویەتی: (دوای ئەوەی بەسەما ئاژەڵەکەی گێژ
کردوە، لەو ساتەدا، مێگەلێک مانگا دێنە ناو مەیدانی
یارییەکەوە، ئیدی گاکەش تەکیان دەکەوێت و لەگەڵیان
دەڕوات. ل٤٧) هەموو خوێنەرێکی سادە و ساکار زۆر باش
دەزانێت، کە ئەم کورداندنەی (عەتا محمد) جگە لە
گواستنەوەی دێڕی عەرەبی بۆ کوردی هیچیتری نەکردووە.
ئەگەر بێتو لەڕووی تەکنیکی وەرگێڕانەوە ئەم ڕستەیە
پاچڤە بکەین بۆ زمانی کوردی، دەبێت بنووسین: (لەدوای
ئەوەی گایەکەی بە سەما گێژ کردووە. لەم کاتەدا گاڕانێک
هاتنە ناو مەیدانی گەمەکەوە و ئیدی گایەکە بە دوویان
کەوت) جارێ پێش هەموو شتێک، ئەرێ برالە پێم ناڵێیت (مێگەلێک
مانگا) مانای چییە؟! دەبێت (عەتا محمد) باش بزانێت کە
(مێگەل- Herd) بۆ مانگا بەکار نایەت! بەڵکو مێگەل، بۆ
(ڕانەمەڕ) بەکار دێت. چونکە ( مێ ) لە کوردەواریدا
بەمانای ( مەڕ ) دێت. پاشان بۆ ئەوەی باشتر تێبگات
ناچارم ئەم پێناسە سادەیەی بۆ بکەم. بۆ ئەوەی جارێکیتر
نەکەوێتە هەڵەوە! وشەی (گا) وشەیەکی نێر نییە! بەڵکو
وشەیەکی بێلایەنە. ( کەڵەگا ) نێرە! (مانگا) مێیە. یان
مێیەک(گا)ش هاوبەشە. (نێرەکەر) نێرە. (ماکەر) مێیە.
بەڵام ( کەر ) بێلایەنە. شتێکیتر کە زۆر سەیربوو
بەلامەوە، نووسەرێک نەزانێت (ئاژەڵ ) چییە؟ ئیدی چۆن
چاوەڕوانی وەرگێڕانی دەقی لێ دەکرێت. پاشان بە هەموو
زمانەکانی دونیا هەریەکەیان ناوی خۆیان هەیە. ئیدی
بۆچی )عەتا محمد( (الثور،ی کردووە بە ئاژەڵ)
لەکوردەواریدا بەو کەسەی کە لەگەڵ ( گاگەل یان گاێیەل
یان گاڕان ) دەڕوات بۆ لەوەڕاندن و پاراستنی گاڕان,
پێێ دەڵێن ( گاوان ) ئەوەی کە لەگەڵ ( مێگەل ) دەڕوات
پێی دەڵێن ( شوان ) هەروەها شوانی ( بەرخەل)یشمان هەیە،
کە تەنیا مێردمنداڵان ئەو کارە دەکەن! چۆن دەکرێت
نووسەر بیت و جیاوازی لە نێوان ( گاڕان و مێگەل) دا
نەکەیت! پێم باشە خوێنەر خۆی دادپەروەر بێت. )عەتا
محمد( ئەم دێرەی لە عەرەبییەوە کردووە بە کوردییەکەی
خۆی.( إنه مطعم متواضع جدآ) (لەڕاستیدا، چێشتخانەیەکی
خاکی بوو.ل٤٢) لەکوێی ئەم دونیا فراوانەدا،
چێشتخانەیەک هەیە و پێێ دەڵێن ( چێشتخانەیەکی خاکی )
یە! ئەوە تەنیا بۆ کەسێک بەکار دێت، کە مرۆڤێکی سادە و
ساکار و بێغەل و غەش بێت. پێی دەڵێن ( فڵان کەس خاکییە)
واتە مرۆڤێکە، هەرگیز لەخۆی ناگۆڕێت. ئەگەر بێتو بە
زمانێکی ڕەوان ئەم دێڕە پاچڤە بکەین بۆ کوردی دەبێت
بنووسین ( لە ڕاستیدا چێشتخانەیەکی خۆماڵی بوو) بەڵام
هەرگیز چێشتخانەی خاکی ناگونجێت و هیچ کەس، ئەم ڕستە
لارو بێ مانایەی لە وەرگێڕاندا بەکار نەهێناوە.
