سڕینەوەی سنووری نێوان مومکین و مەحاڵ
 

  

حەمەسەعید حەسەن




(فاشیستبوونی ئیسلام لە دەقی پیرۆزەوە سەرچاوە دەگرێت. فاشیستبوون ئەوەیە، پێت وابێت حەقیقەتی ڕەها لە کن تۆیە. ئەوە بۆیە وەک نموونە: ئیبن حەنبەل، ئیبن تەیمییە، موحەممەد عەبدولوەهاب و سەیید قوتب، لە فاشیست بەولاوە، هیچی دیکە نەبوون. ئەوە ئەوپەڕی فاشیستبوونە لە ڕێگەی نواندنی زەبروزەنگەوە و بە هۆی پاکتاوکردنی ئەوانی دیکەوە، بۆچوونی خۆت بسەپینێت. فاشیستبوونی ئیسلام لە سەردەمی پەیامبەرەوە، دروست لە فەتحی مەککەوە دەست پێ دەکات.)

حەسەن ئەلبەنناء کە دامەزرێنەری ئیخوانە، گەلێک بە مۆسۆلینی و هیتلەر سەرسام بووە و پەسنی داون، ئەوەتا نووسیویەتی: (هیتلەر و مۆسۆلینی دەوڵەتی خۆیان بەرەو یەکبوون و پێشکەوتن دەبەن. لە ناوخۆی وڵات خەریکی ڕیفۆرمی پێویستن و لە دەرەوەیش ناوبانگێکی چاک بۆ دەوڵەتەکانیان پەیدا دەکەن. ئەوان ئومێد بە دڵی میللەت دەبەخشن، دەستە و تاقمەکان لەژێر یەک ئاڵادا کۆ دەکەنەوە.) حەسەن ئەلبەنناء تەنانەت ئیلهامی لۆگۆی ئیخوانیشی کە دوو شمشێری یەکتربڕە، هەر دوو لە خاچە خواروخێچەکەی باڵی سەربازیی حیزبەکەی هیتلەرەوە بۆ هاتووە. وەک چۆن نازییەکان، ئێس و ئێس و ڕێکخستنی هەڵبژاردەیان هەبوو بۆ کوشتوبڕ، ئیخوانیش ڕێکخستنی نهێنیی هەبوو بۆ تیرۆر.)

(ئەوە بەدئاکاری و فاشیستبوونیشە، نیقاب و حیجاب، بەسەر ژنی خۆتدا بسەپێنیت و ژنی ئەوانی دیکە کە سەر بە ئایینەکەی تۆ نین، بە دیل بگریت، هەتکیان بکەیت، لە بازاڕدا بیانفرۆشیت و بە ڕەوا و بە حەڵاڵیشی بزانیت، کە ئیسلام هەر لە سەرەتاوە وا دەستی پێ کردووە و هەنووکەیش هەمان وەحشیگەری بەردەوامە.) لەسەر ئەو گوتانە، کە (حامید عەبدولسەمەد) لە کتێبی (فاشیزمی ئیسلام)دا نووسیونی، ئەبوو ئیسحاقی حەوینی کە یەکێکە لە سەلەفییە (بەدناو)ەکانی میسر، ڕاشکاوانە لە تیڤییەوە، بە زەندیقی لە قەڵەم داوە و فەتوای کوشتنی بۆ دەرکردووە.

فاشیستبوون ئەوەیە، خۆمان لەوانی دیکە پێ شکۆمەندتر بیت، پێمان وابێت، ئێمە دوا کەس بووین کە خوای گەورە قسەی لەگەڵ کردووین. ئەوە فاشیستبوونە، ئابووریمان پشت بە داگیرکردن و تاڵانکردنی وەڵاتان ببەستێت و کوڕان و کیژانیان دەستگیر بکەین و وەک کۆیلە بیانفرۆشین. ئەوە فاشیستبوونە، (سەرانە) بەسەر ئەوانەدا بسەپێنین کە لەسەر ئایینی ئێمە نین. ئەوە فاشیستبوونە، پێمان وابێت، خەڵکی دیکە کافرن و چونکە خوا لەو دونیا لە دۆزەخدا دەیانسووتینێت، ئێمەیش بۆمان هەیە، لەم دونیا سووک سەرنجیان بدەین.

