دیاردە نەوزاد بەندى
( 100% ، 102%)

 

  

 
 


کاتى خۆى مامۆستایەکى زانکۆمان هەبوو بە ناوى دکتۆر زوهەیر ئەلشاروک ، وانەى کوێرە جۆگەکان ( ئیندۆکراینۆلۆجى ) پێ ئەوتینەوە ، ئەگەر تەواوى پرسیارەکانیشت وەڵام بدایەتەوە ، لە سەدا نەوەد و شەشى ئەدایتێ ، کابرا زۆر بەسام بوو ، هەم زانایەکى گەورە بوو ، یەکیک بوو لە دۆزەرەوەکانى هۆرمۆنەکانى گلاندى سایرۆید لە وڵاتى فەڕەنسا ، هەم پلەیەکى حیزبى گەورەى هەبوو لەو سەردەمانەدا و خاوەنى ویسامى ڕافیدەین بوو لە جۆرى مەدەنى ، لەبەرئەوە کەس نەیئەوێرا چەند و چوونى لەگەڵدا بکات ، بەڵام من ڕۆژێکیان چوومە بەردەمى ، ووتم : دکتۆر پرسیارەکانم هەموو وەڵام داوەتەوە ، بۆچى چوار نمرەت لێ شکاندووم ؟؟ ..
هەناسەیەکى هەڵکێشا و هەردوو لێوەکانى قەپات کرد ، جا ووتى : نمرەى تەواو بۆ ئەوەیە کە کتێبەکەى نوسیوە ،منیش کە مامۆستاى وانەم شایەنى نەوەت و هەشت لە سەدم ..بەڵام تۆ کە قوتابیت و هەموو وەڵامەکانت تەواون ، ئەبێ نەوەد و شەش لە سەد وەربگریت ....
بە ڕاستى ئەمڕۆ لە کوردستانى خۆماندا دیاردەیەکى سەیر و سەر سووڕهێن سەرى هەڵداوە ، دیاردەى نمرەى تەواو لە تەواوى وانەکاندا ، بە جۆرێک هاوڕێیەکم هەیە ئەڵێ : ئەگەر کوڕەکەم نمرەى تەواو نەهێنێ ، شەو تا بەیانى ئەگرى ..
ئینجا سەربارى ئەوەیش لە پۆلى دوانزەدا ، کە پۆلێکى چارەنوسسازە ، ئەبینى نمرەى لە سەدا سەد بە بەربڵاوى ئەهێنرێت و .. وەزارەتى پەروەردەیش 3 نمرە ئەدات بە هەر خوێندکارێ کە خولى یەکەم بەشدارى تەواوى تاقیکردنەوەکانى کردبێ و وانەى بۆ خولى دووەم نەهێشتبێتەوە ، ئیتر دیاردەى لە سەدا سەد و یەک و سەد و دوو لەگەڵ سەد و سێ لە سەد دێنە ئاراوە کە دیاردەیەکى نامۆیە و ..پرسیارێک سەر دەردێنێ ، ئایا ئەم هەموو عەبقەرى و زیرەکە بێ وێنەیە لەم دەڤەرەدا هەبن ، بۆچى ڕەوڕەوەى زانست ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو دواوە ئەڕوات و ..داهێنان لە ئاستى سفرەوە نزیک ئەبێتەوە ؟؟ .. یان دیاردەى ئاشکرا بوونى پرسیار و وەڵامەکان بۆ هەندێک قوتابى بوونى هەیە ( کە هیوادارم ئەم ئەگەرەیان نەبێ چونکە زەبرێکى کاریگەرە لە مرۆڤایەتى و زانست و هەموو بنەماکانى ترى کۆمەڵگا ) ..یاخود پرسیارەکان ئەوەندە دووبارە و ئاسان و تەقلیدین ، ئەتوانرێ بە هۆى لەبەر کردنى چەند داتایەک نمرەى تەواو بێنیت ..بە ڕاستى سووککردنى وانەکان و شیکردنەوەى بە جۆرێک ، نمرەى تەواو کارى کردە بێ ، سوود بە ڕەوڕەوەى زانست ناگەیەنێ ، بەڵکو هەیبەتى زانست و زانین کەم ئەکاتەوە ..
لە سەردەمی ئێمەدا ، لە ئامادەییەکى وەکو ئامادەیى هەڵکەوتدا کە باشترین مامۆستا و خوێندکارى تێدا بوو ، وا بزانم دوو نمرەى نەوەد و بەرەو ژوورى تێدا بوو یەکێکیان کاک محمد عارف بوو ، کە بە ویستى خۆى کۆلێجى ئەندازیاریى هەڵبژارد ، ئیتر ئەوانى تر هەر هەمووى لە خوار نمرەى نەوەدەوە بوون .. کوڕى سەرۆکى عێراق کە بە تاکڕەو و دیکتاتۆر ناسراو بوو ، زاتى ئەوەى نەکرد لە سەدا سەد بۆ خۆى حیساب بکات و .. نەوەد و نۆ لە سەدیان بۆ ئەژمار کرد ..
کەچى ئەمڕۆ لە سەرشەقام کوڕێکى لاواز و دیسکۆ ئەبینیت ، ئەڵێ : لە سەدا سەدم هێناوە و .. هێشتا کۆلێجى پزیشکى وەرینەگرتووم ، بەڵکو چوومەتە کۆلێژى پزیشکى ددان ..
