ڕۆمانی فەرهود
لە تەوزیفی مێژووەوە تا نووسینەوەی یاداشت
 

  

عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)





یەکێک لەو ڕەگەزە گرنگانەی ژانری ڕۆمان پشتی پێدەبەستێ و خۆی لە سایەیدا پێناسە دەکات بریتییە لە ڕووداوەکان و زنجیرەی ئەو کارەسات و بەسەرهاتانەی کە ڕۆمانەکە لەخۆیدا هەڵگرتووە. چونکە گرێچنەی ڕۆمان خاڵی دروستکردنی هێڵەکانی پەیوەستبوونی خوێنەرە بە دەقی ئەدەبییەوە. بۆ ئەم مەبەستەش نووسەری دەق هەمیشە لە خەمی ئەوە دایە زنجیرەی ڕووداوەکان بەجۆرێک و بەئاستێک لە زمان دابڕێژێ کە لەگەڵ شوێنکاتدا پێچەوانە نەکەوێتەوە. دیارە هیچ ڕووداوێکیش ناکەوێتە دەرەوەی شوێنکات. لێرەشەوە دەبینین پەیوەندییەکی بەهێز بوونی هەیە لە نێوان ڕووداو و مێژوو. ئەگەر مێژوو بە پەیژەیەک بچوێنین، ئەوا ڕووداو دەتوانین وەک پایەیەکی ئەو پەیژەیە ببینین.


ڕۆمانی فەرهود وەک لەناوەکەیەوە دیارە ئاماژەیە بۆ یەکێک لەو ڕووداوە مێژووییە گەورانەی کە بەسەر میللەتی کورددا هاتووە. ئەویش هێرشی شۆڤینیزمی نەتەوەیی عەرەب بوو بۆ سەر ناوچەکانی گەرمیان و کەرکوک و دێهاتەکانی دەوروبەری کە بووە مایەی ئاوارە بوون و ماڵوێرانی و تاڵان و بڕۆیەک کە کاریگەری خۆی بەسەر ژیانی هەموو تاکێکی کورد لەو سەردەمە و لەو دەڤەرەدا دانا. پەژارەیی و تاڵی ئەو ڕووداوە بەجۆرێک بوو کە زۆر کەس لەو دەڤەرە ناوی منداڵەکانیان ناو نا جێماو یان شاخەوان یان فەرهود(١). ڕۆمانی فەرهودی کاک جەلال قادریش لە چرکەساتی فەرهودی حەرەس قەومییەکانەوە تا کۆتایی پرۆسەی ئەنفال ژیانی دوو یان سێ نەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە. بەڵام ئەم حەرەس قەومییانە چی بوون و بەدوای چ ئامانجێکەوە بوون؟
"حەرەس قەومییەکان هەندێکیان جلی سەربازییان پۆشیبوو، هەندێکیتریان شەڕواڵی کورت و جامانەیان لە دەموچاویان ئاڵاندبوو، هەندێکیش چەفیە لەسەر و تفەنگ بەدەست ، بە بڕنەو و سیمینۆفەکانیان، نیشانیان لەو خەڵکە هەڵاتووە دەگرت. ئەوان تەنیا بۆ کۆشتنی ئێمە نەهاتبوون، بەڵکو بۆ تاڵانکردنی هەموو ناوچەکە!"
" حەرەس قەومییەکان گوندەکەیان سوتاند و هەرچی سووتەمەنی و مەڕوماڵات هەبوو تاڵانیان کرد. دایکم لە دایکی پرسی مێردەکەم چی لێ بەسەرهات؟
نابینی ئاخر زەمانە و حەرەس قەومی فەرهودمان دەکەن."
'ڕۆژی حەشر بوو، ڕەحم لە بەدەنی دوژمندا نەمابوو، ئەوەی بەردەستیان بکەوتایە هەلابەهەلایان دەکرد"(٢)
جەلال قادر (٣)ی نووسەر کە خۆی وەک هەر گەرمیانییەک و کەرکووکییەک ئەو بڕگە زەمەنییە تاڵەی ئەزموون کردووە و لەناو ڕووداوەکان ژیاوە و لەوێشەوە دەستی ئیمەی خوێنەر دەگرێت و ساڵ بە ساڵ لەڕێگەی ڕووداوەکانەوە گەشتێک بەنێو ژیانی کۆمەلایەتی و ئابووری و سیاسی زیاتر لە چارەکە سەدەیەکی میللەتی کوردمان لەو دەڤەرەدا دەکات و وێنەکانی ئەو سەردەمەمان بەڕوونی نیشان دەدات. ڕۆمانی فەرهود ڕەنگدانەوەی ژیانی پڕ لە بەرەنگاربوونەوەی کوردە بەهەڵوێست و خاوەن باوەڕەکانە لەبەرامبەر سیاسەتی حیزبی بەعسی ستەمکار. چونکە لە ماجەرای ئەو سی ساڵەدا بەشێک لە کوردی نەفس نزم و چڵکاوخۆر و بەدڕەوشت بوونە جاش و بەکرێگیراوی حکومەتی عێراق و حیزبی بەعس. ئەو جاشانە چەکی دژە خەڵک و پێشمەرگەیان کردە شان، و خۆیان و ویژدان و شەرەف و ئەخلاقی خۆیان فرۆشت. ئەم هێزە دژە خەڵک و پێشمەرگەیە لە سەردەمی جەنگی عێراق و ئێران ژمارەیان لە چەند سەد هەزار جاش تێپەڕاند.
"...یەکجار ئاوڕم دایەوە بینیم ئازادی پێشمەرگە بەرەو ناو چەمەکە ڕا دەکات و بڕێک جاش بەدوایەوە تەقە دەکەن"(٤)
ئەم هەڵوێستە و بەرجەستەکردنەوەی لە ڕۆمانی فەرهودا ئاماژەی سیاسیبوونی ڕۆمانەکە و نیشاندانی ئەو سنوورەیە کە بەرەی خەڵک لە بەرەی دووژمن جیا دەکاتەوە. هەر ئەم جیاکردنەوەیەش بووە کە سەدان کەس ئامادە بوون لە بەرەی خەڵک لە زیندانەکان ئازار بچێژن و تەنانەت ئیعدام بکرێن یان لە پێشمەرگایەتی شەهید ببن بەڵام ڕۆژێک خۆیان نەبینن لە بەرامبەر بەرژەوەندی سیاسی میللەتەکەیان بوەستنەوە. هەڵوێستێکی تر دیاردەی فیرار بوون و هەڵاتن بوو لە خزمەتی سەربازی. لێرە دیسانەوە دەبینین کەسانێک خاوەن هەڵوێست بوون و ئامادە نەبوون سەربازی بکەن و فیراریان دەکرد و خۆیان دەشاردەوە یان دەچوونە لادێکان یان بە هەر هۆیەکی تر بووە خۆیان پاراستووە، بەپێچەوانەی ئەو بەرژەوەندخواز و نەفس نزمانەی کە دەبوونە جاش و هەویەی خەفیفەیان دەکردە گیرفانیان و بێشەرمانە بەناو کوچە و کۆڵانەکانی شاردا دەسوڕانەوە. خوێنەر ئەگەر وێنەکان و دیمەنەکانی ناو ڕۆمانی فەرهود تاک تاک وەربگرێ، وا دێتە پێش چاوی کە ئەم دیمەنانە مێژوویین و ئەم ڕۆمانەش مێژووییە، بەڵام کە ڕۆمانی فەرهود وەک دەقێک دەیخوێنیتەوە، بۆی ڕوون دەبێتەوە کە نەخێر ڕۆمانێکی مێژوویی نییە و بەڵکو ڕۆمانێکی سیاسی – کۆمەڵایەتییە و دەستی بۆ گەلێ گۆشە و لایەنی جیاجیا بردووە و وێنای کردوون. جەلال قادری نووسەر هاتووە مێژووی لە دەقەکەیدا تەوزیف کردووە و ڕووداوە مێژووییەکانی وێنا کردووە و تەنانەت سەرجەم دەقەکەش لەسەر ئەو تەوزیفە بنیاد نراوە. ئەمەش یەکێکە لە ڕووە جوانەکان و لایەنە گەشەکانی دەقەکە. دکتۆر ئەحمەد بەقار دەڵێ " کێشەی کەلەپوور و پەنابردن بۆ مێژوو بەو پەڕی سادەییەوە، کارێکی دروست و شتێکی سروشتییە لە هەموو کاریکی ئەدەبی " یان لە جێگایەکی تری هەمان وتاردا دەڵێ " ڕۆمان مێژوو بە ڕێگەی تایبەتی خۆی دەنووسێتەوە ئەویش نەک ڕووی خۆی بە مێژوو سواخ بدات، بەڵکو چرایەکە و بە هەڵکردنی بە ڕووی مێژوودا ڕووناکی دەکاتەوە و وامان لێدەکات ڕووداو و کارەسات لە تێڕوانین و گۆشەنیگای جیاوازەوە ببینین (٥)." جەلال قادریش لەم ڕۆمانە نەهاتووە بەس ڕووداو بگێرێتەوە، بەڵکو هەوڵی داوە کەم تازۆر ئاوڕ لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی کورد بداتەوە. ویستویەتی لەڕێگەی ئەدەبەوە (ڕۆمان و چیرۆک) بەشداری بکات و وەک توخمێکی چالاک ڕۆڵ بگێڕێ لە ناسین و نیشاندانی مێژوویەک کە جگە لەدەڤەری کەرکووک و گەرمیان هیج دەڤەرێکی تری کوردستان پێی ئاشنا نین. واتە ڕۆمانی فەرهود ڕۆمانێکی مێژوویی نییە. بەڵکو ڕۆمانێکە ئیلهامی لە مێژووەوە وەرگرتووە و پاڵەوانەکان و کەسایەتییەکان لە مێژووی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی کورددا بوونیان هەبووە و هەن. فەرهود ڕۆمانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە و لە سەردەمێک دەدوێ کە کەمترین ئاوڕی ئەدەبی و هونەری لێدراوەتەوە. بەپێی تێگەیشتنی ی، م، فۆرستەر بێ ڕۆمان دەکرێتە دوو جۆر، ڕۆمانی مێژوویی و ڕۆمانی هونەری" (٦). لەم گۆشەنیگایەوە دەتوانین بڵیین ڕۆمانی فەرهود ڕۆمانێکی مێژوویی نییە بەڵکو هونەرییە و تێکەڵییەکە لە مێژوو و سیاسەت و یاداشت و خەیاڵ. ئامانج لێی تیشک خستنە سەر هەلومەرجێکی سیاسی – کۆمەڵایەتییە لە بڕگەیەکی زەمەنی دیاریکراو ١٩٦٣ – ١٩٨٨. لێرەوە دوای ئەم کورتە پێشەکییە پێمباشە ڕۆ بچمە نێو ڕۆمانەکە و خوێندنەوەیەک بۆ لایەنی سیاسی و فەرهەنگی و کلتووری لەلایەک و تەکنیک لەلایەکی تر بە ئەنجام بگەیەنم.