حەسەن ئەلبەنناء کە دامەزرێنەری ئیخوانە، گوتارێک دەنووسێت، ناوی لێ دەنێت: (سینیۆر مۆسۆلینی یەکێک لە پرەنسیپەکانی ئیسلام جێبەجێ دەکات.) تێێدا شتێکی وا دەڵێت: (ئەوە یەکێکە لە پرەنسیپەکانی ئیسلام کە مۆسۆلینی، بایەخ بە ڕۆحی عەسکەری و بە عەسکەرکردنی خەڵک دەدات. بە سەربازگەکردنی نیشتمان، یەکێکە لە بیرۆکەکانی پەیامبەری ئیسلام.) لەم ڕوانگەیەوە (کیفاح)ی هیتلەر، هەر (جیهاد)ی ئیسلامە و فاشیزمیش وەک ئیسلام دەخوازێت، خەڵک هەموویان وەک یەک بیر بکەنەوە. لای ئیخوانیش تەواو وەک لای هیتلەر، ئینسان بۆ ئەوە جیهاد ناکات، بژی، بۆ ئەوە دەژی، کیفاح بکات. حەسەن ئەلبەنناء تەنانەت ئیلهامی ناوی (برایان)ی موسڵمانانیشی لە ناوی یەکێک لە ڕێکخستنەکانی ئەڵمانیاوە بۆ هاتووە.(*)

فاشیزم زادەی هەست بە کەموکووڕی کردنە، هەوڵدانە بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمی سەروەرییەکان. فاشیزم گەڕانە لە دووی تۆڵەسەندنەوە، هیتلەر دەیویست تۆڵەی نسکۆکانی ئەڵمانیای سەروەختی یەکەمین شەری جیهانگرەوە بکاتەوە، ئیخوانیش دەیویست خەلافەت بۆ دونیای ئیسلام بگەڕێتەوە. وەک چۆن هیتلەر لە ڕێی هەڵبژاردنەوە دەستی لە دەسەڵات گیر کرد، هەرچەندە بروای بە سیستەمی دیموکراتی نەبوو، ئیخوانیش هەر هێندە بڕوای بە دیموکراتی هەیە، تا دەستی دەگاتە دەسەڵات، ئیدی بە ئاشکرا فاشیزمی خۆی دەسەپێنێت.

(وأعدوا لهم ما أستطعتم من قوة ومن رباط الخيل ترهبون به عدو الله وعدوکم.) ئایا ئەوە رێکەوتە، لۆگۆی دەبڵ شمشێری ئیخوان، بەو ئایەتە کە بانگەشە بۆ (ئیڕهاب) دەکات، ڕازێنراوەتەوە؟ ئیسلام لەسەر بناغەی ئەوە ڕۆ نراوە، کە فەرمانت بۆ هات، بێ بیرکردنەوە و مشتومڕ، جێبەجێی بکەیت. کە داوا لە ئیبراهیم کرا، ئیسماعیلی کوڕی سەرببڕێت، بێ ئەوەی بیر لەو منداڵە بەستەزمانە بکاتەوە، بێ ئەوەی بیر لە ناوەڕۆکی نائینسانییانەی داواکە بکاتەوە، بڕیاری دا جێبەجێی بکات. لای نازیست و فاشیستەکان، لای ئیخوان و داعشیش کە فەرمان لە سەرەوە هات، دەبێت بێ چەندوچوون، جێبەجێ بکرێت.

ئیسلام بۆیە وا زوو بڵاو بووەوە، چونکە کە سەری هەڵدا، فارسەکان و ڕۆمانەکان کەوتبوونە گیانی یەکدی و تەواو شەکەت بووبوون. زیرەکیی ئیسلام لەوەدابوو، فیکری یەکتاپەرستیی تێکەڵ بە شەریعەتی جوولەکە و بە سرووتە دێرێنەکانی عەرەب، وەکوو حەج، کرد، ئەمەیش وای کرد، ئاسان بچێتە نێو خەڵکەوە. هەرچەندە چەمکی ئوممەت لەسەر بناغەی بیروباوەڕ، نەک نەتەوە، ڕۆ نراوە، بەڵام ئیسلام دەستبەرداری چەمکی خێڵ نەبوو، ئەمەیش هەر لە قازانجی جێگیربوونی ئایینەکە شکایەوە. (جیهاد)یش ڕۆڵی کاریگەری وازی کرد بۆ بڵاوبوونەوەی ئیسلام، ئاخر تەنانەت ئەو خەڵکە غەیرە عەرەبەیشی کە درەنگ دەهاتنە ناو ئایینەکەوە، بۆ ئەوەی بیسەلمینن وەک عەرەب ئیسلامی ساغن و لە دەستکەوت و تاڵانی بێبەش نەبن، هەر زوو دەستیان بە جیهاد دەکرد.

