فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی كورته‌ فیلمی تاران به‌ هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردیی ده‌ستی پێكرد
 

  

 






سی و یه‌كه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی كورته‌ فیلمی تاران به‌ هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردیی ده‌ستی پێكرد و له‌م فیستیڤاڵه‌دا كۆمه‌ڵێك فیلم له‌ سینه‌ماكارانی كورد و لوڕ نمایشكران.
سی و یه‌كه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی كورته‌ فیلمی تاران به‌ هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردی له‌ لایه‌ن گرووپی هه‌ڵپه‌ڕكێی "پێشه‌وا" به‌ سه‌رپه‌ره‌ستی هونه‌رمه‌ندی كورد "عه‌لی زه‌هیرنیا" له‌ په‌ردیسی سینه‌ما میلله‌تی شاری تاران ده‌ستی پێكرد و ئه‌م گرووپه‌ له‌به‌رچاوی "حه‌بیب ئیل به‌یگی" سه‌رۆكی فیستیڤاڵ، ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌ران، وه‌فدێك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ر و ڕۆشنبیری شاری سلێمانی له‌ هه‌رێمی كوردستان، میوانانی بیانی له‌ وڵاتانی جۆراوجۆر، سینه‌ماكارانی به‌شداربوو له‌ فیستیڤاڵ و هه‌روه‌ها ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندندا كۆمه‌ڵێك هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردیی ناوچه‌ جۆراوجۆره‌كانی كوردستانیان، له‌وانه‌: "شێخانه‌"، "خانه‌میری"، "سێ پێیی"، "چه‌پی"، "فه‌تاح پاشایی"، "گه‌ڕیان"، "پشت پا"، "له‌بلان"، "شه‌لان"، "زه‌نگی"، "له‌یلاخ" و ... پێشكه‌ش كرد كه‌ له‌ لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌ به‌ چه‌پڵه‌ڕێزان و به‌ پێشكه‌شكردنی چه‌پڵه‌گوڵ پێشوازییان لێكرا.
"عه‌لی زه‌هیرنیا" كه‌ به‌م گرووپه‌وه‌ له‌ وڵاتانی ئیسپانیا، فه‌ڕه‌نسا، كۆریای باشوور، یۆنان، ئیماڕات و هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردیی پێشكه‌ش كردووه‌، ساڵی 1998 به‌ سه‌رپه‌ره‌ستی ده‌رهێنه‌ر و شانۆكاری ناوداری كورد دكتۆر "قوتبه‌دین سادقی" له‌ فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فۆلكلۆر و دابوونه‌ریته‌ سونه‌تییه‌كانی "لێفكاد"دا له‌ وڵاتی یۆنان به‌شدارییان كرد و خه‌ڵاتی یه‌كه‌می ئه‌م فیستیڤاڵه‌یان به‌ده‌ستهێنا.
له‌ به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كانی سی و یه‌كه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی كورته‌ فیلمی تاراندا كۆمه‌ڵێك فیلم له‌ سینه‌ماكارانی كورد و لوڕ و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ نمایشكران كه‌ بریتی بوون له‌:

له‌ به‌شی پێشبڕكێی نێوده‌وڵه‌تیی:
ـ كورته‌ فیلمی دیكۆمێنتی "ماڵی به‌رد" (لیر) له‌ ده‌رهێنانی "محه‌مه‌دڕه‌زا حافزی" له‌ شاری خوڕه‌م ئابادی لوڕستان
ـ كورته‌ فیلمی چیرۆكی "شوقه‌ی مێرووله‌كان" له‌ ده‌رهێنانی "تۆفیق ئه‌مانی" له‌ شاری مه‌ریوان