پاشخانی حەرەس قەومی و تراژیدیای کۆچی بە هەزاران خێزانی کورد
هەر دوای ماوەیەکی کورت لە سەرکەوتنی ئەفسەرە نیشتمانپەروەرەکانی عێراق بە ڕابەری عەمید عەبدولکەریم قاسم کە توانرا سیستەمی پاشایەتی لە عێراق لاببردرێت و سیستەمی کۆماری لە جێگاکەی دابنێت، جیاوازی و ململانێ کەوتە نێوان هێز و حیزبە سیاسییەکانی گۆڕەپانی عێراق بەتایبەتی لە نێوان هێزە نیشتمانییەکان بەڕابەری عەقید عەبدولسەلام عارف لەلایەک و حیزبی شوعی عێراقی لەلایەکی تر، لەسەر مەسەلەی پەیوەست بوون یان هاوکاری لەگەڵ کۆماری عەرەبی یەکگرتوو کە یەکێتی هەردوو کۆماری سوریا و میسر بوو. ئەم ململانێیە و بەیارمەتی هێزە دەرەکییەکان بە ئاقارێکدا برا، لە هەشتی شوباتی ساڵی ١٩٦٣ توانرا کودەتایەک بەرپا بکرێ و عەمید عەبدولکەریم قاسم و هاوەڵەکانی بکوژن و عێراق دووچاری گۆماوی خوێن بکەن. حەرەس قەومی ئەو هێزە شۆڤینیست – ناسیونالیستە عەرەبییە بوو لە عێراق کە لە دوای کودەتا ڕەشەکەی هەشتی شوباتی ١٩٦٣ کە لەسەر دەستی عەبدولسەلام عارف ئەنجامدرا و بووە هۆی بەهێزکردنی ڕوحی شوڤینیزمی عەرەبی لەدژایەتیکردنی شوعییەکان و گەلی کورددا. ئەم هێزە لە خێڵ و هۆزە عەرەبەکان پێکهێنرا و چەکدار کرا. لە بنچینەدا ئەم هێزە میلیشیایە – حیزبییە کە سەر بە توندرەوترین سەرکردەی ئەوسای حیزبی بەعس عەلی ساڵح السەعدی بوو کە فڕۆکەوان مونزر ئەلوەنداوی و یاریدەدەرەکەی نەجاد ئەلسافی سەرکردایەتیان دەکرد(٧). ئەرکی ئەم هێزە کۆنەپەرستە لە سەرەتادا دژایەتی و پاکتاوکردنی باڵ و لایەنە سیاسییە نەیارەکانیان بوو ، دواتریش لەڕێگەی خێڵ و عەشیرەتە دواکەوتووەکانی عەرەب کەوتنە کوشتن و تاڵان و فەرهودی میللەتی کورد. ساڵی حەرەس قەومییەکە ساڵی ١٩٦٣ بوو، ساڵێک بوو کە بە ساڵی شوومەکە ناسراوە. کوردی دەڤەری کەرکووک لەو کارەساتی فەرهودە گەورەترین زیانیان پێگەیشت. ئەمەش سەرەتای زنجیرەیەک ڕووداو و کارەساتی مرۆیی تر بوو هەر لە گرتنەبەری سیاسەتی تەعریب و تەبعیس و تەرحیلەوە تا دەگاتە کارەساتی کیمیابارانی کوردستان و ئەنفال و کۆچڕەوی ملیۆنی. مێژووی کورد مێژووی ئێمەیە و دوورکەوتنەوە لەو مێژووە دوورکەوتنەوەیە لە خۆمان. ئەوەی جەلال قادری نووسەر لەم کارە ئەدەبییەیدا کردوویەتی گێڕانەوەی سەرنج و ئینتمای نەوەیەکە بۆ مێژوویەک کە خۆ لێهەڵاواردنی جگە لە بێدەربەستی هیچیتر نییە. نووسەر هاتووە ئیش لەسەر ئەو ئینتمایە دەکات. ئاوڕ لەو بڕگە زەمەنییە دەداتەوە کە قوربانی (گەلی کورد و شیوعییەکان) وەک نێچیرێکی بەستەزمان کەوتۆتە چنگ جەللاد( حەرەس قەومی)، ئەو جەللادەی کە بچووکترین هێمای شارستانی و ئینسانیبوون لە باوەڕ و بیرکردنەوەی ئەو هێزە دژە مرۆییە بوونی نەبووە. بۆیە پاڵەوانی ڕۆمانەکە فەرهود کەتا دوا لاپەڕەی ڕۆمانەکە ڕووداوەکان لەسەر زاری ئەو دەگێردرێنەوە، سیمبوڵی ئەو کارەسات و تراژیدیایەیە.
' حەرەس قەومییەکان گوندەکەیان سوتاند و هەرچی سووتەمەنی و مەڕوماڵات هەبوو تاڵانیان کرد. دایکم لە دایکی پرسی مێردەکەم چی لێ بەسەرهات؟
نابینی ئاخر زەمانە و حەرەس قەومی فەرهودمان دەکەن؟!
لەوکاتە دایکم بڕیار دەدات و دەڵێ ئەگەر کوڕم ببێت ناوی دەنێم (فەرهود) بۆ ئەوەی هەرگیز ئەم کارەساتەمان لە بیر نەچێتەوە."(٨)
فەرهود لێرە هەم سیمبوڵە و هەمیش ئاماژەیە..سیمبوڵە بۆ یادەوەری و بەزیندوو هێشتنەوەی ئەو کارەساتەیە لە زەین و ویژدانی مرۆڤەکان. هەروەها ئاماژەشە بۆ تراژیدیای قەسابخانەیەک کە لە مێژوودا نموونەی کەمە.چونکە حەرەس قەومی ترس و خۆفێکی زۆری خستە دڵی خەڵکەوە تەنانەت سێبەری ئەو ترسە بۆ چەندین ساڵ بەسەر سەری ئینسان و ئاژەڵەکانی ئەو دەڤەرەوە بوون.
" ئەوانەی ئەو ڕووداوەیان بینیبوو وردە ماسی و مێکوتەی نێو جۆگە و ئاوی خاسە بوون، دەیانگوت تا چەندین ساڵ هەرچی سەگ و پشیلە و گوێدرێژ و ئەسپ و ئاژەڵیتر هەیە لە چەکدار و چەفیە لەسەرەکان ترساون.(٩)
لەو ڕۆژەوە هاوکێشەی جەللاد و قوربانی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق، بوو بە هاوکێشەیەکی زیندوو و پلەیەکی ژیان و ئەوەی لەو نیوەشدا زەرەرمەند بوو ئێمە و ئەو خەڵکە بێ دیفاع و بێگوناهە بووین. .

