بە بێدەنگیی و هەڵوەستەوە تەماشات دەکەم . تۆ رۆشتیت و
ئیتر ناتبینینەوە ؟ نامەوێ بڕوا بکەم کە تۆ ژاوەژاوی
ژیانت بەجێهێشتووە و فرمێسک و یادگاریشت بۆ ئێمە ...وا
براکەت ماجد و فوئاد الامیر هەردوکیان لە تەنیشتمەوەن
و خەمبارن.
هەرچەندە ئێستا تۆ نوقمی بێدەنگیت، بەڵام تاوێکە
گوێمان بۆ تۆ گرتووە بۆ ئەوەی تەنانەت لە
بێدەنگییەکەشتەوە فێر ببین ، ئاخر ئەی تۆ مامۆستاو
سەرکردە نەبوویت لە خەبات و لە گێرمەو کێشەکانی ژیاندا.
دەنگە هێمنەکەت، بوێری لە خستنەڕووی بابەتەکان بریتی
بوون لە خەسڵەتی تۆ کاتێک لەسەردەمی خەبات و تێکۆشان
کۆدەبووینەوە لەگەڵت. یادەوەرییەکانی خەبات هەمیشە
پوخت و نوێن. باشە چی دەبوو ئێستا پێکەوە باسمان لەو
یادگارییانە بکردایە؟ بیرتە لەدەروازەی شەقامی کەڕادەی
بەغدا یەکترمان بینی و تۆ بەرپرسی من بوویت و ئەو کاتە
کارمان دەکرد بۆ دووبارە درووستکردنەوەی حیزب و
کۆکردنەوەی هاوڕێیان و رێکخستنەوەی شانە
لێکدابڕاوەکانی دوای کودەتای ٨ی شوباتی سەردەمی حەرەس
قەومی لە بەغدا ساڵی ١٩٦٣.
رێک بە پێچەوانەی ئەم خامۆشییەی ئێستاتەوە ئەی مامۆستا
و سەرکردەم ، لە سەردەمی خەباتدا تۆ چیایەک بوویت لە
چالاکی و وزە و توانا کە هەرگیز ماندوو نەدەبوویت
چونکە هەمیشە هیوایەکت هەبوو.
هەر تۆ بوویت کە پێشنیاری بەدیلی شۆرشگێریت کرد وەک
بەرپەرچدانەوەیەک بۆ توندوتیژیی کۆنەپەرستیی . وتمان :
ئەمە حەقیقەتە مێژووییەکەیە کە تۆ خستتە روو و کە لە
باوەڕبوونمان بوو بە رێباز و خەباتی شۆڕشگێڕیی چەکدار
و هەریەک لە شەهید خالد ئەحمەد زەکی و ماجد عەلاوی و
یوسف رەزین و سەباح کورکیس و شەهید ئەمین الخوین ...
من کە ئێستا لە بەردەم تۆدا راوەستاوم فرمێسکی خەم
دەڕێژم و شریتی یادەوەریم لێدەدەمەوە بەرەو سەردەمانی
خەبات.
سەرەڕای تێپەڕینی ساڵانێکی زۆرو تێپەڕینی چەندین
رووداو وا ئەزانم دوێنێیە ، هێشتا نەبرەی دەنگەکەت
دەبیستم ئەو کاتەی کە راتسپاردم داوای نرخی دوو تفەنگ
بکەم لە تێکۆشەر دکتۆر قوتەیبە شێخ نوری وپاشان
بیانگوێزمەوە بۆ زۆنگاوی ( الغموکة) کە
ئامادەکارییەکان کرابوون بۆ راگەیاندنی شۆڕشی چەکداری
بە سەرکردایەتی شەهید ( خالد ئەحمەد زەکی). دوو
تفەنگەکەم هەڵگرت و بە ئۆتۆمبێلەکەی بیرمەندی
خوالێخۆشبوو (هادى العلوي) گواستمنەوە بۆ هۆڕەکان کە
دواتر داستان و نەبەردی خەباتی چەکداریمان لە دژی رژێم
دەست پیکرد.