له‌ به‌شی پێشبڕكێی سینه‌مای ئێران:
ـ كورته‌ فیلمی چیرۆكی "نه‌وت كێشی ڕه‌ئال مه‌درید" له‌ ده‌رهێنانی "سه‌تار چه‌مه‌نی گوڵ" له‌ شاری سنه‌
ـ كورته‌ فیلمی چیرۆكی "یاری ئه‌م ماڵه‌ خه‌ڵوه‌ته‌" له‌ ده‌رهێنانی "ئومید ڕاستبین" له‌ شاری سنه‌
ـ كورته‌ فیلمی ئه‌نیمه‌یشنی "وێنه‌" له‌ ده‌رهێنانی "ماشه‌ڵڵا محه‌مه‌دی" له‌ شاری سنه‌
ـ كورته‌ فیلمی چیرۆكی "بادباده‌كه‌ بێ باكان" له‌ ده‌رهێنانی "سالم سه‌ڵه‌واتی" له‌ شاری سنه‌
ـ كورته‌ فیلمی چیرۆكی "حه‌وت به‌رد" له‌ ده‌رهێنانی خاتوو "فه‌تمه‌ ده‌ستمه‌رد" له‌ شاری مه‌ریوان
ـ كورته‌ فیلمی دیكۆمێنتی "له‌گه‌ڵ خودا سه‌ما ده‌كه‌ین" له‌ ده‌رهێنانی "هووشه‌نگ میرزایی" له‌ شاری خوڕه‌م ئاباد
ـ كورته‌ فیلمی چیرۆكی "شوقه‌ی مێرووله‌كان" له‌ ده‌رهێنانی "تۆفیق ئه‌مانی" له‌ شاری مه‌ریوان
ـ كورته‌ فیلمی چیرۆكی "ڕوخساره‌ ته‌نیاكان" له‌ ده‌رهێنانی "ئه‌شكان ئه‌حمه‌دی" له‌ شاری بانه‌
ـ كورته‌ فیلمی دیكۆمێنتی "ژیان له‌ ڕه‌گه‌ سارده‌كاندا" له‌ ده‌رهێنانی "فه‌تحوڵڵا ئه‌میری" له‌ شاری ئیلام
ـ كورته‌ فیلمی چیرۆكی "ده‌مامك" له‌ ده‌رهێنانی "خالید گه‌ویڵیان" له‌ شاری سنه‌
ـ كورته‌ فیلمی چیرۆكی "دیوار" له‌ ده‌رهێنانی خاتوو "فه‌ریده‌ نادری" له‌ شاری سنه‌
ـ كورته‌ فیلمی ئه‌نیمه‌یشنی "چیرۆكه‌كانی بوزبوزی" له‌ ده‌رهێنانی "عابدین محه‌مه‌دی" له‌ شاری كرماشان
ـ كورته‌ فیلمی چیرۆكی "B+" له‌ ده‌رهێنانی "نه‌زیر میرزایی" له‌ شاری سنه‌
ـ كورته‌ فیلمی ئه‌نیمه‌یشنی "كۆتایی" له‌ ده‌رهێنانی "عه‌لیڕه‌زا عه‌بداڵی" له‌ شاری كرماشان
ـ كورته‌ فیلمی دیكۆمێنتی "كابرات" له‌ ده‌رهێنانی "بورهان ئه‌حمه‌دی" له‌ شاری سنه‌
ـ كورته‌ فیلمی چیرۆكی "له‌شه‌ بڕاوه‌كان" له‌ ده‌رهێنانی خاتوو "فاتمه‌ ساره‌می" له‌ شاری خوڕه‌م ئابادی لوڕستان
ـ كورته‌ فیلمی چیرۆكی "ته‌پوومژیی ئه‌مڕۆ" له‌ ده‌رهێنانی "بیژه‌ن زه‌ڕین" له‌ شاری كرماشان
ـ كورته‌ فیلمی چیرۆكی "ئاواته‌ پاككراوه‌كان" له‌ ده‌رهێنانی خاتوو "ڕۆزیتا أه‌سافی" له‌ شاری كرماشان

له‌ به‌شی هه‌ڵبژارده‌یه‌ك به‌ فیلمه‌كانی فیستیڤاڵی فیلمی ڕوشد:
ـ كورته‌ فیلمی "یادی ئه‌و ڕۆژه‌" له‌ ده‌رهێنانی هاوبه‌شی "مێهدی ئازادی ڕاد" و "عه‌لی سۆهرابی" له‌ شاری كرماشان

له‌ به‌شی چاوخشاندنیك به‌ به‌رهه‌مه‌كانی سینه‌ماكاری كورد "شه‌هرام موكری":
ـ كورته‌ فیلمی ئه‌زموونی "جوانی شاراوه‌ی كات" به‌ ماوه‌ی 13 خوله‌ك، به‌رهه‌می ساڵی 1997
ـ كورته‌ فیلمی ئه‌زموونی "ده‌ورووبه‌ری بازنه‌" به‌ ماوه‌ی 15 خوله‌ك، به‌رهه‌می ساڵی 2005
ـ كورته‌ فیلمی ئه‌زموونی "تۆفانی سه‌نجاقه‌ك" به‌ ماوه‌ی 15 خوله‌ك، به‌رهه‌می ساڵی 2001
ـ كورته‌ فیلمی ئه‌زموونی "ئاندۆسی" به‌ ماوه‌ی 15 خوله‌ك، به‌رهه‌می ساڵی 2007
ـ كورته‌ فیلمی ئه‌زموونی "كاڵ، كوڵاو، سووتاو" به‌ ماوه‌ی 15 خوله‌ك، به‌رهه‌می ساڵی 2009

فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی كورته‌ فیلمی تاران یه‌كێك له‌ فیستیڤاڵه‌ گرینگ و به‌رچاوه‌كانی كورته‌ فیلم له‌ ئاستی دنیادا
دێته‌ئه‌ژمار كه‌ له‌ نێوان فیلمسازانی كورته‌ فیلمدا پێگه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌ و هه‌موو ساڵێك سینه‌ماكارانی سه‌رتاسه‌ری جیهان، به‌رهه‌مه‌كانی خۆیان بۆ به‌شداری له‌ به‌شی پێشبڕكێی ئه‌م فیستیڤاڵه‌ ڕه‌وانه‌ده‌كه‌ن.
له‌ سی و یه‌كه‌مین خولی ئه‌م فیستیڤاڵه‌ به‌رهه‌می سینه‌ماكارانی وڵاتانی جۆراوجۆر، له‌وانه‌: فه‌ڕه‌نسا، سویسڕا، كه‌نه‌دا، به‌ریتانیا، ئه‌مه‌ریكا، ئیتاڵیا، پۆڵه‌ندا، به‌لژیكا، ئوستوڕاڵیا، بڕازیل، چین، كرۆواسی، هه‌نگاریا، ژاپۆن، كۆریای باشوور، هۆڵه‌ندا، ئه‌فغانستان، ئه‌رژه‌نتین، ئازه‌ربایجان، شیلی، كۆماری چێك، ئستۆنی، یۆنان، هیندستان، كۆزۆڤۆ، لیتوانی، مه‌كزیك، نیووزله‌ندا، ئیسپانیا، توركیا، ئۆرۆگۆئه‌ و ئێران چوونه‌ سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ماكان.
سی و یه‌كه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی كورته‌ فیلمی تاران به‌ به‌شداری به‌رهه‌م فیلمسازانی 33 وڵات له‌ سێ به‌شی پێشبڕكێی، له‌وانه‌: به‌شی "پێشبڕكێی نێوده‌وڵه‌تیی"، به‌شی "پێشبڕكێی سینه‌مای ئێران"، به‌شی "پێشبڕكێی جیهانی ئیسلام" و هه‌روه‌ها چه‌ندین به‌شی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی، له‌وانه‌: به‌شی "فیلمه‌كانی كاندیدی جه‌ژنی كورته‌ فیلمی سینه‌مای ئێران"، به‌شی "فیلمه‌كانی بنكه‌ی بارهێنانی هزری منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران"، به‌شی "فیلمه‌كانی قوتابخانه‌ی وه‌ڕانی فه‌ڕه‌نسا"، به‌شی "چاوخشاندنیك به‌ به‌رهه‌مه‌كانی سینه‌ماكاری كورد شه‌هرام موكری"، به‌شی "چاوخشاندنیك به‌ به‌رهه‌مه‌كانی فه‌رهاد مێهرانفه‌ر"، به‌شی "چاوخشاندنیك به‌ به‌رهه‌مه‌كانی سینه‌ماكاری كۆچكردوو محه‌مه‌دڕه‌زا شه‌ریفی"، به‌شی "هه‌ڵبژارده‌یه‌ك به‌ فیلمه‌كانی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی ڕوشد"، به‌شی "فیلمه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی فیستیڤاڵی فیلمی ئایینی"، به‌شی "میوان"، به‌شی "كارگه‌ی پسپۆڕانه‌ی هونه‌ری سینه‌ما" و به‌شی "كۆڕی ڕه‌خنه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنیی فیلمه‌كان" بۆ ماوه‌ی 6 ڕۆژ له‌ په‌ردیسی سینه‌ما میلله‌تی شاری تاران به‌ڕێوه‌چوو.
 

 


به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ڕاگه‌یاندنیی گشتیی سی و یه‌كه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی كورته‌ فیلمی تاران.


 

 

           

 

24/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com