ئەو هۆکارانەی لە ڕابردوودا بە هانای ئیسلامەوە هاتن، هەنووکە بەربەستن لە ڕێگەی بەردەوامبوون و گەشەسەندنیدا، چونکە سەردەمیان بەسەرچووە، ئاخر ئیدی ئەوانە پەسەند نین، خوای گەورە یاسا بنووسێتەوە، جیهاد درێژەی هەبێت، جڤات داخراو بێت، ژن پاسیڤ بێت و لە ڕوانگەی خێڵەوە سەرنجی شەرەف بدرێت. ئەگەر دەقێک بە پەیامی خوا بزانین، ئیدی ناچار دەبین، دەرگە بە ڕووی فیکری تازە و لێکدانەوەی نوێدا خڕ دابخەین و لە گەشەکردن بوەستین. ئەگەر پێمان وابێت، هەر چی زانیارییە، لە قورئاندا هەیە، ئیدی وای بۆ دەچین، پێویستمان بە هیچ زانستێکی نوێ نابێت. هەقە ئەوەیش بڵێم، دەسەڵاتداری موسڵمان، ئەوەی بەلاوە گرنگ نییە، تاک زانا بێت، ئەوەی مەبەستە تاک ملکەچی ئەو بێت.

فەندەمەنتالیزم تازەکی سەری هەڵنەداوە، لەگەڵ پەیدابوونی ئیسلامدا هەبووە، ئەوە ئوسووڵییەکان بوون، کتێبەکانی (ئیبن ڕوشد)یان سووتاند، بکوژانی حەللاج ئوسووڵی بوون، ئیبن تەیمییە و موحەممەد عەبدولوەهابیش وەک ئوسامە بن لادن، فەندەمەنتالیست بوون. ئەوە ئوسووڵیبوونە دونیا دەکات بە دوو بەشەوە، دۆست و دوژمن، باوەڕدار و کافر، ڕەگی ئەم دابەشکردنەیش، بۆ سەرەتاکانی سەرهەڵدانی ئیسلام دەگەڕێتەوە. تازەگەری گەڕانەوە نییە بۆ سەرەتا و بۆ ڕەگوڕیشە، تێگەییشتنە لە سەردەمەکە و ڕاهاتنە لەگەڵیدا، تازەگەری لێکدانەوەی نوێ نییە بۆ دەقە دێرینەکان، بە مۆزە سپاردنی دەقە سەردەم بەسەرچووەکانە.

بزووتنەوە ئیسلامییەکان لەسەر داروپەردووی کەلاوەکانی ئەزموونە تێکشکاوەکان دادەمەزرێن، ئەوە زادەی نسکۆی پارتی و یەکێتییە، سێ حیزبی ئیسلامی: گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو، پەرلەمانیان زەوت و فەزای گشتییان داگیر کردووە. گۆڕان بۆ گەوجاندنی خەڵک، پاشکۆی ئیسلامیی بە خۆیەوە نەلکاندووە، ئەگەر نا ڕاستییەکەی لە کۆمەڵ و بزووتنەوە، ئیسلامیترە. بڕواهێنان بەوەی ئیسلام چارەسەرە، گەڕانەوەیە بۆ چوارگۆشەی یەکەم، بۆ سەدە تاریکەکان و بۆ سیستەمی بەدناوی خەلافەت. وەک چۆن لە فەلەستین کە باڵە سۆسیالیستەکان تووشی گلان هاتن، حەماس جێی گرتنەوە، ئەستووربوونی باڵی بزووتنەوە ئیسلامییەکانیش لە کوردستان، زادەی هەڵە و نسکۆی حیزبەیلە نەتەوەیی و چەپەکانە.

(ماڵئاوا ئاسیا) ئەوە ناونیشانی کتێبێکی نووسەری ژاپۆنی (فۆکۆزاوا لۆکیچی)یە، کە بەو مەبەستە نووسیویەتی، ئیدی دەبێت ژاپۆن جاڕی مایەپووچیی ئاسیا بدات و هەوڵی بۆ ئەوەبێت بگاتە ئاستی ئەورووپا. دونیای ئیسلامیش تا ماڵئاوای لە سەلەفیزم و خۆبەستنەوە بە دەقی دێرینەوە نەکات و دەستبەرداری عەقڵی خێڵ نەبێت، پێشکەوتن بە خۆیەوە نابینێت. ژاپۆن هەر تەکنەلۆژیای لە ئەورووپاوە نەهێنا، نزیکەی چی فیکر و فەلسەفەی خۆرئاوایش هەبوو، وەریگێڕانە سەر زمانی ژاپۆنی. ئیسلام کەسێکی وەک فۆکۆزاوا بۆکیچیی تێدا هەڵنەکەوتووە، باسی مۆدێرنێتەی بۆ بکات و نەخشەرێگای مۆدێرنیزمی پیشان بدات. ئیسلام ئەڤغانی و موحەممەد عەبدەی تێدا پەیدابوو کە نەیانتوانی خۆیان لە قوڕی خەستی کەلەپوور دەرباز بکەن، بۆیە لەبری کرانەوە بە ڕووی دونیادا، سەلەفیزمیان بەرهەم هێنایەوە.