ئەفسانە و ڕیتواڵە کۆمەڵایەتییەکان و وێنا کردنیان لە ڕۆمانی فەرهوددا
ڕۆمانی فەرهود مەسحێکی گشتی کلتوور و پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵی کوردەواری تێدا نیشاندراوە. نووسەر سەرنجی چۆتە سەر کۆی ئەو هێڵە درامییەی کەژیانی خەڵکی کەرکووکی دیاری کردووە. بە واتایەکی تر، ئەم ڕۆمانە هەڵگری بنەماکانی ڕیالیزمە و وەک رۆمانێکی ڕیالیستیی کۆمەڵایەتی دەتوانرێت ناو زەد بکرێت. نووسەر هاتووە زۆر بەوردی ئیشی لەسەر ئەم بنەمایە کردووە و واقیعی تاڵی ژیانی کوردی کەرکووکی خستۆتە ڕوو وەک بەشێکی دانەبڕاو لە کۆی ئەو چەرمەسەرییەی کە بەسەر میللەتی کورددا هاتووە. من ئەمە بەخاڵێکی گەوهەری و گرنگ دەزانم لە جیهانی نووسیندا. چونکە ڕیالیزم "نمایندەیەکی بەوەفای واقیعە"(١٠). جەلال قادر نەهاتووە خوێنەر تەنها لە خەیاڵدا بەدوای پاڵەوان و ڕووداوەکان بگەڕێ، بەڵکو لەسەر زەمینی واقیعی ئەم کوردستانە بوونیان هەبووە و هەیە. لێرەشەوە نووسەر سوودی لە ئەتمۆسفیری ژیانی کۆمەڵایەتی و باوەڕە تایبەتەکانی خەڵکی ئەو دەڤەرە ببینێت.. لە سیاقی خوێندنەوەی رۆمانەکە ڕووبەڕووی هەندێ باوەر دەبینەوە کەلەڕاستیدا بەشیکن لە ئەفسانە(Supersitition). ئەم باوەڕە ئەفسانانە بە قووڵی لەنێو زەین و بیرکردنەوەی خەڵکیدا جێگای خۆیان کردۆتەوە.
هاوارم کرد: کوڕە نەکەی...نابێت ماری عاشقە و باشقە بکوژرێن.
یان دەڵێ :
مام وەسمان هەندێک ئایەتی بەسەرمدا خوێند، ئینجا پێیگوتم : دەمت بکەرەوە. دەمم بۆ کردوەو دوو سێ تفی هەڵدایە ناو دەمم. پێمخۆش بوو وامدەزانی متفەڕکە.
یان دەڵێ :
لە دەرگەی حەوشەکەوە تا بەردەم ژوورەکە چەندین جووت پێڵاو ڕیز کرابوون، جووتە پێلاوەکەم لە دوورەوە دیاربوو کە بەسەر یەکدا کەوتبوون. جاران دەیانگوت ئەمە مانای ئەوەیە گەشتیکم لەبەردەمدایە. یەک دوو جووتە نەعلیش ڕوو لە ئاسمان بوون کە دایکم دەیگوت ئەمە واتە ئم لە خوا دەکات و دەبیت زوو چاکی بکەیت (١١).
ڕۆچوونە نێو ئەو وردکارییانە و پەنابردن بۆ ئەفسانە و باوەڕە پووچەکانی ناو کۆمەڵگا و تەوزیف کردنیان لەپێناو وێنا کردن و ڕوون نیشاندانی ژیانی مرۆڤەکان نەک هەر باری قورس نییە بەسەر دەقەوە، بەڵکو هۆکارێکی جوانکردنی دەق و دەوڵەمەند کردنییەتی. من پێموایە توانایی نووسەر لەهەر دەقێکی ئەدەبی گێڕانەوە بریتی نییە لە گێڕانەوە و بەس، بەڵکو گرنگ هونەری گێڕانەوەکەیە لەئاستێک کە لە شوێنی پێشبینی خوێنەری وریادا بێت. جەلال قادر لێرەدا جوان ئامانجەکەی پێکاوە و لەڕێگەی ئەم بەکاربردنەی ئەفسانە ڕۆمانی فەرهودی دڵگیرتر کردووە.

