ئیسلام و ئاواتێکی ئەفسووناویم
 

  

کامەران چروستانی





هیوادارم ئەم ئاواتەم بێتە دی، هەرچەندێکیش ئەفسووناوی بێت.
هەر کاتێک باس لە تەوەرێکی ژیان، تاک، کۆمەڵگا، ئابووری، زانستی و . . . هتد دەکرێت و پرسیارەکان ڕووبەڕووی ئاینی ئیسلام دەکرێتەوە بە ئامانجی ئەوەی وەڵامێک و ڕوونکردنەوەیەکی ئاشکرا و دیاریکراو بە دەست بهێنرێت، سەرنج دەدەین نەک تەنها وەڵامێک بەڵکو چەندەها وەڵامی جیاواز و هەندێکیشیان دژ بەیەک دەخرێتە ڕوو، بە شێوەیەک کەسی خاوەن پرسیار لەناو گێژاوێکی وەڵام بە سەرلێشێواوی دەمێنێتەوە و نازانێت ئایا کامیان ڕاستترە و ئایا چ ڕێگایەکیان پێویستە بگرێتە بەر.
هەر وەک نموونەیەک سەبارەت بە حیجابی ئافرەت هەندێک لە زانایان دەڵێن نەک تەنها حیجاب بەڵکو نیقابیش ئەرکێکی سەرشانی هەموو ئافرەتێکی موسڵمانە، هەندێکی دیکە دەڵێن پێویستە ئافرەت نەک نیقاب، بەڵکو حیجاب بکات، ئەوی دیکە دەڵێت بە هیچ شێوەیەک پێویست نییە، بەڵام ئەگەر حیجان بکات، ئەوا خێرە و لەو دنیا بۆی دەگەڕێتەوە. سەبارەت بە حەرامێتی ماددە کحولییەکان لەم ماوەیەی پێشوودا زانایەکی ئیسلامی لە ئەزهەر (دکتۆر مصطفی راشد) ئەوەی ئاشکرا کرد، کە ماددە کحولییەکانیش حەرام نییە، بەڵکو ئەوەی حەرامە بریتییە لە سەرخۆشبوون. خۆ ئەگەر بێینە سەر ڕێبازە جیاوازەکان ئەوا گەلێک تەفسیر و بۆچوون و ڕای جیاواز دەبینینەوە، کە هەر یەکەیان بێگومان خۆی بە ڕاست دادەنێت. هاوکات هەموو بۆچوون و بڕیارێکی هەر لایەنێکیان پشت بە بنەما و بەڵگەی ئاینی دەبەستێت. بۆ نمونە لە هاوسەرگیری سیغەدا، کە لەلای شیعەکان پەیڕەویی دەکرێت، لای ئەوانی دیکە بە شتێکی ناڕاست و ناڕەوا هەڵدەسەنگێنن. سەبارەت بە سەبایاکردنی ئافرەتە یەزیدییەکانیش هەندێک زانای وەهابی هەن لە سعودیە، کە بە شتێکی ئاسایی لە قەڵەم دەدەن و هەندێکی دیکەش بە دەرچوون لە ئاینی ئیسلامی لە قەڵەم دەدەن.
بێگومان ئەم دیاردەیە شتێکی ئاساییە، ئەگەر بێتوو چاوێک بە گەشەی بیری ئیسلامی و مێژووی ئیسلامدا بخشێنینەوە پاش ئەوەی محەمەد کۆچی دوایی کرد و هەتا هاتنی خەلیفە عوسمانی کوڕی عەفان سەبارەت بە کۆکردنەوەی قورئان و وتەکانی پێغەمبەر هیچ هەنگاوێکی گەورە نەنرابوو. پاش ئەوەش کۆکردنەوەی وتەکان و گومانبوون لە هەندیک و متمانە بە هەندێکی دیکە، پاش ئەوەش سەرهەڵدانی ڕێباز و تەفسیری جیاواز بۆ قورئان و