ژاپۆنییەکان هەر زوو تێگەییشتن کە زمانی سەردەمی نوێ، زمانی زانست و تەکنەلۆژیایە و لەو بوارانەیشدا ئەورووپا پێشکەوتووە، ئیدی ئەو کەرەسانەیان لە ئەورووپا قەرز کرد و شوێنپێی ئەوانیان هەڵگرت، بەڵام ئیسلام هەمیشە پێی وابووە، لای کافرانەوە خێر و خۆشی نایەن، بۆیە بەردەوام داکۆکی لە کەلەپوور و ڕەسەنایەتی کردووە و بە گژ مۆدێرنێتەدا چووەتەوە. ئیسلام هەر باسی ناسنامەی خۆی کردووە، ئەم پێداگرتنەیشی لەسەر ناسنامە، بەرەو دەوڵەتی ستەمکاری دینی و بەرەو ئامێزی سەرکردەی سەربازیی بردووە. ئیسلامی سیاسی هەر بەرەو ڕابردوو ملی دەنا، ڕابردوویەکی ئیسلامیی خاڵیی لە خەوش، قەت باسی داهاتووی نەدەکرد و (ئیسلامیش چارەسەر) نەبوو، بەڵکوو هەر نائومێدیی سیاسی و کوێرەوەریی کۆمەڵایەتی بەرهەم هێنا و ئەوی باسی ڕۆشنگەریی کردبا، یان وەک فەرەج فۆدە تیرۆر دەکرا، یان وەک نەسر حامید ئەبووزەید لە وەڵات بەدەر دەنرا.

مەحموود موحەممەد تەها بۆچی ١٩٨٥ لە سوودان بە مەرگ سزا درا؟ چونکە پێی وابوو (شەریعەتی ئیسلام بەڵگەنامەیەکی مێژوویییە و تەنیا وەڵامدەرەوەی خواستەکانی موسڵمانانی ئەو سەروەختەی مەدینەیە.) ئەو پێی وابوو، ئایەتە نەرمونیانە مەککییەکان بۆ گەلێک شوێن و کاتی جیاواز بە کەڵک دێن، بەڵام ئایەتە توندەکانی مەدینە، لەگەڵ ڕەوتی مێژوودا ناگونجێن. پەیامبەری ئیسلام کە لە مەککە بوو، کە بێ دەسەڵات بوو، دەیگوت: (ئایینی خۆتان بۆ خۆتان و هی خۆم، بۆ خۆم،) یان: (زۆرەملێ لە ئاییندا نییە،) بەڵام کە هێزی پەیدا کرد، دەیگوت: (لە هیچ کەسی قەبووڵ ناکەین، بێجگە لە ئیسلام، بڕوای بە ئایینێکی دیکە هەبێت.)

دونیای ئیسلام سەد ساڵ لەمەوبەر کراوەتربوو، ئاخر هەر چی هەوڵی نوێبوونەوە هەبوو، هەمووی هەرەسی هێنا، چونکە نەخۆشیی فەندەمەنتالیزم تەشەنەی کرد و دەقپەرستی بەهێزتربوو. بزووتنەوەیەکی ڕۆشنگەری، لەوەی لە ئەورووپا، لای کریستیانیزم ڕووی دا، لە دونیای ئیسلامدا نەقەوما. ئەوەی لای ئیسلام ڕووی دا، هەر هەوڵی تاکەکەس بوو، لە دوای هەوڵەکانی موعتەزیلە و ئیبن ڕوشد و موحەممەد عەبدەوە کە هیچیان لێ سەوز نەبوو، ناوبەناو (فەرەج فۆدە)یەکیش سەری هەڵداوە.

چونکە سەلەفیزم بە هێڵی سوور پارێزراوە، ئەوە بۆیە لە دونیای ئیسلامدا، ڕیفۆرمخوازان، نزیکەی هەمیشە ڕەنجیان بە خەسار دەچێت. چونکە ئایین خۆی بەربەستێکی سەختە لەبەردەم ڕیفۆرمدا، بۆیە پێشکەوتن بە پشتبەستن بە ئایین نایەتە کایەوە. کێشەیەکی ئیسلام ئەوەیە، فێری ئەوەت ناکات، خۆت بیر بکەیتەوە، فێرت دەکات، چۆن بیر بکەیتەوە و شێوازی بیرکردنەوەت بۆ دیاری دەکات، بەمەیش پێشەکی دەرگەی داهێنان و ورووژاندنی گومانت بە ڕوودا دادەخات. ئیسلام لێ ناگەڕێت، گومان بکەیت، هەر باسی یەقینت بۆ دەکات، داعش کەیفی بەوانە دێت، گەوجانە بە یەقین گەییشتوون، ئەوە نییە تیرۆریستان، وەک بەهەشت کارگەی بەرهەمهێنانی ژنی حەشەری بێت، بە ئومێدی حەفتا و دوو ژنی سووروسپی کە هەر یەکێکیان حەفتا و دووی ژنی دیکەی لە بەر دەستدایە، خۆیان دەتەقێننەوە! ئایا ئەوە سەیر و سەمەرە نییە، بڕوادار کە قەرارە لە ئەوینی خوادا توابێتەوە، خواپەرستییەکەی بۆ ئەوە بێت، لەو دونیا بە کۆمەڵێک حۆری شاد ببێت؟

