باری ژیان و کاری کرێکارانی کۆچەر لە هەرێمی کوردستان
 

  

ئامادەکردنی هەژێن


١٦ دێسەمبەری ٢٠١٤




چەن ساڵێکە هاوردنی کرێکارانی کۆچەر لە وڵاتانی دەوروبەر و تەنانەت لە وڵاتانی کیشوەرەکانی دیکەشەوە بۆ بەهرەکێشیی زیاتر لە هێزی کاریان وەك کرێکاری بیمەنەکراو و ناچار، بووەتە دیاردەیەکی بەرچاوی کۆمەڵ و تەنانەت لەنێو کرێکارانی ناهوشیاریی خۆجێیشدا ناڕەزایەتی دروستکردووە و ئەوانیش بەهۆکاری بێکاریی و بێمافیی و کەمیی مووچە و خراپی هەلی کاری خۆیانیان دەزانن؛ لەبەرئەوە کرێکارانی کۆچەر کە بەهیوای کار و کرێیەکی باشتر لەو شوێنەی کە لێوەی هاتوون، ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، لەلایەك لەلایەن خاوەنکارانەوە ستەمیان لێ دەکرێت و کرێیان پێنادرێت و شوێنی نیشەجێبوونیان نییە و دەردەکرێن و مۆڵەتی کارکردنیان، کە بە مۆڵەتی مانەوەیان گرێدراوە و ئەوەش لە دەستی خاوەنکارەکاندایە و خاوەنکارەکانیش بۆ نەدانی کرێی کرێکارەکان، ڕەزامەندینامە بۆ مۆڵەتی مانەوەیان پێنادەن و بەو جۆرە ڕۆژانە چەندنین کرێکار ناچار بە گەڕانەوە دەبن و بە قەرزاری و بێکرێییەوە دەگەڕێنەوە نێو خێزان و شوێنێك، کە لێوەی هاتوون، هەروەها لەلایەکی دیکەشەوە لەلایەن کرێکارانی ناهوشیار و کەسانی نەژادپەرستەوە دژایەتیی و سووکایەتییان پێدەکرت و لەلایەن گروپە ناسیونالیست و دژەبیاننیەوە خەڵکیان لێ هاندەدرێت و دژایەتیدەکرێن.
یەکێك لەو کۆمپانییانەی کە زۆربەی کرێکارەکانی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان هاتوون، کۆمپانیای ( رائد تعمیر)ە کە بنکەی لە شاری سلێمانیی (پایتەختی ڕۆشنبیری)ە و ئەم کۆمپانییە سەد و پەنجا (١٥٠) کرێکاری هەیە و کە زۆربەیان لەم شوێنانەوە هاتوون: کرێکارانی ئیزیدی کوردستانی بەشی عیراق، ئێران [زۆربە کوردانی مەریوان و سنە و کرماشانن]، سوریە [زۆربە کوردن و خەڵکی کۆبانی)شیان تێدایە، کە خوشك و برا و دایك و باوکیان لەوێندەرێ لە جەنگدان]، عەرەبی عیراقی [زۆربە شیعەی فەلوجەن] و ئەوانی دیکە خەڵکی شارەکە و دەروبەری شارەکەن.
ئەو کرێکارە کۆچەرانەی کە لەو شوێنانەوە هاتوون، شوێنی نیشتەجێبوونیان نییە و کەس ناناسن و ژیان بۆیان زۆر سەختە و لەبەر گرانی کرێخانوو، توانای بەکرێگرتنی سەرپەنایان نییە و لەبەر گرانی کرێخانوو و کەشی دژە کۆچەریی و دژە پەنابەریی لە هەرێمی کوردستانیشدا بەئاسانی ناتوانن خانوو بەدەستبهێنن، لەبەرئەوە لەو تەلار و خانووانانەدا دەژیان، کە نیوە تەواودەبوون، بەڵام کۆمپانییەکە ئەوەشی پێڕەوانەبینین و لە خانووە دەرگە و پەنجەرەدارەکاندا دەریکردوون و کردوونیەتە چوار کەلاوە [خانووی ناتەواوی بێ دەرگە و پەنجەرە] و وەك لە وێنەکاندا دەبینن؛ دەرکرێت جێگەی هەموو شتێك بێت، بێجگە لە جێگەی ژیانی مرۆڤێکی سەرەتای هەزارەی سێیەم لە "پایتەختی ڕۆشنبیری"دا. هەڵبەتە پێویستە ئەوەش بگوترێ، کە ئەمە لە هەزاردا یەکی دەرد و مەینەتەییەکانی کرێکارانی کۆچەرە لە هەرێمی کوردستان، هەرێمێك کە چەندین دەهە کرێکارانی خۆی لە ئێران و تورکیە و عیراق و سوریە و وڵاتانی ئەوروپی کۆچەربوون و بەو نەهامەتیانە ئاشنان، بەڵام بەم ڕادە و بەو جۆرە نا، کە هەر ئێستا لەم هەرێمە و لەم شارە ڕوودەدات.
