مرۆڤەکان
لەو شارەدا ..
بەدڵی خۆیان سەما ناکەن.. پێناکەن
گوێ بۆ موزیك.. بۆ گۆرانی، رانادێرن
لەبەر شەرم و لەبەر عەیبە
خۆشەویستی،
بەخۆیان رەوا نابینن.
مرۆڤەکانی ئەو شارە
بۆ خۆ .. ناژین
( ئامێرد)* ئاسا،
بەخواستی خەڵك دێن و دەچن.
لەو شارەدا
گەنج لە چایخانە جمەی دێ
ژنی گۆج و
پیرەمێردی گاڵۆك بەدەست
شقارتە و لفکە دەفرۆشێ ..
لەو شارەدا
مافی ژنان .. هەروەکو ژن،
ئەتك دەکرێ.
منداڵ .. بۆ سواڵپێکردن
لەسەر شۆستە
بەچەشنی سیپاڵ رادەخرێ.
ملیۆنێریش..
چەشنی قارچك
هەڵدەتۆقێ!!
*ئامێرد ، وشەیەکی لێکدراوە، لە ( ئادەمیزاد+ ئامێر)،
وە بەعەربی دەکاتە الرجل الالي. بە رامبەر (رۆبۆت) ی
لاتینی.
فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی
|