دەسەڵاتداری ستەمکار، هۆکاری هەموو نسکۆکانی دەداتە پاڵ دەستی دەرەکی، کەچی خۆی دۆستی نزیکی دەستە دەرەکییە، دوور و نزیکەکانە. داعش دەستێکی دەرەکی نییە، تا دونیای ئیسلام لە خۆی دوور بخاتەوە، لە مزگەوت و فێرگەکاندا، بەردەوام داعش پەروەردە دەکرێن، لە هەر دەزگەیەکی فەرمی و نافەرمی وڵاتانی دونیای ئیسلامدا، تەنانەت لەناو پەرلەمانەکانیشیاندا، بۆ داعش بگەڕێین، نائومێد نابین.

کە ساڵی ٢٠٠٦ پاپا لە ئەڵمانیا گوتی: (ئیسلام بە هەردوو دارشەقی زەبروزەنگ و ناعەقڵانیبوون بەڕێوە دەچێت، کە قسەیەکی دروستە، هەر زوو ناچار کرا پەژیوان ببێتەوە و داوای لێبوردنیش بکات، لەبەر ئەوە نا کە گٶڕان بەسەر بۆچوونەکانیدا هاتبێت، بەڵکوو هەم لە ترسدا و هەم لەبەر بەرژەوەندیی دیکە. ئیسلام بە جۆرێک ئازادییەکانی ئینسانی زەوت کردووە، لە گەلێک گۆشەی دونیادا، ئازادیخواز کەسێکە بە گژ ئەو ئایینەدا بچێتەوە و دژایەتیکردنی ئیسلام، داکۆکیکردنە لە ئازادی.

ئیسلام ددان بەوەدا نانێت، کە لەمێژە ڕۆڵی ڕێبەرایەتیکردنی دونیای لە دەست داوە و ناچێتە ژێر باری ئەو ڕاستییەوە کە خۆرئاوا بەڕەی لەژێر پێی ڕاکێشاوە، بۆیە ئەو بەدحاڵیبوونە بە ڕق لە خۆرئاوا دەردەبڕێت ، ئەو ڕقەیش بە قازانجی فەندەمەنەنتالیزم کەوتووەتەوە کە مامانی تیرۆرە. لای نیتشە کەسی داخ لە دڵ پێی وایە، هەلومەرج ستەمی لێ کردووە. ئەگەر نا ئەم لەوانی دیکە باشترە. (ئەدورنۆ)یش وای بۆ دەچێت: (ڕقهەڵگرتن لەم و لەو، دوا چەکی کەسانی داخ لە دڵە.)

(ئەوە بەدئاکارییە ، لەڕێی شێواندنی ڕاستییەکانەوە، ناوی ئەم و ئەو بزڕێنیت.) ئەوەی ئێمە بە حەقیقەتی دەزانین، مەرج نییە حەقیقەت بێت، نابێت بینووسین، دەبێت پیشانی بدەین. لە ترسی ئیسلام، ئازادی بیروڕا دەربڕین، پاشەکشێی کردووە، ئاخر ئەوی ڕەخنەی لە ئیسلام هەبێت، ئیسلامییەکان کە وا ڕاهاتوون ئیتیکی نووسین پێشێل بکەن، تۆمەتی بۆ دروست دەکەن و هەوڵی ناوزڕاندنی دەدەن. سەیرێکی بەپەلەی گۆڤاری (لڤین)ی ئیسلامی بکەین، هەست دەکەین، چەند لە پرەنسیپەکانی ڕۆژنامەگەریی سەنگینەوە دوورە و چەند لە تۆمەتی بێ بنەما و جوێن بەخشینەوەدا لە دژی کەسانی ئازادیخواز و عەلمانی، دەستڕەنگینە.