تۆ لە ناوەندی شار و شانە نهێنییەکانی حیزبەوە نەقڵی
کوردستان بوویت ، بوویتە عاشقی کوردستان چونکە ئەویش
لە خەباتی چەکداریدا بوو لە دژی رژێم. بوویتە عاشقی
سروشتی کوردستان وخۆشەویستی ئەوکەسانە بوویت کە لەوێ
بوون بۆ درێژەدان بە رێگاکەمان. ساڵانی خەباتی تۆ وەک
سکرتێری حزبی شیوعی عیراقی ( قیادەی مەرکەزی) و
گرنگیدانت بە دەستەیەک لە تێکۆشەرانی ئازا بەشێکن لە
مێژووی شۆرشگێڕیی تۆ کە تا ئێستا هەر لە برەودایە، بۆ
نا، ئازیز و خۆشەویستانمان وەکو ئەکرەم حەمە ئەمین و
مستەفا چاوڕەش و جەمال عەلی فائیزو کەمال شاکیر و
کەمال جەلال (بەختیار) وسەدان تێکۆشەری تر کە هیچیان
کەمتر نییە لەوانەی ناومان بردن هەموو هاوبەش بوون لە
یادگارییەکانمان لە خەباتمان لە چیاو گوندەکانی
کوردستان هەر لە قەراداغەوە بۆ باڵەک وگەڵاڵە.
هاوڕێیانی وەک شێخ عەلی بەرزنجی ، عومەر مستەفا، فتح
الله عیزەت، تارق خورشید، عەلە رەش، عەزیزئەنوەر (عەزە
رەش) ،محمد فەرەج بانیبی، محمد غریب رەشید، موزەفەر
النواب، زوران عبدالعزیز و سەدان هاوخەباتی تر کە لە
زەینماندا کاتەکانی کۆبوونەوە حیزبی و کۆششی
چەکداریمان زۆر باش لە بیرە.
هەر لەسەر ریتمی یادەوەرییەوە، هێشتا دەنگت دێتەوە
گوێم کاتێک لە هەموو دیدارێکماندا لە بارەی دۆخی
حیزبەوە پرسیارت لێدەکردم. لەبارەگای حزب بووین لە (ناوکێلەکان)
تۆ ئەوکات لە سوریاوە بەپی گەڕابویتەوە لێت پرسیم دۆخی
حزب چۆنە؟
بۆم باسکردیت ، باس لەبارەی هێزو گەشەکردنی حیزب لە
کوردستان، لە بارەی شەهیدەکانمان لە ناوچەی فوراتی
ناوەند و شەهید بوونی بەرپرسی حیزبەکامان لەوێ هاوڕی (رافع
الکبیسی) ، دەربارەی شەهید بوونی براکەت ( زهیر علاوی)
کە لە نەبەردییەکی قارەمانانەدا لە رووبەڕووبوونەوەی
بەکرێگیراوەکانی رژێم لە گوندەکانی نێوان حیللە و
دیوانییەدا شەهیدکرا. بینیم چاوەکانت دەبریسکانەو
ویستم کاریگەری کارەساتی شەهیدبوونی هاوخەباتەکانمان
لە چاوەکانتدا بخوێمەوە، من هیچ جیاوازیکردنێکم نەبینی
چونکە تۆ هەموو هاوڕێکانی خۆتت وەک برای خۆت سەیر
دەکرد و وەک زوهێر وا بوون لات.
کاتێک کۆمپانیا نەوتییە قۆرخکارییەکان میللەتەکەمانیان
تاڵاندەکرد ، ئا لەو کاتەدا تۆ بوویت کە بۆ یەکەمجار
هاوارت کرد و داوای تەئمیم کردنی نەوتت کرد کە ئەمەش
لە کتێبەکەت بە ناوی ( نەوت و بزووتنەوەی رزگاریخوازیی
نیشتمانی) ساڵی ١٩٦٤ باست کردووە.