ئەو شوێنەی کە کرێکارەکان بۆ خۆشگوزەرانان تێدا تەلار و ڤێلا چێدەکەن، ناوی "چوار چرا"یە، تەمەنی کرێکارەکان بەزۆریی لە خوار (٣٠) ساڵییەوەیە، کرێکارەکان کۆنتراکتی هەمیشەیی کارکردنیان نییە و هەر سات لەبەردەم مەترسی دەرکردن و ناردنەوەیانن بۆ وڵات و شارانێك، کە لێوەی هاتوون. هەروەها هیچ جۆرە بیمەیەکیان نییە؛ نە بیمەی دەرمانی و نە بیمەی بێکاریی و نە بیمەی کۆمەلایەتی. هەرچەندە خودی کرێکارانی هەرێمی کوردستان بەخۆشیان لە زۆرێك لەو بیمانە بێبەشن، بەراورد بە کرێکارانی کۆچەر بەلایەنیکەمەوە لە تەنگانە و لە ناهەمووارییدا هاریکاریی و پشتیوانی کۆمەڵایەتیی خزم و دۆست و هاوکاریان هەیە، بەڵام کرێکارانی کۆچەر هەموو ساتێك لەبەردەم مەترسی نەخۆشکەوتن و ڕەقبوونەوە لەو کەلاوانەدا و نەدانی کرێی کارەکانیان و دەرکردن و ناردنەوەیان بۆ وڵاتانێك کە لێوەی هاتوون، چونکە مافی مانەوە و نیشتەجێبوونی ماوەی کارکردنی کرێکارانی کۆچەر لە هەرێمی کوردستان بەهەبوونی نامەی پشتیوانی یا ڕەزامەندی خاوەنکارەوە پەیوەستە و نەبوونی مافی مانەوە و مۆڵەتی فەرمی وەك چەکێك دراوەتە دەستی خاوەنکارەکان و ئەوانیش بۆ ناچارکردن و بەهرەکیشیی زیاتر و نەدانی کرێی کرێکارەکان بەکاریدەبەن و بەوە ناڕەزایەتی کرێکاران تێکدەشکێنن. لەبەرئەوە زۆڕێك لە کرێکارانی کۆچەر بەتایبەت کرێکارانی کۆچەر، کە لە ئێرانەوە هاتوون، بەهۆی نەدانی کرێی کارەکانیان و تازەنەکردنەوەی مۆڵەتی مانەوەیان لەم وڵاتەدا، ناچار بە برسیەتی و بەبێ پارە دەگەرێنەوە ئێران.
شایانی باسە هەندێك لە کرێکارەکان ماوەی (٣) سێ مانگە کرێی کارەکارنیان وەرنەگرتووە و هەندێكیشیان ماوەی (٢) دوو مانگە خۆیان نەشتووە و گەرماویان نەدیتووە، ئەمەش پەیوەندی بە شوێنی ژیانیانەوە هەیە، کە هیچ بنەمایەکی ژیان و گوزەرانی تیدانییە، پێشتر کە کارەبایەکی بێئاساییش و بێپاراستنیان هەبوو، لەو کاتەوەی کە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و داوای باشترکردنی شوێنی ژیان و دانی کرێکارنیان کردووە، لە بەرانبەردا خاوەنکارە کە داوای (١٠) ڕۆژ ماوەی کردبوو، تاوەکو وەڵامی داواکارییەکان بدەنەوە، بەڵام ئەوە ماوەی (١٥) ڕۆژە هیچ وەڵامێکی بە داواکارییەکان نەداتەوە و هەروەها نزیکەی هەفتەیەکیشە کارەبای شوێنی ژیانی کرێکارەکانی بڕیوە و کرێکارەکان لە خراپترین باری ژیاندا لە کەلاوەی بێ[دەرگە و پەنجەرە]دا و گوزەراندەکەن و ئەگەر بارودۆخی ژیانی کرێکارەکان بەو جۆرە بڕوات، لەوانەیە ڕووداوی ڕەقبوونەوە لەتاو سەرما و نەخۆشکەوتن بەهۆی خۆنەشتن و نەبوونی پێداویستی خۆپاراستن لە سەرما و لەنێو ئەو کۆما زبلانەدا، ببێتەهۆی ڕووداوی شەرمەزارکەر بۆ هەرێمی کوردستان و "پایتەختی ڕۆشنبیرییەکەی"!