یاداشت وەک جۆرێک لە تەکنیک و هونەری گێڕانەوە
یاداشت نووسینەوەی ئەو حیکایەت و ڕووداوانەیە کە بەسەر کەسێک یان گروپێکدا دێن و یەکێک بەپێی زنجیرە و کات و ڕووداوەکان یاداشتیان دەکات. یاداشت زیاتر واقیعییە و گوزارشتە لە حەقیقەتی ساتە گوزەشتەکان، لەکاتێکدا لە کاری ئەدەبی وەکو ڕۆمان ئەو گوزارشتکردنە زیاتر بەلای خەیاڵدا شکاوەتەوە. بۆ نووسینەوەی یاداشت ( کات و شوێن و کەسێکی یاداشتکەر) پێویستن، لەکاتێکدا لەکاری ئەدەبی ڕەگەزەکان زۆر لەوە زیاترن کە لە شوێنکات و یاداشتکەرێک کورت بکرێنەوە. لە هونەری ڕۆماندا یاداشت ناتوانێ تێکەڵ بە سەرجەم جومگەکانی بێت. یاداشتەکانی نووسەر کە دواتر لەڕێگەی هونەری نووسینەوە دەبینین بۆتە ئەم ڕۆمانەی کە ئێمە قسەی لەسەر دەکەین. جەلال قادری ڕۆماننووس هاتووە یاداشت و دەفتەری یاداشتەکەی وەکو تەکنیکێک بەکار هێناوە تا بتوانێ مەبەستەکەی بەپێی پێویست بدات بە دەستەوە. واتە هونەری گێڕانەوە لەم ڕۆمانە لە کەسی یەکەمی تاکەوە (فەرهود)باز دەدات یان دەگۆڕێ بۆکەسێکی تری یەکەمی تاک(تریفە) و دواتر لەدووتوێی دەفتەری یاداشتەدا خۆیان نمایش دەکەن. ئەم تەکنیکە گەرچی تازە نییە و گەلێ ڕۆمانووسی تر بەر لە کاک جەلال پەنایان بۆ بردووە، بەڵام ڕەنگە لەم کارە ئەدەبییەدا خەوشێکی گەورە نەبێت. حیکایەتخوان (Narrator) کەسی یەکەمی تاکە و هەر لەسەرەتای ڕۆمانەکەوە تا دوا لاپەڕە ڕووداو بەسەرهاتەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە. حیکایەتخوان لەم ڕۆمانەدا هیچ سەپۆرتێکی نییە و نووسەر لە چنینی ڕووداوەکان و لە کۆتایی ڕۆمانەکە دوای ئەوەی کارەکتەری سەرەکی بەر گوللەی ڕەبیەکانی سەر کەلەکانی پشت شاری کەرکووک دەکەوێت، جێگۆڕکییەک پێک دێنی و کەسێکی تر (تریفە) وەک درێژەپێدەری ڕێبازی فەرهود و تەواوکەری دەفتەری یاداشتەکە دەهێنێتە پێشەوە. کارەکتەری سەرەکی کە بە کۆمەڵێ کارەکتەری لاوەکی دەورە دراوە وەک ( ڕەزوان ، تریفە، جەمۆ، ئیدریس، دایکی فەرهود، مام نامیق، تاد) هیچ کاریگەرییەکیان بەسەر ڕووداوەکانەوە نییە، بەڵکو بەپێچەوانەوە ڕووداوەکان شکڵ و شێوە و باوەڕی کارەکتەرەکان دیاریدەکەن. واتە ئەو پەیوەندییە دیالەکتیکەی دەبێ لە نێوان کارەکتەر و ڕووداودا هەبێ تا ڕادەیەک ونە یان ڕۆشن نییە. بۆیە کارەکتەری دژە پاڵەوان(Antagonist) کە لە ڕۆمانەکەدا تەنها سێبەرەکەی و کاریگەرییەکانی دەبینرێن،حیزبی بەعس و حکومەتی عێراقە، ڕۆڵیکی سەرەکی هەیە لە دیاریکردنی چوارچێوەی ژیان و بیرکردنەوەی مرۆڤەکان. ئەم دژەپاڵەوانە گەرچی کارەکتەرێکی ناسراوە، بەڵام نادیارە و جووڵەکانی زۆر تایبەت و دیاریکراون و تەنها لە چەند دیمەنێکدا دەردەکەون وەک هێرشی کۆپتەرەکان و ڕوخانی دێیەکان و کوشتنی فەرهود. بۆیە ململانێی نێوان پاڵەوان و دژەپاڵەوان ململانێیەکی ناسراو و بینراوە و ئەمەش لەڕاستیدا کورتکردنەوە و چڕکردنەوەی ململانێی نێوان خەڵک و حیزبی بەعس بوو بەدرێژایی زیاتر لە چارەکە سەدەیەک، واتا ململانێی فەرهود و بەعس خاڵی سەرەتا و دەستپێکی بەرگری و خەبات و شۆڕش بوو لەپێناو شوناسی مرۆیی و میللی کورد. خاڵیکی تر کە جێگای وردبوونەوەیە و بە بڕوای من تا ئەندازەیەک ئیجتهادی تیا بەخەرج دراوە بریتییە لە پێدانی جێگای کارەکتەری سەرەکی بە ئاژەڵ. ڕەزوان کە ناوی ئەو تاژییەیە کە پاڵەوانی ڕۆمانەکە وەک دیاری دەیدرێتی و دواتر ڕەزوان ڕۆڵێکی گرنگ و جوان دەگێڕێ لە ماجەرای ڕۆمانەکە. ڕەزوان زۆر کەم لە ژێر کۆنتڕۆڵی فەرهود دایە بەحوکمی ئاژەڵ بوونی، بەڵام توانراوە لە ڕێگای چنین و نەخشاندنی ڕستە و وێنە و جووڵە ویستراو و نەویستراوەکانی ڕەزوانەوە ڕۆڵەکەی بەرجەستەتر بێتەوە.
ڕەزوان نووزایەوە و لووراندی. منیش کە هەستم کرد لە قسەکانم تێدەگات لەباوەشم گرت و سێ چوار جارلە زەوییەکە لەگەڵی گەوزام. چونکە دەمزانی کە ئەو یارییەی پێخۆشە(١٢).
پەیوەندی ڕەزوان وفەرهود زۆر لە ئاستی پەیوەندی نێوان تاژییەک و خاوەنەکەی واوەترە و ڕەزوان زیاتر وەک ئەندامێکی خێزانەکەی فەرهود حیسابی بۆ دەکرێت. ئەم هەست و خۆشەویستییەی فەرهود بۆ ڕەزوان، پێموانییە لە پاشخانی لادێی و پەیوەندی ئاژەڵ و مرۆڤی ڕۆژهەڵاتەوە سەرچاوەی گرتبێ، چونکە لە دیدی ڕۆژهەڵاتییەوە ئاژەڵ تاژی یان سەک یان پشیلە ئاژەڵگەلێکی پیس و بێبایەخ و بێنازن. بەڵام ئەوەی لەڕۆمانی فەرهوددا بەرجەستە بۆتەوە هەستێکە لە خۆرئاواوە ئیلهامی وەرگرتووە و نووسەریش بەحوکمی ئەوەی زیاتر لە بیست ساڵ لە وڵاتی کەنەدا ژیاوە، توانیویەتی سوود لەو هەستە پڕ ڕێزەی خۆرئاوا وەربگرێت کە بەرامبەر بە ئاژەڵ هەیانە.