جارێکیتر عەتا محمد، لەناو ئەم ڕۆمانەدا دەکەوێتە
هەڵەیەکەی زۆر گەورەوە بۆ نموونە دەنووسێت ( دووەم
تێبینی پەیوەندی بەوەوە نییە، کە ڕستەکان بۆچی ئەوەندە
فاریزەی تیادا بەکارنەهێنراوە، چونکە لە وەرگێڕانەکەی
حەبەش و ئیسپانییەکەشدا وایە و منیش تا بۆم کراوە
پەیوەست بووم پێیەوە، ل ١٤) ئەم دێڕانە کوتومت
سوکایەتی کردنە بە زمانی کوردی و بێ ئیرادەیی
وەرگێڕمان نیشان دەدات لەئاست ڕێزمان و خاڵبەندییدا.
ئاخر چۆن دەکرێت وەرگێڕێک، نازانێت خاڵبەندی
(Punctuation) چییە و چۆن بەکار دێت! بەکام دەستووری
زمان، دەبێت پەیوەست بیت بە خاڵبەندی زمانەکانی وەک:
عەرەبی و ئیسپانییەوە! لەجیاتی خاڵبەندی دەنووسێت،(
فاریزە) برام؛ فاریزە چییە؟ پێم ناڵێیت فاریزە ئەرکی
چییە لەناو ڕێزمان و نووسینداو چی پێ دەڵێن؟ من لێرەدا
ناچارم کەمێک باسی گرنگی خاڵبەندی بکەم. باسکردنی
خاڵبەندی باسێکی بەبایەخ و دوروو درێژە، ئەو ( فاریزەی
)ەیەی کە عەتا محمد، نووسیویەتی دەقاودەق هەڵەیە.
لەزمانی کوردیدا نیشانەکانی خاڵبەندی بریتین لە: ( وێر
گوڵ (،) Comma:- کاری وێرگوڵ، لەناو نووسیندا، شوێن و
ئەرکی تایبەت بە خۆی هەیە، لەو کاتەدا بەکار دێت، بۆ
ئەوەی خوێنەر هەناسەیەک بدات و ئەم کارەش چێژی
خوێندنەوە ئاسانتر دەکات. نیشانەی ( وێر گوڵی خاڵدار
(؛) The Semicolon)، (پرسیار (؟)Question mark)، (
سەرسووڕمان- (!) The Exclamation mark، ( خاڵ (.) که
به ئینگلیزی بهریتانی پێ دهڵێن "Full Stop"، بهڵام
به ئهمهریکی پێ دهڵێن (Period))، ( دوو خاڵ (:)
The Colon ), ( ڕستە خاڵ ... The Ellipsis)، ( تەقەڵ _
The Hyphen) ( دوو کەوانە واتە () Parenthesis ) (
کەوانەی وته “” Quotation mark) ( ئەستێرە (*)) هەر
یەکێک لەم نیشانانە ئەرک و پێناسەی خۆیان هەیە، من
تەنیا بۆ بەرچاو ڕوونی خوێنەر، زۆر بەکورتی ئاماژەم
پێیان داوە. لە بنەڕەتدا ئەم نیشانانە لەناو زمان و
نووسیندا، هەر یەکەیان دەستوور و کاری تایبەت بە خۆی
هەیە و مانای ڕستە و وشە لە نووسیندا جوانتر و ئاسانتر
دەکەن! ئەوەی تۆ ناوی دەنێیت فاریزە! ئەوە خاڵبەندی
زمانێکی ترە. هەموو خوێنەرێکی سادە و ساکار باش دەزانێ
کە ( خاڵبەندی- Punctuation) لە زمانی کوردیدا، گرنگی
تایبەت بە خۆی هەیە. ئیدی بە چ مانایەک )عەتا محمد(
خاڵبەندی زمانی بێگانە لە نووسین و ڕێنووسی زمانی
کوردیدا بەکار دەهێنیت! خاڵبەندی زمانی بێگانە بۆ
زمانی کوردی، جگە لەتێکدانی زمان و ڕێزمان، هیچ
مانایەکی تری نییە! خاڵبەندی زمانەکانی وەک: عەرەبی،
ئیسپانی، فەڕەنسی، زۆر جودایە لەخاڵبەندی زمانی کوردی.
