تۆ وەکو چلەى زستان هاتیتە ژوورەکەم ..
پیاڵەکەى دەستم ،
بە چرکەیەک بوو بە سەهۆڵ ..
لەرز جومگەکانمى کردەوە و
ئارامیم لە پڕ بوو بە خۆڵ ..
چلورە بە ڕوخسارما هاتە خوارێ ..
من وەکو چلەى هاوین چوومە دەرێ ..
وەک بیابانێکى
ڕەنگ پەڕیوى
لێو بەبارى .... چۆڵ ..
من وەک بەهارێ هاتمە ژوورەکەت ..
ئەنجامەى دەلاقەکەت ،
بوو بە ڕەیحانە..
قولاپى خۆ کوشتن ، بوو بە جۆلانە ..
باڵکۆنەکان ،
پڕ بوون لە پەپولە و
بولبول و
باران ..
تۆ وەک پاییز هاتیتە ژوورەکەم ،
لاپەڕەکان لە پڕ دەستیان کرد بە گریان ..
بە نیگایەک مردنت لە خەو هەستان ..
بە گەڵاکانى ئینجانەکەمت ناسان ..
گەڵا زەرد بوو
گەڵا ڕەش بوو ..
ژوورەکەمت کرد بە زیندان
فرمێسک بە پەنجەرەکەما هاتە خوارێ ..
هەناسەکانم ،
یەک بە یەک سارد بوونەوە ..
خەونەکانم توانەوە بە جارێ ..
( من لە سولالەى فرمێسکم
بە پێکەنینم بڕوا مەکە .. هیستریایە ..
لە پەنا دیوارێکا خۆم مەڵاس داوە ..
هیچ متمانەم نەماوە بەم دنیایە )
|