زمان لە ڕۆمانی فەرهوددا
مەسەلەکانی زمان و ئامرازی دەربڕین و هەڵبژاردنی وشە و تەنانەت خاڵبەندیش مەسائیلگەلێکی جەوهەریین لە بنیادنانی ساختمانی دەق. لە نووسینی هەر دەقێکی ئەدەبی دەبێت زمانی هونەری تیایدا باڵا بێت، دەبێت نووسەر توانا زمانەوانییەکانی خۆی بخاتە گەڕ تا دەقێکی جوان و سەرکەوتوو بخوڵقێنێ. لەگەڵ ئەوەی نووسەر هەوڵی داوە ڕۆمانەکەی لەڕووی زمانەوە جوان بێ و کەمترین کەموکوڕی تیا بێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ڕۆمانی فەرهود بەدەست لاوازی زمان دەتلێتەوە.
زمانی بەکارهاتوو لە ڕۆمانی فەرهود زمانێکە پایەکانی خۆی لەسەر قسەی ڕۆژانە بنیاد ناوە. واتە زمانی ڕۆمانەکە زمانی خەڵکی هەژار و نەخوێندەوار و چینی ستەمدیدەی کوردستانە و ئەمەش ئەو چانسەی پێدەبەخشێ کە بە دەڵی خەڵكی ڕەنجدەر بێت و لە ویژدان و دڵیاندا بۆ ماوەیەکی زۆر بمێنێتەوە. بەڵام ئەوەی دەمەوێ لێرە ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە کە نووسەر هەوڵی نەداوە پەنا بۆ وشەی مۆسیقادار و سەرنجڕاکیش و پڕ لە هارمۆنی ببات. واتە نووسەر دەیتوانی تۆزێک زیاتر خۆی ماندوو بکات و ئەم ڕەگەزە گرنگەی ڕۆمان جوانتر و پتەوتر و سفتتر نیشان بدات. بەکاربردنی زمانی ڕۆژانە نە خەوشە و نە ڕەتکراوەیە، بەڵام خۆبەستنەوە بە زمانی لۆکال و تەسلیمبوونی نووسەر بە زمانی کارەکتەر هەندێجار دەبێتە هۆی لاوازی زمان. لاوازییەکەش لە کێشەی نووسیندا خۆی نمایش دەکات.
دایکیشم ماندوو و شەکەت هەنگاوەکانی بە ئارامی هەڵدەبڕی نەوەکا من لە زگیا ئازارم بێت.
جۆگە و گۆمەکان و زیخ و چەوەکان خوێنیان تیا زاییبوو.
هەر کات گەشگە بمیگرتایە تا ماوەیەک بەهۆش ناهاتمەوە.
ئەو ڕۆژانە منداڵی چەتوون بووین و لەهیچ ناترساین.
لەبەر ئەوەی منداڵیکی هەژاربووم و پانتۆڵ و کراسی پینەدار و دڕاوم لە پێدابوو.
چونکە ئێمە سەوزە و خاس و شتی خەراپمان نابردە شارەوە (١٣)
لەم نموونانەی سەرەوە کەلە ڕۆمانەکەوە وەرم گرتوون، ئەو وشانەی من هێڵم بەژێریاندا کێشاوە،کۆمەڵی وشەن کە دەتوانرێ بە دروستی بنووسرێن. لە نموونەی یەکەم وشەی هەڵبڕین بۆ هەنگاو نادروستە، بەڵکو زیاتر بۆ سەر یان دەست دەشێ وەک سەر هەڵدەبڕی یان دەستی هەڵبڕی. ڕیکتر بوو بینووسیایە :هەنگاوەکانی بە ئارامی دەنا". نموونەی دووەم وشەی زاییبوو بە بۆچوونی من لێرەدا بەهەڵە بکار هێنراوە. لەبری زاییبوو باشتر بوو مەیبوو بەکار ببرایە.لە نموونەی سێیەم ناهاتمەوە دروستتر بوو بنووسرایە نەئەهاتمەوە. و لەنموونەی چوارەم وشەی ناترساین دەبوایە بنووسرایە نەئەترساین. نموونەی پێنجەم وشەی لەپێدابوو هەڵەیە و دروستتر بوو بنوسرایە لەبەردابوو. پێڵاو لەپێ دەکرێ و جلوبەرگ لەبەر دەکرێ. لەنموونەی شەشەمیش وشەی نابردە باشتر بوو بنووسرایە نەئەبردە.
کێشەی ڕێنووسیش لەم ڕۆمانە وەک هەر کتێبێکی کوردی تر بە ڕوونی دیارە. هەرچەندە هەمیشە ئۆباڵی کێشەی ڕێنووسمان خستۆتە مل نەبوونی زمانی ستانداردی کوردیی، بەڵام نووسەر خۆی لانی کەم دەتوانێ ئیش لەسەر ڕێنووسەکەی بکات و بایەخ بە ڕێزمان بدات.
لەبیرمە ماشێنی مێشکوژەکە دەهات و ئەو ناوەی پڕ دەکرد لە دووکەڵ، من و جەمۆ بەدوای دوکەڵەکەوە راماندەکرد و خۆمان تیا وندەکرد.
گوتم : جەمۆ باسی زیندانەکەم بۆ بکە..نان خواردنتان چۆن بوو؟
وتم : شتی وەکو چی؟
پێمگووت بلە گیان ناتوانم برادەریت بکەم (١٤).
ئەم نموونانەی سەرەوە دووکەڵ کە دوو واو نووسراوە و دووکەڵی دووەم هەر لە هەمان ڕستە بە یەک واو نووسراوە، یان گوتم و وتم هەردووکیان دروستن و هەڵە نین، بەڵام پێمگووت بە دوو واو هەڵەیە و بەداخەوە زۆریش بەکار دەهێنرێ..
ئەگەرچی ئەم نموونانەی سەرەوە کەم تا زۆر کاریگەرییان هەیە بەسەر ڕەونەق و جوانی دەقەکە، بەڵام خاڵی یەکلاکەرەوە و بنەڕەتی نین لە ڕەتکردنەوە یان قەبوڵکردنی دەق.