کە نازییەکان لە پیکاسۆ دەپرسن: ئەوە تۆیت تابلۆی (جێڕنیکا)ت کێشاوە، دەڵێت: نەخێر ئێوە وێنەتان کێشاوە. کە لە کورت ڤێستگارد، ئەو شێوەکارە دانمارکییەی تابلۆی موحەممەدی، سەر بە عەمامەی نارنجۆکدارەوە کێشابوو، دەپرسن: تۆ ئەو تابلۆیەت کێشاوە، دەڵێت: نەخێر، ئیسلامییە تیرۆریستەکان، پەیامبەری خۆیان وا پیشانی دونیا داوە. بۆچی ١٩١٧ شۆڕش لە ڕووسیا سەری گرت و ١٩١٨ لە ئەڵمانیا، تووشی نسکۆ هات؟ چونکە لە ڕووسیا، دەسەڵات هەڕەشەبوو بۆ سەر بژێویی هەژاران، بەڵام لە ئەڵمانیا، دەسەڵات بژێویی بۆ هەژاران دابین دەکرد. خەڵک لە وەڵاتانی ئیسلام، نانی لای دەسەڵاتە، بۆیە شۆڕش بەرپا نابێت، ئەگەر نا بە هیچ پێوەرێک باوی دەسەڵاتی لەوەی لە سعوودستان هەیە، نەماوە. لە دونیای ئیسلامدا خەڵک هەر نانی لای دەسەڵاتەوە بۆ نایەت، ئایینیشی بۆ دێت، بۆیە هیچ گۆڕانێکی ڕیشەیی لە وەڵاتانی ئیسلامدا ڕوو نادات. کولتووری سەرکوتکەری وەهابییەکان کارێکی کردووە، لەو نۆزدە تیرۆریستەی بەشداریی پەلامارەکانی یازدەی سێپتێمبەریان کرد، پازدەیان خەڵکی عەرەبستانی سعوود بوون، ئیدی بەڵگە لەوەیش بەهێزتر کە وەهابیزم سەرچاوەی تیرۆرە، کەچی ئەمریکای (دوژمنی سەرسەختی تیرۆر!) دۆستی هەرە نزیکی دەسەڵاتدارانی سعوودە.

ئەمریکا لەبەر ئەوە دژی ئێرانی ئیسلامی نییە کە ڕژێمێکی ستەمکارە، لەبەر ئەوە دژیەتی بەرژەوەندییەکانی ڕەچاو ناکات، خۆ ئەگەر لەبەر نادیموکراتیبوون دژی بووایە، دەبوو دژایەتیی سعوودستانیشی کردبا کە لە ئێران ستەمکارترە. (خۆزگە مانگایەک دەبووم لە سویسرا.) لەژێر گوتارێکدا کە باسی مافی ئاژەڵی لە سویسرا دەکرد، ژنێکی سعوودی ئەو کۆمێنتەی نووسیبوو، ئاخر لە سعوودستان، لەبری ئەوەی بەهەشت لەژێر پێی دایکاندا بێت، دایکان لەژێر پێی پیاواندان و لە سەددا، نەوەد و سێیان، دووچاری زەبروزەنگی ناو خێزان دەبنەوە. لەو وەڵاتانەی شەریعەت سەرچاوەی دەستوورە، ژنان تووشی دژوارترین توندوتیژی دەبنەوە و هەمیشە وەڵاتانی ئیسلامی، لە بواری سووکایەتی بە ژن کردندا، لە ڕیزی پێشەوەدان و ڕۆژانە نزیکەی نیو ملیارد ژنی موسڵمان، بەرەو ڕووی زەبروزەنگ دەبنەوە. ئایا جڤاتێک، ئەم نیوی، ئەو نیوی بچەوسێنێتەوە، ئێکسپایەر نەبووە؟ هەنووکەیش لە سایەی ئیسلامدا جەڵدەلێدان و سەنگباران پێڕەو دەکرێن.

هەر نەریتێک دژ بە مافی ژنان بێت، بە ئاسانی و بە خێرایی لەم وەڵاتەوە، دەگاتە ئەو وەڵات، بەڵام ئەگەر لە قازانجی ئازادیی ژنان بێت، زۆر بە زەحمەت و بە ساڵانێکی دوورودرێژ سنوورەکان دەبڕێت، خەتەنکردنی مێ کە لە سوودانی پێش پەیدابوونی ئیسلامەوە سەری هەڵداوە، هەر زوو گەییشتووەتە دوورەدەستترین گوندی کوردستان. لە کەنداو، شاکارە هونەرییەکانی مۆزەی لۆڤەر نمایش دەکرێن، بەڵام لەوێ ناتوانرێت، کارێکی وەک ئەوانەی لۆڤەر بخوڵقێندرێت، چونکە ئەو ڕۆحەی ئەو کارانەی بەرهەم هێناوە، ڕێی پی نادرێت، بێتە کەندوەوە، چونکە مۆدیرنێتە بۆ فرۆشتن نییە. دوبەی وەک دیکۆر لە ئەورووپا دەچێت، وەلێ وەک کرۆک هەر ئاوەزی هۆز لەوێ فەرمانڕەوایە.