برای وەرگێڕ بە چ پێوانەیەک خاڵبەندی زمانەکانی تر
تێکەڵ بە زمانی کوردی دەکات! پاشان دەبێت لێرە بەدوا )عەتا
محمد( و هەموو ئەوانەی کە وەرگێڕان دەکەن، ڕاستییەک
هەیە دەبێت بۆیان ئاشکرا بێت، کە خوێنەری ئێستا
لەسەردەمێکدا دەژی، سەردەمی تێکنۆلۆژیا و ئێنتەرنێتە.
بەماوەیەکی زۆر کەم دەتوانێ هەرچی زانیاریی هەیە
لەماوەیەکی کورتدا دەستی بکەوێت. گەرەکمە بێژم، خوێنەر
دەتوانێ زۆر بە ئاسانی، ئاشنای باشترین کتێبەکانی
جیهان و ناودارترین نووسەرەکانی دونیا بێت! لەکۆتاییدا
ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم. خواستی من بۆ ئەم نووسینە،
تەنیا هوشیارکردنەوەی خوێنەری کوردە بۆ جوانکردنی
زمانی کوردی و هیچیتر.!
....................................
خێزگە:
......................
١ – مارییا ڤینە، شێرێکیان کوشتووە. وەرگێڕانی خەبات
عارف. دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس. هەولێر، ٢٠٠٧
٢ – د. ئەوڕەحمانی حاجی مارف، ڕێزمانی کوردی، بەرگی
یەکەم ( وشەسازی )دەزگای ڕۆشنبیریی و بڵاوکردنەوەی
کوردی، بەغداد ١٩٨٧
٣ – نەریمان عەبدوڵا خۆشناو، ڕستەسازی، چاپخانەی
ڕۆژهەڵات. هەولێر، ٢٠١١
٤ – ئەنتۆنیۆ تەبوککی. وڕێنە سێ ڕۆژی کۆتایی فێرناندۆ
پێسوا. وەرگێڕانی: عەتا محمد. ناوەندی ڕۆشنبیریی و
هونەری ئەندێشە، سلێمانی ٢٠١٤
٥ - أنطونيو تابوكي. رواية، هذيان- أيام فرناندو
بيسووا الثلاثة الأخيرة. ترجمة: اسكندر حبش. طوى
للثقافة والنشر والإعلام – لندن، الطبعة الاولى ٢٠١٣
٦ - آنتونیو تابوکی. رمان، سه روز آخر فرناندو پسوآ:
واپسین هذیان. ترجمه حامد فولاد وند/ لیل فولاد وند.
محل نشر تهران - تهران ١٣٨٢
٧ - هذيان: الأيام الثلاثة الأخيرة من حياة بيسوا.
ترجمة إسكندر حبش عن المركز العربي الثقافي. 1997
زۆر گەڕام بەدوای ئەم وەرگێڕانەدا چنگم نەکەوت. ئەوەی
کە هەیە تەنیا چاپی ٢٠١٣ و هیچیتر. لەوە دەچێت چاپی
١٩٩٧ ی هەر نەبێت. من بۆ خۆم گومانم هەیە کە هەبێت.
|