چەمکی شوێن لە پانتایی یادەوەری حیکایەتخواندا
حیکاتەخوان لە ڕۆمانی فەرهوددا لە پەنجەرەی یادەوەرییەوە هەناسە دەدات. ئینتمای یادەوەری حیکایەتخوان ئینتمایە بۆ شوێنی ژیانی حیکایەتخوان-نووسەر کە شاری کەرکووک و دەوروبەریەتی. نووسەر پێناچێت خۆبەخۆ (عفوي) ئەو کارەی کردبێت، بەڵکو ئاگایانە ئیشی لەسەر ئەو چەمک و ئینتمایە کردووە. ئالیەتی گێڕانەوە لای جەلال قادر کۆپیکردنی ئەو یاداشتانەیە کە لە دەفتەری یاداشتنامەکە تۆمارکراون.. بۆیە فەزای گشتی ڕۆمانەکە فەزای ئەو ڕووداوانەیە کە لە دەفتەرەکەدا بوونیان هەیە، ئەویش فەزای ترس و نائومێدییە کە باڵی بەسەر ژیانی کارەکتەرەکاندا کێشاوە. جەلال قادر هاوکێشەیەکی لەنێوان شوێن وەک پانتایی یادەوەری و لەگەڵ کاتدا دروست کردووە.(کات لێرە تەنها ئاماژەیە بۆ سەردەمی ڕووداوەکان). لە سیاقی ڕۆمانەکەدا دەبینین لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا فەزای ترس و نائومێدیش تۆختر دەردەکەون و ڕەنگێکی ڕەش دەردرێ بەسەر شوێندا. بە بۆچوونی من شوێن لە ڕۆمانی فەرهوددا لە دوو ئاستدا دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم کراوە. ئاستی یەکەم شوێن وەک پانتایی یادەوەر . ئاستی دووەم شوێن وەک پانتایی کردار. لەئاستی یەکەمدا کە شوێن وەک پانتایی یادەوەری تەوزیف کراوە نووسەر هەوڵی داوە چ بەگەڕانەوە بۆ ڕابردوو یان لە ڕێگەی گێڕانەوە خوێنەر بباتەوە ئەو شوێنەی کە مەبەستییەتی.
' ئەوساڵەی ناو بازاڕی ڕەحیم ئاوا قیڕ دەکرا، من و جەمۆ بووین بە برادەر. لەبیرمە ماشێنی مێشکوژەکە دەهات و ئەو ناوەی پڕ دەکرد لە دووکەڵ، من و جەمۆ بەدوای دوکەڵەکەوە ڕاماندەکرد و خۆمان تیا وندەکرد.
یان دەڵێ :
' من و جەمۆ هەراشبووین، دەچووین بۆ ئەو دەشتە و بە دوای هێلانە دەگەڕاین'.
یان دەڵێ :
"ڕۆژێکیان لە برادەرەکانم دەگەڕام و نەیانمدۆزییەوە. ئەو دەشتەم هەمووی پشکنی،لەپڕ مارمیلۆکەیەکم بەسەر شاخێکەوە بینی، کردمە نیشان و بەردبارانم کرد. (١٥)
ئەم شێوازی گێڕانەوەیە سادە و بێگرییە هەوڵدانە بۆ گێڕانەوەی خوێنەر بۆ ناو ئەو شوێنەی کەلەناو یادەوەریدا بوونی هەیە. ئەم جۆرە گێرانەوەیە لەڕۆمانی فەرهوددا زۆرجار دەکەوێتە بەرچاو و هەندێجاریش خوێنەر وا هەست دەکات لەگەڵ ئاستێکی تەکنیکی سادە و لاواز ڕووبەڕوو بۆتەوە، بەڵام من پێموایە هونەری گێرانەوەی خوێنەر بۆ شوێن لە ڕابردوودا و لە نەستدا ڕووداوەکانی لە ئامێز گرتووە ئەو سەربەستییە بە نووسەر دەدات کە لە زاری مرۆڤە خاکییەکانەوە ئەو ئامانجەی بپێکێ.چونکە یادەوەری لە هونەری ئەدەبی گێڕانەوە(ڕۆمان یان چیرۆک) باڵا دەستە و هەرکەسێکیش توانای گێڕانەوەی یادەوەری هەبێت، وەکو ڕۆماننووس وایە. وەک چارڵس فرینیهووی نوووسەر و سایکۆلۆجیست دەڵێ " من نەهاتووم تا پێت بڵێم خوێندنەوەی ڕۆمان دەبێتە هۆی فراوانبوونەوەی مێشکت چونکە ئێمە پێشوەخت دەزانین کە ڕۆمان جیهان وەک شوێنێکی گەورەتر و ڕەنگینتر نیشان دەدات ....بەڵکو لەبری ئەوە هانت دەدەم ببینی کە ڕۆماننووسێکی شارەزا چۆن لە ڕۆمانێکی یادەوەرئامێزدا ئەوەمان پێدەڵێ کە چۆن یادەوەری لەناو هەریەک لەئێمەدا ئیش دەکات."(١٦) یادەوەرییەکانیش لەدەرەوەی شوێن نین و شوێنیش بەشێکی گرنگی یادەوەرییەکانمانن. جەلال قادریش ڕێک هەروای کردووە و هاتووە شوێن وەکو بەشێک لەبەهای ڕووداوەکان نیشان دەدات و دواتریش شوێن دەبێتە هەڵگری سەرجەم توخمە سەرەکییەکانی ژیان.
نەخێر، بەس گوتی هەتا پێتاندەکرێت زوو بگەڕێنەوە شار.
فەرهود، دوای ئەوەی من دەگەیەنیتە ناو شار خۆت چیدەکەیت؟
دەگەڕێمەوە ناو ئەم چەمە و لەم کونە دەژیم.(١٧) ل٢٥٢
لەم جۆرەیان شوێن وەک پانتایی کردار کەلە ئێستا و داهاتوودا خۆی دەبینێتەوە، نیشان دراوە. لەڕۆمانی فەرهوددا شوێن لە ڕابردوو جێگایەکە مرۆڤەکان بۆ لای خۆی پەلکێش دەکات و ئاوێزانبوونێک لەنێوانیاندا دێتە کایەوە. بەڵام لە ئێستا یان داهاتوودا شوێن مرۆڤەکان لە خۆی دادەتەکێنی و لەخۆی دوور دەخاتەوە. لەهەردوو پەرچەکردارەکەدا دەبینین پرۆسەی (شوێن – کردار) جێگا بە (شوێن – یادەوەری) لێژ دەکات. بۆیە شوێن لەڕۆمانەکەدا دەبێتە چەقی ململانێی نێوان بوون و مەرگ و شوێنیش سنوور و شوناسەکانی خۆی لە دەست دەدات و دەبێتە یەک شوێن سیخناخ بە بیم و ترس. ئیتر هەناسە و شوێن، دیمەن و شوێن، و تەنانەت مرۆڤ و شوێن دەبن بە یەک شت ئەویش مەرگە.