وتم : ئەى کۆلێژى پزیشکى لە چەنددا وەستاوە ؟
وتى ، سەد و یەک و دوو و سێ لە سەد !!
واقم وڕما ..ئێمە تا ئەمڕۆیش ، دواى تێپەڕبوونى زیاتر لە 30 ساڵ ، نمرەکەى کاک ڕێبوارى هۆگر گۆرانمان لە ناخدا هەڵکۆڵراوە کە نەوەد و شەش لە سەدى هێنابوو ..وەکو سەرسوڕهێنەرێک وابوو کە واق وڕمانى بە دواوە بوو ، ئاخر بە هەقیقەت هێنانى ئەو نمرە بەرزە ، جۆرێک بوو لە مەحاڵ ..بە تایبەتى لە وانە ئەدەبیەکانى وەک کوردى و عەرەبى و ئینگلیزیدا ( هەرچەندە کابرا ووتەنى : ناشوکرى نەبێ لە سەردەمى ئێمەدا وانەى کوردى نەئەگەیشتە تاقیکردنەوەى کۆتایى و .. لە سەعى سەنەویدا وشک ئەبوو ! ) .
ئینجا خواستى بێ ئەندازەى کۆلێژى پزیشکى ، حاڵەتێکى هیستیرى لەناو کۆمەڵگادا دروست کردووە ، بە جۆرێک پزیشک بووە بەو سوپەر مانەى کە هەمووان خەونى پێوە ئەبینن کە لە ڕاستیدا وا نییە و .. پزیشکیى پیشەیەکى قورس و پڕ لە لێپرسراوێتى و تاقەت پڕوکێنە و .. تەنها ئەوانەى کە عەشقێکى زگماکییان هەیە بۆ پزیشکیى ، ئەتوانن سەرکەوتوو بن تیایدا ، ئەگینا ئەگۆڕێ بە جۆرێ لە فێڵ و فڕ و بازرگانییەکى ناشەرعى ، وەک ڕۆژانە ئەبینین و ئەبیستین فڵاَن پزیشک فڵان هەڵەى حاشا هەڵنەگرى کردووە و .. فیسار دکتۆر بازرگانییەکى سنوور شکێن بە گیرفانى نەخۆشەکانییەوە ئەکات ..هەتا دوایى ...ئەم حاڵەتى پێشبڕکێ تاقەت پڕوکێنە بۆ وەرگرتن لە کۆلێژى پزیشکى وەک حاڵەتێکى دەروونى لێ هاتووە و .. پێویستە خولى تایبەت بۆ خوێندکاران بکرێتەوە بۆ ڕەوینەوەى ئەو دۆخە نائاساییە و ..ڕوونکردنەوەى هەموو پیشەکان و داهاتووى پیشەکان بۆیان .. هەروەها هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەى ئەو ئیمتیازاتانەى کە پزیشکان هەیانە و پیشەکانى تر نییانە ( یاخود پێدانى ئیمتیازاتى پزیشک بە پیشەکانى تر ) و .. هەوڵدان بۆ جیاکردنەوەى پیشەى میریى و ئەهلی لە بوارى پزیشکیدا ، بە جۆرێک ئەوەى موچەخۆرى میرییە ، ئەبێ تەنها بۆ میریى ئیش بکات و .. ئەوەیشى پریڤەیتى ئەوێ ، نابێ لە فەرمانگە میرییەکاندا ئیش بکات ..
هەروەها کردنەوەى کۆلێژە پزیشکییە ئەهلییەکان و بە نرخێکى گونجاو ، بۆ ئەوەى هەمووان بتوانن ئەسپى خۆیان لەو بوارەدا تاقیبکەنەوە ، بە مەرجێک هەر کەسێ بەهرەى پزیشکی تێدا نەبێ ، بە شێوەیەکى ئاسایى نەهێڵرێ ئەو کولێژانە تەواو بکات و .. هەر قۆناغێ کە نەتوانێ دەربچێ ، دەرگاى بۆ بکرێتەوە و ماڵئاوایى لێ بکرێ..
دیسان پێویستە لە کۆلێژە پزیشکییە حکومیەکاندا دیاردەى دەرکردن هەبێ بۆ ئەو قوتابییانەى کە ناتوانن ببن بە پزیشک و .. پڕنسیپەکانى پزیشکییان تێدا نییە ..
من تاکو ئیستا نەمبینیوە پزیشکێک یان ئەندازیارێک لەو کولێژانەدا نوشوستییان هێنابێ ..هەروەکو نەمبینیوە نامەیەکى ماستەر یان دکتۆرا ، ڕەت کرابێتەوە ، بەڵکو هەر هەموویان بە نایاب و زۆر باشە پەسەند ئەکرێن ، ئەوەیش لە سەداسەد و بەرەو ژوورەکەى پۆلى دوانزە ، سەرسوڕهێنەرترە ، باشە ئێمە ئەم هەموو نامەى دکتۆرا و ماستەرەمان بە پلەى نایاب و زۆر باشە هەیە ، ئەى کوا داهێنانەکانمان ؟؟

 

           

 

10/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com