کاراکردنی و پەیوەستکردنیان بە حەدیسەکانەوە هۆکارێک بوون بۆ ئەوەی ئەم بۆچوون و ڕێبازە جیاوازانە سەرهەڵ بدەن. بەڵام هەموو ئەمانە پاساو نین بۆ ئەوەی ئەو ڕاستییە دەرنەخەین، کە جیهانی ئیسلامی لەناو گێژاوێکی فکری و مەزهەبی قوڵدا دەژی، کە نەک تەنها بنکە ئیسلامییە سەرەکییەکانی خستۆتە بەربەرەکانی و کێشمەکێشمێکی قوڵەوە، بەڵکو تاکی موسڵمانیش لەناو هەمان گێژاودا دەژی و ناتوانێت بۆ زاراوەکانی ژیان ڕێگەیەکی ڕاست و ڕەوانی ئاشکرا بەدی بکات.
هەموو ئەمانە هاندەر بوون بۆ ئەوەی بچمە ناو خەیاڵی ئاواتێکی ئەفسووناوی، کە تیایدا سەرجەم زانا بەناوبانگەکانی ئاینی ئیسلامی لە هەموو جیهانەوە کۆببنەوە. ئەویش بە ئامانجی ڕزگارکردنی موسڵمانانی جیهان و دیاریکردنی تاکە پەیڕەوییەکی ڕاست و ڕاستەقینە و جێگیر بۆ ئیسلام. بە شێوەیەک لە ماوەی ساڵێک، دووان، سیان، دە، یان پەنجا ساڵدا بتوانن هەموو بۆچوون و ڕا جیاوازەکانیان بخەنە سەر مێزی گفتوگۆ، شتەکان یەکلا بکەنەوە، سەبارەت بە هەموو تەوەرەیەک بڕیار لەسەر تەنها یەک ڕێباز و بۆچوون بدەن، پێناسەیەکی جێگیر بۆ زاراوەکانی ژیانی تاک و کۆمەڵگا دیاری بکەن، چوارچێوەیەکی دیاریکراوی ژیان بۆ کۆمەڵگا دەستەبەر بکەن بۆ ئەوەی هەموو جیهانی ئیسلامی لەم کێبڕکێ و جیاوازی و بەربەرەکانی یەکدییە یەکجارەکی ڕزگار بکەن. تاکی موسڵمانیش ڕێبازی ژیانی خۆی لەلا ڕوون و ئاشکرا بێت و لەم گێژاوی بیروبۆچوونانە بێتە دەرەوە.
چواردە سەدەیە جیهانی ئیسلامی لەناو ئەم گێژاوەدا دەژی. ڕوون و ئاشکراشە، کە ئەم ئاواتەم تەنها لە ناو سنوورێکی خەیاڵاویدا دەمێنێتەوە، بەڵام بەردەوامبوونی ئەم فرە ڕووانگەییەی ئاینەکەش مانای ئەوە دەبەخشێت، کە نە کۆمەڵگا و نە تاکەکانی کۆمەڵگا ئیسلامییەکان هەرگیزاوهەرگیز ناتوانن سەبارەت بە زۆرینەی پرسیارەکانی ژیان تاکە وەڵامێکی ڕاست و ڕەوان بدۆزنەوە، بەڵکو وەک سەرلێشێواوێک خۆیان لەنێوان ئەوپەڕی ڕاستەوە بۆ ئەو پەڕی چەپ، لەو پەڕی نەرمییەوە بۆ ئەوپەڕی توندڕەوی بدۆزنەوە، کە لەنێوان ئەو دوو پۆڵەشدا تالیبان و داعشیشی تێدا جێگە دەبێتەوە. هەر وەڵامێکیش لەو وەڵامانە لە هەموو ئەوانی دیکە ڕاستترە و ئەنجامەکەشی بریتییە لەو ژیانە کارەساتاوییەی، کە کۆمەڵگا ئیسلامییەکان تیایدا دەژین.

 

 

           

 

20/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com