ئەنجام
ڕۆمانی فەرهودی کاک جەلال قادری چیرۆکنووس و ڕۆماننووس وەک ڕۆمانێکی سیاسی – کۆمەڵایەتی، ڕۆمانێکی ڕیالیستیی کۆمەڵایەتییە و هەڵگری کۆمەڵێ ئاماژەی مێژوویی – کلتوورییە. هەوڵێکی جوان و هەڵقوڵاوی واقیعی دەڤەرێکە کە بەدرێژایی چەندین دەیەی ڕابردوو بۆتە قوربانیی بێئەوپەڕی سیاسەتە دژی مرۆییەکانی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق. فەرهود (دەقێکە)کارێکە نووسەرێک نووسیویەتی کە خۆی و نەوەیەک لە مرۆڤەکانی ئەو دەڤەرەی پێكرا کردۆتە پاڵەوانی سەرەکی کارێکی ئەدەبی لە مێژوویەکدا، کە تا ئێستاش هیج ئاماژەیەک یان هیوایەک لە گۆڕی دایە نییە بۆ گۆڕان و بەرەو باشتربوونی ژیانی مرۆڤەکانی ئەو دەڤەرەی کە پێی دەوترێت کەرکووک. لە ڕۆمانی فەرهوددا مێژوو تیایدا لەئاستی پێویست تەوزیف کراوە و شێوازی تەکنیکی ڕۆمانەکەش پشتی بە یاداشت بەستووە، هەرچەندە ڕۆمانەکە ڕۆمانێکی مێژوویی نییە، بەڵام مێژووی مرۆڤەکانی ئەو دەڤەرە لە ڕۆمانەکەدا نیشان دراوە. لە ڕۆمانی فەرهود شوێن ئاماژەیەکی گرنگی ڕووداوەکانە و تەنانەت دەبێتە چەقی ململانێکان و کات ئەو بایەخەی کە هەیەتی، نایمێنێت و جۆری تەوزیفکردنی شوێنیش بە دوو جۆر بووە. ڕۆمانەکە هەر لە ئەفسانەوە تا نەریت و ریتواڵە کۆمەڵایەتییەکان وەک چۆن هەن لەناو ژیانی کۆمەڵایەتیدا، بە زمانێک وێنا دەکات کە زمانی گەورەو بچووکی خەڵکی ئەو دەڤەرەیە. دواجار خوێندنەوەی ڕۆمانی فەرهود ئەو ئومێدەمان لا دروست دەکات کە کاک جەلال قادر بەو سەلیقەیەی کە لە نووسینی چیرۆک و ڕۆماندا هەیەتی، چاومان بە بەرهەمی بەپێزتر و جوانتر ڕوون بکاتەوە.
 

 

