كورد و كورسی
 

  

نەبەز گۆران




باسی باشوور دەكەم، نەك پارچەكانی دیكەی كوردستان. لەم باشوورە ئەوە راست نیە دەڵێت: هەمووان داوای چاكسازی دەكەن. بەڵكو، ئەوە راستە، كە هەمووان داوای بەشی خۆیان دەكەن. چاكسازی شتێكە و داواكردنی بەش شتێكی دیكەیە. زۆر حیزب و مرۆڤ دەبینیت، هەمیشە قسە لەسەر ئەو تایپە دەكەن، كە كۆی بیركردنەوەی ئەوان لەسەر چاككردنی سیستەمی دەسەڵاتە. هەڵبەت لە تەنیشت ئەمەشدا هەمووان پێكەوە، باس لەوە دەكەن، كار بۆ چاككردنی ئەم سیستەمە دەكەن. لە دوای قسەكانیانەوە، پێكەوە كار بۆ دابەشكردنی پۆستەكان دەكەن، نەك چاكسازی!
با چیرۆكی هاوڵاتیەك بگێرمەوە كە چۆن لە چاكسازی دەروانی و ئەم چیرۆكە بەراورد بكەین، بە ئایدیای حیزبەكانەوە.
رۆژێك هاوڵاتیەكم بینی، زۆر نارازی بوو! راستی دڵخۆش بووم بەوەی كە بەشێك لە شتەكانی منی خوێندبوویەوە، كە نارەزایەتی خۆی دەرخست و لە گەڵی كەوتمە گفتوگۆ، تێگەیشتم خەمەكەی ئەو زۆر تاكە كەسیە، نەك خەمە گشتیەكە. یانی لەبەر ئەوە نارازیی بوو، بەشی ئەو كەمرتە لە بەشی فڵان و فیسار! تۆزێك نیگەران بووم، بەڵام تێگەیشتنەكەی ئەو هاوڵاتیە بۆ من لە هەموو ئەو تێگەیشتنانە دەچوو، كە لەناو حیزبی كوردیدا بوونی هەیە. هەمیشە ئەوانەی نارازین، بریتی نین لەوانەی خەمی كۆی سیستەمەكەیان هەبێت، زۆرێك لەوانە ئەوانەن كە داوای بەشی زیاتر دەكەن، ناشكرێت مرۆڤ لەبەر ئەوەی نارازی بێت، بەشی خۆی كەمتربێت لە بەشی ئەوی دی. كەچی ئەم دیدە دروست بووە، گەر بەشی خۆم كەمتربوو نارازیم، گەر بەشی خۆم وەرگرت بێدەنگم! ئەمەش كارەساتێكە كە ناتوانرێت بەم خەیاڵەوە بنەوانی كێشەكان چارەبكرێت.
هاورێكم بەردەوام پێم دەڵێت: مرۆڤی ئەم باشوورە زۆر سەرسامن بە بەرپرسەكانیان! ئەم قسەیەی زۆر راستە، چونكە بەشێكی زۆریان حەزدەكەن، ئۆتۆمبێلی زۆریان هەبێت، باخ و ڤێلایان هەبێت، خزمەتكاریشیان هەبێت و لەپشت مێزێكەوە دانیشن بریار دەربكەن. ئیدی هەرگیز كەسێكم نەبینی، بڵێت: راستی من ئەمەوێت ببمە (كەناس) هەمووان مەیلی پۆستی باڵا دەكەن! یان دەڵێن: بۆ ئەوە ئەوەی هەیە من نیمە! یانی سەرسامن بە بەرپرسەكان بۆیە حەزدەكەن وەك ئەوان بن. لەكاتێكدا خزمەتگوزارێك گرنگترە لە بەرپرسێكی خۆ نوێن، چ بۆ كۆمەڵگە، چ بۆ بەرێوەبردنی شوێنێك.
دەی با لەمە بگەرێین، ڤەلێ‌، دیدی ئەو هاوڵاتیە هەمان دیدی حیزبەكان بوو. حیزبەكان كاتێك نارازین بەشەكەیان كەمبێت، پەروەردەیەكیشیان خستووەتە ناو كۆمەڵگەوە، كە بەشێك لە مرۆڤەكان لەبەر ئەوە نارازین، وەك بەرپرسێك ناژین و وەك بەرپرسیك بەشی خۆیان نەدراوەتێ‌. ئیدی نارازی نین بۆ ئەوەی دەبێت ئەم سیستەمە چاكبكرێت. ئەگەر سیستەمەكە كە خراپترین و وێرانترین مۆدێلە، چاكبكرێت، بێگومان ئەو جیاوازییە گەورانە دروست نابن لە نێوان دەسەڵاتداران و هاوڵاتیاندا. ئیدی ئەو ئایدیایە كۆتایی دێت، هەموان هەوڵبدەن لەیەك بچن و وەك یەك بژین. ئەما سیستەمەكە بە جۆرێك دونیاكەی تەڵخكردووە، تەنانەت شێوەی نارەزاییەتیەكانیش گۆڕاون بۆ شێوەی تاكە كەسی و ئەم شیوەیەش لە قسەكردن لە سیستەمەكەدا خۆی دەنوێنین و لەنبەرەتیشدا هەوڵدانە بۆ وەرگرتنی شت.
ئەتوانین بڵێین: ئێستا وای لێهاتووە زۆربەی مرۆڤەكان مەیلی كورسی دەكەن. ئەمەش بەدبەختیەكەی زۆرە، ئاخر مامۆستای زانكۆی چ كاری بەوەیە پۆستی حكومی وەربگرێت؟ پیشەكەی خۆی گەورەترە یان پۆستێك؟ گەر بەنیازبێت خزمەت بكات، خزمەت لە زانكۆ باشتر دەكرێت، تا لە پۆستێكی حكومیدا. یان رۆژنامەنووسێك، یان پزیشكێك، یان ئەندازیارێك... هتدا. بۆچی پیشەكەی خۆیان بەرێوەنابەن و ئەم هەڵپەی كورسی دەسەڵاتە چ واتایەكی هەیە؟ ئەگەر ئەمە ئارەزوو نەبێت بۆ كورسی و خۆشویستنی كورسی نەبێت بۆ خۆنواندن و دەستكەوتی بچوكی ئابووری، بۆ ئەم جۆرە پیشانە پشت لە پیشەكەی خۆیاندەكەن و پەلاماری پۆست دەدەن؟
ئەمەم تەنها بۆ ئەوەبوو، بڵێم: هێشتا لەناو ئێمەدا سەرسام بوون بە پۆست و هەوڵدان بۆ دەستكەوتی بچوك لە پۆستێكدا، خەونی زۆر كەسە و بەناوی چاكسازی و بەناوی من لەوی تر باشترم و بەناوی ئاڵوگۆرەوە، بوەتە دەردێك لەم كۆمەڵگەیە. خاوەنانی ئەم دەردەش ئەو پەروەردە نادروستەیە كە دەسەڵات و حیزبی كوردی دروستیانكرد.



 

 

           

 

15/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com