وەها بارودۆخێك و وەها بێمافییەك ئاوای کردووە، کە کرێکارانی کوردی خۆرهەڵات، کە ڕۆژگارێك بەوپەڕی هیواوە هاتوونەتە ئەم بەشەی کوردستان و خۆشباوەڕیی نەتەوەیی ئەو خەیاڵەی لەلا خۆشکردوون، کە هاتنیان بۆ بەشێکی دیکەی "نیشتمان" لە چوونیان بۆ تاران و شارە ناکوردییەکانی دیکەی ئێران باشترە و خاوەنکارە کوردەکان باشتر ڕەفتاریان لەتەکدا دەکەن و مافیان ناخۆن، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەدا بۆچوون و خۆشباوەییەکەیان سەد و هەشتا پلە ئاوەژوودەبێتەوە و دەڵێن هەر چۆنێك بێت لە ئێران بیمەکانی کار هەن و دادگەیەك هەیە، کە سکالای لەلا بکەن و کەسیش ناتوانێت بەناوی "بیانی/ خارجی" لەو وڵاتە دەریانبکات. ئەمە لەبارەی کرێکارانی ئێزیدی و کوردانی "ڕۆژاوا / کۆبانی"یشەوە هەر هەمان سەرەنجامی هەیە، هەڵبەتە کرێکارانی ئێزیدی لەبەر جیاوازی ئایینیان خراپتر ڕەفتاریان لەتەکدا دەکرێت و لە پێش هەموو کرێکارە کۆچەرەکانی دیکەوە لەم شارەدا بەر سووکایەتی و بێمافیی کەوتوون، لەوانیش بەدبەختر کرێکارانی عەرەبی عیراقی [بەتایبەت شیعەکانی فەلوجە]ن، کە بێجگە لە کۆچەربوون و جیایی ئایین، جیایی ئێتنیی "نەتەوەیی"ش دەیانخاتە ڕێوشوێنی نالەبارتر و بە خراپترین شێوە ڕەفتاریان لەتەکدا دەکرێت و مافیان دەخورێت. وەها بارێك تووريی و نائومێدی کرێکارەکانی بە لوتکە گەیاندووە و دوا ئومێدیان، کە هاوپشتی و هاودەنگی خەڵك و کرێکارانی هەرێمی کوردستان بوو و هەیە، خەریکە لەدەستیدەدەن.
ئەمە گۆشەیەکی بچووکی ژیانی کرێکارانی کۆچەری بواری تەلارسازییە و بەدڵنیاییەوە باری ژیان و مافی کرێکارانی کۆچەری بواری خزمەتکاریی ماڵان و چێشتخانە و نانەواخانە و ..تد لەوە باشتر نییە، ئەگەر خراپتر نەبێت. کرێکارانی کۆچەر کە زۆرێکیان بە بەڵێنی بێبنەما و فڕوفێڵی کۆمپانییەکانی دەڵاڵی هاوردنی کرێکارانی کۆچەر دێنە ئەم هەرێمە، لە هەموو مافێکی ئاسایی کرێکارانی کۆچەر لە وڵاتانی جیهان و ناوچەکەش بێبەشن؛ مافی خۆرێکخستن و ناڕەزایەتی و بەهرەمەندبوون لە بیمەکانیان نییە و داواکارکردنی هەر یەك لەو مافانە لەتەك و نامەی پشتیوانی بۆ مۆڵەتی مانەوە ڕووبەڕوویاندەکاتەوە و بێدەنگەکردنیش لەو بارە لەتەك نەدانی کرێی کارەکانیان و نالەباریی ڕێوشوێنی کار و نیشتەجێبوونیان ڕووبەڕوویاندەکاتەوە. ئەم بارە تاکەی دەخایێنێت و تاکەی کۆمەڵی کوردستان [کە زۆر کەسی لە ئەزموونی کۆچەریی و کرێکاریی لە وڵاتانی دیکە بەهرەمەندن و دەزانن ژیان و گوزەران و مەرجەکانی تەندروستی و ئاساییشی کارکردن بۆ کرێکارانی کۆچەر لە هەرێمی کوردستان و "پایتەختی ڕۆشنبیرییەکەی" بوونیان نییە] بێدەنگ دەمێنێتەوە، کە بێدەنگمانەوە و هاریکارینەکردن و پشتیوانینەکردنی کرێکارانی کۆچەر چ وەك پرسێکی مرۆیی بۆ هەموو دانیشتووانەکەی و چ وەك پرسێكی چێنایەتی بۆ کرێکارانی هەرێمی کوردستان، بەرهەم و نیشانەی هەڵوەشاندنەوە و لەدەستدانی هەموو بنەما مۆڕاڵیی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم کۆمەڵەیە، کە بەهۆی ڕامیاریی و بازارئازادی سیستەمی نیئۆلیبراڵی سەرمایەدارییەوە ڕۆژ بە ڕۆژ لە پەرەسەندایە.

****************************************************************************************
*پاشکۆ : کۆمەڵێك وێنەی شوێنی پشوو و خواردن و خەوتنی کرێکارانی تەلارسازیی لە کۆمپانیای (رائد تعمیر)









 

 

           

 

17/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com