با، بەناو کونجە نهێنیەکاندا سەفەر دەکات
یاداشتێک لەبارەى شۆرت فیلمى (سەفەرى با)وە

 

  

هـه وراز محەمەد



سەرەتا:
ئەم فیلمە گێڕانەوەى چیرۆکێکى راستەقینەیە، کە لە ناو کۆمەڵگەدا رووى داوە. وەک کەیسێکى دیاریکراو روویداوە، بەڵام هاوشێوەى ئەم کەیسە لەماوەى رابردوودا چەندانە. مایەى خەمە یەکێک لەگەورەترین کێشەکانمان لەم کۆمەڵگایەدا کوشتنى ژنان بێت بە بیانووى شەرەف..
بەر لەنووسینى ئەم یاداشتە کورتە زۆر بیرمکردەوە ئایا لەم کاتەدا، کە وڵاتەکەم بەجەنگى دژ بە داعشدا تێدەپەڕێت و کۆى پانتاییەکانى هونەر و ئەدەب و راگەیاندن خۆیان سەرقاڵى ئەم رووداوە کردوە، دەکرێت کار لەسەر برینە راستەقینەکانمان بکەین؟ باس لەوە بکەین لە وڵاتەکەى مندا هەرچەند یاسا رێوشوێنى تۆکمەى هەیە بۆ بکوژانى ژن، بەڵام لە واقعدا ژنکوشتن بەردەوامى هەیە؟ دواجار بەو دەرەنجامە حەتمیە گەیشتم هەر ئەمکاتەى کە وڵاتەکەم بەم دۆخە دژوارەدا تێدەپەڕێت کاتى ئەوەیە کە قەتماغەى ئەو برینانە هەڵبەینەوە کە ئێمەیان وەک ژنکوژ ناساندوە تا لەم رێگەیەوە ئەو ئاکارانە بەنەفرەت بکەین و بیخەینە بەرچاو بۆ ئەوەى کۆمەڵگە دژى ئەم نەریتە بوەستێتەوە. کۆمەڵگەى ئێمە بە دوالیزمێکدا تێدەپەڕێت کە هاوشێوەى نیە، لەلایەک ژنانى وڵاتەکەم بە بیانووى شەرەفپارێزى دەکوژرێن، لەلایەکى ترەوە ژنانى وڵاتەکەم بوونەتە وڵاتپارێز و لە جەنگى دژ بەداعش چالاکى گەورە دەنوێنن..
هەر بۆیە چۆن شانازى بە ژنانى شەڕڤانەوە دەکرێت، دەبێت ئاوهاش نەفرەت لە کۆیلەکردن و ژنکوشتن بکرێت..
فیلمەکە هەوڵێکى جدیە بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئەم نەریتە لە رێگەى کردن بە فیلمى روداوێکى راستەقینەوە کە روویداوە، وەک هاوڕآ بەهجەت دەرهێنەرى فیلمەکە ئاماژەى بۆ کرد کە لە رووداوێکى راستەقینەوە وەرگیراوە بەر لە نمایشى فیلمەکەى..
بیرۆکە:
کچێک دەکوژێت لەبەرئەوەى کچێنى لەدەستداوە، بەرلەوەى هاوسەرگیرى بکات لەگەلڕ خۆشەویستەکەى خەوتوە و پەردەى کچێنى لەدەستداوە، دواجار خۆشەویستەکەى نەهاتۆتە داواى و ئەم وەک کەسێک کەشەرەفى بنەماڵەکەى شکاندوە بەلەدەستدانى پەردەى کچێنى مەحکوم دەکرێت بەمەرگ.

فیلمەکە:

کچ (ژن)ێک لە بەشى دواوەى ئۆتۆمێلێکدا، لە ناو تاریکى شەوێکدا بەشەقامێکى درێژدا بەرەو سنور لە رێگەدایە، لەگەلڕ باوک و براکەیدا.. روخسارێکى ماندوو، چاوێکى پڕ حەسرەتى بێ هیوا، قژێکى بژى بێ رەونەق، لێوێکى وشک، بەرچاوێکى رەش، مرۆڤێکى ماندوو لە رابردوو، رابردویەک کە بەم رۆژەى گەیاندوە کە دەبێت سەفەرێک بکات سەفەرێک کە ئەوسەرى دیار نییە..
کارەکتەرى فیلمەکە دواى ماوەیەک رۆیشتن بە حوزنێکى قوڵەوە وەک دەنگى مردویەک کە لە ئاسمانەوە بێت، کز و غەمگین بە باوکى ئەڵێت (با خوا حافیزیم لەدایکم بکردایە!!). ئەم دیالۆگە ئەوەمان پێدەڵێت کە ئێمە لەسەرەتاى رووداوێکى خەمهێنەرداین، دواى کەمێکى تر لە رۆیشتن باوکەکە (تەنها هەر دەنگە) پێى دەڵێت (ئاخر کچم بۆ واتکرد) .. ئەم دیالۆگە باکگراوندێکى سۆسیۆلۆگى هەیە و پێمان دەڵێت پیاوى کوردى هەرچەند شانازى بە کەرامەت و خودویستى خۆیەوە بکات دواجار لەبیرکردنەوەى ئەودا ژنێک ئەتوانێت کەسایەتى لەکەدار بکات و بیکاتە مرۆڤێکى شەرەف شکاو، دیالۆگەکە لەلایەک پارانەوەیەکى باوکانەیە بۆ کچێک کە پێى دەڵێت بۆ شەرەفى باوکت شکاند رۆڵەکەم، لەلایەکى تر سەرەتایەکە بۆ هەڵکردنى رەشەبایەکى توڕە کە بۆ بەدەستهێنانەوەى شەرەفى رۆیشتوى دەبێت کارێک بکات، کارێک لە کۆتایدا وەک پیاوێکى بەشەرەف لێى بێتە دەرەوە، حەتمەن لە تێڕوانینى کۆمەڵگەدا ئەمە بریتیە لە شتنەوەى شورەیى بە کوشتن.. کوشتن لەبەرامبەر تاوانى سێکسکردن! تاوانى خۆشەویستى! تاوانى کچێک کە کوڕێکى خۆشویستوە و لەگەڵیدا خەوتوە! دەرهێنەرى ئەم فیلمە بوێرانە دەست بۆ ئەم کایەیە دەبات پێى وایە ئەمە گەورەترین تاوانى کۆمەڵایەتییە کاتێک کچێک لەسەر سێکس کردن دەکوژرێت هەر بۆیە کۆى چیرۆکى فیلمەکەى لەسەر ئەم بابەتە کۆکردۆتەوە و لە رێگەى فیلمەکەیەوە بانگەواز بۆ ئەوە دەکات کە چى دى نابێت ژنان لەسەر سێکس کردن بکوژرێن و بکرێن بە قوربانى..
دیالۆگەکان بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت، تا ئەوکاتەى ئۆتۆمبێلەکە بەرەو رێگایەکى گلڕ لە شەقامە سەرەکیەکە دوردەکەوێتەوە و کچەش وەک بۆنى مەرگى خۆى کردبێت دەڵێت (باوکە بۆ لێرەوە بڕۆین؟) پرسیارێک کە پڕە لە گومان خوازیارە ئەگەر بە درۆیەکیش بێت مەترسى مەرگى لێ دوربخاتەوە، بەڵام دواجار کۆتاییەک چاوەرێیەتى، کە هیچ مرۆڤێک نایەوێت ئەو کۆتاییەى هەبێت..

تەکنیکى سینەما:

هاوڕى بەهجەت کە نووسەر و دەرهێنەرى ئەم فیلمەیە، یەکێکە لە گەنجە فیلمسازەکانى باشورى کوردستان، کە خاوەنى شێوەیەکى تایبەت بە خۆیەتى لە تێڕوانینى بۆ سینەما. وەک ئەو دەرهێنەرانە بیر دەکاتەوە کە زەمەنى فیلم هاوشێوە دەکەنەوە بە زەمەنى ژیان خۆی و لە رێگەى درێژى شۆتەکان و کەمى دیالۆگ و کارکردن لەسەر یەک چیرۆک بەهێواشى و یەک رووداو و بابەتێکى رەش، هەروەها بەشێوەى دیمەنى یەکگرتە (سکانس پلان) فیلم دروست دەکات، دەرهێنەر ئەم شۆرت فیلمەى وەک نمونەیەک دروستکردوە بۆ ئەوەى نیشانى کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى فیلم و تەلەفزیۆنەکانى بدات تا فیلمە درێژەکەى کە هەمان چیرۆکە دروستبکات..
ئەم فیلمە بەرلەماوەیەک لە هۆڵى یەڵمازگۆناى لە مۆزەخانەى ئەمنە سوورەکە نمایشکرا بۆ هونەرمەندان و کەناڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان..



 

 

           

 

22/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com