تۆ لەبارەی لادانگەرایی (التحریفیة ) و
گەشەکردنەکەیەوە کتێبت نووسی. تۆ بوویت کە پێشبینی
داڕمانی یەکێتی سۆڤێتت کرد ... هەر ئەوە نەبوو کە
پێشبینییەکانت لە سەر شۆڕش راست بن ، بەڵکو چوویت
بەرەو مارکسیزم و رێبازی مارکسیزم بە شیکردنەوەی واقیع
و پاشان کەشف کردنی ئەو راستیە تاڵەی کە دوای بیست ساڵ
هاتەدی.
تۆ خاوەنی دووبڕوانامەی دکتۆرا بوویت لە ئەندازیاری
تەلارسازیدا بەڵام زیاتر لە فەلسەفە وئابووری و سیاسەت
و شوێنەوار و مێژوو و رۆشنبیرییەوە نزیکتر بوویت. تۆ
مەوسوعەیەک بوویت لە وردەکاری و زانیندا.
هاوڕێم ئەبو لەیلا، ئەمشەو شەوی جودایی و ماڵئاوییە،
بەتەنیشتەوە دانیشتووم، بمبەخشە هاوڕێ و سەرکردەم،
ئەمە ساتەوەختی لاوازی مرۆڤە بۆ مامۆستا وهاوڕێیەک کە
فێری کردووم و دوای ماڵئاوایکردنیشی هێشتا هەر لێوەی
فێر دەبم... ناتوانم رێ لە فرمێسکەکانم بگرم کە
رێچکەیان گرتووە و تێکەڵ بوون بەو فرمێسکەی کە١٧ ساڵ
پێش ئێستا لەتۆم شاردبۆوە ئەو کاتەی هاوەڵم بوویت لەو
کاتەی نەشتەرگەری دڵم بۆ دەکرا لە لەندەن. لە ماڵی تۆ
بووم و ئەمبینی بە تەوازوعێکی شیوعیانەوە جلەکانی منت
دەشت، رێگەم گرت لەو فرمێسکە، بەڵام ئەوەتا ئێستا
رێگەی ئەدەم بە راستگۆیانە بێتە خوارەوەو ... لە تاڵی
ئەو فرمێسکەوە ئەڵێم: جلەکانم کە تۆ لە لەندەن دەتشتن
هێشتا لەماڵەکەم بە هەڵواسراوی هەرماونەتەوە.
مردن ناتوانێت تۆ لە ئێمە دووربخاتەوە چونکە تۆ هەرگیز
نەتدەزانی ترس چییە.تۆ بوویت کە ترست دەخستە دڵی
دوژمنەکانی مرۆڤ و ئازادییەوە، هەروەک چۆن چەند رۆژێک
پێش ئێستا بیستم کە حیزبی بەعس زووتر دەستیانکرد بە
کودەتا سەربازییەکەی ١٧ ی تەمموزی ١٩٦٨ چونکە
دەیانزانی کە تۆ سەرکردایەتی گرنگترین باڵی ناو حیزبی
شیوعی عیراقی – قیادەی مەرکەزی ( دەستەیەک لە
کادرەکانی حیزب) دەکەیت بۆ گۆڕانکاریی راستەقینە و
هێنانەدی دیمۆکراسی لە عیراقدا.
خەباتی فیکری و داهێنانە تیۆرییەکانت لە کتێبەکانتدا
رەنگیان دابووەوە: (المقايضة، برلين - بغداد) و(
المشترك) و(الخلاف السوفيتي الصيني واثره على الحزب
الشيوعي العراقي) و (النفط وحركة التحرر الوطني) کە بە
تێەڕینی کات گرنگییەکانیان زیاد دەکەن چونکە ئیبداعی
فیکری و شیکردنەوەی زانستی و تێڕوانینی رەخنەگرانەی
بوێر بریتی بوون لە سیماکانی خەباتی فیکری تۆ.
بنوو بە ئاسوودەیی ئەی هاوڕێ و مامۆستام چونکە
خەونەکەت بۆ بەدیهێنانی جیهان و دوارۆژێکی باشتر هێشتا
هەر بزوێنەری مێژووە.
|