خۆشمدەوێیت
 

  

نزار قەیانی
وەرگێرانی : نەبەز گۆران

 




قسەكانت، فەرشی ئێرانین
چاوەكانیشت، چۆلەكەكانی دیمەشقن،
لەم دیوارەوە دەفڕن، بۆ ئەو دیوار.
دڵم وەك كۆترێك مەیلی فرینیەتی، بۆ حەوزی دەستەكانت.
تا لە ژێر ئەو سێبەرەدا ماندوویەتی لە بیربكات.
من
خۆشمدەوێیت.
ئەترسم، بەڵام، هی تۆم.
ئەترسم، كە لەگەڵ تۆ ببین بەیەك.
ئەترسم كە لە تۆدا، ونبم.
ئەزموون پێم دەڵێت:
دوربم لە عەشقی ژنان و
شەپۆلی دەریاكان.
بەڵام، لەگەڵ عەشقا ناجەنگم، كاتێك عەشقی تۆ ڕۆژی من بێت.
لەگەڵ هەتاوی ڕۆژدا ناجەنگم
لەگەڵ عەشقا ناجەنگم
چونكە
هەر ڕۆژێك بیەوێت دێت و هەر ڕۆژێك بیەوێت دەڕوات.
نیشانت دەدا،
چ قسەیەك باشەو چۆن قسەبكەیت باشە.

***

لێگەڕێ‌ چایت بۆ تێكەم
ئەمڕۆ بەشێوەیەكی غەریب جوانیت.
دەنگت وێنەیەكی جوانە، بەكراسێكی مەغریبیەوە.
ملوانكەكەت، وەك منداڵێك یاری ئەكات، لەبەردەم ئاوێنەدا و
قومێ‌ ئاو، لە گوڵدانەكەی گەردنت ئەنۆشێت.
لێگەڕێ‌، چایت بۆ بێنم، راستی وتم خۆشمدەوێیت؟
وتم:
بەهاتنت چەند خۆشحاڵبووم؟
هاتنت شادی بەخشە، وەك هاتنی شیعر و
هاتنی بەلەمەكان و یادەوەرییە دورەكان.

***

لێگەڕێ‌
بۆت وەربگێرم
كە چۆن، كورسیەكان بەخێرهاتنت دەكەن!
لێگەڕێ‌ خەونی پیاڵەكان و
خەونی كەوچك و شەكرت بۆ لێكدەمەوە،
كە چۆن، بیر لە لێوەكانت دەكەنەوە!
لێگەڕێ‌
بە پیتی تازەی ئەلفبا
میوانداریت بكەم.
لێگەڕێ‌ كەمێك لە خۆم دوربكەومەوە و
لە نێوان، عەشق و بەربەریەتدا خۆم بدۆزمەوە!

***
- حەزت لە چایە؟
- تۆزێك شیرت بۆ بێنم؟
- هەر ئەوەندەبەسە، وەك هەمیشە، لێوانێك شیرینی؟
- بەڵام من، روخساری تۆم بێ‌ شیرینی دەوێت.

***
بۆ هەزارەمین جار دەڵێم:
خۆشمدەوێیت!
دەتەوێت،
چۆن باسیكەم؟ باسی چیبكەم؟
چۆن دەتوانم، خەمەكانم بپێوم؟
خەمەكانم
وەك منداڵێكن، هەموو رۆژێك، جوانتر و گەورەتردەبن!
لێگەڕێ‌
بەهەموو ئەو زمانانەی دەیانزانم و نایانزانم، بڵێم:
تۆم خۆشدەوێت!
لێگەڕێ‌
فەرهەنگەكان ژێرەو ژوربكەم
تا، وشەیەك بدۆزمەوە، هێندەی ئارەزوبمێت بۆ تۆ
وشەیەك، كە پانتایی سینەم داپۆشێت
بە ئاو
بە گیا
بە یاسەمین!
لێگەڕێ‌ بیرت لێبكەمەوە و دڵتەنگ بم بۆت.
لەبەرخاتری تۆ،
بگریم و پێبكەنم و
بۆشایی نێوان، وەهم و ڕاستی، تێبك بدەم.

***
لێگەڕێ‌
بە ئاوازی هەموو وشەكان،
بانگت كەم.
ئەگەر نەمتوانی بە ئاوازێك ناوت بێنم،
با لەزمانی منەوە بكەویتە خوار.
لێگەڕێ‌
دەوڵەتی عیشق بنیات بنێم
كە شازادەكەی تۆبیت و
منیش گەورەترین عاشقی بم!
لێگەڕێ‌ شۆڕشێك بەرپاكەم
چاوەكانت بكەمە فەرمانڕەوای خەڵك.
لێگەڕێ... بە خۆشەویستیت شارستانیەتێكی جیاواز دروست كەم.
تۆ شارستانیەتی
تۆ میراتێكی بۆ هەمیشە و
هەزاران ساڵ، لە دڵی زەویدا دەمێنیتەوە.

***

خۆشمدەوێیت
چۆنت دەوێت، تا بۆت بسەلمێنم بوونی تۆ لەم جیهانەدا
وەك بوونی ئاو
وەك بوونی درەخت
وەك گوڵە بەڕۆژە
وەك باخی خورما
هەمیشە ژیان دەبەخشێت.
لێگەڕێ‌ بە بێدەنگی پێت بڵێم:
كاتێك وشەكان توانای وتنیان نامێنێت و
قسە لە دەست دەڕوات،
شیعر بەشێوەیەكی سەخت دێتە دونیاوە.

***
لێگەڕێ‌
تۆ بخەمە نێوان خۆمەوە
نێوان چاوەكانم و برۆكانم.
لیگەڕێ‌
بە ئاماژە پێت بڵێم: ئەگەڕ بڕوات بە مانگ نیە
با بە هەورە تریشقە بڵێم
بە دڵۆپە بارانەكان بڵێم.
لێگەڕێ‌
داوەتەكەم، بۆ سەفەر
قبوڵبكە، با
چاوەكانت پیشانی دەریا بدەم!
بۆچی خۆشمدەوێیت؟
كەشتی ناو دەریاكان، نازان ئاو چۆن لە ژێریاندا گیرۆدەبووە.
بیر لە وەناكەنەوە لە چ كەنارێك تێكدەشكێن.
بۆچی خۆشمدەوێیت؟
گولە كە بەبناگوێدا تێدەپەڕێت،
داوای لێبوردن ناكات.

***
بۆچی خۆشمدەوێیت؟ لە من مەپرسە
هیچ رێگەیەكی تر شك نابەم، جگە لە تۆ.







 

           

 

02/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com