عیسا دوو سێ ساڵێک خەریکی بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی بوو، ئەو ماوە کورتەیش نە پۆستێکی ئایینی هەبوو، نە هیچ دەسەڵاتێکی سیاسی، بەڵام موحەممەد بیست و سێ ساڵ پەیامبەر، یاسادانەر و سەرکردەی سەربازی بوو. مەسیح دەیگوت: (بەشی قەیسەر بدە بە قەیسەر و هی خوایش بە خوا،) بەڵام پەیامبەری ئیسلام نەیدەتوانی شتێکی وەها بڵێت، چونکە خۆی قەیسەر بوو، ئەوە بۆیە لە ئیسلامدا جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت وەک مەحاڵ وایە، ئاخر دیموکراتی و عەلمانیبوون چونکە لە خۆرئاواوە هاتوون، وەک گۆشتی بەراز حەرامن، ئاخر شەریعەت بۆفیەی کراوە نییە، ئەوانەی لێ هەڵببژێریت کە بۆ خۆت بە گونجاویان دەزانیت. شەریعەت هەمووی (یەک)ێکە یان پەسەندی دەکەیت، یان ڕەتی دەکەیتەوە، ئیدی یان بڕواداریت، یان کافر. جوولەکە ئەوپەڕی سیزدە ملیۆن کەسێک دەبن، تا هەنووکە زیاتر لە سەد و شەستیان لە بوارە جیاوازەکاندا، نۆبێڵیان وەرگرتووە، موسڵمانەکانیش لە ئەورووپا، وەک لە ئاسیا و ئەفریکا، هەر سەرقاڵی ڕۆنانی مزگەوت و بازرگانین بە شمەکی قاچاخەوە.

قورئان وەڵامی ئەو پرسانە دەداتەوە کە لە سەردەمی ژیانی پەیامبەردا گەرموگوڕ بوون، وەڵامی پرسی ئەم سەردەمەی پێ نییە، با ستەمی لێ نەکەین و لە توانای خۆی زیاتر باری نەکەین. هەندێک وای بۆ دەچن، دەتوانن لێکدانەوەی هاوچەرخانە بۆ دەقی قورئان بکەن، هاوچەرخانەی چۆن؟ لەوەی بن لادن، یان لەوەی داعش؟ خۆ مەرج نییە لێکدانەوەی هاوچەرخانە لە هی دێرین، نینساندۆستانەتر بێت. هەموو ئەو ڕیفۆرمخوازانەی هەوڵیان دا، هاوچەرخانە قورئان لێک بدەنەوە، یەک لە دوای تووشی نسکۆ هاتن، تەنانەت بەشێکیان تیرۆریش کران. سەردەمی ڕیفۆرم بەسەرچوو، دەبێت بە ڕاشکاوی جاڕی مایەپووچی و بە بنبەست گەییشتنی حوکمی ئیسلام بدەین و لە هەواری دەوڵەتی مەدەنیدا بارگە و بنە بخەین.

با لە بازنەیەکی داخراویشدا گیرمان خواردبێت، هەر ئەگەری گۆڕان هەیە. ئاپیکوور قوتابییەکانی فێڕ دەکرد، چۆن خۆیان لە هەلومەرجی زاڵ دەرباز بکەن، دەیگوت: شتی نوێ بە لادان لە باو دێتە ئاراوە، بۆیە هەر یەکێکتان لای کەم پێویستە لادانێک کە بە یۆنانی (کلینامن)ی پێ دەڵێن، بکات. لای کانت ڕۆشنگەری: خۆ دەربازکردنە لە پاشکۆیی کە ئینسان خۆویستانە خۆی تووشی ئەو داوە دەکات. پاشکۆیی ئەوەیە، ئاوەزی خۆمان لە کار بخەین و پشت بە لێکدانەوەی ئەوانی دیکە ببەستین و بوار بدەین ئەوانی تر قەدەرمان دیاری بکەن. خواپەرستی ئەوە نییە، ئینسان ببێتە کۆیلەی سرووت و ڕێنوێنییە ئایینییەکان. تاک پێش ئەوەی جوو، کریستیان یان موسڵمان بێت، پێویستە ئینسان بێت، هاووەڵاتێکی گەردوونی بێت.

کە ئیسلامی سیاسی بووین، دەبێت توندڕۆ بین، ئەگەر نا، دووڕووین و درۆ لەگەڵ خۆمان و خەڵکدا دەکەین، ئیسلامی سیاسی یەک چەشنی هەیە، ئەویش توندڕۆیە. وەک چۆن نازییەکان پێیان وابوو، ئاری توخمێکی باڵایە و دەبێت سەروەری دونیا بێت، موسڵمانانیش چونکە چاکترین ئوممەتن و ئەوە ئەوانن، خێر و شەڕ و چاکە و خراپە دیاری دەکەن، بۆیە کەس مافی ئەوەی نییە، پێیان بڵێ: بڕۆن پێشەکی بەر دەرگەی ماڵی خۆتان پاکژ بکەنەوە، ئەوسا داوای خاوێنیی لە خەڵکی تر بکەن. ئایا ئەوە دەچێتە عەقلەوە، ئەو هەموو گۆڕانکاری، جەنگ، کارەساتە گەورە و تاوانە مەزنانە ڕوویان دابێت و پەروەردگار لە دوای مەرگی موحەممەدەوە، ڕستەیەکی دیکەی نەگوتبێت؟