--------------------------------
سەرچاوە و پەراوێز :
١- لێرەدا جێی خۆیەتی چیرۆکی لە دایکبوون و ناونانی خۆم باس بکەم کە پەیوەندییەکی زۆری بەم باسەوە هەیە. : لەکارەساتی ئەوەی بە (حەرەس قەومی) ناسراوە، لە ئەنجامی ترس و لەپێناو قوتاربوون، خێزانەکەمان لەگەڵ سەدان و هەزاران خێزانی تری شاری کەرکووک بەرەو ناو شوان هەڵدێن. لەو ئان و ساتەدا کە دایکم لەسەروەختی منداڵبوونی دەبێ من لەئاوارەیی لەو دەشت و دەرەی کەرکووک و بەتایبەتیش لەنزیک گوندی ساتی لەڕۆژهەڵاتی شاری کەرکووک لەدایکبووم و ناونرام (شاخەوان) وەک هێمایەک بۆ لەدایکبوونم لەو ناو شاخ و داخە. دواتر هەر لە گوندی ساتی مەلای مزگەوتی ئەو کات داوا لەباوکم دەکات کە مادام کوڕە گەورەکەی ناوی (عەلی)یە، ناوی ئەم کۆرپەلەیە بگۆڕێ بۆ (عەبدوڵا) بۆ ئەوەی لەداهاتوودا کوڕێکی باش و گوێڕایەڵی لێدەربچێت. باوکشم دڵی مەلاکە ڕادەگرێت و قسەی ناشکێنێت و شاخەوان دەگۆڕی بە عەبدوڵا و ئیتر لەو ساتەوە قەدەری ئەو منداڵە(من) بە عەبدوڵاوە دەست پێدەکات.
٢- جەلال قادر ڕۆمانی فەرهود لەبڵاوکراوەکانی یەکێتی نووسەرانی کورد لقی کەرکوک ژمارە ٢٣٠ ساڵی ٢٠١٣ لاپەڕەکانی ٥ و ٦ و ٧.
٣- بۆ زانیاری زایاتر لەسەر ژیان و کارەکانی جەلال قادر هیچ شتێک لەو نامە بەپێزتر و بەسوودتر نییە کە خۆی لە کاتی ئامادەکردنی ئەم نووسینەمدا و لەسەر داوای خۆم بۆی نارد و منیش لێرەدا پوختەیەکی دەخەمە بەر دیدەی خوێنەر.
" من لە کاتێک مام جەلال لە قاهیرە دەبێت، مێردی پوورم جەلالی دەبێت، ناوم دەنێت جەلال، منداڵیم لە ڕەحیم ئاوا بوو، لە بیرمە خۆم بە پیکابە شووتییەکان دەگرت بۆ ئەوەی بۆ دوکاندارەکانی داگرین. خوێندنی سەرەتاییم لە ئاسۆسی تێکەڵاو تەواوکرد. پاشان چوومە دواناوەندی زێوەری کوڕان. کاتێ فامم کرد. وەک لاوە ڕۆشنبیرەکان دەستمکرد بەخوێندنەوەی شییعر و چیرۆک. لە ئامادەیی من عاشقی شانۆ بووم. چەند شانۆگەرییەکم پێشکەش کرد لە دواناوەندی زێوەری کوڕان و ئامادەیی کوردستان(عەبدولمەلیک بن مەروان). لە خۆپیشاندانەکەی کەرکووک دەورێکی سەرەکیم هەبوو لە کۆکردنەوەی هاوڕێیان دژ بە بەعس. لە شەشی ئەدەبی ئاواتم بوو بچمە هونەرەجوانەکانی بەغدا، بەڵام سەدام حوسێن قەراری دەرکرد کە کۆی نمرەکان لە حەفتاویەک کەمتر بۆ سەربازی بوو. من حەفتاویەک و نیوم هەبوو، لە هیچ کوێ وەرنەگیرام پاشان خرامە معهد مامۆستایانی موسڵ. چەند ڕۆژێک چووم بۆ موسڵ، داوای وەرەقەی بەعسیەتیان لێکردم. منیش لە ژیانم بە بەعس ڕشانەوەم دەهات. لە گوندی حەسار تیپی شانۆم دامەزراند، لەگەڵ لالۆ ڕەنجدەر لە گوندەکانی کەڵهوڕ و تۆمار و گۆپتەپە شانۆگەریم پێشکەش دەکرد، لە ساڵێ ١٩٨٥ بووم بە پێشمەرگە. لە کۆتایی ٨٧ چووم بۆ ئێران، ماوەیەک لە ئۆردووگابووم. باشبوو کەوتمەوە ناو دونیای هونەرو ئەدەبیات، زوو خۆم فێری زمانی فارسی کرد بە چیرۆکەکانی ( سەمەدی بەهرەنگی)..لەگەڵ هونەرمەندان ( خەلیل کاکەیی وگارا...) لە یەک قاعە بووین...لەوێ دوو کورتە چیرۆکم نارد گۆڤاری سروە، کە مامۆستا هێمن دایمەزراندبوو، بۆم چاپکرا. لە ساڵی ١٩٨٨ چوومە سووریا، لەوێ تێکەڵ بە کۆمەڵێ ئەدەب دۆستی بووم. لەوانە فاروق رەفیق موجود سامان... ماوەیەکش لەگەڵ ( ئارام کاکەی فەلاح) شەڕە چیرۆکنووسیمان بوو، ئەو کوڕێکی باریکەلەو موئەدەب بوو. لە ساڵی ١٩٩٠ لە تورکیا بووم. ساڵی ١٩٩١ هاتمە کەنەدا. لەو ساڵانەی لە شاری ئۆتاوا بووم . بنکەی ڕۆشنبیرمان دانا، گۆڤاری ڕۆژی نوێ ، چەند دانەیەکمان بە چاپ گەیاند..بەلام هیچ کات سەرکەوتوو نەبووین. لە ساڵی ١٩٩٤ نۆڤێلتێکم بە چاپ گەیاند لە هەولێر..بەناوی ( تاوانێکی نەبیستراو)...کە هونەرمەند ( محمەد ساڵەیی) بەرگی بۆ کێشابوو، لە لایەن دەزگای ڕۆژنامەی کوردستانی نوێەوە بە چاپ گەیانرا...بەلام شەری برا کوژی هەموو شتی لەگەڵ خۆی سووتاند. لە ساڵی ١٩٩٨ لە هامڵتن کۆلیژی فۆتۆگرافیم خوێند، بەلام ڕاستی بەشەکەی من ڕیکلام بوو، واتە
Journalism-Advertisement, Mohawk College, Hamilton
لەبەرئەوەی بەشەکان تێکەڵ بوون لەگەڵ رادیۆ و تیڤی، من خووم گرتە فیلم و عشقی سینەما بووم.لە دوای ڕووخانی سەدام گەرم و پەرۆش و سۆزی نیشتیمان بەمنداڵەوە گەڕامەوە کوردستان، ماوەیەک لە کەرکووک بووم دوایی منداڵەکانم لە خوێندنی هەولێر دانا و، خۆم بە شەهادەکەم بووم بە مامۆستا لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی کەرکووک. سێ ساڵ مامۆستایەتیم کرد وانەی سیناریۆ و فۆتۆگرافم دەوتەوە. لەو ماوەیەی لە کوردستان بووم ، چەند کورتە فیلمێکم کرد، ئەکتەریم کرد...بۆ دواجار کە گەڕامەوە کەنەدا، بە یەکجاری خۆم دۆزییەوە کە دەبێت ئیشی من نووسین بێت لە بواری چیرۆک. چونکە تاقە هونەرێکە خۆم و دونیای خۆم، واتە ئیشەکە بە گروپ نییە...لەپاش تاقیکردنەوەکان بۆم ڕوونبووەوە کە ئەم دونیایەش لەوە قووڵترە کە من دەستم داوەتێ، بەڵام لەبەرئەوەی بێ حەد چێژی لێوەردەگرم، بوێرانە دەمەوێت بنووسم، بەڵام بەمەرجی ڕاستگۆیی. کاتێ وانەی سیناریۆم دەووتەوە لە هونەرە جوانەکان...بۆ منیش بوو بە وانەیەک . کە لە مەرجەکانی چیرۆک نووسین شارەزابم. خوێندنەوەی چیرۆکەکانی ( چیخۆف و عەزیز نەسین ) چێژێکی تایبەتم دەدەنێ ، هەوڵم داوە لە نێوان ئەم دوو کەسایەتییە ڕێچکەیەک بدۆزمەوە. کۆ چیرۆکێکیترم لە وەزارەتی ڕۆشنبیرییە بۆ لەچاپدان، ڕۆمانێکی ترم بەدەستەوەیە تەواوم کردووە، بەڵام هەموو ڕۆژ کە لە خەو هەڵدەستم دەستکاری دەکەم...لەسەر گەندەڵی و سیاسییە. لە ژیاندا ئومێد دەکەم جوانترین چیرۆکی دڵداری بنووسمەوە، بۆ ئەوەی هەتا هەتا بمێنێتەوە، هەروەک چیرۆکی جەمیلە و یەکەمین مامۆستا و خەڵکە هەژارەکەی داستافیسکی و زۆریتر.
٤- جەلال قادر ڕۆمانی فەرهود لەبڵاوکراوەکانی یەکێتی نووسەرانی کورد لقی کەرکوک ژمارە ٢٣٠ ساڵی ٢٠١٣ لاپەڕە ١٨٢.
٥- احمد بقار الروایة و التاریخ عند واسیني الاعرج الاستدعاء والدلالة موقع جامعة قاصدي مرباح ورقلة.
٦- دکتور سیار الجمیل اشکالیات فن الروایةالتاریخیة العربیة مجلة الروائي ١٦ حزیران ٢٠٠٨ موقع الدکتور سیار الجمیل.
٧- ویکیپیدیا الموسوعة الحرة حرکة ١٨ تشرین الثاني ١٩٦٣ حول احداث الحرس القومي.
٨- جەلال قادر ڕۆمانی فەرهود لەبڵاوکراوەکانی یەکێتی نووسەرانی کورد لقی کەرکوک ژمارە ٢٣٠ ساڵی ٢٠١٣ لاپەڕە لاپەڕە ٧.
٩- جەلال قادر ڕۆمانی فەرهود لەبڵاوکراوەکانی یەکێتی نووسەرانی کورد لقی کەرکوک ژمارە ٢٣٠ ساڵی ٢٠١٣ لاپەڕە لاپەڕە ٧.
١٠- Realism in American Literature 1860-1890
http://public.wsu.edu/~campbelld/amlit/realism.htm
١١- جەلال قادر ڕۆمانی فەرهود لەبڵاوکراوەکانی یەکێتی نووسەرانی کورد لقی کەرکوک ژمارە ٢٣٠ ساڵی ٢٠١٣. لاپەڕەکانی ٢٣ و ٤٣ و ٨٤.
١٢- جەلال قادر ڕۆمانی فەرهود لەبڵاوکراوەکانی یەکێتی نووسەرانی کورد لقی کەرکوک ژمارە ٢٣٠ ساڵی ٢٠١٣ لاپەڕە ١٣٩.
١٣- جەلال قادر ڕۆمانی فەرهود لەبڵاوکراوەکانی یەکێتی نووسەرانی کورد لقی کەرکوک ژمارە ٢٣٠ ساڵی ٢٠١٣ لاپەڕەکانی ٥ و ٦ و ١٥ و ١٧ و ٢٤ و ٧٧.
١٤- جەلال قادر ڕۆمانی فەرهود لەبڵاوکراوەکانی یەکێتی نووسەرانی کورد لقی کەرکوک ژمارە ٢٣٠ ساڵی ٢٠١٣ لاپەڕەکانی ١٤ و ٨٦ و ١٠٤.
١٥- جەلال قادر ڕۆمانی فەرهود لەبڵاوکراوەکانی یەکێتی نووسەرانی کورد لقی کەرکوک ژمارە ٢٣٠ ساڵی ٢٠١٣ لاپەڕە ١٤و ١٥ و ٢٢.
١٦- Charles Fernyhough What Novels Can Tell Us About Memory
بۆ زانیاری زیاتر بروانە وتارەکەی چارڵس
http://www.huffingtonpost.com/charles-fernyhough/psychologist-explains-the_b_4682651.html

١٧- جەلال قادر ڕۆمانی فەرهود لەبڵاوکراوەکانی یەکێتی نووسەرانی کورد لقی کەرکوک ژمارە ٢٣٠ ساڵی ٢٠١٣ لاپەڕە ٢٥٢




شوباتی 2014 کەنەدا
 

 

           

 

26/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com