بەگوێرەی دەقی قورئان، ( سورة الفرقان ٤٤) کافر: (ئاژەڵ)ێکە ڕێی بزر کردبێت، (كَالْأَنْعَامِ بَلْ هُمْ أَضَلُّ سَبِيلًا،) ئەوە بۆیە داعش، کافر کە (ئاژەڵ)ێکی ڕێ بزرکردووە، سەر دەبڕێت، یان لە مەیدان دەیفرۆشێت، یان (سوار)ی دەبێت. ئاخر (ئاژەڵ) هەم بۆ سەربڕین دەست دەدات، هەم بۆ فرۆشتن و سواربوونیش. کەواتە داعش لە دەق لای نەداوە کە پیاو سەردەبرێت و ژنیش یان دەفرۆشێت، یان سواری دەبێت، یان پێشەکی تێر سواری دەبێت، دواتر بە شێنەیی دەیبات لە بازاڕ دەیفرۆشێت.

لە ناخی هەموو (ئیسلامی)یەکدا، داعشێک خۆی مەڵاس داوە، هەر کە هەلی بۆ ڕەخسا، دەست دەداتە شمشێرەکەی و دەکەوێتە درۆێنەکردنی، سەری ئەوانەی بە نەیارانی ئیسلامیان دەزانێت. ئیسلامی ئەوە بە خۆی ڕەوا دەبینێت، ڕەخنە لە ئایینەکانی دیکە بگرێت و تەنانەت سووکایەتی بە پیرۆزیییەکانیشیان بکات، کەچی لێ ناگەڕێت کەس ڕەخنەگرانە سەرنجی ئایینی ئیسلام بدات، بێ ئەوەی قایلمان بکات، ئیسلام چی لە ئایینەکانی دیکە زیاترە؟ چ خزمەتێکی بە مرۆڤایەتی کردووە، ئایینەکانی دیکە نەیانکردووە؟ ئایا ئایینەکە باشە و، زەرقاوی و بن لادن و بەغدادی خراپن؟ ئایا ئایینەکە باشە و، قاعیدە و بووکوو حەرام و داعش خراپن؟ ئایا ئایینەکە باشە و، سعوودستان و سوودان و ئێران خراپن؟ ئایا دەتوانین هاوزەمان ئیسلامی و (ئینسان)یش بین؟

ئەوە فاشیستبوون بوو کە داعش مۆری حەرفی (نوون)ی کە دەکاتە (نەسرانی) لە دەرگەی ماڵە کریستیانەکانی مووسڵ دەدا، هیتلەریش لەگەڵ جوولەکدا وای دەکرد، دەبوو ئەسێترەیەکی داوود بە بەرۆکیانەوە بێت، تا بناسێرێنەوە. ئەوەیش جێی سەرنجە، موسڵمانەکانی مووسڵ، کەسیان ناڕەزایییان لە دژی ئەو هەموو سووکایەتییەی داعش بە مەسیحییەکانی ئەوێی کرد، دەرنەبڕی. (هو الذي أخرج الذين كفروا من أهل الكتاب من ديارهم لأول الحشر.) داعش لەبەر ڕۆشنایی ئەو ئایەتەدا، مەسیحییەکانی کە ئەهلی کتێبن، لە مووسڵ وەدەرنا و دەستی بەسەر موڵک و ماڵیاندا گرت. (قاتلوا الذين لا يؤمنون بالله ولا باليوم الآخر ولا يحرمون ما حرم الله ورسوله ولا يدينون دين الحق من الذین أوتوا الکتاب حتی یعطوا الجزیة عن ید وهم صاغرون.) ئایا ئەوە تیرۆر نییە، ئەوی بڕوای بە ئایینی ئیسلام نەبێت، با جوولەکە یان کریستیانیش بێت، پەلاماری بدرێت و ناچار بکرێت، بە زەلیلییەوە بچێت سەرانە بدات؟ ئەدی (لکم دینکم ولي دین و لا إکراه في الدین،) چییان بەسەر هات؟ ئایا ئەوە فاشیستبوون نییە، ئابووریی دەوڵەت، پشت بە تاڵانیی سەروەختی غەزا و بە جزیە (سەرانە) ببەستێت؟

-----------------------
*
(١) حامد عبدالصمد، سقوط العالم الإسلامي.
(٢) بۆ نووسینی ئەم باسە، سوودم لە دوو بەرنامەی (پرسیارێکی بوێر)ی تەلەڤیزیۆنی (الحیاة) وەرگرتووە کە هەڤپەیڤینی لەگەڵ حامید عەبدولسەمەددا کردووە.
(٣) طارق حمو، حامد عبدالصمد في الفاشیة الإسلامیة، النقد کزلزال یهز الأرکان والأصول، إیلاف.

(*)(Bruderschaft)



 

 

           

 

26/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com